بۆ نەوەی شێر نەوشیروان

Saturday, 20/05/2017, 8:16

5803 بینراوە


نەوەى شێر و ئەردەشێر بوویت (کاک نەوشێروان) خاکی تر لە خاک نەمرتر لە هەمووان
ڕزگارجەعفەر گەڵاڵی - ڕوسیا
کەتۆ رۆیشتی گۆیژە شێتانە سەری هەڵگرت و بە م شاخانەی پشتی سلێمانیەوە هەڵگەڕاو وون بوو نەگەڕایەوە من ئەمەم بە چاوەکانم بینی! هەرلەوساوە هەرچی چرای شارە بە نمە بارانی چاوی ئاسمانی سلێمانیەوە کوژایەوە، تاریکستانە ئەم مەملەکەتەی دوای تۆ تاریکستانە تاریکستان!!! من بە چاوەکانم بینیم هەرچی چیای نیشتیمانە ڕەش پۆش و سینگ هەڵدڕاو بوو بە قیژەقیژەوە لە ڕێگابوون و بۆئێرە دەهاتن من بەچاوەکانی خۆم بینیم من ئەمەم بینی هەرچی کۆترو کوندەبۆی موهاجیری وەرزی هیجرەتی هەندەران و غوربەتی دژ بە گەندەڵی بوو هەرهەموویان بەرەو مزگەوتەکەی سە رشەقام دەچوون من کۆمەڵێ ژنی قژ تۆزاوی ساراکانی عەرعەرم بینی دەهاتنەوە گەرمیان و ڕێگای خانووە قوڕەکانی دێهاتەکانی سەنگاو و چەمچەماڵ ودوزو دەوروبەری کەرکووکیان وونکردبوو خۆ کەرکووکی بوون و بۆسلێمانی دەهاتن و بەرەو گردەکە دەچوون بە گریانەوە پێخواس و سک برسی کە دواپاروویان ئاشەکەی ئێوارەیەکی درەنگی هەشتاوهەشتەبوو من ئەمەم بەچاوەکانی خۆم بینیم بە گوێچکە کزەکانم گوێم لێیان بوو بە نووزە و گریانەوە دەیانووت: (وەی ڕۆ بابە ڕۆ وەی ڕۆ لە بێکەسی کورد ڕۆ بابە ڕۆ کاکە نەوەمان لێ ڕۆبابە ڕۆ) من ئەمەم بینی! بینیم هەرچی شەهیدەکانی هەمووشوڕشەکانی دوای دەسەڵاتی مید و بابان و ئاریستانی مێژووی وونی دزراوی کوردبوو هەموویان لە خاک زیندووبووبوونەوە ژمارەیان بەقەد دونیا بوو هەرهەمووی ڕەچەلەک کوردو بێ خاک بوون
بەرەو لای مەزاری تۆ دەهاتن ، بە کپیش لە ترسی کەمینەکانی بەعسیە تازەکان مامەڕیشەو حەممە ڕەش و هیوا باڕۆیی وسیروان و سەید کەریم و مەلا ئاراس و جەعفەرو شەهاب و عەسکەری و کوێستانی و ڕێباز و مەلا سلێمان و ڕەنجبەرو عەزۆ و ئارامم بینی ئارام هەموو شەهیدانی شۆڕشی نوێیان بە دواوە بوو کوڕە دەتگووت مێروولە ن ئەوەندە زۆربوون بە دەف لێدانەوە زکریان بۆ مێژووی پاکی تۆ ئەکرد من ئەوانم بینی هەرلە ولاشەوە چەند کەڵە بەردێکی چکۆڵانەم بینی زۆر بە کپی باسی شەڕەکانی دەستە ویەخەی دوای ئاش بەتاڵیان بۆ مناڵانی شاردەکرد کە تۆ ڕابەری بوویت ، چەند قەڵەمێکی ووشک و لاوازی بە ساڵا چووم بینی لای وێستگەی پاسەکان لە چاوەڕێی (شێرکۆ بێکەس )بوون تا بهێت و سەر شێتانە لە باوەشی فەرهەنگە وونەکەی زیندانی شار چەند حەرفێکی ئازاد بکاتە کفنی شیعرێکی تازە و لە ملی نەمرێتی تۆی بئاڵێنێت کاکە (نەوشیروان)، کە شێرکۆ هات ڕیش درێژو قژ لوول و عادز هات ئەو نەبوو کە هات من بە چاوەکانی خۆم بینیم ئەو شێرکۆیەی دوێنێ نەبوو نە بۆینباغی بەست بوو نە ئێلەگە کورتەکەی لەبەربوو نە بە عەتری وەن مان شۆ و دیۆرو بۆسەوە خۆی بۆن ڕێژکردبوو! ئەو شێرکۆ شاعیرە دڵ تەڕە عاشقەی سلێمانی و نیشتیمان نەبوو ئەو نەبوو من بە چاوی خۆم بینیم بە دوای چاویلکە شکاوەکەی فەرهاد پیڕباڵ دەگەڕا تا شیعرەتازەکەی پێبنووسێت و بە قوڕگی پەشێوی بخوێنێتەوە لەسەر گۆڕەکەی تۆ ! کە لێم پرسی (شێرکۆ)ی شای شیعرو فەلسەفەی حەرف و ئەبجەدی شێتی من مامۆستام بۆ تۆ وایت بۆ وا شپرزەیت !؟ ووتی : (فریشتەکان لە پێخەڤی قەبرا هەڵیانساندم ووتیان (نەوە) بۆ ئێرە دێت من جورئەتم نەکرد لە مەملەکەتی قەبرستانە چاوەڕێی کاکە (نەوە) بم بۆیە هەر بە بێجامەی کفنەوە لە خەوی مردنی دوێنێی مردنی مندا ڕاچلەکیم و بۆ سلێمانی هاتم یەکسەر بۆ لای ئەو هاتم تا هیچ نەبێت بە شیعرێکی (پیرەمێردو نالی وسالم ومەولەوی و مەحویەوە ) لەسەر قەبراندا تەلقینی بدەم خۆ هیچ نەبێت وەک وەفایەک لەگەڵ (کاوەی ئاسنگەرو ئەستیاگ)دا لەسەر گڵکۆی ئەودا چەند حەرفێک هەڵکەنین و
بنووسین: (هێمن لێرە چەپکە گوڵەکەت دابنێ ئێرە گۆڕی جیڤارای کوردە ئێرە سە رەتای هەموو شۆڕشەکانی دوێنێ و سبەیە ئێرە خاکی خاکترین کەسی خاکی نیشتیمانێکی بێ خاکە لێرە هەموو دڕندەییەکان دەبن بە بەرائەت لێرە عیزەتی گەل و قووت ونانی برسیەکان لە ئاوێنە شکاوەکەی پشت پەنجەرەی ئەم قەبرە دەبینیت لێرەدا هەتاو ئاوا نابێت ئێرە مەدرەسەی کۆمەڵەو یەکێتی و گۆڕانە ، ئێرە ماڵە هەتاییەکەی (کاک نەوشیروان) ەو بە هێمنی چەپکە گوڵەکەت دابنێ!!!)۔
خۆهەر بەتەنیایی و بە ڕێگاوە (ئیبراهیم ئەحمەد)م بینی بە گۆچانێک و قاپووتێکی زستانە و شەپقە کەیەوە وەک ئەوە بێت تازە لە فرۆکەخانەی ئاسمانی نەمریەوە دابەزیبێت و بە دەستیشیەوە (ژانی گەل)ی پێبوو تالەگەڵ کاک نەوشیروانە لە چایخانەکەی (شەعب )بە دەم دوا پیاسەی سەفەری هەتاییان لە دوا ئێوارەیەکی درەنگی سلێمانیدا چایەکی بە هێلی سلێمانیانە نۆش بکەن و بڵێن ماڵئاوا ئەی پایتەختی ڕۆشەنبیری و جورئەت ماڵئاوا ئەی مەنزڵگای نەمران شاری شاران سلێمانی دارولسەلام و قەڵغانی شێخی نەمر ماڵئاوا ۔۔۔
شوعلە خانیش لە م تاریکستانی کۆستەدا بە دەست شوعلەیەکەوە لە چاوەڕوانی بوو وەک هەمیشە ئۆقرەی نەدەگرت بە م خەمە گەورەیە!
هەموو ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی هەر چوار پارچەم بینی هەر یەکەو مەقالەیەک یان کۆپلە شیعرێک یان ووشەیەک یان کتێبێکی تازەیان بۆ کتێبخانەی نەمری گۆڕستانی ماڵەکەی کاکە (نەوشیروان) دەهێنا! هەرچی کاسبکارو فەلاح و عارەبانچی و هەژاری شاربوو بە مرواری فرمێسکی بەرائەتی چاوی پڕغیرەت و عیزەت وپەیداکردنی نانی حەلال فەرشی گریانیان بۆ نەمری و وەفایی کاکە(نەوە) دەچنی و دەیانووت :(ماڵئاوا ئەی ڕێنیشاندەری ڕێبازی ڕاست و فریادڕەسی قووتی دزراومان ماڵئاوا ماڵئاوا بەڵێن بێت هەمیشە لەیادت نەکەین بەڵێن۔۔۔)
لە سابونکەران ولەکۆنترین مزگەوتی شاردا سەحیفەی قورئانێک بە کزی فاتیحەی دەخوێند من ئەوەم بە چاوی خۆم دی خەون نەبوو پرسەو خە م و سەرەخۆشی بوو خەو نەبوو!
من بە چاوی خۆم بینیم کاک (نەوشیروان)بە شەڕوالە خاکی و سادەکەیبەوە و بە گیرفان بەتاڵە بێ ماستەرکارتەکەی بانک و بێ بۆڕی نەوتە پارە کاشەکانی قاسەکانی دەرەوە بەرەو لای خوا دە گەڕاوە تەنها 10 کتێب و هەزاران نووسین و ملیۆنەها سیمینار و کۆبوونەوەی شاخ و خوشەویستی ماڵە هەژارەکانی لەگەڵ خۆی برد جانتای سەفەری ئەوەبوو من بە چاوی خۆم بینیم! من بە چاوی خۆم بینیم دوا سۆتەی جگارەکەی لەپەنجەرەی ماشینە سادەکەی کە جام ڕەش نەبوو لە شەقامەکان باڵیان دەگرت خەیاڵیشی لای چاکسازی و پێکەوە ژیان و گەڕانەوەو گۆڕانکاری و ئازادی یەکجارەکی بوو لەبەردەم خۆشیدا دەیووت:(ئەمجارە گەر بە کاک کۆسرەت وبەرهەم بگەیشتبام پێیانم دەووت: وەرن با لەگەڵ دادە هێرۆشدا پیاسەیەکی سادەی بێ حیمایە بکەین بە نێو قەیسەریەکانی شارەکان و با میللەت بزانێت ئێمە جیاوازین لەوانی ترئێمە هەمیشە یەکین گەر دوو ڕەنگیش بین وەک شیعرو ئاواز لە نێو مەشخەڵانی شۆڕشی نوێی ئەمجارەیین ، نابێت لە میللەت دووربین دەبێت هەمیشە خاکی بین! دەبێت لەگەڵ خەڵک بژین و لەنێو نیشتمانی خۆشماندا بمرین!ئەی ئێمە درێژە پێدەرو تەواوکەری ڕێبازەکەی مام نین دەبێت هەمیشە وابیین)من ئەمانەم بە چاوی خۆم بینی هێشتا زووبوو بە کوێراییم من ئەم کۆستەم بینی من دوامەرگی ئەوم بینی من بەچاوی خۆم ئەم موسیبەت و ئازارەم بینی!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە