دوایی 25سال لەیەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمان هێشتا پەرلەمان نەکراوەتە ئیرادەی گەل

Saturday, 20/05/2017, 8:42

4119 بینراوە


19/5/1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە کە یەکەم جاربوو لەمێژووی گەلی کورددا بەشێوەیەکی ئازادانە و دوایی خەبات و تێکۆشانێکی دەیان ساڵە و سەدان هەزار قوربانی بەشێوەیەکی مەدەنی و دیموکراتی نوێنەرایەتی خۆی هەڵبژێرێت. کە ئەمەش بەرهەمێکی تری راپەڕینە بەشکۆکەی بەهاری ساڵی 1991ی گەلەکەمان بوو لەباشوری کوردستاندا.
خەڵکی باشوری کوردستان بە جۆش و خرۆشێکی گەرمەوە پێشوازی لە هەڵبژاردن کرد و خاوەنداری لێ کرد،  وەک چۆن لەڕاپەڕیندا تەواوی چین وتوێژەکانی کۆمەڵگە بەشداریان تیدا کرد بەهەمان شێوە ژن و پیاو پیرو گەنج ساغ و نەخۆش هەژارو دەوڵەند هەمو ئاین و ئاینزاکان بەشداری هەڵبژاردنی ئەم پەرلەمانە بون، کە نیەتی خەڵک تەنها چارەسەری و ئاوەدانی بوو.
بەڵام جێگای داخ بوو‌ هەرلەسە‌رە‌تاوە پەرلەمان بووە جێی ململانێی هەردوو حزبی دەسەڵاتدارو  هۆکارێکیش بوو بۆ دەستێوەردانی  وڵاتانی داگیرکەری کوردستان هەریەک لەو وڵاتانەش هەر لەسەرەتاوە مەرامی خۆیان تێکەڵی پڕۆژەو بڕیارەکانی پەرلەمان کردو هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت کە لەسەر خواستی دەوڵەتی تورکیا و بەبڕیاری لایەنێکی دەسەڵات کارەکانی پەڕلەمان ڕاگیراوە،  هەر دوای هەڵبژاردنەکەش هەردوو حیزب کەوتنە ململانێیەکی ناڕەوا لە پێناو سەپاندنی دەسەڵاتی حیزب و بەرژەوەندی تایبەتی بنەماڵەیی و شەخسی، تا کار گەشتە ئەوەی دەوڵەتە  داگیرکەرەکانیش پێگەی خۆیان لەناو پەرلەمان جێگیر کەن و بتوانن بۆ مەرامی خراپی خۆیان بەکاری بهێنن، بە تایبەتی دەوڵەتی تورکیا و کۆماری ئیسلامی ئیران ، ئەوە بوو یەکەم بڕیاری پەرلەمان شەڕی پارتێکی کوردی بوو ( پارتی کرێکارانی کوردستان ) کە ئەمەش دەرەنجامێکی خراپی لێکەوتەوە لە باتی یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد، پاشان هەمو سێکتەرەکانی کەوتە دەستی حیزب و لە دەست جەماوەر وەرگیرایەوە، ئەمە یەکەم هەنگاوی نەهامەتی و گەندەڵی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی باشوری کوردستان بوو، هەنگاوێکی نادیموکراتی و نانیشتیمانیی  بوو  بناغەی سەدان و هەزاران هەنگاوی تری خراپ دژی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی، هەتا دەهات ڕەوشەکە خراپتر بوو تا کار گەشتە شەڕی ناوخۆی هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری باشوری کوردستان (پ د ک) و (ی ن ک) و حیزبەکانی تری باشوری کوردستان، کە ئەمەش بوو بە کارەساتێکی تری باشوری کوردستان کە دوژمنانی کورد زۆر بەئاسانی توانیان دەستێوەردان بکەن لە قازانجی خۆیان و زەرەری گەلی کورد، هەر لەسەرەتاوە پەڕله مان نوێنەرایەتی ئیرادەو خواستی گەلی نەکردوبووە شوینی بڕیاردان لەبەرژەوەندی پێگەو دەسەڵاتی حزبی و پەرلەمانیکی لاواواز دەرکەوت. 
ئیستاش پەرلەمان بووەتە جێگەی مامەڵەی سیاسی نێوان حیزبە دەسەڵات خواز و هێزە نێو دەوڵە تیەکان، جگە لەوەی بۆ چەند جارێک هەڵبژاردن کرایەوە بەڵام لەبەر دەنگی ساختەو تەزویر و فڕوفێڵی لایەنە دەسەڵاتدارەکان دەنگی راستەقینەی خەڵک وون دەبو  و حیزبە دەسەڵاتدارەکان مامەڵەی سیاسی و بازرگانی خۆیان پێوە دەکرد.
 پێمان وایە تاکو پەرلەمانە نەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی گەل و لەسەر ڕێبازی دیموکراتی دەنگدانی تێدا نەکرێ نابێتە دەنگی راستەقینەی خەڵک ومەرجەعی بڕیاردان. بۆیە پیویستە ئەو پەرلەمانە لە ژێرکۆنترۆڵی حیزبە دەسەڵاتخوازەکانی باشوری کوردستان دەربهێنرێ جەماوەر بە میکانیزمێکی دیموکراتیانە نوێنەرایەتی ڕاستینەی خۆیان هەڵبژێرن بۆ ئەوەی ببیتە دەنگی راستەقینەی خەڵک .
وەکو تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان پێمان وایە ڕاگرتنی پەڕلەمانی باشوری کوردستان  بەپیلانی دەوڵەتی تورکیاو لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ کۆمەڵێک ئامانجی سیاسی و ئابووری دژ بەگەلەکەمان ڕاگیراوە، ئەمە جگە لەوەی دژایەتی دەنگی جەماوەرو پێوانەکانی دیموکراتی وئیرادەی ئەم گەلەیە لەهەمان کاتدا دژایەتی ڕەنج و تێکۆشانی تەواوی گەلەکەشمانە.
هەر ئەمەوای کردووە دەسەڵات بێ چاودێری کردن درێژە بەگەندەڵی بدات و دۆخی باشوری کوردستانیشی بە خاڵی بێ چارەسەری گەیاندووە، لەدۆخێکی بەو ڕەنگەشدا جگەلە خزمەتی داگیرکەرانی کوردستان چ سودێکی بۆ گەلەکەمان نابێت،  بۆیە ئێمە پێمان وایه سەرەڕای هەموو ئەو کەم و کورتیانەش هەرچی زووە دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە بۆئەوەی باشوری کوردستان لە دۆخی چەقبەستن دەربازی بێت و ئامادەکاری بکرێت بۆ هەڵبژاردنێکی ‌‌ بێ ساختەکاری ودوور لە دەسەڵاتی حزبی وبنەماڵەیی تاکو نەوێنەرایەتی تەواوی گەلەکەمان بکات

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە