بۆ ڕاگرتن و تێکدانی رێکخراوی تازەدامەزراوی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ساواك له مههاباد کەوتەوە خۆ. سهرهتا بنەماڵەی کەسانی بەناوبانگی وەک سولەیمان موعینی دەخەنە لیستی هەرە باڵای میکانیزمی کار و خەباتە دزێوەکانی خۆیان. هەربۆیە لە لایەن ساواک-ەوە بە «میرزا محەمەدئەمین موعینی(باوكی سولهیمان موعینی)» ڕادەگەیەندرێت: «شای ئێران لە کار و کردەوەکانی سولەیمان و هاوکارانی خۆش دەبێت، بە مەرجێک دەست لە چالاکی هەڵبگرن و بگەڕێنەوە زێد و نیشتمانەکەی خۆیان.» تەنانەت ساواک بەڵێنیی هەمە چەشنە کارئاسانی و پێدانی پلە و پایەی بەرزی کۆمەڵایەتی و ئیداریی بۆ سولەیمان موعینی دەستنیشان دەکات. باوکی سولەیمان موعینی سەری بۆ ئەم فەرمانە نزم نەکرد و هیچ وەڵامێکی نەدانەوە. هەربۆیە ساواک «کەریم خوسرەوی (كهسایهتی ناسراوی مەهاباد و خزمی بنهماڵهی موعینییەکان)» بەهەمان مەبەست و بە هەمان بەڵێنەکانەوە ڕەوانەی باشووری کوردستان دەکات.
سولەیمان موعینی کە دوژمنی کوردی باش دهناسی و پیلانە گڵاوە مێژووییەکانی دهزانی، وەڵامی بۆ ناردنەوە و پێی ڕاگهیاندن: «من رۆڵەی کوردم، خۆم بە ئاڵاهەڵگر و درێژەدەری ئامانجە پیرۆزەکانی کۆماری کوردستان دەزانم. من پێشەکی و هەر لەسەرهتای کار و هەڵوێستگرتنەکانمدا، شێوەژیان و شێوەمەرگی خۆم دیاری کردووە و هەرگیز ئەم گرانبارە زەنگین و رەنگینەم بە هەموو ئیمکانیاتی خۆشگوزهرانی ناگۆڕمەوە.»
سولەیمان موعینی، بە دڵ و گیان هەموو وزهی خۆی دەخاتە خزمەت شۆڕشەوە و لە نزیکەوە لەگەڵ «مەلا مستەفا بارزانی» کار دەکات و بەشێکی هەرە زۆری رۆژنامەی «دیسان بارزانی» بە قەڵەمی ئەو دەنووسرێت. لە کار و چالاکی سیاسی و ڕێكخستنیدا تێكۆشهرێكی گیانبەختکار دەبێت و لە هیچ مەترسییەک سڵ ناكاتهوه.