چیرۆکەکانی چیا: کە گوندی"کانی بەردەیان" سوتاند ، ئێمەش لەگەرەکی "مەجید بەگ" لەسلێمانی ئاگرمان لەوان،چیرۆکی ژمارە (١٤)

Saturday, 22/04/2017, 19:20

9663 بینراوە


 ئەم وێنەیە لە گوندی مالومەیە سەر گۆڕی  شەهید "سەلاح مهەندیس"
---------------------------------------
 کاتێک  دەوەستم و دەمەوێت  ئاوڕێک بدەمەوە لەو مێژووە لەخوێن هەڵکێشراوە  ، لەناخەوە  ئارەزووم دەکرد ئەو کاتانە  بم توانیایە  کە بە "گولە تەقێنراوەکانم ،پەلکە زێڕینەم  بنەخشانایە " لێ  لەگەڵ  دڕندەیەکی وەک  بەعسدا  پەلکە زێڕینە  چۆن دەنەخشێنیت؟
  ئێمە دەمان زانی کە بەعس  بەنیازبوو  هەرچی گوندە  سوتماکی کات و  لەگەڵ زەودا  تەختیکات . من بەرلەماوەیەک  لە خۆشناوەتی بووم ،  گوندەکانی ئەو ناوەم بینی بوو کە چۆن  ئاگر لەجەستەی مێژوویان بەرببوو ؟ داروپەروویان چۆن سوتابوو  ؟  چۆن  بێخودان چۆڵکرابوون و ببونە کەلاوە ؟
لێرەش  ڕژێم هەمان  پلانی هەبوو  ئێمە  چەند شەوێک لەدەرەوەی " کانی بەردینە "  کەمینمان  دانا   بەڵام  هیچ ڕووی نەدا  و ئەوان نەهاتن تاوانەیەکیان دابەین دەست لەپیرۆزێکان وەرنەدەن  ، بە نەمانی ئەم گوندە  قەڵەمڕەوی سەربازگەی سارداوی  فراوانتر دەکرد ، ئیتر ماڵات و شوانی ئەم گوندە   نەدەمان لەدەوری سەربازگە سیمکراوەکە نزیک بنەوە ، جگەلەوەش  ئێرە  گوندێکی قەرەباڵغ و نزیکی شاربوو ، کەزۆرجاران لێرەوە  مەفرەزەکان  دەچونە شارەوە .
شەوەکەی  کاک "جەمال دیمکرات" و چەند پێشمەرگەیەک لەکانی بەردینەبوون   کاک جەمال کادێرێکی پێشکەوتوی شۆڕش بوو ئەو کۆبونەوەی بەخەڵکی ئاوایی کرد بوو، لە ئەگەری ڕوخانی گوندەکەی ئاگادارکردبونەوە .
 ئێمە لە گوندی "کانی گۆران" بووین ، گوندەکانی دۆڵەڕووت بەتایبەتی کانی گۆران باخی هەنجیرەکەی لەباخی بەهەشت دەچوو ، بەندە هەموو جارێک کە لەماڵەکان دەبوینە میوان  ، نانێکی تیریم لە گیرفانم دەناو  دەچومە باخەکەوە  ئەو هەنجیرانەم لێدەکردەوە کە دەمیان کراوە بوو شیلەیان لێدەچۆڕا و هەنگ دەوری دابوون تامو چێژیان هێندە شیرین بوو لەهۆنراوەی" تاگور"دەچوو.
ئەو بەیانیە  ڕۆژێکی  جودابوو،ەدەنگی کۆپتەرو هەنتەرەکان  پەیامی  شەڕیان ڕاگەیاندوو ئێمەش  لەدەرەوەی  گوندەکە بەیاڵەکەوە دامەزراین  ،  دووهەنتەر دۆڵەڕووتیان دایە بەر ساروخ و لە گوندی فەیاڵ پێشمەرگەیەکیان زامارکرد ، کەدوایی باڵیان بڕێوە ، نازانم ئەو پێشمەرگەیە وەک پاڵەوانی ناو ڕۆمانەکەی "بیری لەش " ئەویش دەستی کردە وێنە کێشان ،یان نا؟ 
 وەک پیشەی  هەمووجارێک  تەقە کرا لەکۆپتەرەکان  و ئەوان  دەچونە کەشکەلانی فەلەک و دەسوڕانەوە بەدەوری ئاسماندا  ، ئاربیجێکان  بواری نەدەدان کە پلانەکانیان جێبەجێ کەن .   دەمەو چێشت هەنگاو  بوو گردەکەی  پشتی گوندی "کانی میکایل " سەدان جاش مۆڵیان کردوو لەوێدا بەبەرزایەکەوە،  چونکە  کۆپتەرەکان دایانی گرد  لەپشتی گوندی کانی بەردینە ، ئەوان لەئێمەوە دورنەبوون دەمان دین وەک قەلەڕەش لەسەر خۆڵ وخاش بێت وابوون  ، جاشەکان مۆڵ ببوون لەو گردە و شۆفڵ و سەربازەکانی بەعسیش گوندەکەیان دەڕوخاندو  ئاگریان لە کاریتەو مزگەوت و قورئان و  کانی و ماڵەکان بەر دەدا.
 من و شەهید کەریمی نالەباخی لە سەنگەرێکدا بووین کە کۆپتەرەکان نزیک دەبونەوە تەقەمان لێدەکردن ، لەناکاو شەهید وەستا مەجید هاتەلامان  و بەڕوەخۆشەکەی و خەندە  شیرینەکەیەوە  ڕووی لەمن کرد و ووتی : "ئەها  ئەو هەموو پڕۆلیتاریا کوردە " مەبەستی جاشەکانی   پشتی گوندی کانی میکایل بوو کە مۆڵ ببوون، منیش ووتم : ئەوانە" لومپی پڕۆلیتاریان "  هەرسێکمان پێکەنین.
 شەهید وەستا مەجید پیاوێکی قارەمان بوو  ئەو لەشەڕی ئێراندا سنگی زامار ببوو  جارێک پشانی داین  ، چاڵێکی گەورە  لەسەر سنگی بوو  مستێک  گەورە جێگەی دەبۆوە تێیدا ، بەڕاستی  سەیر بوو...! مەرگ ئەوجارە شەرمی لێکردبوو،  یادی بەخێر.
 دوکەڵ  و دیارنەمانی  کۆپتەرەکان ملشکاندنی جاشە سوکەکان داگەڕانیان بەدیوی کانی بەردینەدا  هەواڵی ئەوەیان دا  کە بەعسێکان و خزمەتکارەکانیان  گوندێکیان  لەگەڵ خاکەکەی تەخت کرد و سوتماکیان کردو مەینەتیان بۆ خەڵکەکەی جێهێشت  و ڕۆشتن .
 گەر بەعسی و  جاشەکان  پێشرەویان بکردایە   بۆ دۆڵەڕووت   ئەوە  شەڕێکی گەورە  ڕووی دەدا ، گەرچی ژمارەیان هێندە زۆر بوو ڕەنگە هەر پێشمەرگەیەک نزیکی ١٠٠ جاش و سەربازی بەربکەوتایە تاشەڕی لەگەڵ بکەین، وای لەو سەردەمە  زۆری کورد جاش بوو ، شەرم شکابوو ، کەرامەت چوبۆ قاتی . 
  ڕێچکەمانگرت و بەرەو" کانی بەردینە "کەو تینە ڕێگە ، لەنزیکەوە  ئەو تراژیدیایەمان دی کە بەعسێکان  دروستیان کردبوو ،
 گوندەکەیان  ڕوخاندبوو ماڵی خواش ئاگری تێبەردرابوو قورئان و کتێبە دینێکان  بەبەر چاوی فریشتەکانەوە  دەبونەخۆڵەمێش  .  کاریتەکانی ماڵان  ڕەشداگەڕابوون و  تەنکی و پەنجەرە شینەکان و دەرگاو باگردێن و  دارەراو بەردو کولانەو داس و بێڵ و  گاسن تێکەلی یەک ببوو، زەخیرەو ئاگردان و زۆپاو دار و نەوت ئاردو قاپ و قاچاغ ئاوێزانی  یەکتر ببوون . چەند پیکابێک  وەستابوو دوا کۆمەڵی فەرش و پێخەف و منداڵ و ژنەکانیان دەگواستەوە  نازانم بۆشار دەچوون ، یان بۆ هۆردوگا زۆرەملێکان؟
 مەڕو ماڵات و باڵدەکان سەریان لێشێوابوو بێماڵ وحاڵ کرابوون ، قازو مراوی مریشکەکان  بەدەنگیان  لاوانەوەیان  دەکردو  سەرگەردان ببوون  ، مانگاکان  گورس کرابۆ ملیان و ڕایان دەکێشان بۆناو پیکابەکان   ، وەک ئەوەی  بزانن دوا ڕۆژیانەو بەرەو کوشتارگاکانیان دەبەن بەرگریان دەکرد و دەیان بۆڕان دەنگیان لەگریانی ئەشکەنجە دەچوو .
 دیمەنی پشیلەیەکی دایک و چەند بەچکەیەک  ئاگری لەجەرگودڵ بەر دەدا  ،چونکە پشیلەکە  لایەک لەدەمووچاوی سوتابوو  ، دیاربوو کولانەکەیان بەر تەوژمی ئاگرەکە کەوتبوو ، چۆلەکە کانیش ئیتر بێگوێسەبانە  مانەوە ، نازانم بۆکوێ چوون چەند بەدەم گریانەوە جریوەیان کردوە، ئەم دیمەنە ڕێک لەڕۆژی حەشر دەچوو کە مەلاکان بانگەوازی بۆدەکەن لەووتارەکانیاندا. 
 بەر لەچەند ساڵێک   تەلەفیزیۆنی خاک  چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کردین " کاک سمایل ، کاک سمکۆ  ، بەندە " لەسەر  هەمان چالاکی  بەناوی" ئەو ڕۆژانەی ئەمڕۆیان دروست کرد" . لەو چاوپێکەوتنەدا من ووتم : "سەیرە تاکو ئێستا جاشێک جگە لەوەی داوای لێبوردنیان نەکردوە  ، بەئازایەتێوە نەهاتوون  بڵێن بۆ بووین بەجاش و خۆفرۆش ؟
 دەبوو ئەم   کارەی بەعس  بێوەڵام نەبێت ، لەخوار گوندە سوتاوەکە  بە بازنەیەکی گەورە  وەستاین و خەمبارو توڕەبووین ، نهێنی شەومان وەرگرت " جەمەلی عەلی باپیر"  و بەڕێچکەیەک  کەوتینە ڕێگە  بەرەو شاری سلێمانی  . 
 شەوداهات لەسەر قەراغی شار کەمینێکی پتەومان دانا و باقی هێزەکە کەوتینە ڕێگا بۆ ناوشار و گەیشتینە گەڕەکی "مەجید بەگ"
 خەڵکی گەڕەکەکە لێمان کۆبونەوە ،  ئێمە لەبەردەم ماڵی شەهید وەستا مەجید  ئاومان دەخواردەوە ، پاش کەمێک هەر لەوێدا بڕیار درا کە مەفرەزەیەک بچێت  لە زانکۆی سلێمانی بدات ، دیارە زانکۆ نەمابوو ئەوکاتە  بەر لەچەند ساڵێک گواسرابۆوە بۆ شاری هەولێر ، بەڵام باڵەخانەکانی پڕ کرابوو لەهێزەکانی ڕژێم و  دژە  فڕۆکە چونکە شەڕی نێوان عێراق و ئێران  شارەکانی کردبووە سەربازخانە و لەهەموو باڵەخانەیەک  دژە فڕۆکەیەک دانرابوو . 
پاشان  ئێمە کەمینێک دانێین بۆ ئەو هێزەی بەهانای زانکۆوە دەچێت  و لەو هێزە بەین ، خەریکی جیاکردنەوەی مەفرەزەیەک بووین بۆزانکۆ بچێت، لەناکاودا لەبەر دەماندا  دوو ئۆتۆمێلی  نەجدەی ڕەش هاتن   بەدواشیانەوە چوار لانگرۆز  پڕ لە هێزە تایبەتەکەی بەعس ،  نێوانمان تەنها ١٥ بۆ ٢٠ مەترێک دەبوو  ، هۆی هاتنی ئەمانە  بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شەوی ڕابردوو  جاش هاتبوون بۆ ڕاو ڕووت  و کاتێک پۆلیس و ئیجرام ڕۆشتبوون  بەهانای خەڵکەکەوە ،جاشەکان ڕایان کردبوو  ، ئەوانیش بەخەڵکی گەرەکەکەیان ووتبوو کە ئەگەر  هاتنەوە زەنگمان بۆ لێدەن  و ئاگادارمان کەن . 
لەیەکێک لەماڵەکانەوە  زەنگیان لێدابوو ،  هێزەکەی دوژمن هاتنە بەردەمان و شەڕ دەستی پێکرد،  شەڕی دەستەو ئێخە ، کەدەڵێم دەستەو ئێخە  گەر شەونەبوایە ئەوە  هەموومان یەکترمان دەناسێوە.
شەهید وەستا مەجید ، کاتێک شەهید بوو لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تردا ئەم وێنەیە بەعسێکان گرتویانە و لە ڕاپەڕینەکەدا لە ئەمنەکە دۆزراوەتەوە لەئەرشیفی بەعسدا
ئەوەی لەسەر شانی ئێمە پێویست بوو کە بەساغی دەرچین  ، پەڕینەوەیەک بوو بەناو بێژەنگی گولەکانی ئەواندا  بۆ  ئەو بەرشەقامەکە ،  نازانم  چۆن و بەچشێوەیەک  پەڕینەوە لەوجێگەی  وەستاین  چەند دوکانێک بوو  یەکێک لەدوکانەکان ڕۆنگۆڕی ئۆتۆمۆبیل بوو ، چاڵێکی پڕ ڕۆن و ڕەشایی  باشترین سەنگەر بوو لەو دەمەدا . 
هاوڕێەکم ووتی : کە تۆ پەڕیتەوە  ووتمان  دەترسین  لاشەکەیمان بۆ دەرنەکرێت ؟  شێتگیرانە  تەقەمان کرد  تا بێدەنگمان کردن  ،سوپاس هاوڕیم  دەنا کەس ئەم چیرۆکەی نەدەبیست و ئەوەش دەچوە  سەرسەروەری  فایل ئەستورێک و خۆی پێوە بادەدا . 
دوو هاوڕێمان کە هەردووکیان شەهیدن و ناویان  کەریم  بوو، لەم بەرو لەو بەری شەقامەکە  بەئاربیجی  لە لانگرۆزەکانیان دا  ئاگریان تێبەربوو ، مەچەکی چەپم  داخ بوو  دوایی زانیم  ، شەڕەکە هێندە سەخت بوو   بواری بیرکردنەوە نەبوو کەدەبێت چۆن بەرخورد بکەین ؟ هونەری ئێستا تەنها نەشڵەژان بوو تا بەپێوە بمێنیتەوە. 
 تەنها پاش کەمێک هێزی ترهات بە هوتاف کێشان " ئەلهۆلل بەعس سامد" دەنگیان لەناو تەقەدا دەبیسرا و لێمان نزیک بوونەوە  ئەوان خۆیان ترانجوو بەیەکەوەو  بەدیواری ئەم بەر و ئەوبەردا نوسابون و تەقەیان لێدەکردین  ، قوتابخانەیەک بەرامبەرمان بوو   نازانم چۆن بەو خێرایە گەیشتنەسەرسەربانەکەی؟
 لەکۆڵانی  ئەو دیوەوە  هەوڵمان دا  بچینەسەر چەکەکان بوار یان نەدەدا،  لەهەموو لایەکەوە تەقەمان لێدەکرا  بڕیاردرا ، بگەڕێنە دواوە  ڕێچکە گیرا  ، بەدوای یەکدا  بەسوکە  تەقە  وەک وەڵامێک بۆ بەرگری کردن  ، گەڕاینەوە   شەڕەکە ١٠ بۆ ١٥ دەقیقەی خایاند ، خەڵکی ئەو گەڕەکە  شاهیدن  چۆن ئەو شەوە  گەڕەکەکەیان  ببوو بەجەهەندەم ؟   گەیشتینە وەلای هاوڕێکانمان کە کەمینی خۆمان بوون. 
 پاش کۆبونەوەی هێزەکە  زانرا خۆشبەختانەکە هیچ زیانمان نی یە ، من بیرم لەپشیلە سوتاوەکەی  کانی بەردینە دەکردەوە  کە سەری لێشێوابوو ، ئێمەش ئاوا سەرمان لەداگیرکەری ووڵاتەکەمان شێواندبوو ئەوشەوە.  گەیشتینە  گوندی "کەڵەکن " بەهەموو پێورێک دەبوو بەعسێکان هێرشی پێچەوانە بکەن   چونکە ئەوان دەهری ببوون ، وانەیەکی وامان دادابوون  کە فێربن   . لەماڵێک لەکەڵەکن  ئاومان دەخواردەوە ، پیرەمێرێک ووتی : "بۆیە سەدام دەڵێت ، هەموو ٢٤کاتژمێرێک دەبێت هەواڵی سلێمانیم بدەنێ" من ووتم : بەڕاست سەدام وادەڵێت؟ 
کە  گەیشتینە دۆڵەڕووت  دەمەو بەیان بوو ئێمە بەپێ گەڕاینەوە  چونکە چاوەڕێی هێرشی دووبارەمان دەکرد ،زۆرمان پێچوو ڕۆژ بۆوە ،سەیرمانکرد  هێزێکی زۆر  هاتبوون لەمەڵبەندی دووەوە   بۆ هەر ئەگەرێک . شەهید" شەوکەتی حاجی مشیر"
دەستی گوشین و پیرۆزبایی لێکردین ، مەفرەزەیەکی  دەشتی هەولێریش هاتبوون ، ئەوەی بیرم ناچێتەوە کاک حەمە جەزای  هونەرمەندیش  هاتبوو بەڕووە خۆشەکەی مژدەی بەیانیەکی ئارامی دەداینێ .
 لەدوایی ئەو چالاکیە بەعسێکان  بڕیارێکیاندا لەهەر جێگەیەک لێیان بدرێت  ، ئەو جێگەیە تەخت دەکەن  ،گرنگ نییە  ماڵە دوکانە  یاخود هەر جێگەیەک بێت . 
تێبینی :  زۆر لەو پێشمەرگانەی لەو چالاکیەدا  بەشدار بوون  لەدوایدا لەجێگەی جیاوازو شەڕی جیاوازدا  شەهید بوون و گیان بەخشیە  نیشتمان ، هەندێکمان ماوینەتەوە ، من لەبەر ڕێزوو خۆشەویستم بۆ قوربانێکان  ناتوانم ناویان بنوسمەوە ،چونکە  هەموویم بیر نەماوە ، بەهیوام  ڕۆژێک بێت  کە کورد  دەزگایەکی ئەکادیمی هەبێت  بۆ ساغکردنەوەی   هەموو قوربانێکان . سڵاو لەگیانی ئەو هاوڕێ ئازیزانە  مان  کە گیانیان بەخشی ،  خۆشەویستیشم بۆ زیندۆکان بەهیوام  ساغ و سەلامەت و هەمان پێشمەرگەبن  بەمانا واتادارەکەی .
 وە ک پێشترووتم:  هیچ مەبەستێکی دیاری کراوم  نی یە لەپشتی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکەکورتانە ، تەنها ئەوەندە هەیە دەمەوێت بڵێم ، ئەمڕۆ کەسانی  نامۆ و ترسنۆک و فایل ئەستور ، دەیانەوێت مێژووی ئەو هەموو ڕووداوە  داگیرکەن و بۆخۆیانی بەرن و بیکەنە مێژووی کەسایەتیان کەنیانە ، وەزۆریان نەلەدور نەلەنزیک  ئاگایان لەم هەموو ڕووداوەنەبوەو ئێستا هاتونەتە سەر حازری و فشە دەکەن بە شتێکەوە کە هی ئەوان نی یە . ئەم چیرۆکانە بەردەوام دەبێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە