ناساندنى كتێبى(سەرنجێك لە دووا بەرهەمەكەى دكتۆر جەمال نەبەز،كاژیك 1959

Sunday, 04.02.2017, 5:14

2286 بینراوە


ناساندنى كتێبى(سەرنجێك لە دووا بەرهەمەكەى دكتۆر جەمال نەبەز،كاژیك 1959،پێشخان و پاشخانەكانى) نووسینى مامۆستا نورى كەریم :ئەم بەرهەمە یەكەمجار سالَى 2015 لە شێوەى نامیلكەیەكى 78لاپەرەییدا  بە قەبارەى 21×15سم. بەچاپى ئەلەكترۆنى لە ئەلَەمانیاوە پەخشكرا.هەرئەوسالَەش بەهەمان شێوە لە 115لاپەرەى 21×15سانتیمەتردا پەخشكرایەوە بەتایبەتیی بۆ هاوبیرانى كاژیك و پاسۆك و كۆمەلَێك هاو‌ڕێ و دۆست و ناسیاو و هەوادادارانى بیرى نەتەوەیی . بەر لە هەمووانیش، نووسەر بەتایبەتیى  كۆپییەكی  كتێبەكەى تایپ كردووە و پۆستی كردووە  بۆ دكتۆر جەمال نەبەز . ئەمە وەك چاپى یەكەم. 
-------------------------------
 چاپى دووەم بەشێوەى كتێبێكى قەبارە ناونجیی 20×13,5سم.لە 300لاپە‌ڕەدا سالَى 2016 بە نێونیشانى (سەرنجێك لە كاژیك 1959،پێشخان و پاشخانەكانى(دكتۆر جەمال نەبەز) لە كوردستان بە تیراژى 250 دانە لە ناوەندى سارا ـ سلێمانى، چاپ و بلآوكرایەوە.سەرەتاى سالَى 2017 چاپى سێیەمیشى لە 327لاپە‌ڕەى هەمان قەبارەى (ئەى5) بە تیراژى 300 دانە چاپكرایەوە لە چاپخانەى  ناوەندى سارا ـ سلێمانى  و بلآوكرایەوە. 
 ناوە‌ڕۆكى كتێبەكە لە هەر سێ چاپەكەدا بریتییە لە خوێندنەوەیەكى نوىَ وبە دواداچوون و شەنوكەوكردن و بەراوردكردنێكى بابەتییانەی دووا بەرهەمى  دكتۆر جەمال نەبەز (كاژیك 14/4/ 1959، پێشخان و پاشخانەكانى) كە چەندین چەمكى گرنگى ژێر بە‌ڕەكەى خستۆتە سەر بە‌ڕەكە و (گۆمە مەنگەكەى) شلَەقاندووە و راشكاوانەش بیر و بۆچوونەكانى خۆى دەرب‌ڕیوە لەمە‌ڕ چەندین رووداو ،كەسانیكى دیارو بەرپرسى كاژیك وەك شەهیدان شێخ محەمەدى هەرسین و فەتاح محەمەد ئەمین ئاغا،مامۆستایان ئەحمەد هەردى،كامیل ژیر،فایەق عارف ،كاك حەمەى عەزیز،دكتۆر عەبدولَلآ ئاگرین و ژمارەیەك بەرپرسانى پاسۆك وەك شەهیدان حەمە مستەفا(ئازاد مستەفا)،رەوانشاد دكتۆر كوردۆ(سەروەر عەلى) و شەهید جەلالى حاجى حسەین ............... سەربوردەى سەرەتاكانى رسكان و گەلآلَەكردنى بیرۆكەى  دامەزراندنى رێكخستنێكى رامیاریی نەتەوەیی نهێنى بە نێوى (كۆمەلَەى ئازادى و ژ یانەوە و یەكێتى كورد ـ كاژیك)،هاوكات دەركەوتنى پارتێكى نەتەوەیی بە نێوى (پارتى گەلى كورد) بە سەركردایەتى كاك محەمەدى عەزیز و شەهید شێخ محەمەدى هەرسین و یەكگرتنى هەردو رێكخراوە نەتەوەییەكە بە نێوى كاژیكەوە ... بەدەم هەلَدانەوەى ئەو لاپە‌ڕانەوە كەلێن و كەلەبەرە ناقۆلآكانى دیوى ناوەوە و دەرەوەى  رێكخستنەكەش دەردەكەون، بە تایبەتیش هێشتنەوەى رێكخستنەكە بەداخراوى و بە دیسپلینێكى یەكجار سەختەوە كە بووە هۆى گەشەنەكردن و مانەوەى لە شوێنى خۆیدا و لە سنوورێكى زۆر بەرتەسكدا ، رووداوەكانى كانى ماسی ، كۆنفرانسەكەى شارى  نەغەدە لە كۆتایى  پایزى 1975دا و هەلَپەساردنى چالاكییەكانى كاژیك بۆ ماوەیەك,بەلآم بە داخەوە یەكجارەكیی بوو! كە خودى خۆى بەشێك لە ئۆبالَەكەیى دەكەوێتە ئەستۆ، ئەویدیكەشى بەرێژەى جیاواز دەكەوێتە ئەستۆى ئەندامانى (سەركردایەتى) كە هەر خۆیانیش دەستەى دامەزرێنەر بوون ،چونكە پۆستى سكرتێر و پۆستى ئەندامانى پۆلیت بیرۆ(مەكتەبى سیاسیی) لە سەركردایەتى كاژیكدا دیارى نەكرابوون، دواتر بە شێوەیەكى گشتیی ئەو دوو پۆستە لە سەركردایەتى پاسۆكیشدا دەرنەدەكەوت ! بەشێكى بەرچاوى كتێبەكەش ناكۆكی و ململانێى نێوان دكتۆر نەبەزە لە گەلَ دكتۆر عەبدولَلآ ئاگرین و كاك محەمەدى عەزیز و شەهیدان  شێخ محەمەدى هەرسین ،ئازاد مستەفا و رەوانشاد دكتۆر كوردو عەلى .نووسەرى كتێبەكە مامۆستا نورى كەریم بە پێیەى هەر لە سەرەتاى دامەزراندنى كاژیكەوە لە هەردو رێكخراوى سەر بە كاژیكدا : قوتابیانى نەتەوەیى كورد و دواتر لاوانى نەتەوەیى كورددا چالاك بووە و لە1967یشەوە بە ئەندامى كاژیك وەرگیراوە و یەكێك بووە لە كادیرە پێشكەوتووەكانى بزوتنەوەكە هەتا  26/4/1975، لەو ماوەیەشدا پەیوەندى رێكخستنى بە رەوانشاد مامۆستا شێركۆ بێكەس و كاك عەبدولَلا ئاگرینەوە بووە, بۆیە نووسەر لە نزیكەوە ئاگادارى رووداوەكان  بووە و تێیاندا ژیاوە ، بۆیە دەتوانێت پێ بە پێی دكتۆر جەمال نەبەز و هەنگاو بە هەنگاو لە دوواى ئەوەوە بە چاوێكى كراوەو بێلایەن راو بۆچوونەكانى خۆى دەردەب‌ڕێت و خوێندنەوەیەكى جیاوازمان پێشكەش دەكات . 
 ***************************




(دەنگدراوە: 4 . زۆرباشە: 3.5/5)