پەرداخەکانتان لەخوێنم ئاوەدان.....

Tuesday, 25/04/2017, 12:04

2593 بینراوە


شەرمەزار دیمەنی نان
شەقارتە بەگەنمە جاڕ...هەر قامك
شان بەشانی ژان...کۆڵ نادا دەستەکانی گوڵەبەڕۆژە.
ڕووچنەیەك بکەوە بەکۆشکەکانتان
ئاوێزان مردن بەتابڵۆکانتاندا...خەریتەی خزێنەی مشکەکوێرەکان.
بەگەرووی تفەنگەکانتان
نان لەخوێنی دڵ دەدەم!
هەتا تاریکی سمکوڵانت...بەردەوام حیلەی برسێتی.
 بێخەبەری کەپشت گوێتانە
پەرداخەکانتان بەخوێنم ئاوەدان،
ئێوە
چەتەکانی شەو و تاریکی.
تاریك و ڕوونی باڵندەکانم بپاڕێزن،
تاپۆی تابووتم و
مۆزارتی هەزاران لەمپەرم پێیە.
تەقەتان دڵی دوڵ تووند دەکا،
چیا سەری لەتەوژمی پەنجەکانی.
دیسانەوە شین بەگۆمەشیندا...چارۆکەی ڕەشاوەی لە پێنووس دەکا.
چەکەکانتان لەبرسێتی بگەڕێنەوە....
ئەی ئێوە ساردتر
 ئیشتیای مەرگتان گەرم
داوەڵی بێداد دەستی لەبەرۆکی خەڵوز،
بەهاری نیوەچڵە دارستانەکانی ئەم چیا
 ڕەوەزی مێژوو مات ...  چارەنووسم بەردتر لەچیا
بەزەندۆڵا هەڵکورماو گاشە بەرد
بەفر داوێن سوور...تاریکادی سنوور بەپەنجەیەکی سوور.
هەڵوەریو باڵی وشە...بزڕکاو شیری بەیانی
ڕنوی کۆچ لەبەستەڵەکی ساتە بەندکراوەکاندا
ناگەڕێمەوە ،
بەرەو چۆکدانەوە
کیمیابارانەکان ئاسمانم
ڕاشەنی تەمەن سەمای زام ...لەکۆڵ ناکاو ناکەوێت.
چ تاڵ دەڕژێتە پێست زەمهەریری وەرزەکانتان
 نابوورم جادەکانی گورگەلوورەتان ...ساوای ئەستێرە دەگرێنێ.
 هەنیسکی دایکانی ئاور ...گرپەی پێدەشتەکانی بێدەنگیتان،
ژیان لەکۆڵ ناکەمەوە کەبەستەڵەکە هەستی ئێوە.
کوڵمی مەترسی شەپڵاخەی شەڵماشی نۆشیوە
ئەوین لووتکەکانی شانم
منم
چاوگی هەرسەکانی نەیاریتان
شەبەقی دەلاقەکانتان
کۆخەی مەرگ
وە جێگری خودا لە خولانەوەی بێ بەرەکەتی زەوێندا....لەخاچ درا بوو نان.
 ١٠ی ڕێبەندانی 2716
سنە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە