بۆ ساڵیادی تێرۆركردنی تێكۆشه‌ری ڕۆژهه‌ڵات «سوله‌یمانی موعینی له‌ لایه‌ن مه‌لا مسته‌فا بارزانی

Monday, 05.15.2017, 22:33

4821 بینراوە


«مێژوو له‌بیرمه‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.»
ورده‌كاری تێكۆشانی موعینی و چۆنیه‌تی تێرۆركردنه‌كه‌ی:
سوله‌یمان موعینی، له‌ ١٧ی شوباتی ١٩٣٣ (٢٨ی ١١ی ١٣١١ هەتاوی) لە گەڕەکی سەهۆڵخانەی شاری مەهاباد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان لەدایکبووە. لە سەردەمی کۆماری کوردستان، سولەیمان بۆ خوێندن دەنێردرێتە شاری تەورێز. دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و گیرانی باوکی، دەگەڕێتەوە مەهاباد و دەست بە خوێندن دەکاتەوە. کاتێک کە باوکی بۆ تاران دوور دەخرێتەوە، سولەیمانیش دەچێتە تاران و لە وێ دەخوێنێ. له‌گه‌ڵ گەڕانەوەی باوکی بۆ مەهاباد، ئەویش دیسان دەگەڕێتەوە و لە فێرگەی محەمەد رەزاشا پەهلەوی، دەست بە خوێندن دەکاتەوە.
سولەیمان هەر لە تەمەنی لاوی و لە سەردەمی خوێندکاریدا، له‌گەڵ هاوڕێیانی وەک سەید عەبدوڵلا ئیسحاقی (ئەحمەد تۆفیق)، خەریکی کاری سیاسی و ڕێكخستن دەبێت. هاوکات له‌گەڵ کاری سیاسی، لە خزمەتکردن بە هەژار و بێدەرەتانان درێغی ناكات. دەکرێ بگوترێ بەشی هەرە مەزنی رۆژگارانی ژیانی سەردەمی لاوێتیی سولەیمان بەم بوارانەدا تێپەڕ بووە. سولەیمان شان بە شانی بیری شۆڕشگێرانەی، کەسایەتییەکی چالاکی بواری وەرزشی و کارامەی گۆڕەپانی چالاکیی وەرزکاریش بووە و هۆگرایەتییەکی پتەوی له‌گەڵ کەژوکێو و داوێنی سرووشتی جوانی کوردستان هەبووە.
ساڵی ١٩٥٣ (١٣٣٢ی هەتاوی)، لە سەردەمی دەسەڵاتی «محەمەد موسەدیق»دا، سولەیمان دەورێکی بەرچاوی گێڕاوە لە رێکخستنی گەنج و لاوان و سازدانی خۆپیشاندان و میتینگەکانی شاری مەهاباد. هەروەها ماوەیەکیش بەرپرسیاره‌تیی راهێنانی سروودی نەتەوەیی کوڕ و کچانی شارەکەی بە ئەستۆیەوە بووە.
ڕۆژی ١٥ی حوزه‌یرانی ١٩٥٣ رێکخراوی لاوانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد، بە رێبەرایەتیی سولەیمان موعینی و سەید عەبدوڵلای ئیسحاقی و چەند لاوی تێکۆشەری دیکە کۆبوونەوەیەکی بەرفره‌وان لە باخی میکائیل ساز دەكه‌ن. مەبەستی کۆبونەوەكه‌ ئەوە بوو لاوانی نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان نوێنەری خۆیان بۆ بەشداریی لە چوارەمین فێستیڤاڵی جیهانیی یەکێتی لاوانی دیموکراتی هەڵبژێرن. بەڵام لە گەرمەی گوتوبێژی ئەو لاوانەدا، هێزه‌ دڕندەکانی حکوومەتی ئێران هەڵدەکوتنە سەریان و پاش لێدان و ئازاردانیان، لولەی تفەنگەکانیان ئاڕاستەیان دەکەن و مێرمنداڵێک بە ناوی «حسن رەمەزانی» شەهید ده‌كه‌ن و چەند کەسێكیش بریندار دەکەن. ئیدی ئەو لاوە شۆڕشگێڕانە دەکەونە شەقامەکانی شار و بە گێڕانی تەرمی ئەو لاوە شەهیدە، رێپێوان و بزووتنەوەیەکی جەماوەری گەورە بەڕێدەخەن.
هەر لەو سەردەمەدا پێداگری و خەباتی نەپساوەی سه‌رانسه‌ری بەرهەڵستکارانی ڕژێم، بوو بە هۆی هەڵاتنی شای ئێران و هاتنە سەر حوکمی حکوومەتی «محه‌مه‌د موسەدیق»، کە هیوای چاکسازی و بوژوانەوەی لێدەکرا. بەڵام بەداخەوە بە هۆی پشتیوانیی رۆژئاوا لە شای ئێران و لە ئاکامی کوده‌تایەکی ڕێكخراو، شای ئێران گەڕاندرایەوە و حکوومەتی موسەدیق ڕووخێنرا. دوای رووخانی حکوومەته‌كه‌، لە ٢٨ی ئه‌یلوولی ١٩٥٤، هێزە سەرکوتکەره‌كانی ڕژێمی ئێران هێرشیان کردە سەر جەماوەری شار و گوندەکان. کوشتن، گرتن و بێسەروشوێن کردن دەستی پێکرد.
لە شاری مەهاباد دا، یەکێک لە گیراوەکان محەمەدئەمین موعینی (باوکی سولەیمان موعینی) بوو کە ماوەی ٢٠ رۆژ لە گرتووخانەی سەربازیدا ڕایان گرت. هەر ئەودەم لە لایەن فەرماندەی نیزامیی شاری مەهاباد، کە سەرلەشکەر «کەریم وەرئەهرام» بوو، بە باوکی سولەیمانیان گوت: «بە شوێن سولەیماندا بنێره‌ و پێی بڵێ کە حکوومەت لێی دەبوورێت و دەتوانێ بەبێ هیچ ترسێک بگەڕێتەوە ماڵی خۆی.» بەڵام سولەیمان بەهۆی ناسینی کارنامەی کرداری رژێمی ئێران، ئەم داوایەی بەرپەرچ دایەوە و وەڵامی «نا»ی دانەوە. پاش ماوەیەک، له‌ ساڵی ١٩٥٦ سولەیمان بەنیازی چوونه‌ تاران و بەردەوامبوونی ژیانی سیاسی و نهێنی بەرەو ناوه‌ندی ئێران وەڕێ کەوت، بەڵام لە نێوان رێگای تاران - تەورێزدا بە هۆی سیخوڕە نهێنییەکانی رژێم ناسرایه‌وه‌ و ده‌ستگیركرا. لە گیرانی سولەیمان هیچ کەس ئاگادار نەبوو، دوای تێپەڕینی ماوه‌یه‌ك، «عەبدوڵای حەکیمزادە» وێنه‌ی سولەیمان لە لاپەڕەی رۆژنامەیەک لە نێو زیندانییەکانی ژێردەستی رژێمدا دەبینێت و هه‌واڵ بە بنەماڵەکەیان دەگەیەنێت. سولەیمان لەژێر ئازار و شکەنجەی زیندانەواناندا دەمێنێتەوە هەتا رۆژی ١ی ئاداری ١٩٥٧ لە به‌رانبه‌ر ئەسپاردنی بارمتەیەکی دە هەزار تمەن-ی ئەو سەرده‌مە، ئازاد كرا.
سولەیمان ماوەیەک لە تاران دەمێنێتەوە و له‌گەڵ هاوبیرێکی خۆی بەناوی «بەحری» دەست بە چالاکی دەکاته‌وه‌، بۆ داپۆشینی هەڵسوڕانی سیاسی، دوکانێکی وێنەگری دەکەنەوە و خەریکی کار دەبن. سولەیمان موعینی ناتوانێ خەڵکی خۆی لەبیربکات و لە هەندەران بمێنێتەوە، هەربۆیە دەگەڕێتەوە مەهاباد. لە ساڵی ١٩٥٩، له‌گەڵ کچێکی خەڵکی گوندی سیاقۆڵ، بەناوی «مریەم عومەری»ی زەماوەند دەکات و ساڵی ١٩٦٠ دەبنە خاوەنی کوڕێک و ناوی لێ ده‌نێن «سیامەند».
پێکەوەنانی خێزان و باوەشی گەرمی بنەماڵەش ناتوانێ ئەو هیوا گەرمەی کە له‌ مێشکی سولەیمان دایه‌ له‌نێوببات.
لە ساڵی ١٩٦٠دا رژێمی پاشایەتیی ئێران هێرشێکی هەمەلایەنە و بەربڵاوی كرده‌ سەر ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە ئاکامی ئەو هێرشەدا زیاتر لە١٥٠٠ گەنج و لاو كه‌وتنه‌ بەردەستی هێزەکانی پۆلیس و سه‌رباز. ئەم رەشبگیری و بێسەروشوێن کردنە بە هۆی عەبدوڵا موعینی (برابچووكی سولەیمان) بەو ڕادەگاتەوە، ئەویش هاوڕێكانی ئاگادار دەکاتەوە و بەپێی بەرنامەیەکی زۆر نهێنی، له‌گەڵ چەند هاوڕێیەک، بەهیوای گەیشتن بە باوەشی «شۆڕشی باشووری كوردستان» بەرەو باشوور دەکەونە ڕێ.
سولەیمان موعینی و هاوڕێكانی هەر كه‌ دەگەنە باشووری کوردستان، بە ئاگاداری و لە ژێر چاوەدێریی سەرۆکایەتی ئەوسەردەمەی بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری باشووری كوردستان، لە هەوڵی سازمانکاری و بووژاندنەوەی رێکخراوه‌ په‌رشوبڵاوبووه‌كه‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەبن.
دەزگای ساواک و سوپای ئێران لە ساڵی ١٩٦٥دا، دیسان هێرش ده‌كه‌نە سەر رێکخراوە نهێنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان. ژمارەیەك لە خەباتکارانی دەگرن، بەڵام ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی حیزب کە یەکێک لەوان «عەبدوڵا موعینی» بوو، لە زەختی پۆلیس رزگاریان دەبێ و پەنا دەبەنە بەر باشووری كوردستان.
کۆمبوون و تێکەڵبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەباتکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە گۆڕەپانی تێكۆشانی باشووری کوردستاندا به‌ پێشه‌نگه‌یه‌تی سولەیمان موعینی (فایه‌ق) و عەبدوڵلای ئیساقی (ئەحمەدتۆفیق)ەوە، رژێمی ئێرانی تۆقاند.
بۆ ڕاگرتن و تێکدانی رێکخراوی تازەدامەزراوی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ساواك له‌ مه‌هاباد کەوتەوە خۆ. سه‌ره‌تا بنەماڵەی کەسانی بەناوبانگی وەک سولەیمان موعینی دەخەنە لیستی هەرە باڵای میکانیزمی کار و خەباتە دزێوەکانی خۆیان. هەربۆیە لە لایەن ساواک-ەوە بە «میرزا محەمەدئەمین موعینی(باوكی سوله‌یمان موعینی)» ڕادەگەیەندرێت: «شای ئێران لە کار و کردەوەکانی سولەیمان و هاوکارانی خۆش دەبێت، بە مەرجێک دەست لە چالاکی هەڵبگرن و بگەڕێنەوە زێد و نیشتمانەکەی خۆیان.» تەنانەت ساواک بەڵێنیی هەمە چەشنە کارئاسانی و پێدانی پلە و پایەی بەرزی کۆمەڵایەتی و ئیداریی بۆ سولەیمان موعینی دەستنیشان دەکات. باوکی سولەیمان موعینی سەری بۆ ئەم فەرمانە نزم نەکرد و هیچ وەڵامێکی نەدانەوە. هەربۆیە ساواک «کەریم خوسرەوی (كه‌سایه‌تی ناسراوی مەهاباد و خزمی بنه‌ماڵه‌ی موعینییەکان)» بەهەمان مەبەست و بە هەمان بەڵێنەکانەوە ڕەوانەی باشووری کوردستان دەکات.
سولەیمان موعینی کە دوژمنی کوردی باش ده‌ناسی و پیلانە گڵاوە مێژووییەکانی ده‌زانی، وەڵامی بۆ ناردنەوە و پێی ڕاگه‌یاندن: «من رۆڵەی کوردم، خۆم بە ئاڵاهەڵگر و درێژەدەری ئامانجە پیرۆزەکانی کۆماری کوردستان دەزانم. من پێشەکی و هەر لەسەره‌تای کار و هەڵوێستگرتنەکانمدا، شێوەژیان و شێوەمەرگی خۆم دیاری کردووە و هەرگیز ئەم گرانبارە زەنگین و رەنگینەم بە هەموو ئیمکانیاتی خۆشگوزه‌رانی ناگۆڕمەوە.»
سولەیمان موعینی، بە دڵ و گیان هەموو وزه‌ی خۆی دەخاتە خزمەت شۆڕشەوە و لە نزیکەوە لەگەڵ «مەلا مستەفا بارزانی» کار دەکات و بەشێکی هەرە زۆری رۆژنامەی «دیسان بارزانی» بە قەڵەمی ئەو دەنووسرێت. لە کار و چالاکی سیاسی و ڕێكخستنیدا تێكۆشه‌رێكی گیانبەختکار دەبێت و لە هیچ مەترسییەک سڵ ناكاته‌وه‌.
سولەیمان و ژمارەیەک لە هاوخەباتانی ئەو، لە بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری باشوور وردتر دەبنەوە و وردبینانەتر سەیری پەیوەندییەکان و پلە و پایەی کادرەکان دەکەن، زوو تێدەگەن کە دەزگه‌ی «شۆڕش» بە سەرۆکایەتیی بارزانی، لە ڕێگه‌ی خزمەت بە گەلەکەی لای داوە. هەروه‌ها سولەیمان بە چاوی خۆی دەبینێ کە دەرەبەگە مەزنەکانی ئەو سەردەمە لەنێو پارتی دێموکرات، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی عەشیرەتی خۆیان و ده‌ره‌بەگەکانی دیكه‌ کەڵکی ناسیاسی لە ئیمکانیاتی «شۆڕش» وەردەگرن. هەر ئەم شێوە کارەی مەلا مستەفا بارزانی و دارودەستەکەی دەبێتە هۆی دابڕان و دوور کەوتنەوەی ڕوناکبیر و زەحمەتکێشانی گەلی کورد لە پارتی دێموکراتی کوردستانی عێراقدا. هەر درێژەدان بەم سیاسەتە و لایەنگیری لە دەره‌بەگه‌كانیش بوو کە توانی ببێته‌ هۆی شێواندن و تاریک کردنی پەیوەندییەکانی نێوان «عەبدولکەریم قاسم» و مەلا مستەفا بارزانی کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو ئاڵۆزی رۆیشت و سەرەنجام شەڕی لێ کەوتەوە. لە درێژەی شەڕی نێوان هێزەکانی دەوڵەتی عێراق و بزووتنه‌وه‌ چه‌كدارییه‌كه‌ی كورد له‌ باشوور، مەلا مستەفا دەستی یارمەتیی بۆ شای ئێران درێژ کرد و شۆڕشی کوردی خستە باوه‌شی ڕژێمی ئێران.
بارزانی بەهۆی پەیوەندیی لەگەڵ رژێمی شای ئێران، سیاسەتی خۆی لەسەر بناغەی بەرژەوەندیی ئێران داڕشتەوە و لە گوتەکانی خۆیدا دەڵێت: «ئێمە دەبێ پێشەکی گەلی کورد لە عێراق ئازاد بکەین، جا دوایە بیر له‌ بەشەکانی دیكه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌.» بە مانایەکی دیكه‌ «خەباتی بەشەکانی دیکەی کوردستان ده‌كه‌ینه‌ قوربانیی سیاسەتی پێوەندییەکانی رێبەرایەتی شۆڕش له‌گەڵ شای ئێراندا.»
بەڵام سولەیمان موعینی و هاوڕێكانی مل بۆ ئەم سیاسەتە نادەن و لە ژێر تیشکی بیر و فەلسەفەیەکی نەتەوەییدا، به‌رپه‌رچی ئەم شێوە خۆبەدەستەوەدانە دەدەنەوە و پێوەندییەکانی مەلامستەفا و شای ئێران بە قومارێکی پڕ لە مەترسی دیپلۆماسی دەزانن.
بارزانی کە لە هۆشیاری و زانایی سولەیمان موعینی ئاگادار بوو، پێی وابوو ئەگەر پلە و پایەی ئەو لە شۆڕشدا بچێته‌سه‌ر، ئەوا لایەنگره‌كانی ڕاده‌كێشێت و ئەوانی دیكه‌ش بەشوین ئەودا ده‌چن. بەڵام سولەیمان، کە رۆڵەی دڵسۆزی گەلی خۆی بوو، بە کردەوە هەموو ژیانی خۆی و ئاسایشی بنەماڵەکەی خۆی لە پێناو هەستی بەرزی نیشتیمانپەروەریدا فیدا کردبوو، هەرگیز لە بەرانبەر پلە و پایەی حیزبی و سیاسیدا ئامادە نەبوو مل بۆ سیاسەتی ناڕاست کەچ بکات و لە رێی خزمەت لابدات.
بەهۆی قوڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی مەلا مستەفا بارزانی و ڕژێمی ئێران، بەرەبەرە دەزگه‌ی پاراستنی ئێران (ساواک)، شوێنپێی زیاتر و قوڵتری لە جەرگەی بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری باشووردا وه‌دەستکەوت، دەسەڵاتی زیاتری تێدا وەدەستهێنا.
لەدایکبوونی کۆمیتەی شۆڕشگێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان (کۆمیتەی ئینقلابی حیزبی دیموکراتی کوردستان) لەو سەردەمە دا، جوڵانەوەیەکی له‌ کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان درووست كرد کە دەزگه‌ی پاراستنی ئێران بە مەترسییەکی مەزنی لێکدایەوە. کۆمیتەی شۆڕشگێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ئەگەرچی وەک هەڵوێست، لە هەنگاوی یەکەمدا خەباتی سیاسیی گرتبووه‌ پێش، بەڵام ساواک و دەزگه‌ی سیخوڕیی ئێران لەدایکبوونی ئەو سیسته‌مه‌ نوێیەیان بە مەترسییەکی گەلێک مەزن ده‌زانی، هەربۆیە بە هەموو تواناوە لە ناوەوەی رۆژهەڵاتی کوردستاندا هێزی نیزامی، جاش و سیخوڕیان بۆ وەگەڕخست. لە بەشی باشووری کوردستانیش ئاستەنگی توندوتۆڵیان خستە سەر ڕێ.
دەزگه‌ی به‌ڕێوه‌بەری کۆمیتەی ئینقلابی حیزبی دێمۆکرات کە بریتی بوون له‌: «سولەیمان موعینی، سمایلی شەریفزادە، مەلا ئاوارە، خەلیل شەوباش، عەبدوڵا موعینی، مەلا مەحموود زەنگنە و چەند خەباتکارێكی دیکە» کەوتنە بەر شاڵاوی دڕندانەی جاش و سوپا. لە هەردوو بەری سنووران، بزوتنەوە ساواکەیان لە خوێندا نوقوم کرد.
لە ڕاستیدا ئامانجی بە بەرنامەی کۆمیتەی ئینقلابی حیزبی دێمۆكرات، پەیوەندی گرتن له‌گەڵ زەحمەتکێشانی گەلی کورد لە شار و دێهاتەکانی کورستانی رۆژهەڵاتدا بوو، کە هەر لە دەسپێک و سەرەتای کاردا، لە سایه‌ی سەرڕاستی و دڵ و دەروون خاوێنی ئەندامانی بەڕێوەبەر، کادر و هەوادارانی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبدا، ژمارەیەکی بەرچاوی هێزی زەحمەتکێشیان پێوە لکا. ڕێكخستنی هێزی زەحمەتکێش و راکێشانی ڕوناکبیرانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمیتەی ئینقلابی ئەوەندە ناودار کرد کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا هەموو مەڵبەندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.
دەزگه‌ی ساواکی ئێران کە لە باشووردا حوکمی دەڕۆییشت. لە یەکەم هەنگاودا بۆ له‌ ڕیشە دەرهێنانی کۆمیتەی ئینقلابی، بە فەرمانی شای ئێران یەکێک لە خوێنخۆرترین فه‌رمانده‌كانی خۆی بۆ سەرکوتکردنی سەرهەڵدانی گەلی کوردی رۆژهەڵات ته‌رخان کرد. ئه‌و كه‌سه‌ «ژەنەڕال ئەرتەشبود ئوەیسی» بوو کە لە ئاست شای ئێراندا بە گەورە نۆکەر، لە لایەن گەلی کوردەوە به‌ خوێنمژترین دوژمن ناسراو بوو. ئەو ژەنەڕاڵە، فەرمانی له‌ناوبردنی بزووتنەوەی نوێی گەلی کوردی لە شای ئێران وەرگرت و دەستیپێکرد. ژەنەرال ئوەیسی، دوای ئەوەی کە لەو دیوی سنووری ڕۆژهه‌ڵات دڵنیا بوو، لەم دیوەشدا هێزێکی لە دەرەبەگە کۆنەپەرستەکان ساز کرد و بە هەموو هێزی سیخوڕی و جاش و سوپاوه‌ قۆڵی فەوتاندنی لێ هەڵماڵین.
زۆری نەخایاند لە ئاکامی پیلانێکی ڕێكخراو کە کەسێک بەناوی «قادر تەگەرانی» ئه‌نجامیدا. سولەیمان موعینی و خەلیل شەوباش لە ڕێگه‌ی شاری سلێمانی - سیتەک كه‌وتنه‌ داوی پیاوانی سەدیق ئەفەندی و ڕەوانەی بنكه‌ی بارزانی كران.
جێگه‌ی باسه‌ شێخ لەتیفی حەفید، دۆستایەتی، نزیکایەتی و هاوڕێیه‌تییه‌كی زۆر پته‌وی له‌گەڵ تێکۆشەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو. گەلێک جاران کارئاسانیەکانی ئەو دەبووه‌ هۆی پێشكه‌وتنی بەرنامەکانیان.
شەوێک کە سولەیمان موعینی و سیامەندی کوڕی و خەلیل شەوباش سەردانی شێخ لەتیف دەکەن، شێخ لەتیف بەئاشکرا پێیان دەڵێت: «خۆتان لە داوی قادر تەگەرانی بپارێزن، چونکە ناوبراو گرێدراوی چەند سیاسەتێکی دژ بە یەکە و پێدەچێت لەم بوارەدا خەریکی سات و سەودای سیاسیش بێت.» سولەیمان لە وەڵامدا دەڵێت: «من لەمێژە قادر تەگەرانی دەناسم و باوەڕ ناکەم ئەو بیری پیس و چەوتی بۆ ئێمە هه‌بێت.» بەڵام بەداخەوە دوایی دەرکەوت کە قادر تەگەرانی هاوکات پیاوی ئێران، عێراق و بارزانییە و سێ سەرە خەریکی سەوداکردنە.
هەر ئەو رۆژەی کە قادر تەگەرانی بە پێی پیلانێک سولەیمان موعینی و خەلیل شەوباش بە «جێپ لاندرۆڤەر»ەکەی لە ڕێگەی سیتەکەوە بۆ سلێمانی دەبات، له‌وێ ڕاده‌ستی کەسێک بەناوی «سه‌دیق ئەفەندی»یان ده‌كات. سەدیق ئەفەندی لە ڕێگه‌دا خەلیل شەوباش شەهید دەکات و سولەیمان موعینی بۆ بنكه‌ی بارزانی ده‌گوازێته‌وه‌.
دەگێڕنەوە کە مەلا مستەفا بارزانی لە كاتی گه‌یشتنی سولەیمان موعینی، بە ئەوپەڕی بێڕێزی و بەدەم جوێن و قسەی ناشایستە، کە لە سەرۆکی بزووتنەوەی میللەتێک بەدوورە، سولەیمان دادەگرێت و پێی دەڵێت: «باشترین کار ئەوەیە خۆی ڕادەستی ئێران بکاتەوە و له‌گەڵیان پێکبێت، بەڵام سولەیمان ڕابردووی دەخاتەوە بیر و دەڵێت: «ئەو سەردەمەی کە وا شۆڕشی باشووری کوردستان لە ئەوپەڕی هەژاریدا بوو، من و کەسانی وەک من بۆی تێکۆشاوین و هەرگیز چاومان لە حەسانەوە و سازان له‌گەڵ حکومەتە داگیرکەرەکان نەبووە کە ئێستا من هەم بێت. من وەک کوردێک کە هەڵگری بیر و باوەڕێکی خاوێنی کوردانەم، بۆم هەیە بە شوێن ئاواتەکانمدا بڕۆم و گیانمی بۆ بەخت بکەم. من هەرگیز ئامادە نیم سەرم شۆڕ بکەم و مل بۆ ڕژێمێک دانەوێنم کە دەستی بە خوێنی کۆمار سوورە.»
ئەوەی کە ئاشکرایە، لەو دەمەدا جگە لە مەلا مستەفا بارزانی، ئیدریس و مەسعوودی کوڕی و دوو کارگێڕی ساواک-ی ئێرانیش ئامادە بوون و گوێگری ئەم قسە و باسەی بارزانی و سولەیمان بوون.
مەسعوود بارزانی لە کتێبی «البارزانی و الحرکة التحرریة الکردیة» لە لاپەڕه‌ی٣٦٢دا نووسیویه‌تی: «لە ١٩٦٧دا شۆڕش ناچاربوو کارێکی ناخۆش ئەنجام بدات، کە نەدەتوانرا خۆی لێ ببوێردرێت. ئه‌ویش کاتێک سلێمانی موعینی کە دژی ئەحمەد تۆفیق بوو دەستگیر کرا، کە چووبووە پاڵ جاشەکانی ٦٦ و هاوکاری ڕژێمی عێراقی لە دژی شۆڕش کردبوو، ئیدی کوژرا و لاشەکەی بۆ ئێران نێردرایەوه. نەدەکرا وا چاو لە مەسەلەی چارەنووسی سلێمانی موعینی بکرێت کە مەسەلەیەکی حیزبی ناوخۆییه. ئەو هاوکاری جاشە کانی ٦٦ی کردووە و دوژمنی شۆڕشە و ناکرێت کێشەکەی جیابکرێتەوە بە بیانووی ئە وەی کە پەیوەندی بە کاروباری حیزبەکەیەوە هەبووه. هەرچەند ئیمە ئەو کۆتاییە ناخۆشەشمان بۆ ئەو پیاوە نەدەخواست.»
مەسعوود بەبێ بەڵگه‌ سولە یمان موعینی تۆمه‌تبار دەکات و کوشتن و ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بە ئێران، بە کارێکی ئاسایی دادەنێت و ڕه‌وایه‌تی ده‌دات به‌ فرۆشتنی شۆڕشی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بە ئێران، لە ژێر سێبه‌ری «شۆڕشی باشوور»دا.
مەلا مستەفا بارزانی، فه‌رمان دەردەکات سولەیمان بخەنە بەندیخانەی شۆڕش. پاشان فه‌رمان بە «هەژار موكریانی شاعیر» ده‌كات کە سەردانی سولەیمان موعینی بکات و بە هەر زمانێک بێت، ئەو ناچار بە چوونەوە و خۆبەدەستەوەدان بکات. هەژار، هەر به‌و شێوه‌ی کە لە کتێبی «چێشتی مجێور»دا نووسیویەتی، لە جیاتی دڵدانەوە و دۆزینەوەی ڕێگه‌یەک بۆ بەردەوامبوونی خەباتی تێكۆشه‌رانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەست دەکات بە دادگه‌یی كردنی سولەیمان. تەنانەت لە کتێبی «چێشتی مجێور»دا کە دوای مردنی چاپ كراوه‌، گەلێک ناو و ناتۆرەی دوور لە ڕاستی داوەتە پاڵ سولەیمان موعینی و تاوانەکانی سەرکردایەتیی بزووتنه‌وه‌كه‌ی بارزانی پێ شاردۆتەوە. ئەگەرچی نووسراوەکانی هەژار لە ئاست موعینی تژه‌ سووکایەتی و بێ ڕێزین، بەڵام دیار و ئاشکرایە کە هیچیان درووست نین و هەر هەمووی ئەوەندە ساختەچییانە سازکراون، کە ڕواڵەتی شاعیرانەی هەژاریان هێناوەتە ژێر پرسیارەوە. دەبێ بڵێین جێی گەلێک داخ و کەسەرە بۆ پیاوێکی ئەدیب و شاعیری وەک هەژار، کە سەردەمێک له‌گەڵ مامۆستا «هێمن» دوو شاعیری میللیی کوردستان بوون و لە ڕیزی یارانی بە وەفای «پێشەوا قازی محەمەد» دەناسران، لەو سەردەمە ناسکەدا کە بزووتنەوە و سەرهەڵدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دنەدەر و چاوسووری زانا و لێهاتووی گەرەک بوو، هەژار لە جیاتی کۆمەک و پشتیوانی لە سەرهەڵدانی ساوای رۆژهەڵاتی کوردستان، شان بە شانی کاربەدەستانی ساواک، تێکۆشەرێکی کورد دادگه‌یی دەکات و دوای تێرۆرکردنیشی، بە ئەوپەڕی هەژاری و کەسادی و دۆڕاوییەوە لە چێشتە مجێور نەخۆرەکەیدا بە خراپە باسی ئەو کەسە دەکات و هەر لە سەردەمی کوڕ و کاڵی و لە هەڕەتی لاوەتیی خۆیدا دەستی لە هەرچی خێر و خۆشی ناو بنەماڵەکەی هەڵگرتبوو و فیداکارانە بۆ كوردستان تێده‌كۆشا.
لە کتێبی «چپ در ایران بە روایت اسناد ساواک - لاپه‌ڕه‌ ٣٠٦» سەبارەت بە هەژار موكریانی نووسراوه‌: «عه‌بدولڕه‌حمان شه‌رەفکەندی کوڕی مەلا محەمەد ناسراو بە هەژار، لە ساڵی١٣٢٥ لەگەڵ یاخییه‌کان هاوکاری کردووە. پاش تێکشکانی سەرهەڵدانی ئازەربایجان و لە بەینچوونی قازی محەمەد، هە ژار هەڵدێته‌ عێراق و لەو ناوچەیەی مەلا مستەفای لێ دەبێت جێگیر ده‌کرێت، ناوبراو لەو ماوەیە کە لە عێراق دەبێت لەگەڵ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران هاوکاری دەکات و هاوکارییه‌کەش بەو چەشنە دەبێت که شیعر و هەڵبەستیان بە زمانی کوردی بۆ ساز ده‌كات، هاوکات کاری تە بلیغیان بۆ ئەنجام دەدات.»
به‌پێی ڕاپۆرتی ساواك لە ١٤ی ئابی ١٣٥٤ ناوبراو وەبەر لێبووردنی شا دەکەوێت و لەگەڵ مەلا مستەفا دێتەوە ئێران و دەنێردرێتە کەرەج، ماڵێكی ده‌درێتێ کە نرخی زیاتر لە یەک ملیۆن تمه‌ن بووە و مانگانەش مووچەی چوار هە زار تمەنی بۆ دەبڕێته‌وه. ناوبراو لە وەزعی خۆی زۆر ڕازی بووه.» بەپێی ڕاپۆرتی ساواک، هه‌ژار لە ساڵی ١٣٥٤ لەگەڵ مەحموود جەعفەریان (جێگری سازمانی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی میللی ئێران) قسە دەکات و زۆری پێ خۆش ده‌بێت هاوكاری بەرنامە كوردییه‌كانی ڕادیۆی ئێران بكات. له‌ ساڵی ١٣٥٥ ئەو کارەی پێ دەسپێردرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ساواک، لە ٧ی ئابی ١٣٥٦ هەژار ده‌ڵێت: «تەمەنێكم تێپەڕکردووە و تێگەیشتووم کە ژیانم دۆڕاندووە، ئێستاش دەمەوێ بۆ خۆم بژیم.»
دوای نائومێدبوونی دەزگه‌ی بارزانی بۆ ڕوخاندنی کەسایەتیی سولەیمان موعینی، مەلا مستەفا بڕیار دەدات موعینی ڕادەستی ئێران بکرێتەوە، بەڵام کاربەدەستانی ساواک لە وەرگرتنی سولەیمان بە زیندوویی خۆ دەپارێزن و داوای تەرمی بێ گیانی ئەو لە بارزانی دەکەن. بارزانی و داروده‌سته‌كه‌شی بەبێ ئەوەی مەبەستی ساواک لێکبده‌نه‌وه‌، ئەم کارەش دەکه‌ن و سولەیمان موعینی به‌ ده‌ستی به‌ستراو شەهید دەکه‌ن.
ساواک لەم کارەدا دوو ئامانج دەپێکێت، یەکەم: تێکدان و په‌رشوبڵاوکردنی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی تازەپێگرتوو. دووەم: ڕەش و دزێوکردنی ڕواڵەتی بزووتنه‌وه‌ی كورد له‌ باشوور، بەتایبەت لە پێش چاوی كوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان. ساواك هەردوو مەبەستیشی بۆ پێکهات. بزووتنەوەی ساوای ڕۆژهەڵاتی کوردستانی نوقمی خوێن کرد و شەپۆلی ناڕەزایەتی و قین و تووڕەیی خەڵکی زەحمەتکێشی رۆژهەڵاتی کوردستانیشی لە «سەرکردایەتیی شۆڕشی باشووری کوردستان» بزواند.
ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ئایاری ١٩٦٨ (٢٥ی ٢ی ١٣٤٧ی هه‌تاوی) ، بە فه‌رمانی «سەرۆکی شۆڕشی کوردستان»، سولەیمان موعینی شەهید دەکرێت. هەر ئەو ڕۆژەش تەرمەکەی بە کۆپتەر دەگوازرێتەوە ئەودیوی سنوور و لە پیرانشار (خانێ) دادەنرێت. بۆ ورە بەرزکردنەوەی هێزی نیزامیی شاهەنشاهی، نیشانی سەرباز و هێزه‌كانی ڕژێم دەدرێت، دوای وێنەگرتنی، ته‌رمه‌كه‌ ڕەوانەی شاری مەهاباد دەکرێتەوە.
ئەو رۆژەی کە هه‌واڵی شەهیدکرنی سولەیمان موعینی لەنێو خەڵکی مەهاباد و دەوروبەری دەنگی دایه‌وه‌، خەڵک ڕژانه‌ سه‌ر شەقام و کۆڵانەکان. دوکان، بازاڕ و دائیرەکان داخران و بە گشتی بەرەو گۆڕستانی «بداغ سوڵتان» كه‌وتنه‌ڕێ. ڕۆژی هەینی ١٧ی ئایاری ١٩٦٨ (٢٧ی ٢ی ١٣٤٧ی هه‌تاوی) شەهیدی سەربەرزی کورد، لە سەر دەست و باوەشی گەرمی گه‌لی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بە خاکی نیشتیمانەکەی دەسپێردرێت.
هەتا ئەو ڕۆژە، مەلا مستەفا وەک ڕەمزی شۆڕش و کاریزمایەکی بە توانای کوردایەتی ناوی لەسەر زمانی کوردانی رۆژهەڵات بە خۆشی و ڕەوانی دەگەڕا، بەڵام بەم هەڵوێستە ناشایستەیە و بەم سوورکردنی په‌نجه‌ی شۆڕش بە خوێنی ڕۆڵەی شۆڕش، ئیدی ڕەمز و کاریزماکە شکا و هەتا لە ژیان دابوو، نەکەوتەوە نێو دڵی گەلی کوردستان.
کاتێک «محەمەد ئەمین موعینی» هەواڵی شەهیدکردنی سولەیمانی کوڕی دەبیستێت، دەڵێت: «پێم وانییە مەلا مستەفا ئەم کارەی کردبێت، چونکە من گەلێکم خزمەتی مەلا مستەفا کردووە و قەت بڕوا ناکەم ئەو خیانەتە مەزنە بە دەستی ئەو لە کورد کرابێ.» به‌ڵام دواتر بۆی ڕوون بوویه‌وه‌ كه‌ تاوانه‌كه‌ به‌ بڕیاری ساواك و به‌ ده‌ستی بارزانییه‌كان كراوه‌.
--------------------
زانیارییه‌كانی ئه‌م بابه‌ته‌م له‌ «كوردیپێدیا» وه‌رگرتووه‌ و پێیداچوومه‌ته‌وه‌.
شاسوار مامه‌ - ١٥ی ئایاری ٢٠١٧ - به‌رلین