تکایە ! تێڕامان پێش هەژان

Saturday, 08/04/2017, 22:12

2964 بینراوە


بیرمە لە بەهاری ١٩٧٤ هەر ئەم پارتی یەی ئێستا بە هەمو توانای خۆیەوە هەوڵیدا زۆرترین خەڵک ڕاکێشێتە ناو شۆڕشی ئەیلولەوە ، ئیدریس بارزانی لە تارانەوە هەڕەشەی لە بەغداد کرد کە کورد خاوەنی چەکی کارا و نوێی وایە دەتوانێ لە شەڕدا سەربکەوێ.دەیان هەزار خەڵکی مەدەنی بە و قسانە بڕوایانکرد و شارەکانیان جێهێشت و بونە پێشمەرگە. دوای یەک ساڵ ئاشبەتاڵی سەرکردایەتیی شۆڕشەکە ی بەدواداهات.ئەمێستاش (مەسعود بارزانی) بە هەمان شێواز لەهەوڵدایە بێ پێدانی هیچ بەڵگەیەک قەناعەت بە م خەڵکە بکات کە بە سەرۆکایەتیی خۆی بەم زوانە دەوڵەتی کوردی ڕادەگەیەنێ. لافاوی حەز و هەست و سۆزەکانی پەیوەنددار بەم دەوڵەتە کوردیە خەریکە ئەوەندە پەرە دەسەنێ کە هەمومان وەک لە شۆڕشی ئەیلول ڕویدا بەدوای خۆیدا ڕاپێچبکات. هەر کەسێ یا لایەنێ دور لە هەست و سۆزە هەڵچوەکان بپرسێ ئەم دەوڵەتە چۆن؟ کەی؟ بەچی؟ بە شەڕ؟ بە ئاشتی؟بە پشتگیریی کێ؟ دروستدەکرێ؟ ئەگەرە خراپ و ترسناکەکان چین و چۆن چارەسەر بکرێن ؟ ئەوا ئەو کەسە یا ئەو لایەنە دەبێ بترسێ لەوەی پارتیەکان تۆمەتبارانی بکەن بەوەی کە دەوڵەتی کوردیی ناوێ یا تەنانەت ڕێگرە لە دروستکردنی ئەم دەوڵەتە. 
(نەجمەدین كەریم) ی پارێزگاری كەركوك، لە ١٤ی ئازاری ٢٠١٧ داوایكرد  ئاڵای كوردستان لە پاڵ ئاڵای عێراق لە کەرکوک هەڵبكرێت. بێ پرسیارکردن و تێڕامان  لە بڕیارەکە هەڵکردنی ئاڵای کوردوستان دەستیپێکرد و بارۆمەتری هەست و سۆزە هەڵچو و جۆشدراوەکان بەرەوژور هەڵکشا، یۆنامی (نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق) ڕەخنەی لەم کارەگرت وپێی باش نەبو.  کوردی سەدان جار مارانگەسەتەی  سەرکردە سیاسیە نەزان و  خۆپەرستەکان، خەڵکی کەرکوکیش بەتایبەتی  دەبێ لە (نەجمەدین كەریم) بپرسن ئەرێ ئەم  ئاڵاهەڵکردنە بۆچی و چی سودێکی هەیە و چی لە دۆخی زۆر ئاڵۆزی کەرکوک دەگۆڕێ؟ کار بۆ دەیانهەزار  گەنجی بێکاری کەرکوک  پەیدادەکات؟ موچەی تەواوی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کاتی خۆیدا دابیندەکات؟ ئەو دۆخە نەشەڕ نەئاشتییەی نێوان کورد لە لایەک و عەرەب و تورکومان لە لاکەی تر بەرەو ئاشتی یا بەرەوە شەڕێکی ماڵوێرانکەری دەبات؟ ئایا ئەم ئاڵاهەڵکردنە بۆ شاردنەوە و لەبیربردنی گەندەڵیەکانی پەیوەند بە نەوتی کەرکوکەوە نیە کە خەڵک باسی  تێوەگلانی  (نەجمەدین كەریم) ش دەکەن لەو گەندەڵیانە؟ هەر لەم پەیوەندەدا (نەجمەدین كەریم) ئاوا وەڵامی ڕەخنەکانی (مەلا بەختیاری) ی دایەوە  (کەسێ ماڵی لە شوشەبێت بەردناگرێتە ماڵی خەڵک)، ئێ باشە ئەگەر ماڵی خۆیشت لە شوشە نیە و بەڵکو لە بەرد و بلۆکە، بۆچی بە کورتی و بە ڕونی وەڵامی گومانەکانی (مەلا بەختیار) و ئەم خەڵکەت نەدایەوە؟ 
لەم ئاڵاهەڵکردنەی بۆ بەلاڕێبردن و  خەڵەتاندنی خەڵک یەکێتی لە کەسی (نەجمەدین كەریم) دا چەند هەنگاوێک لە پارتی نزیک بۆوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە