مەلا عەلی قەرەداغی سەرقاڵی چییە؟

Monday, 17/04/2017, 5:44

5295 بینراوە


ئای چەند دڵمان خۆش بوو کاتێ کوردێك گەیشتە ئەو پلەیەی ئەم مەلایە پێێ گەیشت. چەندە بەلامانەوە گرنگ بوو بتوانێ لەڕێگای پۆست و پلەکەیەوە خزمەت بەگەلەکەی بکا.ووتمان؛لەڕێگای ئەمەوە دۆزی کورد بەگشتی و ئەنفالکراوەکان بەتایبەتی لەگەڵ سعودیەو قەتەرو دەوڵەوتە ئیسلامیەکان زیاتر ئەکۆڵێتەوەو ئەوەی بە سیاسی و کۆمەڵگای مەدەنی نەکرا،ئەم هەوڵی بۆ ئەداو دڵی خۆی و خواو موسڵمانانی کورد لەخۆی ڕازی ئەکا.
بەڵام بەداخەوە ئەم دڵخۆشی و ئاواتانەمان وەك هەموو ئەو حەز و ئاواتانەمان نەهاتە دی و خەونەکانمان نەزۆك دەرچوون. ئەم مەلایە لەجیاتی خزمەتکردن بۆ گەلی کورد،هات و کوردی خستە بەرژەوەندی ئیسلامی سونەو دەوڵەوتە سەردەستەکان. ئەم هات و کورد و ئایینی ئیسلامی زۆرینەی کوردی وەك پەیژەیەك بەکارهێنا بۆ سەرکەوتنی ئەژندای دەوڵەوتە داگیرکەرانی کوردستان. ئەم هات و کوردی تووشی نائومێدی زیاتر کرد و لەخشتەی بردن. سەد حەیف نەیویست بەرژەوەندی میلەتی کورد بخاتە سەروو بەرژەوەندی ئایینەکەیەوە،هەروەك چۆن میلەتانی دونیا ئەم کارەیان کردوە. کەس نەبوە کچ و کوڕی خۆی بکاتە قوربانی بەرژەوەندی و ئایینی ئیسلامەوە،جگە لەکورد.
وا هەنووکە ئەم مەلایە کە بەتەواوی کار بۆ میتی تورك و دەزگا نهێنیەکانی وەهابیەکانی سعودیە ئەکا، بەئاماژەی سەردەستەکانی خەریکی کۆبونەوەیە لەگەڵ حزبە ئیسلامیەکانی کوردستانی باشوور بۆ ئەوەی بەتەواوی هەروەك چۆن بنەماڵەی بارزانی تەسلیمی ئەوان بوون،ئەمانیش بکەنە هەمان دەستکەلای دەستیان و بیان خەنە ژێر هەژموونی ئیسلامی سونەو بەرنامەکانی.
مەلا عەلی ئەبوو ئێستا لەکوردستان خەڵکی فێری ئەوە بکردایە کەوا لەم کاتەدا یادی ئەنفال ئەکرێتەوە چۆن بتوانن داکۆکی لەمافەکانی خۆیان  بکەن و داوای قەرەبوو لە حکومەتی عێراق  و سعودیە بکەنەوە. هەروەك چۆن جولەکە ئەو کارەی کرد دژ بە ئەڵمانەکان. ئەم مەلایە ئەبوو لەم کاتەدا بەدواداچوون بکا بۆ گەڕاندنەوەی لاشەی ئەوانەی لە بیابانەکانی سعودیە شاردراونەتەوە. ئەم کابرایە ئەبوایە چۆن ئەمریکا ئێستا خەریکی گەڵاڵەکردنی پرۆژەیەکە دژ بەسعودیە بەپێدانی زیاتر لە ٣ ملیار دۆلار بۆ قوربانیانی کارە تیرۆریستەکەی ١١/٩/٢٠٠١ ،ئاوهاش هەمان داوای لە سعودیە بکردایە بۆ قەرەبووی زیانلێکراوانی کورد. 
مەسعود بارزانی و ئەم مەلا ساختەچی و خاینە لەیەك بەرەن و دژ بە خەون و ئامانجی میلەتی کورد کار ئەکەن و گەر بێت خەڵکی زیاتر ڕیسوایان نەکەن،ئەوا زیاتر مەترسیمان بۆ دروست ئەکەن . ئەم دوانە لەتەك حزبە بەناو ئیسلامی و ئەوانی تر ،کلك گرێدراوی دوژمنانی کوردن و لەسەر ئەنفالکردنی کورد و یەزیدیەکان بەرپرسن و ئەبێ باجی ئەو تاوان و خیانەتەیان بدەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە