مریشکە بەکڕ و جەنگ و جەهالەت

Tuesday, 06.13.2017, 18:00

2962 بینراوە


پێشکەش بە دڵشاد مەریوانی.
بە بۆنەی رەشەکوژی وکۆمەلکوژی زامی ٩ حوزەیرانی ١٩٦٣ ی شاری سلیمانیوە.
گەمژە سدیق ! ناوبراو وەک زۆربەی ئەڵقە لە گوێکانی دەسەڵات، مولەقەب بوو بە " زەعیم " ٨٢ رۆڵەی میللەتی بەبی دادگایکردنی لە حامییەی ئەوسای سلیمانی زیندە بەچال کرد.
ساڵی 1963بوو، دوای کودەتا سوپاییە شوومەکەی بەعسییە فاشییەکان، دژی حوکومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم بوو.
یەکەم بریاریان، حوکمی سوپاییان بەسەر زۆربەی شارەکانی کوردستاندا فەرزکرد،.
لەسلێمانی وزۆربەی شارەکانی کوردستان هاتوو چۆیان قەدەغەکرد، تا هەرکەسێکیان بەدڵ نەبوو، لە ماڵی خۆیاندا، بەئارەزوی خۆیان بییانگرن و گولە باران وزیندە بەچاڵیان بکەن.
ئەو بە یانییە، سەربازێکی زۆر لە دەرگای حەوشە و سەربانەووە، رژانە ماڵمانەوە. قوژبن نەما لەماڵەکەدا دەجار سەری پێدانەکەنەووە. ئەدگووت سەگی برسین و بۆنی ئێسقانییان کردووە، یان کێچ چۆتە کەوڵییان. تا ژووری گەنجینەکەی پشتەوەمان چوون. 
لەو رای مریشکە کونجەیەکمان هەبوو، لەسەر هێلکەکانی، لە قوژبنێکی گەنجینەکەدا کڕکەوتبوو. دایکم قوولینەیەکی دار چناری بۆ سازکرد بوو، کە مریشکە کونجە زۆر دڵی پێخۆش بوو، دایکم! لە ئێمەی مناڵ، هاتوو چۆی گەنجینەکەی لێ قەدغە کردبووین. هەموو جار ئەیگووت: توخنی گەنجینە نەکەون بامریشکە کونجە لە هێلکەکانی نەتۆرێ.
مریشکییان بەشەق لەسەر هێلکەکانی هەڵفراند، بۆ دۆزینەوەی پارچە کاغەزێکی نوسراو، قوڵینە وسەبەتە وهێلکەیان بە نووکی پۆستال سەرەوژێر کرد، ئیتر لەو رۆژەوە، مریشکە کونجە کڕنەکەوتەووە. کۆمەڵێکیان بەپەلە بەرەو هەیوانی ئەوبەرەوە بەهەڵەداوان رۆشتن، خۆیان کرد بە ژورەکەی دڵشادی برام و مندا، کاتێک بینییان لەسەر چەند رەفەیەک کیتاب و موجەلەدی چیرۆک و نوسراومان هەبوو. کیتابی ئەدەبی کوردی، عەرەبی و جیهانی بوون، ئەگەر بیرم مابێت: دیوانی شاعیرە کوردەکان، هەندێ چیرۆکی نەجیب المەحفوز، یەکدو چیرۆکی ئەلسکەندەر دومای فەرەنسی، جوبران خەلیل جوبران وهەندێ گوار ورۆژنامەی کۆنی کوردی بوون. کیتابی ئەستور ەلێ پڕپەرەبوون. 
سەربازەکان کاتێ کتێبخانە خنجیلەکەی دڵشادی برامیان بینی، دیاربوو ئاواتییان هاتبووەدی. لەشیان سوکتر ببوو، دوویان بەقەڵەم باز چونەبەردەم ئەفسەرەکەیان، هاوکات لە لەگەڵ بابم بەعەربی ئەدوا. بەهەردوو پێ و بەدەست سەلامیان بۆ سەند، دوو وشەیان بە ریتمی رێزی نێوان ئەفسەر و سەربازەوە بۆ کرد. ئەفسەرەکە دیاربوو هەڵوێستەکانیانی بەدڵ بوو، بەپەلە و بەدوو قەڵەم باز کەوتە نێوان دەرگای ژورەکەمانەووە. سەیرێکی بابمی کردوو، دەستی بۆ کتێبەکان درێژکرد. گووتی: 
ئەم کیتابانە کێ دەیان خوێنێتەووە؟
لەو کاتەدا بیری سەفەرەکەی بەغدادی کەوتەوە، یەکدوو ساڵێک لەوەوبەرم لەگەڵ بابم کردبووم. کاتێک سەربازەکانی خاڵی پشکنینی پێش حەویجە، لەنێو جانتاکەی بابم و مندا، بە هەردووکمان جانتایەکمان پێبوو، دەرمانی دانێک و دوو فڵچەیان بینی. بە بامیان گووت، ئەمانە چین؟
بابم گووتی دەرمانی دان و فڵچەی دان شتنن.
سەربازەکان بە بابمیان گوتیان:
بۆ تۆ دانسازی؟
بابم گووتی نەخێر من عەتارم.
گووتیان درۆمەکە، دەرمانی دانکە بدەستیانەوە بوو، بە بامیان بە عەرەبی گووت:
لم غەرازەک ئینچەپ و ئسعەد. واتە (گەرازەکانت کۆکەرەوە، وەلبەو سەرکەوە).
بابم بەداماوییەوەم جانتاکەی بەبێ دەرمانی دانەکە کۆکردەوە و دەستی گرتم و چوینەوە ناو ماشێنی نەفەراتەکەوە، سەیرێکی منی کردوو، بە ئەسپای گووتی:
گوێمەدەری لە بەغداد دانەیەکی باشتر ئەکرین. 
ئەم کەرەتەیان لەنێوو ماڵی خۆماندا بووین و لەرێگای بەغداد و حەویجە نەبووین، من ترسام، دیار بوو، بابم دەرمانی دانەکەی بیرچۆبۆوە.
بابم بێ باکانە گووتی:
هاوکات بەرەو رووی زابتەکە دەرۆیشت، بە فەخر و بەفیزەووە گووتی: کورەکەم و دەستی بۆ دڵشادی برام راکێشا. ئاخر بابم لەو کاتەدا، نەیدەزانی جەهالەتی ئەوەندە درندەیە، کە گەنجێکی ١٥ ساڵ لەسەر خوێندنەوەی ئەدەب ئازار بدرێت. ئەفسەرەکە سەرێکی بادا، وەک گاڵتەی بە کتێب و لاوێکی وەک دڵشادی برام بێت. بە تورەیەوە، دەستێکی بۆ دڵشادی برام راکێشا، بە سەربازەکانی گووت: ئەو باڵابەرزەم بۆ بەرن. چاوم لێ بوو بابم حەپەسا، لە هەیوانی ئەوبەرەوە، دایکم بە چاو سەیری ئەفسەر و سەربازەکانی دەکرد.
هەر بینی دڵشادی برام بەدەست سەربازەکانەوە بەرەو قاپی حەوشە بردیان. کردی بەشیوەن، لەخۆدان و قژ رنینەوەی، قژنەما بەسەرێوە هەمووی رنێووە. بیرم دێت گریان و قورپێوانی تێکەڵ بە گارەگاری مریشکە کونجە و دەنگی فیشەک و تەقەی نێو شار ببوو.
دایکم بە گریان و لەخۆدانەوە، بە باوکمی ئەگووت، 
برۆ بە عەرەبی پێیان بڵێ، با کورەکەم بەنەووە.... بەخوا نایبینینەووە. باوکم بەداماوێوە چووە بەر قاپی بەسەربازەکانی گوت: بۆ خاتری قورعان کورەکەم مەبەن، هێشتا نە بووە بە 16 ساڵان و قوتابخانەی هەیە. ئەفسەرەکەیان  گوتی حاجی دەبوو تۆشمان ببردایە، برۆ ژوورەوە. دەرگاکەی بەسەر باوکما بە توندی داخستەوە.
ئیتر ئەورۆژە هەر گوێمان لە تەقە بوو. ماڵمان ئەتگووت خۆڵی مردووت بەسەردا رژاندوە. تەنیا گوێت لە گریانی بەکوڵی داکم و گارەگاری مریشکە کونجەی هێلانە شێواوت گوێ لێدەبوو، لە کاتێکدا تێکەڵ بە تەقە و دەست رێژی ناو شار دەبوون.
دایک و بابم مناڵەکان هەموو ورببوین، نەمان ئەزانی بەچ خۆمان بغڵافێنین. رۆژێک بوو چ مان نەمان دەزانی چی لەدڵ ومێشکی ئەویترماندا ئەگوزەرێت.
دڵشادی برامیان بە ١٥ ساڵی برد، تا سێ مانگی رەبەق، لەماڵماندا شێن وشەپۆر بوو. پاش سێ مانگ پیر و مناڵەکانیان بە نیووە مردووی بەردا. ئەوانی تریشیان، لە دەشتی تەیارە خانەکە (پارکی ئازادی ئەورۆ)زیندە بەچاڵ کرد. دڵشادی برامیان، بەمێردەمناڵی برد، چونکە تەنیا خوێنەوار بوو، هەروەها کیتابی پڕ پەرەی دەیخوێندەووە. ئاسایشی نەتەوەی کوردستانی لە بەعسێکان دەشێواند. ئەوان پێویستیان بە کەسانی، نەزان، نەفام، گەمژە و خۆفرۆش بوو. پێویستیان بە زانست و ئازادی بیر و باوەر نە بوو. پاش ئەوەی کوردستان و عێراقیان لە عیلم و عیرفان و نەتەوەپەرستەکان پاکردەووە، جەهالەتیان لە دڵ و دەرونی خەڵکیدا چاند، بە ئاوی ناکۆکی و جەهالەت ئاویاندا، چەندەها ملوێنیان لەورۆژەوە تا ئەمرۆ دەربەدەر وپارچە پارچەیان کردن، بەداخەوە تا هەنووکە بەردەوامە. 

خۆشناو مەریوانی حوزەیرانی 2013 پراگ




(دەنگدراوە: 13 . زۆرباشە: 3/5)