لە حەوتەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسماندا، پەیامی تۆ چییە؟!

Friday, 12/05/2017, 12:36

2370 بینراوە


ئەمە پرسیاری دەزگای هاوپشتی یە ئاراستەی من کراوە، کە پەیام و لێدوانی خۆم لەم یادەدا دەرببڕم، بەڵام من لە جیاتی ئەوە، وای بە ڕاستتر دەزانم کە لە پەیام و لێدوانە وتراوو نەوتراوەکانی سەردەشت عوسمان، وردبینەوە، بە تایبەت بە نێو ئەو پەیامانەیدا گوزەر  بکەین کە ( بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست) هەوڵ دەدرێت کاڵ بکرێتەوە و کەمتر ڕۆشنایی بچێتە سەر: 
بەردو هێلکە: 
تا ئەم ساڵانەی دوایی، بڕێک قورس و مایەی سەریەشەیەکی زۆر بوو، بۆ چالاکوانانی چەپ و یەکسانیخوازو ئازادیخواز و سوسیالیست، ئەو ڕاستییە بسەلمێنن کە ئەو پرۆسە سیاسییەی لە کوردوستان دەگوزەرێت، نەک هیچ ئاشنایەتییەکی لە گەڵ دیموکراسی و ئازادیدا نییە، بەڵکو تەنانەت زۆر ناکۆکیشە بە ئازادی و دیموکراسی.
سەردەشت عوسمان لە وتارێکیدا بە ناونیشانی ( هەموو ڕاکەن ئازادی هات)، ئەو بەردە دەکێشیت بە زەوی حەقیقەتدا کە چەندین ساڵە دەسەڵآتی کوردی بە نرخی هێلکە بە ئێمەی فرۆشتووە، خەڵکی کوردوستانی چآوەڕوان کردووە ڕۆژێک بێت هەڵبێت و ببێت بە جوجکەی دیموکراسی، ئەو بە زمانێکی زۆر سادە تەمی ئەو وەهمە دەخاتە بەر شنەبای لۆژیک و  پێمان دەڵێت ( ئەوەی چەندین ساڵە لە سەری دانیشتوون و چاوەڕێی هەڵهاتنین، ئەوە بەردە بەرد، هێلکە نییە)، بانگەوازمان دەکات کە جورئەتی ئەوەمان هەبێت دەست لەم توحفەیە بدەین بزانین بەردە هێلکە.
نەک هەر وای وت، بەڵکو لە وتاری (دوایین زەنگی کوشتنم لێێدا) لە جیاتی بەشێکی بەرینی کۆمەڵگا، خۆی دەست بۆ ئەو توحفە سەیرو سەمەرە دەبات و دەیکێشیت بە زەویدا، تا لەو ڕێگەوە بیسەلمێنێت کە ئەوە هێلکە نەبوو، درۆ بوو ، درۆیەکی گەورە. ئەو ویستی پێمان بڵێت کۆمەڵگای کوردوستان لەم گۆمە مەنگە چەق بەستووە ڕزگاری نابێت ، هەتا گەنجەکانی لەم وەهمی ( بڕوا بە درۆ کردنە) ڕزگاری نەبێت، ئەو پێی وتین کۆمەڵگای کوردوستان لە زەلکاوی گەندەڵی و برسێتی و بیکاری نایەتە دەرەوە، تا گەنجەکانی قاچیان لە ناو زەلکاوی ( سادەیی و ساویلکەیی و بڕوا کردن بە درۆی دەسەڵاتداران) دا بن.
جیاوازی و ناکۆکی چینایەتی:
گرنگرین پەیامی سەردەشت عوسمان پەیامی چینایەتییە، ئەو لە وتاری ( من عاشقی کچەکەی بەرزانیم) ، ڕەگ و ڕیشەو فاکتەرەکانی ئەو جیاوازییە چینایەتییە دەخاتە ڕوو، کە قڵشتێکی گەورەی خستۆتە نێو کۆمەڵگای کوردوستان و دابەشی دووی کردووە، کەمینەیەکی مافیا ئاسا کە تەواوی سەروەت و سامانی کۆمەڵگایان خستۆتە خزمەتی خۆیان ، لە لایەکی تریشەوە زۆرینەی زۆری خەڵکی کوردوستان کە لە مافە سادەو سەرەتاییەکانی 80 ساڵ لەمەوبەر بەهردەمەند نین ( وەک ئاوی پاکی خواردنەوەو کارەبا).
زۆرێک هەوڵ دەدەن وتاری ( من عاشقی کچەکەی بارزانیم) بکەن بە خەون و حەزو عەشقی گەنجێک، بۆ کچی دەسەڵاتدارێکی ئەو هەرێمە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە تەواو دوورە لە ڕاستییەوە. سەردەشت عوسمان وەک لە %80 خەڵکی کوردستان ڕەنگە هەر نەشیزانیبێت کە ئایا بەرزانی کچی هەیە، ناوی چییە، تەمەنی چەندە، ڕەنگ و ڕوواڵەتی چۆنە؟!
ئەو ویستی پێمان بڵێت چینێکی دیاریکراو لە کۆمەڵگای کوردوستاندا، هێندە بەهرەمەندن لە تەواوی سەرچاوە ئابورییەکانی کۆمەڵگا، کە ئەگەر بە هەر ڕادەیەک نزیک بیتەوە لێیان، بە هەمان ڕادە ئاڵ و گۆڕ بە سەر ژیان و گوزەرانتا دێت، هەر لەوێشەوە بە هەمان ڕادە دەبیتە خاوەنی ژیان و گوزەران و بیمەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و جێگاو ڕێگای ئابوری باڵا. 
سەردەشت عوسمان لە وتاری ( من عاشقی کچەکەی بەرزانیم) پێی وتین ** من عاشقی ژیانێکی باشترو ئینسانانە ترم، کار بەدەستانی ئەم وڵاتەی من ، هەموو دەروازەکانی ژیانێکی باشتریان داخستووە لێمان، مەگەر تەنها بەو دەروازەیەدا، هەنگاو بەرەو ژیانێکی باشتر بنێین، کە بە دەرگایەکی پۆڵایین داخراوەو لێی نووسراوە ( ئەم ڕێگایە تەنها بۆ دەسەڵاتدارانە).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە