چەند پرسیارێك بۆ رای گشتی!

Tuesday, 23/05/2017, 17:50

3276 بینراوە


(میللەتێکی بێ هیمەت و پەڕۆباڵ کراو!)
ئێمە دەزانین کە بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجامی تۆڕەبوونی خەڵک لە دەسەڵاتی گەندەڵ و پیسخۆری باشور دروست بوو. لە ئەنجامدا گۆڕانیش نە بۆی کرا و نە مەبەستیشی بوو ئەو جەماوەرە نارازییە کۆبکاتەوە و رێکیان بخات بۆ راپەڕین و وەستانەوە لە دژی دەسەڵاتی باشور . نەوشیروان بە زیندووی نا، بەڵام بە مردنی بە دەیان هەزار کەس بۆی رژانە سەرجادەکان، ئایا ئەو خەڵکە لە جیاتی قوڕپێوان و خۆزەلیلکردن و باوەشکردن بە مەسئولە جەردەکانی ناو حیزبی دەسەڵاتداردا، ئەمە گەورەترین دەرفەت نەبوو بۆ راپەڕینێکی جەماوەری دژ بە دەسەڵاتی مافیای کوردستان؟ ئایا ئەو میللەتە چاوەڕیی چی؟ و چاوەڕێی کەی دەکات؟ چاوەڕوانە هێزێك لە ئەستێرەیەکی تروە بێت مافەکانی بۆ وەرگرێتەوە؟ یان ئەو میللەتەی ئێمە ئیتر تەواو.
تازە خووی بە زەلیلی و بێدەسەڵاتییەوە گرتوە؟
ئایا ئەمە ئەوە ناگەێنێت کە گۆڕان ئەو خەڵکە بوێرو ئازایەی کە لە 17ی شوباتا ئامادە بوو بۆ قوربانی، ئەمڕۆ کردویەتی بە خەڵکێکی تۆقی و پاسیڤ و رۆحی هەموو جۆرە بەرگرییەکی تێدا کوشتوە؟ 
سەیری ئەو هەموو گۆرانی و مەقامە پڕ لە کروزانەوە و ئازاراوی و مازۆخیەتە!
ئایا سیاستمەدارێك کە تەمەنێکی هەڵکشاو و تەواوی هەیە، ئیتر شایەن بەوە نییە کارەکەی بەجێ بێلێ و خانەنشین بێت؟ یان سیاسەتمدار لە وڵاتی ئێمە بەس بە مردن دەست لە کاردەکێشنەوە؟ ئەوەتا جەلال تاڵەبانی هەتا ئێستاش هەر سکرتێری یەکێتیە!؟
ئایا چی ئەبوو ئەگەر نەوشیروان موستەفا بەر لەمردنی خۆی خانەنشین بکردایە؟
ئایا ئەم مەراسیمە باشترین پروپاگەندە و هەنگاونان نەبوو بۆ دروستکرنی قارەمان و فریادڕەس و کارێزمای داهاتو لە وەهم، کە لە مەیداندا لاهوڕی شێخ بەزەقی دەردەکەوێ؟ لاهوێك کە هەموو حیکمەتەکەی لەوەدایە برازای تاڵەبانیە و لێپرسراوی ترسناکترین دەزگای سەرکوتکەری ناو دەسەڵاتە گەندەڵەکەی یەکێتیە. پەح لە میللەتی کۆیلە و مێگەل! 
لەکۆتایدا میدیاکان دەڵێن بە  دەیان هەزار (کەس) رژابوونە سەرجادەکان بۆ مەراسیمی بەخاك سپاردنی کاك نەوشیروان! لەراستیدا دەبووایە بڵێین دەیان هەزار (پیاو) یان چونکە بۆ دەرمان ژن لەناو ئەو جەماوەرەدا وجودی نییە!
ناسیار عەول

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە