لەندەن و کەرکوک

Wednesday, 05/04/2017, 19:18

3155 بینراوە


ژمارەی دانیشتوانی لەندەنی پایتەخت بەریتانیا، زیاتر لە هەشت ملیۆن و نیوە، بەپێ دواین سەرژمێری ساڵی ٢٠١١، کەهەر دەساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت. لەو ژماریەدا ڕێژەی ئینگلیزە سپی پێستەکانی ئەو شارە، دابەزیوە بۆ بۆ نزیکەی لەسەدا چل و پێنج، کەواتە ئینگلیزەکان، لەپایتەختی ووڵاتەکەی خۆیان بون بەکەمینە! تەنانەت لەدواین هەڵبژارنی ٢٠١٦دا سدیق ئەمان خان، کەلەدایک بووی ١٩٧٠یەو بەڕەچەڵک موسڵمانێکی سونی پاکستانیە، بۆتە سەرۆکی شارەوانی ئەو شارە. جگە لەوەی شارێکی گرینگی کیشوەری ئەورپایە، نزیکەی سێ سەد نەتەوەی جیاوازی بەزمان و کولتوری هەمەڕەنگەوە لەخۆگرتوە. دوای هەموو ئەو گۆڕانە لەڕوی دیمۆگرافیەوە، کەچی نەمان بیست و نەمان بینی، هەرگیز کەسانێک ڕاست ببنەوە بڵێن لەندەن دەکەین بە ووڵاتێکی جیاواز، چونکە ئینگلیزەکان بوونەتە کەمە نەتەوە لەو شارەدا. تەنانەت لەڕاپرسییە مێژوویەکەی ساڵی ڕابردودا، بۆ جیابونەوە لە یەکیەتی ئەوروپا، ڕێژی دەنگی نەخێر بۆ ماناوە لەیەکێتی ئەورپادا زۆرتر بوو، لەگەڵ ئەوەش، هێشتا بەخەیاڵی کەسدا نەهاتوە بڵێن شارێکە کەدەبێ بخرێتە ڕاپرسیەوە بۆ ئەوەی دانیشتوانی چارەنوسی دیاری بکەن. لەهێندێک شوێنی بەریتانیا، شارۆچکە هەیە بەدەگمەن خەڵکی بەڕەچەڵەک ئینگلیزی لێ نیشتەجێیە، بەڵام چونکە بەشێکە لەخاکی شانشینی یەکگرتوی بەریتانیا، هەرگیز کەس ئەو مافەی نیە قسە دەربارەی چارەنوسی بکات.
ئەگەر بێینە سەر کەرکوک، ڕەنگە لەڕووی فرە نەتەوەو زمانەوە، تاڕادەیەک لەشاری لەندەن بچێت. کەرکوک ئەو شارەی بەشێوەیەکی سیستماتیک گۆڕانکاری دیمۆگرافی بەسەردا هاتوە، بەتایبەت دوای داگیکردنی لەلایەن ئینگلیزەکانەوە لەساڵی ١٩١٨و پاشان لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعس، دەرکردنی خێزانە کوردەکان و هێنانی عەرەب. ئەگەرچی بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک ناگاتە ملیۆنێک کەس، بەڵام لەساڵی ٢٠٠٩وە، کورد زۆرینەی ئەوشارە پێک دێنن، بەدوای ئەوانیشدا تورکومان و عەرەب ئەوانی دی دێن. ئەگەر بهاتایە کورد کەمینەش بوایە، بەڵام چونگە بەبەڵگەو مێژووسەلماوە خاکی کوردستانە، هەرگیز دەبوو کێشەو قسەی کورد لەبارەی دانیشتوانەوە نەبوایە. ئەوکاتەی ماددەیەکی دەستوری و کاتی بۆدیاری کرا، بۆ یەکلای بونەوەی چارەنوسی ئەوشارە، سەرکردە کوردەکان هەرگیز کارێکی عەقڵانی و دوور بینیان ئەنجام نەداوە. ئەوان دەبوو کێشەیان لەسەر ڕێژەو ژمارەی نەتەوەکانی دیکە نەبوایە، بەڵکو کوردستانی بونی ئەوشارە کرۆکی مل ملانێکانیان بوایە.
گرینگترین کێشە کەهەریەکە لەتاڵەبانی و بارزانی لەساڵی ٢٠٠٣، دەبو یەک لاییان بکردایەوە ئەوەبوو،  ئەوکاتەی تاڵەبانی و بارزانی بەیاوەری بەرهەم ساڵح، بەنهێنی لەووڵاتی ڤێرجینیا لەئەمەریکا لەگەڵ سی،ئای،ئای کوبونەوە،  بۆ کارکردن لەگەڵ ئەمەریکا، کەبڕیاری دابوو ڕژێمی سەددام بگۆڕێت، کارتی کەرکوکیان بخاستایەتە سەر مێزەکە. خودی کارمەندانی سی،ئای،ئەی خۆیان دەڵێن، جگە لەکوردەکان لەباکوری عێڕاق کەدەبوو هاوکارمان بن لەزەویەوە، هیچ هێزێکی دیکە نەبوو پشتی پێببەستین. کارمەندەکانی سی،ئای،ئەی، کەلەسەر بۆردێکی سپی، نەخشەی جەنگ و کاتی دابەزینی هێزەکانیانی ئەمەریکایان، بۆ بارزانی و تاڵەبانی بەرهەم ساڵح باس کردبوو، بارزانی گوتبووی تۆ بڵێی لەنیوەی ڕێگا بەجێمان نەهێڵن. تاڵەبانیش بەگوێی بەبەرهەم ساڵحی دا چرپاندبوو، دەڵێی ئەمجارە بەڕاستایەنەکە سەددام دەڕوخێنن. ئەوان بێ هیچ دەستکەوتێکی سیاسی و نەتەوەی قبوڵیان کردبوو، چۆنتان بوێت وەها هێزەکانمان وەپێش ئێوە دەخەین. جگە لەوە نازاندرێت ئاخۆ لەڕووی ماددیەوە ئەو دوو سەرکردە چیان دەست کەوت بووە. ئەوەی دەتواندرا بۆ کەرکوک بیکەن، خۆیان لێ خەمسارد کردوە، چونکە لەو دۆکیمێنتەرییەی لە بی،بی،سی بەسێ بەش بڵاوبۆتەوە لەمەڕ ڕووخاندنی ڕژیمی سەددام، سەرکردەکوردەکان بەتۆزقاڵێکیش باسی کێشەی خاک ناکەن.
ئەو ئاڵایەی نەتەوەکانی ئەوشارە، ئەمڕۆ خەریکە شیرو تیری لەسەر دەسون، ئەوکاتەی تاڵەبانی بارزانی، بەهەڵەداوان بەدوای سی،ئای،ئەی،دا ڕۆیشتن بۆ ئەمەریکا، دەبوو بۆ چێشتی خوێش بوایە باسیان بکردایە، کەدەبێت لەکەرکوک هەڵبکرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە