چەرەس

Thursday, 13/04/2017, 19:32

5891 بینراوە


کورد ئەڵێت شەیتان پەلەی کرد چاوێکی خۆی کوێر کرد ! خۆشبەختانە وەفدی مژدە هێنەری سەربەخۆیی کوردستان پەلەی کرد لەجیاتی چاو کوێر کردن ، نەخشە ڕێگای حیزبەکەیان بۆ چارەسەرکردنی ئەزمە و قوڕبەسەرییەکانی هەرێمی لە بیر چوو..! لەوانەیە جانتاکانیان لەبەر(فستق) جێی مەلزەمەی نەخشە ڕێگاکە نەبوبێتەوە، چونکە وەفدەکە فستق خۆرێکی بەردەوامن، ئەمە بە قسەی خۆیان و هەڵبەستراو نیە، تەنانەت شانازی ئەکەن بەوەی ئەقڵیان بە جیاوازی بەینی فستق و فندق ئەشکێت..هەر باش بوو پەلە کردنەکەیان نەبوە مایەی لەدەست دانی چاوێکیان ، ئەو کاتە دونیایان بە تەنزیلاتی لەسەیا پەنجا ئەبینی و ڕەنگە فستق خواردن بە یەک چاو زەرەری ئەوەی هەبێت کە توێکڵەکەی باش لێنەکەنەوە و دەم و دانیان عەزیەت بخوا  و کار بکاتە سەر مەجرای گفت و گۆی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و توانای قسەکردنیان کەم ئەبۆوە و هەرێم زەرەرێکی مەعنەوەی گەورەی لێ ئەکەوت کە هەمووی بە هۆی فستقەوە ئەبوو،  بەڵام خۆ ئەکرا لە کاتی دەعوەت کردنی وەفدەکە بە برا  پارتیەکانیان بوتایە کە لەسەر مێزی گفت و گۆی چارەنووسی هەرێم فستق دابنێن تا ئەمان لە پەلە پەلەییا نەشڵەژانایە ولە جیاتی نەخشە ڕێگاکە فستقیان لەگەڵ خۆیان نەبردایە.. 
...وەفدی فستق بۆ نیشاندانی بونی مەعلومات و سیاسی بوونی خۆیان باسی ئەوەیان کردوەکە ئەوە هەر هەرێم نیە ڕیفراندۆم ئەکات ، ئەوە سکۆتلاند و کەنەدا و ..کوێ و کوێ باس لە ڕیفڕاندۆم ئەکەن، بەڵام باسی لەوەنەکرد کە ئەو وڵاتانە لە ڕێی پارلەمانەوە هەموو هەنگاوێکی سیاسی ئەنێن و بێ پارلەمان هیچ بڕیارێک بە ناوی خەڵکەوە نانرێت، جا بۆ وەفدی فستق باسی لەوە نەکرد کە پارلەمانەکەی هەرێم بۆتە قوربانی دەیان( فستق خۆر و ساحێب فندق ) ی وەک ئەو .. ئەو ئامادە بێت بەو کەسەی پارلەمانی وەک نانەواخانە داخست بڵێت سەرۆک!! دیارە تێگەیشتنی لە سیاسەت و دیموکراسی و بڕیاری  گەل وەک تێگەیشتنەکەیەتی لە جیاوازی بەینی فستق و فندق.. 
..بابەتێکی تر ئەوەیە کە باڵی فستق بڕیاری یاوە سزای ئەو کەسانە باتکە لە خۆیانەوە و بێ دەست هەڵبڕین قسە ئەکەن و ئەیانەوێت ئومێدی ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان لای خەڵک ببوژێننەوە، جا ئەگەر بەردباران کردن لە سزاکانی ئیسلاما هەبێت بۆ فستق باران لە سزا سیاسیەکانا نەبێت ؟ ئەی چۆن سزای ئەو مولحیدە سیاسیانە بدرێت ...ڕەنگە چارەیەک ئەوە بێت کە باڵی فستق پێشنیازێک بۆ" سۆسیال ئینتەرناسیونال" بکات کە لە پرنسیپی حیزبە سۆسیال- دیموکراتەکانی ناو ئەم ڕێکخراوە " فستق "  زیا بکرێت ، وەک فستق بڕین یان فستق باران کردنی دەم درێژ و بێ ئسوڵەکانی ناو حیزب حیزبەکەش بە سۆسیال- فستق ناو ببرێن و " چەرەس" یش ببێ بە ڕەمزێک بۆیان ....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە