چیرۆکەکانی چیا : ئەو شەوەی لە دۆشکە چوارلولەیەکەی "ریعایە شەبابمان"دا لەناو سلێمانیدا! (چیرۆکی ژمارە ١٣)

Saturday, 08/04/2017, 21:55

11860 بینراوە


ساڵی ١٩٨٥ من پەیوەندیەکی باشم بەکۆمەڵێک گەنجەوە هەبوو کە زیاتربووین لەهاوڕێ و هەموومـان لەسەر ئەوە کۆک بووین کە بەعس دوژمن و دڕندەیە و دەبێت لەهەموو کاتێکدا ئەم بتە نابوتە تێبشکێنین . 
 ساڵی گفتوگۆی یەکێتی و بەعس ساڵێکی پڕ نەهامەتی بوو ، قوربانی زۆری لێکەوتەوە ، بەڵام ساڵێکی چاکیش بوو بۆ دروسکردنی پەیوەندی بە خەڵکەوە گەرچی زۆر بەهەڵە بەکار هێنرا لە دواییدا ، قوربانی زۆر درا بۆ نمونە ڕێخراوی شۆڕسگێران زۆر نایفانە کاری دەکرد و بۆڕبۆڕێنیان بوو لەگەڵ کۆمەڵەدا و شەڕی ژمارەیان دەکرد ، بۆ گەورەکردنی نفوسی خۆیان گەنجانێکی زۆر لەڕێگەی ئەم ڕێخراوەوە بونە قوربانی و بەعس لەسەر شەقامەکان گەنجەکانی گولەباران دەکرد، کە دەرکەوتن و زۆریش بێئەزمون بوون لەکارکردندا . 
بۆ مێژوو هاوڕێ و برای ئازیزم "ڕزگارشێخ بەکر" ڕۆڵی چاکی بینی لەو پەیوەندیە دا و ئێمە سەرەتا بەنیاز بووین کە دۆشکە چوارلولەیەکەی سەر گردی ڕعایە بەرین و لۆریشمان ئاماداکردبوو ، کاکە سمکۆش بەر لەهاتنی بۆ چیا ، لەسەر هەمان دۆشکە لەسوپای عێراقدا دەورەی بیبوو، ئەو دەیزانی چۆن لەبەر یەک هەڵدەوەشێ و دەبەسرێتەوە ، بۆیە پلانێکی باشمان هەبوو کە چۆن بچینە ژوورەوە بۆناو قەڵاکەو لەسەربانی قەڵاکە دۆشکەکە دایگرن و لەگەڵ خۆماندا بیبەینەدەرەوە بۆچیا ، گەر ئەم کارەمان ئەنجام بدایە لەو کاتەدا ئەوە یەکەمین دۆشکەی چوارلولەی شۆڕش دەبوو ، بەڵام کاتێک بۆ دواجار ڕزگار هاتە لامان لە دۆڵەڕووت و گوندی "هەناران" کارەکە بەشێوەیەکی تر شکایەوەو ، بەعسێکان یەک دوو کەسی تریان گرتبوو لەو گەڕەکە بەڵام پەیوەندیان بەم کارەی ئێمەوە نەبوو ، ،ئەو برادەرەی بڕیار بوو لۆرێکە ئامادەکات چوبوو بۆ ماڵی خزمێکی بۆ بەغداد و لەبەر چاوان وونبوو، خۆی دزیبۆوە لەپەیمانەکەی ، بەداخەوە من ئەونامە چوکلێتیانەم نەپاراست کە گەیشتەدەستم ، چونکە ئەزمونی ئەرشیفکردنمان نەبوو ، نەک من بەتەنها ، بەلکو کەسمان نەمان بوو ،ڕاستی نەمان دەزانی خەریکی چین؟ 
 لەقەڵاکەش بەڕێکەوت ژمارەی جاش شەعبێکان زۆرترکرابوو ، وەک ئەوەی بۆنی پلانەکەی ئێمەیان کردبێت ، ئەو شەوەی گەیشتینە گەڕەکی بەرانان و ڕعایە شەباب ، شەوێکی پایزبوو کزەی بایەک شاری دەلاوانەوە ،ئەستێرەکان ئاسمانیان نەخشاندبوو ، هەمووشتێک هێمنی دەبەخشی بەشار ،هەمووکەسێک لەماڵەکانیاندا سەرگەرمی ژیانێکی چاوەڕوانکرابوون ، لەهەردوو کەناڵی تێڤێکەشەوە ، گەشتێکی سەدامی نمایش دەکرد بۆ زەلکاوەکان ، بەس خەڵکی نەی دەزانی ئەوە سەدام بوو یان هاوشێوەکەی؟ من لەدەرکی ماڵی خزمێکی خۆمانم دا و لەتێڤێکەیانەوە سەدامم دی ،ئەوانیش سەرگەرمی دروستکردنی خۆراک بوون بۆ کچەکەیان کە لەکەرکوک دەیخوێن و سبەی دەڕۆشتەوە بۆ خوێندگاکەی ، ئێمەش بوینە میوانی هەمان خۆراک کە "شفتەو، کوبە"بوو . بیرمە ئێمە ناوی چەند کەسێکمان لابوو کە چوینە سەریان ، *ئەفسەرێکی پۆلیس بوو ، کە دوای زانیمان پەیوەندی ڕاستەو خۆی بە كاک "نەوشیروان مستەفا" وە هەبوو ، نامەی پشان داین . 
*ماڵی پیاوێک چوین کە لە گەڵ پارێزگاری سلێمانیدا کاری دەکرد ، زۆر گوناح بوو دەیووت بمبەنەبەر دەرگا دڵم دەوەستێت . ئێمەش دوای گەڕان بەماڵەکەیدا زانیمان ئەمە ببێتە ئاگریش کەس ناسوتێنێت و بەرمان دا . پاش کەمێک پرسگەیەکی مەیدانیمان دانا و ئۆتۆمێلێکی بەڕازیلی مان ڕاگرت نایب زاپتێکمان گرت بەخۆی و دەمانچەیەکی میکارۆفەوە ، سەرەتا زۆر دەم درێژ بوو ، خەڵکی کەرکوک بوو ، دوایی دەستی کردە پاڕانەوە و لاڵانەوە و وەک چلولەی بەر هەتاو توایەوە لەبەردەستماندا دەیویست دەسمان زیارەت کات ، ئێمەی کۆمەڵەش قێزمان لەو ڕەفتارانەدەکردەوە بۆیە ئازادمان کرد و دەمانچەکەیمان برد تابەهەڵە خۆی پێوە بانەدات . 

 لەبەر ئەوەی زۆر خزم و ناسیاو تەنانەت ماڵی خۆشمان لەم گەڕەکەبوو ، کون و کەلەبەر شارەزابووین ، بۆیە ئاسان دەمانتوانی هەڵسوکەوت بکەین ، بڕیارمان دا کە لەڕیعایە بدەین ، ئیتر هیچ هیوایەک نەبوو بۆ دەستگرتن بەسەر دۆشکە چوارلولەیەکەدا ، هۆیەکی تریش ئەوەبوو ئێرە قەڵایەکی نەفرەتی بەعسیکان بوو، پڕبوو لەجاشی شەعبی شارەکانی خوارووی عێراق و چەند جاش شەعبیەکی کوردیشی لێبوو کە لەخانەقین و کەرکوکەوە نەفی کرابوون بۆ سلێمانی و خۆیان ووتەنی لە"شەریکەی نەفتەکە" دەرکرابوون ، ئەوانیش وەک هەڵوێستێک ببونە خزمەتکاری بەعس و چەکیان بۆ هەڵگرتوو شەو ڕۆژ پاسی پایگەکانی بەعسیان دەکرد .
 کەبڕیارمان دا لە ڕیعایە بەین ڕاستەو خۆ بڕیارمان دا لە دووجێگەوە کە تەنها ٤٠ بۆ ٥٠ مەتر لێمانەوە دوربوو شەهید کەریم نالەباخی لەگەڕەکی خوارەوە بەئاربیجی و کاک سمایلی مەلاعەبدولیش لەسەرەوە بەئاربیجی منیش لە لەگەڵ کاک سمایلدابووم و ئەو سەروەریەم پێبڕا لەدوای تەقینی ئاربیجێکە گولەکانم ئاراستەی ئەو قەڵا نەفرەتیەبکەم ، شار بێدەنگی شکاند و شەڕ دەستی پێکرد ، دۆشکەکە لێی درا و تێک شکا ، بەڵام لە گردی بەرانانی بەرامبەری کە ڕەبایەیەکی پتەوبوو ئێستا "فاروقی مەلامستەفا" بەدورین خۆی ووتەنی : لەباڵەخانەی "شاری جوانەوە" سەیری شار دەکات و لەسەتەر لایتەکانی سەربان و تەنکی ماڵان و تەنافی جلەکان دەڕوانێت ، لەو گردەوە ئێمەیان دایە بەر دەستڕێژی گولە ، پرسیارەکە لێرەدایە دەبوو کێ خاوەنی ئەوگردەبێت؟ شەڕگەرم بوو بەپێ پلان پاشەکشێمان کرد و ئاسودانە گەڕاینەوە ، شەهید "کامیل سابیر" برای هونەرمەند کەمال سابیر ووتی:" ئەوە زەختێکی ترمان لەڕژێم کرد بۆ مافی چارەی خۆنوسین " ئێمە پێکەنین ، ئازاد ووتی :"بەهیوام ڕژێم عەقڵی بێتەوەبەر " بەناو گەڕەکی زەرگەتەدا بۆ سەر شەقامی شێست مەتری کەئێستا ناوی مەلیک مەحمودە ئەو شەقامە کشاینەوە.
شەهید "وەستا حسێن" و چەند هاوڕیەک لەکەمیندابوون بۆپاراستنمان بۆ هەر ئەگەرێک ، ئێمەیان دی شادمان بوون ، ووتیان خۆشبەختانە زیانمان نی یە ؟ 
لەگەڕەکی زەرگەتە ماڵی سەرۆک جاشێکی لێبوو لەترساندا ماڵەکەیان چۆڵ کردبوو، لەدورەوە لەگەڕەکی پشتەوەی ماڵەکەیان بەئاسماندا تەقەیان دەکرد ، شەهید "کەمال بۆزانی" زۆر شارەزابوو، پێشمان کەوت هەر نەمان زانی چۆن گەیشتینەوە گوندی "کانی بەردینە" ، ئەو ئێمەی بەناو سەربازگەکەدا برد کە سەدام زۆر دڵی بە هۆردووی سوپاکەی خۆش بوو، ئەم شەو ە ئەوان بێئاگابوون ئەوت حەبی خەویان داونەتێ .
تێبینیەک :
 هیچ مەبەستێکی دیاری کراوم نی یە لەپشتی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکەکورتانە ، تەنها ئەوەندە هەیە دەمەوێت بڵێم ، ئەمڕۆ کەسانی نامۆ و ترسنۆک و فایل ئەستور ، دەیانەوێت مێژووی ئەو هەموو ڕووداوە داگیرکەن و بۆخۆیانی بەرن و بیکەنە مێژووی کەسایەتیان کەنیانە ، وەزۆریان نەلەدور نەلەنزیک ئاگایان لەم هەموو ڕووداوەنەبوەو ئێستا هاتونەتە سەر حازری و فشە دەکەن بە شتێکەوە کە هی ئەوان نی یە . ئەم چیرۆکانە بەردەوام دەبێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە