ئەوە بوو دێمۆکڕاسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان ؟

Saturday, 10/06/2017, 14:11

3181 بینراوە


کاتێک سەربانی ماڵەکەت خەریکە بڕووخێ، ناکرێ لە باخچەی ماڵەکەتدا گوڵ بچێنی، بڕۆ بیرلە سازکردنەوەی خانووەکەت بکەوە.
-------------------------
نەهامەتی بۆ خەڵکی کورد لە کوردستانی ئیڕان کاتیك دەستی پێ کرد کە شەهید قازی موحەممەد وێڕآی چەند کەسێک رووی لە ئازەربایجانی سۆڤیەت کرد و لە شآری باکو دەگەڵ هاوڕێیانی کەوتنە وتووێژی سیاسی لە سەر کێشەی کورد لە ئێڕانی شاهەنشآیی دادەگەڵ کومونیستەکان. ئەوکات دەبیری یەکەمی حێزبی کومونیستی ئازەربایجان جەعفەر باقرئۆڤ بوو کە لێی پرسین داخوازیتان چییە؟ نەمر قازی موحەممەد هەستا سەر پێی وگوتی: داواد لە ئەڕتەشی سوور دەکەم یارمەتیمان بدا تا سەربەخۆیی کوردستان بە دەست بێنین! (لە کوێی دونیادا ئەڕتەشی وڵاتێکی دیکە سەربە خۆیی بۆ کورد وەردەگرێ ئەگەر قازانجی مەزنی خۆی تیدا نەبێ؟).
یەکێک لە بەشدار بوانی ئەو کۆڕە بابی ڕەحمەتی دوکتورقاسملوو بوو کە داوای قەند و شەکری لە باقرئۆف کرد! هەرکام لە کەسەکانی دیکەش بە شێوەیەک قسەی خۆیان کرد. تا نۆرەی باقرئۆف هات وگووتی: ئێمـە ماندووی شەڕی جیهانین وهێشتا لوولەی تفەنگەکانمان خاوێن نەکردۆتەوە.! ئێوە کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردتان هەیە /ژێ،،کاف/ و خواستوویستی ئیوەش سەربەخۆیی کوردستانی گەورەیە. نە من نە رەفیق ستالین موافیقی ئەو سیاسەتە نین.چون ستالین هەمان بابەتی بە جەعفەری پیشەوەریش گووتوە کە سیاسەتی فێرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان لە ئیڕان بە ێێمە جێ بە جێ ناکرێ.چون ئازەر بایجان چینی کرێکاری تێدا نییە وناتوانین لە ئێڕانی جودا کەینەوە.
نەهامەتیەکی دیکە ئەوە بوو،کاتێك داوایان لێکردن کە کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد بکەینە حیزبی دێمۆکڕات، چون گووتیان ئەساسنامەی کۆمەڵە ( ژ، ک) بۆ ئێمە ناڕەخسێ.بڕۆن دەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی بسازێن وداوای خود موختاری بکەون. پاشی ئەو کڵاو لە سەر نانە قازی وهاوڕێیانی بە دەستی بەتاڵ گەرآنەوە وتەنانەت قەندو شەکریشیان نەدانێ جگە لە نەهامەتیی مێژوویی بۆ کورد.ئیدی درووشمی دێمۆکڕاسی بۆ ئێڕان وخودموختاری بۆ کوردان لە سەرچآوەیەکی ئاوا لێڵ وگومان ئاویدا  کە٧١ ساڵە مێژوومانی پێ قەوزەپۆش دەکرێ و بەرۆکمان بەرنادا. پاشی لە سێدارە دانی قازی وهاوڕێیانی ورووداوەکانی دوای کۆمارو رووخانی شای ئێڕان وهاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئەوە تەمەنیان لە باشووری کوردستان وەک گەڵای داری پاییزی کەم کەم خەریکی هەڵوەرینە. دەستە مۆی دەسەڵاتێکی کوردین کە بۆ خۆی تا ملان نۆکەری تورک وفارسانە.
"کاتێک سەربانی ماڵەکەت خەریکە بڕووخێ، ناکرێ لە باخچەی ماڵەکەتدا گوڵ بچێنی، بڕۆ بیرلە سازکردنەوەی خانووەکەت بکەوە".
گووندەکەمان لە باشووری شاری مهاباد بوو، بە سەیارەی گووند نزیکەی نێو کاژمێری دەخایاند تا بگەیە مهاباد. ئەو رۆژە بۆ کڕینی کەلو پەلی پێویست ودیداری دۆستێکم روم لە شار کرد. قرچەی گەرمای هاوین بوو. شآر خەریکی ژیانی رۆژانەی خۆی بوو، خەڵکیش پەرێشآن وداماو نەیاندەزانی داهاتووی سیاسی لەوشارەدا چی بەسەردێ.پێشمەرگە بە ئازادی لە ناو شآردا دەخولایەوە وهاتووچووی دەکرد. پاسدار وسەرباز ودەسەڵات نەیاندەوێرا بێنە ناو شار.لە شوێنی تایبەت خۆیان مۆڵدابوو تا شار بگرنەوە.پاشآن دەرکەوت پڕۆژەکەنیان بۆ گرتنەوەی شاری مهاباد چەندە بە ژان بوو. ئەوان شاریان گرتوە وحیز ومیزبیش هەڵاتن!
بەرەو چوارچراهەڵکشآم. لە نزیک وێ/ بانکی میللی / لێ بوو. رووبەرووی ئەو بانکەش قاوەخانەیە خۆشی لێ بوو.چوومە ژووری قاوەخانەکە چایی بخۆمەوە  دیتم پێشمەرگەیەک بە ناوی / د.خ / رووبەڕووی پەنجەرەکانی ئەو بانکە دانیشتبوو. چاوی لە سەر بانک هەڵنەدەگرت.چاکو چۆنیمان کرد وگووتی وەرە چایەکی بخۆوە. تفەنگەکەی لە سەر کۆشی دانابوو. گووتم بۆ لێرەی؟ گووتی بۆ هیچ. هاتووم چای بخۆمەوە. پارەی چآیەکەشی نەهێشت بدەم وهاتمە دەرێ.
لە تەنیشت بانکی میللی لە رووبەڕوی بانک لای دەستی چەپ کۆڵانێک هەبوو تا رادەیەک هەورازبوو ( لە سەروی ئەو کۆڵانە هەر دەستی چەپ ساڵۆنێکی مەزنی لێبوو کە کۆنگرەی چواری ئەو حیزبە لەوێ گیرا). لە لای چەپی ئەو کۆڵانە کۆڵانێکی دیش هەبوو. کاتێك گەیشتمە زارکی ئەو کۆڵانە، دیتم، ٥ یان٦ پێشمەرگە و یەكێک لە ئەندامانی کومیتە ناوەندی حیزبی دێمۆکڕات ( بەداخەوە شەهید بووحیزبێکی کوردی ترۆڕی کرد) خەریکی چاوەدێری پەنجەرەکانی بانکن. سڵاوم کرد. گووتیان لێرە زوو بڕۆ. نەمدەزانێ پیلانیان بە دەستەوەیە. فکرم بۆ هیچ نەدەچوو. چون دەچوومە ماڵی دۆستیکم تا پێکەوە بچینە شوێنێکی دیکە. لەدەرگام دا چوومە ژوڕێ دوای ٤٠ خوولەک دانیشتن گووتم با بڕۆین.
شۆڕ بوویەنەوە بۆ لای بانک دیتم قەرەباڵغێکی زۆر هەیە. گووتم: کاک ،،، ئەوە چ خەبەرە؟ کە چووینە پێشێ وپرسیمان گوتیان: هەر ئێستا پێشمەرگەکانی حیزب بە هاوکاری کارمەندێکی ناو خۆی بانکی میللی (هەشتاوپێنج ) میلیون تمنیان بردوو ڕۆیشتن وکارمەندەکەشیان دەگەڵ خۆیان برد!( پاشآن دەرکەوت پارەکە ٨٥ میلیون تمەنی ئیڕانی بووە کە ئەو کات پارەیەکی یەکجار زۆر بوو). شار شڵەقا هەر کەس خەمی ئەو پارەیەی بوو کە لە بانک داینابوو. وەک فیلمی سینەمایی هاتە بەر چآوم ،چوونم بۆ قاوەخانەو دیتنی ئەو بەرپرسەوچەکدارەکان لەو کۆلانە و،،، . زوو زانیم پلان چی بووە. دۆستێكی زۆر نزیکم کارمەندی بانک بوو ( م.ح ). گوتم دەبێ لەو بپرسم. ئێوارێ چوومە ماڵەکەی. هەموو شتێکی بۆ گێڕامەوە. کە چۆن پێشمەرگە هاتوونە ژوورێ وئێمە دەستمان بەرزکردۆتەوە وئەوانیش بە یارمەتی دۆستێکی کارمەندی خۆیان لە ژووری بانک پارەی ئەو رۆژەی بانکیان برد! گووتم چەندبوو؟ گووتی: ئەو رۆژە هەشتاوپێنج میلیون تمەن لە بانک دا بوو!
کۆماری ئیسلامی زۆر زیرەکانە ئەو هەڵەی قۆستەوەو تمەن بە تمەن پارەی خەڵکی گەڕآندەوە وبە خەتتێک درشت لە سەر دیواری بانکی میللی نوسی: بانکی میللی جێگای باوەڕە ودەدرەوشێتەوە. ماوەیەکی کێشا خەڵک کاس ببون. نەیاندەخواست باوەڕ بکەن. هەتا رۆژگار هەموو شتێکی سەلماند. بە دەستوری کێ ئەو پارەیە برا؟ بۆ کوێ چوو؟ کێ دەبیری یەکەمی ئەو کات بوو؟ بۆ ئەو کارە ناحەزەیان کرد؟ میراتگری کۆمارو هاوڕێیانی پێشەواو بانک لێدان؟ پاشی ٣٥ ساڵ یان٣٦ ساڵ لەو کارەساتە کە تێپەڕ بووە. لەو ماوەیەدا ٤ ساڵ شەڕی خۆدرێن دەگەڵ کۆمەڵە و دەیان لێکترازان وسیاسەتی هەڵە و،،، ئەوە لە کوردستانی عیڕاق نیشتە جێ کراون. دارو بەرد تکایان لێدەکا دەست لە دووبەرەکی هەڵگرن جواب نادەنەوە. بۆ ئەوەی منداڵەکانی داهاتوومان وەک ئێمە نەسووتێن خەڵکیش ئەو مافەی هەیە رەخنەیان لێبگرێ ولێێان دووربێتەوە. بە دڵێکی پڕ لە خەفەت گەرآمەوە بۆ گووندەکەمان . ئێستیش کە تەمەنم نزیکە ٧٤ ساڵ دەبێ ئەو رۆژەم هەر لە بیرە. خۆزگە بە چاوی خۆم نەمدیتبایە. زۆر جار لە بەرەخۆمەوە دەڵێم: ئەوەبوو دێمۆکڕاسی بۆ ئیڕان وخودموختاری بۆ کوردستان ئەوانە بون میراتگرانی پێشەواوکۆماری کوردستان ،دێمۆکڕاسی وبڕینی بانک ، خودموختاری ولێدانی بانک ئەگەر وشەی دزی بەکار بێنم لۆمەم ناکەن ؟ ؟ راستە کە گووتویانە کاتێک سەربانی ماڵەکەت خەریکە بڕووخێ، نابێ گوڵ لە حەوشەی ماڵەکەت بڕوێنی، بیر لە درووستکردنەوەی ماڵەکەت بکەی باشترە.
کوردستانپۆست:  بۆ بەهێزکردنی  ناوەرۆکی نووسینەکە ئەو ڤیدیۆیەمان بە مەبەست داناوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە