کورتەیەک لە مێژووی رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپاـ سۆکسە (بەشی دووەم)

Monday, 19/06/2017, 2:37

2551 بینراوە


Socialist Organisation Of The Kurdish Students in Europa) SOKSE)
-------------------------
شیاوی باسە، هەموو رێکخراوە خوێندکاریی و پیشەییەکان، بانگاشەی سەربەخۆییان دەکرد، لێ لە راستیدا لە پشت هەر یەکێکیانەوە، پارتێکی سیاسی هەبوو. سۆکسەش جگە لەوەی پاسۆک راستەخۆ لە پشتی بوو، هەرنەبێ زێتر لە ٣/٤ ئەندامەکانی هاوبیری پاسۆک بوون. بەشێکی کەمیان خۆیان بە کاژیک دادەنا و ژمارەکی ئێجگار کەمیش  خۆیان تەنیا هەر بە سۆکسە دەزانی و لە ئەوروپا هاتبوونە نێو ئەم رێکخستنە نەتەوەییەوە و ئارەزووی کاری حیزبایەتییان نەدەکرد. 
بەڵام هیچ هاوبیر و کەسێک لاری لە نێزیکی سۆکسە بە پاسۆکەوە نەبوو. بە پێچەوانەوە پشتیوانی هاوبیرانی کوردستان بووبووە، بەشێک لە خەباتی کوردبوون و سەرچاوەی ئیلهام، بێ ئەم ژێدەرە/مرجع هەستی نامۆیی و دوورە وڵاتی، تا ڕادەی خەسان و وشکبوونەوە، تاکی کوردی کوشتبوو.
ئەوەی ئەلفوبایەک لە سەرەتاکانی سیاسەت بزانێ و ریالیستانە لە پرسی کورد،بڕوانێ، دەزانێ پێداویستی و ئەرک و شێوەی خەبات لەسەر گۆڕەپانی کوردستان،کە مەیدانی راستەقینە و کاریگەر و کارای خەباتە،فرە جیاوازە لە کار و تێکۆشانێک لە دەرەوەی جوگرافیای ئەم نیشتمانە داگیرکراو و دابەشکراو و گەمارۆدراوە.
د. کەمال فوئاد دەڵێ: هیچ گومان لەوەدا نییە،کە بناخەی راستی تێکۆشانی گەلی کورد لە خاکی کوردستان خۆی دایە و جێبەجێکردنی مەسەلەی کوردیش بە پلەی یەکەم بەستراوە بەو تێکۆشانەوە کە سەرچاوەکەی لە خاکی کوردستانەوە هەڵدەقوڵێ.
هەر کار و تێکۆشانێ لەدەرەوەی کوردستان، گرێ نەدرابێ بە کوردستانەوە،چەند هەوڵ و توانای خۆی بخاتە گەڕ،هەر سست و بەرەو ووشکبوونەوە دەچێ.ئەمەش حوکمی واقیعی خەباتە.واقیع لە کوێ بێت و چی داوا بکات،لەوێدا زەمینەی دروستی تێکۆشان شین دەبێت. ئەوەی دەرەوەی واقیع دەتوانێ رۆڵی هاوکار و پاڵپشتی بگێڕێ. کامیل ژیریش دەڵێ: کێڵگەیڕەسەنی کوردایەتی،کوردستانە.
هەر لەبەر رۆشنایی ئەم راستی و پرینسیپەدا، ئەرکی سۆکسەش بوو،رەنگ بە سیاسەت و رێبازی پاسۆک بداتەوە،کە لە کوردستان ئاڵا بەدەستی خەباتی کوردایەتی بوو. خاوەن بارەگا و پێشمەرگە و پێوەندیی کوردستانی بوو. چەتری راستەقینە و بەرهەستی کۆکەرەوەی وزە و توانای هەڵگرانی بیری نەتەوەیی بوو. پێوەندیی ئۆرگانی سۆکسە لەگەڵ پاسۆکدا، هەر وەک هەرگیز شتێکی شاراوە نەبووە لە هیچ هاوبیر و کەسێک، هەمان کات سەرچاوەی هێزێکی وزەبەخش و تروسکەی هیوا و پشتیوانی گەورە بوو بۆ هاوبیران و سۆکسە.
 سکرتێری سۆکسە،نوێنەرـ هەمیشە بەپرسی پاسۆک بووە لەئەوروپا. بەپێی هەلومەرجی پێویست راپۆرت لە نێوان سەرکردایەتی پاسۆک و لقی ئەوروپادا ئاڵوگۆڕ کراوە. هاوکات سکرتێر و کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی سۆکسەش هەمان جۆر پەیوەندییان هەبووە. هەر بۆ نموونە دروشمی  کۆنگرەی  ٣ و ٤ ی سۆکسە، ئامانج و شادەماری پاسۆکن.
 سۆکسە بڵاوکراوە و ئەدەبیاتی پاسۆکی دووبارە چاپ و بڵاودەکردەوە، یادی دامەزراندنی پاسۆک، ساڵانە لە لایەن هاوبیرانی سۆکسە و پاسۆکەوە پێکەوە  دەکرایەوە و پێوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان هاوبیرانی ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دا هەبوو. گەلێ کۆمەک و یارمەتی دارایی بۆ پاسۆک،لە لایەن هاوبیرانی رێکخستنەکانی پاسۆک و سۆکسەوە  لە ئەوروپاوە کۆدەکرایەوە. ئەمانە و زۆر کاری تر مشتێکن لە خەرمانی تێکۆشانی ئاشکرای هاوبیران،لە هەردوو رێکخستنەکەداشانبەشانی یەکتر.
پاسۆک،لە زەمینەی تەمەنی خەباتی خۆیدا و بە تایبەت لەو قۆناغەدا، مەحکومی کۆمەڵێ هەلومەرج بوو، کە گەلێ جاران، لە دەرەوەی ویستی خۆی کاریگەرێتی لەسەر سیاسەتی دادەنا. بۆ نموونە: چەندین هێزی دیکەی کوردستانی لە گۆڕەپانەکەدا هەبوون و بە هزر و ستراتیژ،  لە کوردایەتییەوە دوور بوون و بە تێکڕا سەرگەرمی خەباتێک بوون، لە چوارچێوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی تێنەدەپەڕاند، ـ ئۆتۆنۆمیخواز بوون بە هەموو مۆدێلەکانی ئایدۆلۆژیخوازییەوە ـ . سۆسیالیستخوازێک لە چەشنی کۆبای کاسترۆ  و رۆمانیای چاوچیسکۆ!!.
ئێ بۆ پاسۆک، کە پارتێکی نەتەوەییە و لە هەر لە ڕسکانیەوە بانگەوازی یەکێتی و تەبایی ریزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی کردبووە دروشمی نێوەندی خۆی، و لەبەر ڕۆشنایی تیشکی بیروباوەڕ و ڕێبازەکەیدا کاری لەسەر گوتاری تەبایی و یەکێتی نێو ڕیزەکانی بزاڤی نەتەوەیی دەکرد، نەدەبوو هەوڵی هەڵگیرساندنی شەڕی دەستەویەخەی ئەم حیزب و لایەنانە بدات، چونکە شەڕکردن هەم خزمەت بوو بە داگیرکەرانی کوردستان، هەمیش پێچەوانەی  دروشم و چەمک و ستراتیژ و گوتاری نەتەوەیی کوردە،کە پاسۆک لە بنچینەدا وەک پرنسیپ باوەڕی پیی نەبوو. بەڵام  دەبێ ئەوەش بگوترێ سەرباری گەمارۆدراوی ،دیسان هەرگیزاو هەرگیزیش ئامادەی سازش نەبوو، لە سەر  پرنسیپە بنچینەییەکانی کوردبوون و کوردایەتی و چ بازرگانی و هەرزانفرۆشییەکیشی ،بە ستراتیژی رەوای نەتەوەییەوە نەدەکرد. 
بۆیە کەموزۆر دەبوو بە ئاوەزوو و دیقەتێکی وردبینانەوە، مامەڵە لەتەک ئەم بارودۆخەی ئەو هەموو کۆمەڵە هێزە چەکدارەدا بکرێت. و هاوساتیش هەبوونی ئەو کۆمەڵە هاوبیرەی پاسۆکیش لە کوردستان،کە لە بەردەم ئەو هەموو هەڕەشە و ئابڵووقەدانەدا لەبەرچاو بگیرێ و ناکرێ سەربەخۆ و نابەرپرسانە، بەردەوام لەشەڕە دەندوکی لایەنەکان و پەلاماردانیاندا بین.
مامۆستا جەمال نەبەز و چەند کەسێکی هێجگار کەم، لە نێو سۆکسەدا، دەربەستی لەبەرچاوگرتنی ئەم راستییانە نەبوون و دەیانویست لە گۆڕەپانی پانوبەرینی ئەوروپاوە، بڕیار بۆ کوردستان بدەن  و سۆکسەش بۆ مەرام و ئامانجەکانی خۆیان وەکابەرن. بە کورتی ئەو ئەقڵێت و سیاسەتی مامسەلمێنییەی ئەوانە  نوێنەرایەتییان دەکرد، روانگەیەکی لە پشتەوە بوو، دەخوازرا شێوازێکی دیکەی سیاسەت بگیرێتە بەر و ئەوروپا بکرێتە مەیدانێک، بۆ بەگژداچوونەوەی لایەنەکان و بەرتەسکردنەوەی جموجوڵەکانیان.
 رەنگە ئەمەش کارتێکی باش بوایە، وەک تاکتیک بۆ کاری سیاسی و گوشار هێنان بۆ لایەنەکانی دیکە، لێ دیسان بەرامبەر بە سیاسەتکردن لەسەر زەمینەی واقیعی کوردستان کورتی دەهێنا و نەدەکرا وەک ستراتیژ بەردەوام، کار بەم کارتە بکرێت. بۆیە ئەو بەڕێزانە، کاتێ هەر  پێداگرییان دەکرد و دەیانگووت: دەبێت سۆکسە بە هەموو شێوەیەک سەربەخۆ بێت و دابڕاو بێت لە سیاسەتی پاسۆک و خەباتی کوردستان،  ئاڕاستە و هەنگاوەکانی کارکردن، بەرەو نادیار و بنبەست بوون دەچوون.
هەڵبەت داوا و ویستی ئەم چەند هاوبیرە، کە کەمینە بوون و بە ڕای زۆرینەش ڕازی نەبوون، لە بەرامبەر سیاسەتی گشتی سۆکسە دا کارێکی سەخت و مەحاڵ بوو،بە تایبەت بۆ ئەو هاوبیرانەی خۆیان لە وڵات و لەدەرەوە،لە ڕیزەکانی پاسۆکدا خەباتیان کردبوو و قوربانییان دابوو. دەرئەنجام هەڵوێست و  ڕوانگەکەیان، نەیتوانی جێی خۆی لە نێو هاوبیراندا بکاتەوە و زۆرینەی دەنگ و هەڵوێستەکان بەلای خۆیدا راکێشێ و بە پرنسیپی زۆرینە و کەمینەش رازی نەبوون.
 ئەم بۆچوون و دەنگە کەمینەیە، هاوشانی بەهێزبوونی سۆکسە و پەلهاوێشتنی چالاکییەکانی، تا دەهات بڵندتر دەبۆوە. رەنگە لە چەند خاڵ و پرسێکدا،بە پێودانگی ئەوروپا،و لە رووی تیۆریی رووتی دوور لە واقیعەوە ، چەند راستی لە قسە و باسەکاندا هەبووبێ، لێ هەرگیز نەدەکراو ناکرێ ئەو سیاسەتە لەسەر زەمینەی واقیعی چ ئەوروپا و چ بۆ  کوردستان پێڕەو بکرێ. بەکورتی ئەوەی دەویسترا،  بە ناوی سۆکسەوە بکرێ، خۆگیرکردن بوو،لە گۆشەیەکدا و دابڕانێکی گەورە بوو لە دەوروبەر و  میللەت و واقیعی خەبات، و کردنەوەی بەرەیەکی شەڕ بوو، بە رووی هەموو لایەکدا، شەڕێک کە نە بە پاسۆک و سۆکسە دەکرا و نە باوەڕیشیان پێی بوو. ئەگەرچی پێویستە بگووترێ، هەموو پێداویستییەکانی کار و خەباتی دەوروبەری ناسروشتی  پاسۆک و سۆکسەش، بە تێکڕا  بە دڵی هەموو هاوبیرانیش نەبوو. بەڵام دیسان لەو واقیعە تاڵ و ئالۆزکاوەدا، تەنیا ئەوە شیاوی هەڵسوڕاندن و دەستەبەرکردن بوو، کە کرا.  
بەکورتی و کرمانجی ئەوەی لە سۆکسە دەوا دەویسترا،نەدەکرا نێوی بنێی سیاسەت و واقیعبینی و خوێندنەوەی دروستی بارودۆخی ناوخۆیی و دەرەکی. چونکە لەو پێوەندییەدا،چ دەرەتانێ بۆ سۆکسە و پاسۆک  نەدەمایەوە، جگە لەوەی دەبوو هەردەم، پێوەندی گرژ و ئاڵۆز و ناتەندروستی، لەگەڵ لایەنەکانی تردا هەبێت و نەتوانێ رۆڵی ئەرێنی و کارای خۆی لەنێو هاوکێشەیەی دۆزی کورد دا،بە دروستی  بگێڕێت.دووریش نەبوو، سەرقاڵی پاسۆک و سۆکسە بەم بەرەیەوە، بە ئاکامێک بگەیشتایە، ئەرکە سەرەکییە نەتەوەییەکەی خۆی لە بیربچێتەوە یاخود لە بار بەرێت.
ئا لەم چرکەساتەدا،کە بەشی هەرە زۆری هاوبیرانی سۆکسە،هاوبیری پاسۆکیش بوون و ئاگاداری ئەو پێوەندییە ئۆرگانییەی هەردوو لابوون و بە حوکمی هەر ناهەموارییەک بێت،پەڕاگەندەی ئەوروپا بووبوون،خەباتی خۆیان لە ئەوروپاش بە درێژکراوەی بێ چەندوچوونی خەباتی وڵات و نێو ریزەکانی پاسۆک دەزانی و بە هەموو قەناعەت و باوەڕێکەوە،سەرباری هەندێ وردە سەرنج و تێبینی تایبەت، متمانە و باوەڕیان بە شێوەی خەبات و سیاسەتکردنی هاوبیرانی کوردستان هەبوو،خۆشییان بە ئاوێنەی باڵانمای دەنگ و رەنگ پێدەرەوەی رێبازی پاسۆک بەتایبەت و کوردستان بە گشتی دەزانی و سەرجەم کار و چالاکییەکانیان بە ئەڵقەیەکی زنجیرەی خەباتی پاسۆک دەزانی... بە کورتی بە لای زۆرینەی هاوبیرانی سۆکسەوە، پاسۆک لە کوردستان سەرچاوەکە بوو، بە گیان و جەستە و خوێن و فرمێسک، مێژوو دروست دەکات و ئەوانی  هەندەران جۆگەلەی ئەو سەرچاوەیە بوون.
ئا لەم بارودۆخە هەستیارەدا ئەو دەستەیەی سەربەخۆیی رەهای سۆکسەیان لە پاسۆک و کوردستان دەخوازی،دەیانویست بۆ مەبەستەکانی خۆیان، سۆکسە بەبارێکی دیکەدا هەڵسوڕێنن و بێ رەچاوکردنی بارودۆخی پاسۆک و کوردستان بیکەنە چەکێکی هێرش بردنە سەر هەموو لایەک. دەستەی زۆرینەی سۆکسەش داوای لەبەرچاوگرتنی چەندایەتی و چۆنایەتی بارودۆخی کوردستان و پێگەی پاسۆک و  ژیانی هاوبیرەکانیان دەکرد. شایانی وەبیرهێنانەوەیە، ئەو رۆژانە شەڕی ئێران و ئێراق لە گەرمەیدا بوو، کوردستان بووبووە مەیدانی ئەو شەڕە نەگریسە، پێوەندییە سیاسیەکانی ریزەکانی کوردایەتی دووچاری لێکترازان و شەڕی یەکترکردن بووبووەوە. رژێمەکەی سەددامی بەعسی ئەفلەقیش بەرنامە و نەخشەی راگوێزان و تواندنەوە و بە عەرەبکردنی کوردی بە ئاشکرا راگەیاندبوو،چەندیشی پێبکرا،هاوشانی شەڕەکەی لەگەڵ ئێراندا، جێبەجێی دەکرد.
   لە بارودۆخێکی وا داسەپاوی پڕ مەترسیدا، ئەرکی پارتێکی نەتەوەیی بەر لە هەر دروشمێ،بانگەوازە بۆ پاراستنی یەکێتی و تەبایی لایەنەکان و تکا و هاواری بەردەوامە بۆ یەکێتی گوتار و ریزەکانی نەتەوە.
 پاسۆک لەم مەیدانەدا، لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی گەورە و ترسناکدا خۆی دەبینییەوە، بۆیە تاڕادەی خۆ توانەوە ئامادەگی  پێکهێنانی یەکێتی و یەکگرتن و تەبایی لەگەڵ لایەنەکاندا هەبوو.بە مەرجێک کە لە حوکمی بەڵگەنەویستدا بوو،مەرجی بەهێزبوونی  بازووی کوردایەتی و سەنگەری خەبات بۆ پارێزگاریی لە کورد و کوردستان.   پاسۆک ئەمەی دەکرد  و  لە پێناوی ئەم هیوا و ئامانجەشدا،قوربانی و باجی زۆری دا. دیارە کارکردن بە پێچەوانەی ڕەوتی ئەم گوتارەوە، مانای نەرێنی و بیر و سیاسەتی ناکوردایەتی دەنوێنێ،بۆیە دەبوو بە هەر جۆرێک بێت، سۆکسە  و پاسۆک خۆی لێ دوورە پەرێز گرن.
مەخابن دەستەی نێوبراو، نەک ئەمەیان پێ هەرس نەدەبوو، بەڵکو بە جۆرێک لە سازشییان دادەنا. هەربۆیە بەردەوام پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد، ئەوەی بۆ ئەوان لە پایتەختەکانی وڵاتانی ئەوروپا بە ئاسانی دەگووترێ و دەکرێ، پێویستە هاوبیرانی کوردستانیش هەروا بکەن. 
بە دیدی من سەرجەم کێشەی ئەو هاوبیرانە، ـ ئەگەرچی بە دڵ و گیان بۆ کورد و کوردستان دەژیان ـ لە ئاکامی دوورییان لە نیشتمان، ناواقعیبوون و بێ ئاگابوون لە  سروشتی ژیان و تێکۆشان و پێوەندییەکانی نێو کوردستان و لە هەلومەرجی خەبات و گۆڕانکارییەکانەوە سەرچاوەی گرتبوو.
ماوێتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە