كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لەپەیامێكدا سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكەن

Wednesday, 31/05/2017, 20:09

3289 بینراوە


سەرنجی کوردستانپۆست: ئەم بابەتە بڵاوی دەکەینەوە و لە نێو ئەرشیفی کوردستانپۆست دەیپارێزین تا بۆ خوێندنەوەی مێژوو لە پاشەڕۆژدا وەکو بەڵگە پارێزراوبێت.
-----------------------
كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، بە بۆنەی كۆچی دوایی باوكیانەوە لەپەیامێكدا سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكەن كە لە پرسەی باوكیاندا لەگەڵیان بون و دەشڵێن كە باوكیان، باوكێكی ئاسایی نەبوە و هەمو ژیانی لەپێناو خەڵك و كوردستاندا بردۆتەسەر و خۆشەویستی و دڵسۆزی خەڵكیش بە گەورەترین سەروەت و سامان دەزانن كە باوكیان بۆی جێهێشتون.
ئاوێنە: ئەمرۆ(چوارشەممە)، چیا و نمای كورڕی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، پاش 13 رۆژ لە كۆچی دوایی باوكیان، پەیامێكیان بڵاوكردەوە و تیایدا هاتوە”بەناوی خۆم و نمای برامەوە سوپاسی یەك بەیەكی هەمو ئەو هاوڵاتیانە ئەكەین كە بەدرێژایی ئەو ماوەیە لە پرسەی باوكی خۆشەویستمان لەگەڵمان بون. بۆ هەموو ئەوانەش كە بەهەر هۆیەك بوە نەیانتوانی بەشداری مەراسیمەكە بكەن و لە ژوری تەنیایی خۆیاندا بە كوڵ بۆی گریان، ئەڵێین ئێمە هەستمان بە فرمێسكە نەبینراوەكانتان كرد كە بۆ كۆچی پیاوێك ئەتانڕشت، كە هەمو تەمەنی گەنجی و پیری خۆی لە پێناو ئێوەدا و بۆ ئێوە تەرخانكرد، پیاویكَ كە خەونی گەورە و بچوكی، سەرقاڵی و نیگەرانییەكانی جگە لە ژیانی گەل و هاوڵاتیانی كوردستان هیچی تر نەبو”.
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەدا هاتوە”بۆ ئێمەش باوكێكی ئاسایی نەبو، لەو باوكانە نەبو كە هەمیشە لەبەردەستماندا بێت و نازی منداڵانەی بەسەردا بكەین و بیانوو و پەڵپی ئەم یاری یان ئەو گەڕانەی پێ بگرین.. باوكێك بوو هەمیشە غەرق لە خەمی وڵات و لەو پێناوەشدا هەموو ئەو لەزەتەی لەدەستدابوو كە لەگەڵ مناڵ و خێزانەكەیدا ساتێكی ئارام و ئاسودە بژی. ئەو پیاوێك بوو هەمیشە نزیك بەڵام دور، هەمیشە لەگەڵمان بەڵام لەم شاخ بۆ ئەو شاخ و لەم گوند بۆ ئەو گوند. ئەو بۆ هەمووان سەركردەیەكی سیاسی خۆنەویست بوو، بەڵام بۆ ئێمە سەرەڕای  ئەوەی باوكێكی میهرەبان بوو كە ئەركەكانی رێگەی لێ نەگرت كاتە خۆشەكانمان لەگەڵ بەش بكات و گەمە و یاریمان لەگەڵ بكات. لە هەموو زەردەخەنە و پێكەنینێكی بۆمان، لە هەموو ئەو شەوقەی كە لە بینینمان لە چاویدا ئەدرەوشایەوە، حەسرەتێكی قوڵمان ئەدی كە ناتوانێت وەك هەر باوكێكی ئاسایی زۆربەی كاتەكانی لەگەڵمان بێت، بەڵام بابە ئێمەی قەرەبوو ئەكردەوە، بە قسە خۆشەكانی، بە سەركردنە سەرەكانی، بە پێكەنین و پرسیارە سەرەنجڕاكێشەكانی هەمیشە فەزایەكی وا پڕ لە خۆشی و میهرەبانی بۆ دروست ئەكردین كە ئاسودەی بوونی خێزانێكی پڕ لە خۆشەویستی پێ ئەبەخشین”.
هەورەك ئاماژەیان بەوەشداوە كە “فێری خۆشەویستی یەكتر و خۆشەویستی وڵات و خۆنەویستی كردین.. فێری تەحەمول و ئیرادەی بەهێزی كردین.. هاوڕێمان بوو وەك گەنجێكی خوێن گەرم، ئامۆژگاریكەرمان بوو، وەك باوكێكی دنیا دیدە، مامۆستامان بوو وەك مامۆستایەكی پڕ ئەزمون.. كە جێشی هێشتین بۆمان دەركەوت بەتەنیا جێی نەهێشتوین، بەڵكو جگە لە دوو برا و خوشك، هەزارانی وەكو ئێوەی بۆ بەجێهێشتووین كە وەك ئێمە خۆشیان ئەوێت و وەك ئێمە بەباوكی خۆیان ئەزانن”.
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەدا وتویانە”زۆر ئەو دەنگانە دەبیستین كە ئەڵێن باوكم هیچ موڵك و ماڵێكی بۆ ئێمە جێنەهێشتووە، بەڵێ راستە لەكاتێكدا گەورەترین سامان و موڵك و داراییەك كە باوكێك بۆ مناڵەكانی بەجێی بهێڵێ، بۆ ئێمەی بەجێهێشتووە كە ئەویش خۆشەویستی و دڵسۆزی هەموو ئەو خەڵكە پاك و پڕ هیوایەیە كە لە ناخەوە كۆشی گریان و باوەشی خۆشەویستی و هاودەردیان بۆ كردینەوە”.
لە كۆتاییشدا پەیامەكەشدا هاتوە”ئێمە، من و نما و چرا ئێستا خۆمان بە دەوڵەمەنترین كەسی ئەم سەر زەویە دەزانین كە میراتی باوكێك بۆی دەستەبەركردوین كە بۆ زیندوكردنەوەی شۆڕش لە كەناری دانوبەوە بەرێكەوت بۆ خڕی ناوزەنگ و ئازاری شكاندنی پەنجەكانی بۆ یەكتری بینی و بەهاری راپەڕینی رێبەرایەتی كردو دواجار لە گردی زەرگەتە ئارامی گرت.. سوپاس بابەگیان، سوپاس بۆ ئەو ژیانە پڕ لە سەربەرزییەی تۆمارت كرد و بۆ ئێمەشت بەجێهێشت. بۆ هەمیشە لەگەڵمان ئەبیت و بۆ هەمیشە رێنما و رێنیشاندەری ژیانمان ئەبیت. خوات لەگەڵ بابە گیان.. خوات لەگەڵ باو ك و هاوڕێ و مامۆستامان”.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە