کوردستانپۆست قوتابخانەیەک بۆ فێربوون، پەروەردەیەک بۆ یاخیبوون


ئه‌ندامێكی جڤاتی گشتی گۆڕان: هیوادارم هه‌ردو كوڕه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا كاری سیاسی بكه‌ن

Wednesday, 06.07.2017, 16:33

2259 بینراوە


کوردستانپۆست: ئەم جۆرە هەواڵ و بابەتانە کە لێرەدا بڵاودەکاتەوە، تەنیا بە مەبەستی ئەرشیفکردن و پاراستنێتی بۆ ئەوەی لە کاتی نووسینەوەی  هەر رەخنە و باتێکی مێژووییدا کەڵکی لێوەربگیرێت. چونکە زۆربەی ئەو سایت و راگەیاندنانەی وڵات پاش ماوەیەک لە گۆڕینی هەر کەش و هەوایەکی سیاسیی زۆربەی بابەتەکان وەکو بەڵگە کە روودەدات، لا دەبەن.
------------------------
بزوتنەوەی گۆڕان، بەنیازە تاکۆنگرەی داهاتو رێکخەر دیارینەکات‌و بەهەمان شێوەی دو ساڵی رابردو کار بکات کە نەوشیروان مستەفای رێکخەری بزوتنەوەکە لە لەندەن بو، ئاڕاستەیەکی ناو گۆڕانیش چاویان له‌سه‌ر هێنانە پێشەوەی چیاو نمایه‌.
ئا: وریا حسێن
كوێستان محەمه‌د، ئه‌ندامی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی ده‌ركه‌وتنی (چیاو نما) بەئاوێنەی‌ راگەیاند ده‌ركه‌وتنی هه‌ردوكیان په‌یوه‌سته‌ به‌كۆچی دوایی باوكیانه‌وه‌، به‌ڵام جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ‌ده‌كات‌ هه‌ردوكیان دو گه‌نجی خوێنده‌وارن ئاگایان له‌پرسه‌كان هه‌یه‌ به‌هۆی باوكیانه‌وه،‌ ئەو وتی “هه‌ردوكیان دو گه‌نجی زۆر خۆشه‌ویستن له‌ناو كادیرو هه‌ڵسوڕاوه‌كانی گۆڕان، ‌خاكیی بون‌و كۆمه‌ڵایه‌تی بونیان وایانكردوه‌ كه‌ خۆشه‌ویستبن له‌ناو هاوڵاتیانیشدا”.
چیاو نما ئێستا وه‌كو ده‌ركه‌وته‌یه‌كی تازه‌ ده‌بینرێن له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، چیا نه‌وشیروان مسته‌فا ساڵی١٩٨٤ له‌دایكبوه‌و لەزانكۆی هارڤارد بەشی ئابوری خوێندوە، هاوكات له‌ماوه‌ی دوساڵی رابردودا یه‌كێك بوه‌ له‌وكه‌سانه‌ی كه‌ وه‌كو یاریده‌ده‌ری نه‌وشیروان مسته‌فا كاریكردوه، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان نه‌وشیروان مسته‌فا پێش ئه‌وه‌ی كۆچی دوایی بكات له‌بواری سیاسه‌ت‌و خوێندنه‌وه‌دا بایه‌خی زۆری پێداوه‌و كاری له‌سه‌ر پێگه‌یاندنی كردوه‌.
ئه‌ندامه‌كه‌ی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هیوای ئەوە دەخوازێت هه‌ردو كوڕه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا كاری سیاسی بكه‌ن‌و بێنه‌ پێشه‌وه‌ به‌و پێیه‌ی دو گه‌نجن به‌ته‌واوی پێگە‌یشتون بۆ كاری سیاسی، ئەو وتی “من وه‌كو خۆم ته‌مه‌ننا ده‌كه‌م رێبازه‌كه‌ی باوكیان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ته‌واو بكه‌ن، ره‌نگه‌ كاری زۆر باشیان بۆ گۆڕان پێبكرێت، چونكه‌ من له‌نزیكه‌وه‌ هه‌ردوكیان ده‌ناسم، دو كه‌سی ته‌واو پێگه‌یشتون له‌هه‌مو روه‌كانه‌وه‌ “.
ته‌وژمێكی ناو گۆڕان باسی ئه‌وه ‌ده‌كه‌ن پێویسته‌ چیاو نما له‌ئاینده‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌دا رۆڵیان هه‌بێت، هه‌ر له‌ئێستاشه‌وه‌ ئاماژه‌كانی ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وتون كه‌ به‌شداری پڕۆسه‌ی سیاسی بكه‌ن، به‌و پێیه‌ی له‌دوا سه‌ردانی نماو چیا بۆ تۆڕی میدیای گۆڕان به‌ڵێنی هاوكارییان به‌ به‌رپرسانی تۆڕه‌كه‌ داوه‌و له‌دیداره‌كانیش چیا چه‌ندین جار باسی له‌ئاینده‌ی بزوتنه‌وی گۆڕان كرد‌وه،‌ ته‌نانەت له‌كاتی پێشوازیكردن له‌چه‌ند منداڵێك بۆ سه‌ر گڵكۆی نه‌وشیروان مسته‌فا، چیا به‌ڕونی به‌ناوی خۆیه‌وه‌ ئه‌وه‌ی وت “باوكی زۆر چاوی له‌ئاینده‌ی نه‌وه‌ی نوێ بوه‌، بۆیه‌ شتێك ده‌كه‌ن كه‌ ئاینده‌ی نه‌وەی نوێ پارێزراوبێت”.
ئه‌وه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و زانیاریانه‌ی گۆڕان به‌و پێكهاته‌یه‌ی ئێستا ده‌مێنێته‌وەو‌ تاكۆنگره‌ی داهاتو رێكخه‌ری گشتی دیاریی ناكات، هاوكات كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی گۆڕان به‌م شێوه‌یه‌ بكرێت تاكۆنگره‌ی داهاتوی بزوتنه‌وه‌كه‌، به‌جۆرێك له‌ماوه‌ی دوساڵی رابردودا له‌دوری نه‌وشیروان مسته‌فا چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ روداوه‌كان كراوه‌ هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ بكرێت.
دكتۆر محەمه‌د عه‌لی رێكخه‌ری ژوری توێژینه‌وه‌ی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی سیناریۆكانی به‌ڕێوه‌بردنی گۆڕان له‌دوای كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ ئه‌وه‌ی بۆ ئاوێنه‌ رونكرده‌وه‌ په‌له‌ له‌و بابه‌ته‌ ناكه‌ن، ئەو وتی “دوركه‌وتنه‌وه‌ی كاك نه‌وشیروان ئه‌زمونێكی بۆ ئێمه‌ دروستكرد، ئیداره‌دانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان زۆر زۆر قورس نیه‌ چونكه‌ گۆڕان حزبی كۆمپانیاو چه‌ك‌و به‌رژوه‌ندی‌و نه‌وت نیه‌، بۆیه‌ ئیداره‌دانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان قورس نییە”.
رێكخه‌ری ژوری توێژینه‌وه‌ی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باسی ئه‌وه‌شی بۆ ئاوێنه ‌كرد كه‌ ئه‌م پرسه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌پێی ده‌ستور یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌، وتی “ئه‌گه‌ر ململانێش هه‌بێت زۆر له‌سه‌رخۆو هێمن ده‌بێت”.
گۆڕان له‌نێوان ئه‌زمونێكی قورسدایه‌، یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی چۆن له‌دوری نه‌وشیروان مسته‌فا شیرازه‌ی خۆی بپارێزێت‌و مۆدیلێکی نوێی سەرکردایەتی دابهێنێت‌و هەمان رێچکەی حزبە کلاسیکییەکانی کوردستان نەگرێتەبەر.




(دەنگدراوە: 2 . زۆرباشە: 2.5/5)