لەیادی رۆژنامەگەری كوردی، زانكۆی پۆلەتەكنیك چۆن سوكایەتی بە رۆژنامەگەری ئەكا!

Tuesday, 25/04/2017, 19:42

2640 بینراوە


لە زانكۆكانی كوردستان سەیر و سەمەرە ئێجگار زۆرن ، هەر لە ئاستی نزمی خوێندن تا ئەگا بە ئاستی نزمی مامۆستا و نا دادپەروەرێتی لە وەرگرتنی پۆستەكانا هەر لە بڕیاردەری بەشەكانەوە تا ئەگا بە ڕاگری كۆلێج و جێگرەكانی سەرۆكی زانكۆ و چەندینی تر. بەڵام لە ڕاستیا لە هەندێ لە زانكۆ تازەكان كاری وا ئەكرێ مرۆڤ شەرم لە خۆی ئەكاتەوە. بەر لە هەموو شتێك پۆستەكانی هەندێ لەم زانكۆیانە بە بڕیاری نهێنی و بە میزاجی كەسەكان دابەش ئەكرێن لە كاتێكدا بە بڕیاری حكومەت و پەرلەمان ئەبێ هەر پۆستێك دوای بانگەوازی ئاشكرا بدرێ بە كەسانێك كە شایستە بن. بۆ نمونە لە زانكۆی پۆلەتەكنیكی سلێمانی ئەم پێشێلكاریانە زۆر زۆرن و بە ئاشكرا ئەنجام ئەدرێن . كۆمەڵێك لە پیاوانی حزب دەستیان گرتوە بەسەر هەمو پۆستەكانا و هەر یەكێكیان لە یەك كاتا چەندین پۆستیان هەیە . دەیان مامۆستای بە توانا و بڕوانامەی بەرز هەن بەڵام ژمارەیەكی كەم كە رەنگە 10 بۆ 15 كەس بن دەستیان گرتوە بەسەر هەمو پۆستەكانا و داهاتی زانكۆش بۆ خۆشگوزەرانی خۆیان بەكار ئەهێنن. بۆ نمونە كەسێك راگری سێ كۆلێجە و سەرۆكی بەشیشە لە یەك كاتا. چەن كەسێكی تر جێگری سەرۆكی زانكۆن و راگری چەن كۆلێجیكیشن . لە كاتێكا هەر لە هەمان ئەو بەش و كۆلێجانەیا چەندین مامۆستا هەن بڕوانامەكانیان هاوشێوەی ئەوانە و بەرزتریشە .
وتمان ئەوانەش بە هەر حاڵ ، ئەوەی مایەی گریان و قێزكردنەوەو ڕشانەوەیە ئەوەیە كە بەشێك هەیە بە ناوی میدیا لە زانكۆی پۆلەتەكنیكی سلێمانی ، كۆمەڵێك مامۆستای هەڵگرانی بڕوانامەی دكتۆرا و ماستەری هەیە لە هەمو بوارەكانی میدیا و رۆژنامەگەریا ، بەڵام بە زۆری زۆرداری بەرێزێكیان هێناوە ماستەری هەیە لە بەشی یاسا و رۆژێك لە ڕۆژان نەیزانیوە رۆژنامەگەری چیە ، كەچی سەپاندویانە بەسەر ئەو هەمو هەڵگرانی بڕوانامەی دكتۆرا و ماستەرە لە بواری ڕاگەیاندن . نەك هەر ئەوەنە بەڵكە ئەو بەڕێزە خۆی لە مۆلەتی خوێندنایە و خەریكی خوێندنیشە بەڵام بە هۆی ئەوەی كەسێكی حزبیە بێ ئەوەی حیساب بۆ یەك كەس بكەن بە زۆری زۆرداری و دژی ئیرادەی ئەو هەمو مامۆستایەی بواری ڕاگەیاندن كراوە بە سەرۆكی بەش . ئەم سەیر و سەمەرەیە زۆر قوڵە و گاڵتائامێز ترە چونكە هەر بەوەنە نەوەستاون ئەڵێن ڕێز لە یادی رۆژنامەگەری ئەنێین و خەڵك بۆ یادەكەش بانگ ئەكەن. ڕەنگە لە هەرێمی كوردستانا ئەخلاق لە سیاسەتا نەمابێ و زۆر بواری تر داڕماون بە خوێندنی باڵاشەوە ، بەڵام بە هەمو پێوەرێك تا ئێستا شتی وا روی نەداوە و ئەو سەردەمە نەماوە كە دەرچویەكی بەشی یاسا كە لە مۆڵەتی خوێندنیشایە بە زۆرداری بسەپێنرێت بەسەر بەشێكی وەك میدیا لە كاتێكا بەشەكە خۆی چەندین پسپۆری ڕاگەیاندنی هەبێت بە دكتۆرا و ماستەرەوە !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە