بریاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە دەسەڵاتی کێدایە ؟

Tuesday, 20/06/2017, 17:43

2658 بینراوە


 لە سەروبەندی نارەزاییەکانی خەڵک لە (١٧ / شوباتی٢٠١١ )ەوە دەست بەلێدانی قەوانی دەولەتی کوردی کراوەو ناو ناو بەزمی پێ گەرم دەکرێ و بۆ بەرژەوەندی تایبەت و موزایەدەکردن لێدەدرێتەوە. لەکاتێکدا حوکمرانانی ئەو ھەرێمە لەدوای راپەرینەوە خەریکی شەری خۆترێن وبردنی سەروەت وسامانی وڵاتن وھەرێمیان کرد بەدوو لەتەوە، دوای روخانی رژێمی پێشوی عێراقیش لە ٩/٤/٢٠٠٣ بەخۆداچونەوەیەک نەکرا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی کورد لەگەل حوکمرانان لە عێراقی نوێدا، کە ھەڵومەرجێکی لەبار ھاتبوە پێشەوە بۆ ئەوەی لایەنی کوردی، ویست وداخوازیەکانی خۆی بەجدی و بێ پەردە بەسەر لایەنی تردا بسەپێنێ، بەڵکو ئەوان لە پاشا زیاتر پشتگیری پاشایەتی بون بۆ بەھێزکردنەوەی دەوڵەتی عێراق، وەک ئاشکرایە بۆ ھەموان لەو ساتەوەش تا ئێستا ھەر خاوەنی بریاری جدی نەبوین لەگەل بەغدا بۆ یەکلاکردنەوەی ھەڵوێست وپەیوەندی ھەرێم بەبەغداوەو دیاریکردنی سنوری ھەرێم، ھەرچەندە تاوناتاوێ لەسەر بابەتی جۆراو جۆر کێشەیەک دروست دەکەن لەگەڵ بەغدا، جارێ بودجەی پێشمەرگەو جارێ ھی فەرمانبەران وجارێ مەسەلەی ناردنی نەوت و....ھتد. ئەنجامی ھەموو ئەو کێشانەش  ئەگەر لە حەقیقەتدا بونیان ھەبێ !!! ھاوڵاتیانی کوردستان باجەکەیان داوە ، کە ئەمرۆ نزیک دەبێتەوە بۆ دوو ساڵ  موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بە شێوازی نەمری ونەژی دابەش دەکرێ،چونکە بەھەموو لێکدانەوەیەک داھاتی ئەو ھەرێمە لە ٢٠١٥ ەوە گەر زیادی نەکردبێ ھەرگیز کەمی نەکردوە، ئەوە لە کاتێکدا بەغدا کێشەی نەبوە لەو رووەوە، کە لەگەڵ ئێمە جیاوازییەکی نیە گەر باری قورستر نەبێ. 
لەلایەکی ترەوە  دامەزراوە  قانونییەکانی ھەرێم پاڵپشتی قانونیان نەماوە، پەرلەمان داخراوە بەدەر لە ئیرادەی خۆی و دەنگدەرانی،حکومەتیش لەسەر متمانەی پەرلەمان دەست بەکاربوە بۆیە ئەویش پاڵپشتی یاسایی لەدەستداوە بۆتە حکومەتی راھیکردنی کارەکان، سەرۆکی ھەرێمیش ماوەی یاسایی ویلایەتەکەی تەواو بووە. کەواتە ئەمرۆ لەھەرێمی کوردستان دامەزراوەیەکی یاساییمان نیە لەسەر ئیرادەی خەڵک دامەزرابێ. ئەوەی ھەیە حکومەتێکی کاربەریکەرە لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم کەماوەی ویلایەتەکەی بەسەرچوە، شەرعیەتی دەسەڵات ومانەوەشیان تەنھا ئەو ھێزەیە کە خۆیان پێ سەپاندۆتە سەر ئیرادەی خەڵک، کەواتە لە دۆخی ئەو دوو ساڵەی ھەرێمدا ئیرادەی ھاڵاتیان خراوەتە ژێرپێوە بە حوکمی ھێز !
کەچی لەو بارودۆخە ناھەموارەدا جارێکی تر مەسەلەی ئەنجامدانی ریفراندۆم ھاتەوە گۆرێ و لەلایەن ھەندێ حیزبەوە رۆژی ٧/٦/٢٠١٥ بریار لەسەر کاتی ئەنجامدانی درا لە ٢٥/٩/٢٠١٥، ئێمە بەو ھەنگاو و بریارە گەراینەوە سەردەمی بەرەی کوردستانی ساڵی ١٩٩١( واتە ٢٦ ساڵ بۆ دواوە) بەڵام بە جیاوازییەکی زۆرەوە، چونکە ئەوسا بەرەی کوردستانی شەرعیەتی شۆرشگێری ھەبو، بەھەمو کەم وکوریەکانیەوە حیزبەکان تیایدا یەک ھەڵوێست بون و خەڵک پشتیوانی لێدەکردن ورازیبون لەسەر حوکمرانیەتی بەرە بۆ ماوەیەکی کاتی وەک  دەسەڵاتی دیفاکتۆ بۆ قۆناغی گواستنەوە بەرەو حوکمرانیەتێکی قانونی، بۆ ئەو مەبەستەش یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی ژمارە (١) ی ساڵی ١٩٩٢ دەرکرا بە ئیمزای نوێنەری تەواوی حیزبەکانی بەرە،لەبەر رۆشنایی ئەو قانونەش یەکەم ھەڵبژاردن ئەنجامدرا و دامەزراوە قانونیەکان پێکھێنران لە پەرلەمان وحکومەت و دەسەڵاتی قەزا.
بەڵام ئەو کۆمەڵە حیزبەی ئێستا ھاتون وبریار لە سەر مەسەلەیەکی چارەنوسساز دەدەن بەناوی میللەتەوە، لە شەرعیەتی ھێز بەولاوە نە شەرعیەتی قانونیان ھەیەو نە ھی شۆرشگێری . وەھا بریارێک پێویستە لەلایەن خەڵک خۆیەوە یا نوێنەرەکانیەوە بدرێ،بەو پێیەی گەل خۆی سەرچاوەی دەسەڵات وئیرادەیە بۆ بریاردان لە مەسەلەیەکی واچارەنوسساز وگرنگ، ھەروەھا بەپێی برگەی دووەمی  مادەی (٥٦) ی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە تیایدا ھاتوە بەوەی: ( پەرلەمان ئەو ئەرک و دەسەڵاتانەی خوارەوە جێبەجێ دەکات: ١- ........٢-بریاردان لەسەر رێکەوتنەکان و یەکلاییکردنەوەی کێشە چارەنووسسازەکانی گەلی کوردستان- عێراق، دیاریکردنی پێوەندی یاسایی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند.)، بەڵام ئەمرۆ دەزگای نوێنەرایەتی خەڵک  کە خۆی لەپەرلەمانی کوردستان دەبینێتەوە پەکخراوە بە ئیرادەی حیزب، واتە ئیرادەی حیزب لە ئیرادەی خەڵک گرنگترە، کەواتە ئەو بریارە پێویستە لەلایەن پەرلەمانەوە بدرێ، بۆ ئەمەش دەبێ چارەنوسی پەرلەمان بەلایەکدا بخرێ، بەکاراکردنەوەی یا ھەڵوەشانەوەی بە رێگای یاسایی و ھەڵبژارنەوەی پەرلەمانێکی نوێ، لە ھەردوو حالەتدا پەرلەمان نوێنەری خەڵکەو خاوەن بریارە لەو مەسەلەیەدا، ئەمە جگە لەوەی کە ووردەکارییەکانی پرۆسەی ریفراندۆم خۆی پێویستە بە یاسایەکی تایبەت رێکبخرێ، پەرلەمانیش تاکە دەزگای تایبەتمەندە بەدانانانی یاساکان ولەنێویشیاندا  یاسای ئەنجامدانی ریفراندۆم.
بۆیە دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک لە حوکمرانی بەرێگای دامەزراوە قانونیەکان، ناکرێ ئەو کۆمەڵە حیزبە خۆیان بەسەر ئیرادەی خەڵکدا بسەپێنن وبریارێکی لەو شێوەیە بدەن، لەھەمان کاتیشدا بلێن ھەولێ کاراکردنەوەی پەرلەمان دەدین، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەو حیزبانە لە خەمی دیاریکردنی  چارەنوسی میللەت بان، دەبوایە ھەول و ھەنگاوی یەکەمیان روحکردنەوە بوایە بە جەستەی دەسەڵاتە قانونیەکان، نەک بۆ موزایەدەو فریودان (پاشی باران کەپەنەک) بێن و باس لە کاراکردنەوەی پەرلەمان بکەن، بە راستی بەو ھەڵوێستەیان سەلماندیان کە ئەوان حیزب گەلێکن لە خەمی ئیرادەو بەرژەوەندی گشتی خەڵکدا نین. دواتریش گەر پەرلەمانێک ئەسیری دەستی حیزب بێت و بە فیکەی حیزب لەکاربکەوێ وبخرێتەوە کار دەبێ چ ھیوایەکی لە سەر بنیات بنرێ. بۆیە بەرای ئێمە پەرلەمانی کوردستان لەسەرەتای دروست بونیەوە تا ئەمرۆ لە ئاست بەرپرسیارەتی خۆیدا نەبوەو نوێنەری راستەقینەی خەڵک نەبوە بەڵکو ھەمیشە پاشکۆی مەکتەب سیاسی حیزبەکان بوە، بویە لەحالەتی زندوکردنەوەی پەرلەمان بەھەر شێوازێکی کە ئاماژەمان پێدا، پێویستە پەرلەمانێکی ئەکتیف وخاوەن ئیرادەی راستەقینەی خۆی  بێت نەک پاشکۆی حیزب ئەگینا بون و نەبونی وەک یەکە.
لەکۆتاییشدا دەڵێین پرۆسەی ریفراندۆم یا راپرسی گشتی، لە بنەرەتدا مانای  گەرانەوەیە بۆ ئیرادەی خەڵک لەسەر بریاردان لە بابەتێکی دیاریکراو، لە کاتێکدا ئەوە حاڵی ئیرادەی خەڵک بێ کە زەلیلی دەستی ئیرادەی حیزبە، دەبێ ئەنجامدانی ئەو ریفراندۆمە لە بارودۆخێکی وەھادا چ پێویستی وبایەخێکی ھەبێت لەرووی  یاسایی وکرداریەوە!، کەواتە باشترە بۆ ئەو حیزبانە چیتر خۆل نەکەنە چاوی خەڵک، بۆ رتوشکردنی  بریار و بەرژەوەندیە سیاسیەکانیان ئیرادەی پێشێلکراوی خەڵک بەکار نەھێنن، چونکە خۆیان حاکمی موتلەقن با ھەر لای خۆیانەوە  بریار لەو مەسەلە چارەنوسسازانە بدەن بی گەرانەوە بۆ رای خەڵک کە خاوەنی ھیچ دەسەڵات وبریارێک نیە، ئەزمونی رێزنەگرتنی دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم بۆ پەرلەمان وئەنجومەنی پارێزگاکان ھەروەھا پەکخستنی پەرلەمانیش سەلمێنەری ئەو راستیەن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە