دەبێت پارتی و یەکێتی بخرێنەوە لیستی تیرۆر

Thursday, 04/05/2017, 17:21

2916 بینراوە


هێزی ئاسایش دەبێت کاری فەرمیی پاراستنی سەر و گیانی هاوڵاتیان بێت، کەچی ئەزموونی ژیان لەم هەرێمە ئەوە دەردەخات کە هێزە ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتی، خودی خۆیان سەرچاوەی ترس و تۆقاندن و کوشتنی هاوڵاتی و ڕۆژنامە نوس و دەنگی ئازادن. وەک دەزانین دیارترین نمونەکانی فڕاندن و کوشتن لەلایەن ئەم هێزە تۆقێنەرانەوە کە ئەنجامدراوە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسانی وەک: (سۆرانی مامە حەمە، عەبدالستار تاهر شەریف، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، ویدات حسین، شوكری ئامێدی)، هەروەها کوشتارەکانی حەڤدەی شوبات و ئازاردان و لە کەدارکردنی چەندین کەسایەتی خاوەن بیروڕای ئازاد.
کاری تیرۆر چیە؟ تیرۆر لە پێناسەیەکدا بریتییە لە کاری تۆقاندن، فڕاندن و کوشتنی کەسانی بێ تاوان. ڕێک هەمان ئەو کارە ئەم هێزانە ئەنجامی دەدەن، ئەم هێزانە ڕۆژانە دەمانتۆقێنن، دەمانفڕێنن و دەمانکوژن، پاشان تەرمەکەمان فڕێ دەدەن، بەوەشەوە ناوەستن بە تۆمەتێکی قێزەونیش تۆمەتبارمان دەکەن، ئەمانە لە تیرۆرستیش خراپترن، تیرۆرست تەنیا دەتکوژێت، بەڵام ئەمان دەتکوژن و ناویشت پیس دەکەن، دوای کوشتنت هێشتا وازت لێ ناهێنن ناو و کەسایەتیشت تیرۆر دەکەن. هەروەک چۆن بینیمان دوای فڕاندن و کوشتنی سەردەشت عوسمان، هێزەکانی ئاسایشی پارتی ڕایانگەیاند سەردەشت دەستی پەیوەندی لەگەڵ تیرۆرستان هەبووە.
پێشتر کە دەمانبینی ناوی پارتی و یەکێتی لە لیستی تیرۆردایە، نیگەران دەبووین و پێمان وابوو ئەوە غەدرێکی گەورەیە لە کورد کراوە، بەڵام ئێستا دوای تێپەڕینی چەند ساڵێک و دەرکەوتنی ڕووی ڕاستی ئەم هێزە تۆقێنەرانە، دەبێت بڵێین ئەوانەی ناوی ئەم هێزانەیان لە تیرۆردا دانابوو، لە ئێمە ژیر تر بوون و لە ئێمە زیاتر ڕەگوڕیشەی ئەم هێزانەیان ناسیوە، ئێستا دوای ئەو هەموو خوێن ڕشتنەی هاوڵاتیان و دەنگە ئازادەکان، ئیتر کاتی ئەوەیە هەوڵبدەین دەنگمان بگەێنین بە هەموو جیهان و ناوی ئەم هێزە تۆقێنەرانە بخەینەوە ناو لیستی تیرۆر، چونکە تیرۆرستی ڕاستەقینە ئەمانەن کە لەژێر ناوی دیموکراسیدا بۆ خوێن ڕشتنمان خۆیان مەڵاسداوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە