به‌ هاوکاری ئاسایشی پارتی، دەزگای میت مەجید ئیبراهیمی تیرۆر کردووە


لە سێبەری شاخ، زنجیرەی ٦٣،٦٢

Friday, 06.23.2017, 1:15

10733 بینراوە


ئاشتبوونەوەی نیشتمانیی بۆ سەرکردەکان: رازی کردنی سوپای پاسداران و ئیتیلاعات، دروشمی بریقەدار، ناوبانگی کوردایەتی، خۆهەڵکێشان، هەڵخەڵەتاندنی میللەت و خۆشکردنی رێگەی ڕاکردن! بۆ پێشمەرگە: کارەسات، ماڵوێرانی، تۆپباران، بۆردومانی فرۆکە، کیمیاباران و شەهید بوون!
--------------------------------

 نەبەردەکانی هێزی پێشمەرگە لە ساڵی ١٩٨٧دا
لە ساڵی ١٩٨٧، دا دژایەتی سەدام بۆ نەتەوەیی کورد و بزوتنەوەکەی، پێی نا قۆناغێکی خوێناوی تر و دژایەتییەکی بێ سنوور. یەکەم هەنگاوی ئەو قۆناغە بریتی بوو، لە دەرکردنی بڕیاری ژمارە ١٦٠ی(ئەنفال) لە بەرواری ٢٩ی ئازاری ساڵی١٩٨٧ دا لە لایەن "ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی رژێمی بەعس". یەکێک لە تاکتیکەکانی تر کە رژێمی بەعس زیاتر لە جاران بە کارا تر بەکاریهێنا لەم قۆناغەدا، هێزی سوکەلەی "جاش" بوو، لە شەڕەکاندا دژ بە پێشمەرگە لە ژێر سیاسەتی "کورد بە کورد بە کوشتندان" ، قوڵ کردنەوەی دوژمنایەتی، گەشە پێدانی رۆحی تۆڵە سەندنەوە لە نێو کۆمەڵگایی کوردی باشوور.
لە ساڵی هەشتاکاندا، لە نێو کۆمەڵگایی کوردیی باشوور، چەند پێکهاتەیەک هەبوو کە 
یەکەم: هێزی جاش، پێهکهاتبوو لە چەکدارانی کوردی خۆفۆرشی ئەڵقە لە گوێی رژێمی بەعس، لە ساڵی ١٩٨٧دا ژمارەیان لە ٣٥٠ هەزار جاش تێدەپەڕی!
دووەم: سەرانی پارتەکان، ژمارەیان نەدەگەیی بە ١٠٠کەس، ئاراستە و دیاریکردنی چارەنووسی هێزی سیاسیی، نەتەوە، پرس و بزوتنەوەی کوردییان لە ژێر دەست دا بوو و لە ساڵی ١٩٨٧ دا لە سەودای گەرم دا بوون لەگەڵ سوپای پاسداران، بە پلەی یەکەم، بنەماڵەی بارزانی، جەلال تاڵەبانی، سەرانی کۆمەڵە، شۆڕشگێران، ئیسلامییەکان و حسک. بە پلەی دووەم، سەرانی پاسوک و حزبی شوعی". هەموویان لە سەر خوانی سوپای پاسداران کۆکرابوونەوە و بە گوێرەی خواستی ئەوان جوڵانەوەکە و هێزەکانی خۆیان ئاراستە دەکرد!
سێیەم: هێزی پێشمەرگە پێکهاتبوو لە هێزی پێشمەرگەی هەموو پارتە سیاسییە کوردییەکانی کە لەبەری ئۆپۆزسیۆن دا بوون دژ بە رژێمی سەدام لە شاخ. لە ساڵی ١٩٨٧ دا ژمارەی ئەو هێزە بە ١٥هەزار پێشمەرگە مەزەندە دەکرا، زۆربەیان دەرهاتەی چینی زەحمەتکێش، توێژی خوێندەواری نێو کۆمەڵگایی کوردیی باشوور بوون. بە شێوەیەکی گشتی بە پاکترین توێژی نێو کۆمەڵگایی کوردیی باشوور هەژمار دەکران. پشتوپەنا و هێزی بەرەنگاری بوون، دژ بە زوڵم و ستەمی سەدام. لە ساڵانی ١٩٨٧-١٩٨٨دا هێزی پێشمەرگە، بە سەخترین قۆناغدا تێپەڕی، بەڵام درێخیان نەکرد لە خەبات و کۆشش کردن، خۆیان و کەسوکاریان بوون بە سوتەمەنی شۆڕش، هەڵەی سیاسەت و خەیانەتی سەرانی پارتەکانیان. بەهۆی سەرقاڵ بوونی هێزی پێشمەرگە بە کۆشش و خەبات، متمانەیەکی کوێرانەیان بەخشیبوو بە سەرکردە خۆفرۆشەکان، بێ ئاگا بوون لەوەی چی دەگوزەرێ و چارەنووسی خەبات و ماندوو بوونیان بەرەو کێ دەبردرێ! هێزی پێشمەرگە، مێژووی نەتەوەیی کوردییان بە خوێنی ئال تۆمار کرد، چیرۆکی ژیانی هەر تاکێکیان داستانێکە، کە شایەنی ئەوەیە بە ئاوی زێر دەیان پەرتوکیان دەربارە بنووسرێ و مۆزەخانەی مێژوویان پێ برازێتەوە.

ئیتیلاعاتی ئیران و ئاشتبوونەوەی نیشتمانیی ساڵی ١٩٨٧ دا 
لە ساڵی ١٩٨٦ و ١٩٨٧ دا سوپای پاسداران و ئیتیلاعات، بە پلانێکی دارێژراو کاریان دەکرد بۆ شڵەژاندنی دۆخی باکووری عیراق دژ بە "سەدام".  باشترین هەنگاو بۆ پێکانی ئەو مەبەستە، ئەوە بوو کە سەرانی پارتە کوردەکانی باشووری وڵات کۆ بکەنەوە، بۆ ئەوەی هەموویا پێکەوە هێزی پێشمەرگەی خۆیان بەکاربهێنن بۆ ئەنجامدانی چالاکی سەربازیی هاوبەش لە تێکڕای باشووری وڵات. ئەمە هۆکاری سەڕەکی بوو کە "بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی" لە ژێر دروشمی بریقەداری "ئاشتبوونەوەی نیشتمانیی و پێکهێنانی بەرەی کوردستانی" دا، سەدان پێشمەرگەی کوڕی هەژاری میللەتیان کرد بە قۆچیقوربانی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆیان و ئارەزووی مەلاکانی ئیران لە ساڵی ١٩٨٧ و ١٩٨٨ دا.
 بۆ مێژوو دەینووسم، کە "هێزی پێشمەرگە"ی هەموو پارتە کوردییەکان بە شێوەیەکی گشتی، بەهۆی بڕوای پتەویان بە پرسی نیشتمانیی، نەتەوەیی، چیناییەتی و سەرقاڵ بوونیان بە کۆشش، هێرش بردن و بەرپەرچدانەوەی سوپای عیراقی و سەختی بارودۆخ، بێ ئاگا بوون لەو زانیارییانەی وەک پلانی سوپای پاسداران و ملکەچ کردنی سەرکردەکانیان بۆ مەرامە گڵاوەکانی "ئیران".  لە رێککەوتی ٢٢/٤/ ١٩٨٧، دا "تاڵەبانی" بروسکەیەکی ئاراستەی "مەسعود بارزانی، ڕەسول مامەند،ئازاد مستەفا و سامی کرد" لە شاخ و لە گۆڤاری رێبازی نوێ ، ژمارە (٥)، لە مایسی ساڵی ١٩٨٧دا بڵاوبووەوە" و لە کۆتایەکانی مانگی چواری ساڵی ١٩٨٧دا لە ڕادیۆی یەکێتی دەهۆڵی بۆ لێدرا!

 دەقی بروسکەی تاڵەبانی


دەقی وەڵامی مەسعود بارزانی بۆ تاڵەبانی

لە ناوڕاستی ساڵی ١٩٨٧دا، گەلێک چالاکی ئەنجام درا بە هاوبەشی هێزی پێشمەرگەی هەموو پارتە کوردییەکانی باشوور دژ بە رژێمی بەعس، تێکڕا درێخیان نەکرد و شەهیدی زۆریان دا. لە ساڵی ١٩٨٧دا جگە لە شەڕی داستانی رزگاری لە ناوچەکانی شاری سلێمانی، رژێمی بەعس دەستی کرد بە هێرشی سەربازیی بە پشتیوانی چەکدارانی کوردی خۆفرۆش"جاش"، بۆ سەر بنەکە و بارەگا جێگیرەکانی هەموو پارتە کوردییەکان لە ناوچەکانی شاری هەولێر، سلێمانی، کەرکوک و ناوچەکانی بادینان. لە ئەنجامدا گەلێک هێرش و بەرپەرچدانەوە روویاندا لە نێوان هێزی پێشمەرگەی هەموو پارتەکان دژ بە هێزی جاش و سوپایی عیراقی، کە هەواڵیان دەگەییە رادیۆ بە مەبەستی  پەخش کردن. شەڕە بەناوبانگەکانی ساڵی١٩٨٧، وەکو  (شەڕی تەقتەق، شەڕی هیران، شەڕی دێگەڵە، دوو جار هێڕشی سوپای عیراقی بۆ دۆڵی سماقوڵی، شەڕی چەرمەگا، شەڕی کانیماسی کە بە داستانی "کانیماسی" ناسراوە، شەڕی زرگوێز، قەرەداغ، ڕەشبگیری سەدام لە گوندی نازەنین)، گەلێک شەڕ و پێکدادانی تر کە بە داخەوە لە یادم نەماون.

 داستانی سماقوڵی
لە کۆتاییەکانی مانگی شەشی ساڵی ١٩٨٧دا، "سوپای عیراق" و "هێزی جاش"ی کوردی  خۆفرۆش، هێرشیان هێنا بۆ سەر مەڵبەندی سێ و ناوچەکانی "دۆڵی سماقوڵی". لە بەرواری  ٣٠/٦/١٩٨٧، دا شەڕ لە نێوان پێشمەرگە" و "سوپای عیراقی و جاش" روویدا. لە ئەنجامدا چەند پێشمەرگەیەک شەهید بوون، یەکێک  لەوانە "سەردار سەعید سۆفی"، فەرماندەی کەرت لە تیپی مەڵبەندی سێ، لە چیای کێشکە لە دەربەندی گۆمەسپان شەهید بوو. لە بەرواری ٥ی ئەیلولی لە ساڵی ١٩٨٧ دا دووبارە هێزێکی زۆر کە پێکهاتبوو لە سوپای عیراقی و هێزی کوردیی خۆفڕۆش "جاش"، هێرشیان هێنا بۆ "دۆڵی سماقوڵی" و لە شەڕێکی بێ وێنەدا کە ١١ رۆژی خایاند، هێزی پێشمەرگە سەرکەوتنی بە دەستهێنا یەکێک لە شەهیدەکان جێگری فەرماندەی تیپی ٨٧ی قەرەچوغ بوو بە ناوی شەهید "دەشتی موهەندیس".
هاوینی ساڵی ١٩٨٦ بۆ یەکەم جار شەهید "سەردار"م ناسی، میوانی بارەگای ڕادیۆ بوو لە شوێنی هاوینەی ژێر دار گوێزەکانی گوندی "بەرگەڵوو"، دوای لێدانی خۆفرۆش "برایم زەنگەنە"ی پارێزگاری شاری هەولێر بە چەند مانگێک. ئەو چالاکییە هاندەر بوو کە پێمخۆش بوو ئەو پێشمەرگەیە ببینم و بناسم کە ئەو چالاکییەی ئەنجام دا بوو. شەهید سەردار، گەنجێکی باڵا بەرز، لاواز، گەنم پێست، دەموچاوێکی درشتی هەبوو، گەنجێکی خوێنگەرم، چاونەترس، ئازا، دڵسۆز و لە بیرکردنەوەیا سادە بوو. لە یەکەم دیتنی شەهید سەردار، بۆم دەرکەوت کە لەو جۆرە پێشمەرگانەیە کە هەوڵدەدا بە پەلە و بەبێ باکی هەڵمەت بەرێت.  
"شەهید سەردار سەعید سۆفی، لە دایکبووی ساڵی ١٩٦٤ی شاری هەولێر، لە ساڵی ١٩٨٠ دا پەیوەندی بە رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەران کرد، لە ساڵی ١٩٨٣ دا بوو بە پێشمەرگە، لە بەرواری ١٩/٣/١٩٨٦دا لەگەڵ دوو هاورێی تری پێشمەرگە (بەختیار جەمیل مستەفا کاوانی، ئەیوب یوسف سەعید) لە نێو جەرگەی شاری هەولێر هێڕشیان کردە سەر کاروانی پارێزگاری هەولێر، خۆفرۆش "برایم زەنگەنە" و برینداریان کرد. لە تۆڵەی ئەوەدا حکومەتی بەعس لە ٢٧/٣/١٩٨٦دا چوار گەنجی دەستگیر کرد، لە ناوەڕاستی شاری هەولێر لە "فلکەی زەعیم" بە بەرچاوی خەڵک گوللەبارانی کردن کە بریتیبوون لە( عەبدولرزاق کەمال، عەلی مەحمەد، مەغدید ئەسعەد و یاسین مەحمود".
-----------------------
زنجیرەی (٦٣)

گەڕانەوەی نەوشێروان لە ئەوروپا و دووبارە بۆردومانی کیمیاوی!
لە ٢٦/١١/١٩٨٦دا بە رێگەی ئیران نەوشێروان مستەفا ئەمین سکرتێری "کۆمەڵەی رەنجدەران"، بۆ چارەسەری نەخۆشی "پشت"، رووی لە ئەوروپا کرد! یەکێک لە وڵاتانەی کە سەردانی کرد لە گەشتەکەیدا "ئەڵمانیا" بوو. ئیبراهیم جەلال لە پەرتوکی "چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە، لاپەڕە٤٧٦دا دەنووسێت" ٣/٥/١٩٨٧دا، د.کەمال فوئاد بە دواماندا هات و سەعات هەشتی شەو لەگەڵ خۆی بردینی بۆ بەرلینی رۆژئاوا، کە هەموو سنوورەکانیان (٢٠) مەتر نەفەق بوو، لەوێ نەوشێروان و سەلاح ڕەشید لە قاوەخانەیەک چاوەرێیان دەکردین، پاش ئەوەی دێکۆمینتەکانم دا بە نەوشێروان". 
نەوشێروان، لە ئەوروپا چەند چاوپێکەوتنێکی کرد بوو و پێش گەشەتەکەی سەرکردایەتی لێدانی بیرە نەوتەکانی شاری کەرکوکی کرد بوو. لە سەرەتادا نەوشێروان، بیرۆکەی لێدانی بیرە نەوتەکانی کەرکوکی تەنیا لای هاورێکانی خۆی، لە کۆبونەوە داخراوەکانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی دا تاوتوێ کردبوو. بەڵام پێش ئەنجامدانی چالاکییەکە، ئەو نهێنیە لە نێو زۆرانێک لە هێزی پێشمەرگە، بە تایبەتی لە بەشی ڕاگەیاندنی یەکێتی و دامودەزگای بەعس بڵاوببووەوە! بێ گومان ئەوانەی بەشداری ئەو کۆبوونەوە داخراوانەیان دەکرد، دزەیان بەو هەواڵ و زانیارییانە کردبوو، هۆکاری ئەوەش دەگەڕایەوە بۆ سێ هۆی سەرەکی،
 
یەکەم، سەرانی ینک و کۆمەڵەی رەنجدەران، وەک ئەمڕۆ ئاسا، گرفتیان هەبوو لە نێوان خۆیان، نەگونجاو بوون لە سەر دەسەڵات و پارە، ئەمە هۆکاری ئەوە بوو کە بۆ لێدانی یەکتری نهێنییان دەدرکاند.
دووەم، نهێنیەکان لە رێگەی ئەو کەسانە دزەیان دەکرد کە لە سەرانی پارتەکان نزیک بوون بە مەبەستی خۆهەڵکێشان.
سێیەم، دوای ڕاپەڕین و کۆڕەوەی بەهاری ساڵی ١٩٩١، زۆرانێک لە سەرانی یەکێتی دەرکەوت پەیوەندییان بە رژێمی بەعس هەبوو، ئەوانە وەک ئەمڕۆ ئاسا جێگە متمانە بوون، زانیاریی ژوورە داخراوەکانیان لا بوو! 
 رژێمی سەدام، دوای گەڕانەوەی "نەوشێروان"، لە ئابی ساڵی ١٩٨٧دا دەستی کرد بە بۆردومانی فرۆکە، تۆپ باران و کیمیابارانی دۆڵی جافەتی، بە تایبەتی بارەگای "نەوشێروان و رادیۆ" لە "بەرگەڵوو". ئەو کات بارەگای "نەوشێروان" لە قەد پاڵی شاخی "تاشەلوشە" بوو، لە نێو دۆڵی نێوان گوندی "بەرگەڵوو و سەرگەڵوو". کاتێک کە کیمیاباران کراین، سەرانی یەکێتی پێیان وابوو کە ئەو شوێنە دۆڵێکی داخراوە، بۆردومانی کیمیاوی زیاتر کاری لێدەکات، ئەمە هۆکاری ئەوە بوو کە "نەوشێروان"، هات بۆ بارەگای "رادیۆ"، لە نێو پێشمەرگەکانی بارەگای رادیۆ تەنیا من چووم بۆ بەخێرهاتن کردنی! 
کیمیابارانی ئەو جارە، خەستتر بوو لە کیمیابارانی ١٤/٤/١٩٨٧. پێشوەخت جلوبەرگی خۆپاراستن لە کیمیاوی بەسەر پێشمەرگەکانی بەشی راگەیاندن دابەش کرابوو. جلەکە بریتی بوو لە " بەدلەیەکی سەرتاسەری وەک مشەمبا، رەنگی نیلی، قیناع و لەپێش دەمولوتی شوێنێکی هەبوو بۆ هەناسەدان". زۆربەی پێشمەرگەکانی رادیۆ ئەو جلەیان پۆشی، بەڵام من دڵم نەهات ئەو جلە بپۆشم! بەهۆی ئەوەی، خەڵکی لادێکان وەک ئێمە لە ژێر بۆردوماندا بوون و ئەو جۆرە جلەیان نەبوو. هەروها "هێما"ش ئەو جۆرە جلەی نەبوو. گوتم "مەحاڵە ئەو جلە بپۆشم و خۆم بپارێزم! من نە لە خەڵکی لادێ و نە لە کوڕەکەم زیاتر نیم"! 
"هێما" نێو بارەگای رادیۆ
سروشتی گازی کیمیاوی قورسە و دادەبەزێتە خوارەوە بۆ نێو سەنگەر و ئەشکەوت، بەو هۆیەوە پەنامان بۆ سەنگەر نەبرد. ئەو کات "هێما" تەمەنی ببوو بە پێنج یان شەش مانگ. ‌"هێما" خەریکی "گغە گغ" بوو، کاتێک کە بە خاولیەکی تەڕ پێچامەوە و سەرم داپۆشی، لەگەڵ (سەربەست قەڵادزەیی و "جوان"ی خێزانی، ئازاد چالاک و چەند پێشمەرگەیەکی تر) بە شاخەکەی پشتەوەی رادیۆ سەرکەوتین.  لە کاتی سەرکەوتنمان "‌هێما" دەنگی نەما! وام هەست کرد "هێما" لە باوەشم "مرد"! لە تاوان دەستم کرد بە "گریان"! کاتێک کە لەسەر شاخ لەگەڵ پێشمەرگەکان دانیشتین و خاولیەکەم لەسەر دەموچاوی "هێما" هەڵدایەوە، ئینجا زانیم کە "هێما" زیندوە، بەڵام چۆتە خەوێکی قوڵەوە! بە درێژای ژیانی پێشمەرگایەتی، یەکەم جارم بوو لە بەردەم پێشمەرگە کۆنتڕۆڵ لە دەست بدەم و دەست بە "گریان" بکەم، ئەمە هۆکاری ئەوەبوو کە پێشمەرگەکان حەپەسان!
بۆردومان تەواو بوو، لە سەر شاخ هاتینە خوارەوە، هەواڵ هات: چوار پێشمەرگە کە میوانی بارەگای "نەوشێروان" بوون بە خەستی بریندار بوون. هەواڵی ناخۆش و دونیایەکی مردوو، ئاسمانێکی تاریک و روون، بۆنی باروت و سیر بە هەودا بڵاو ببووەوە، بە سەدان باڵندە بە مردووی لەسەر زەوی کەوتبوو. لاشەی چەند ئاژەڵێکم لەو ناوە کەوتە بەرچاو، گەڵای دارەکان ڕەش هەڵگەرا بوون، کیمیاباران کاری لە "ئاو"ی خواردنەوە و هەموو خواردنەکان کردبوو، تا دەگات بە مێوەی دارەکان و بە قوتوو شیرەکانی "هێما"! ئەوجا نیگەرانی ئەوەم لا درووست بوو کە ئەگەری ئەوە هەیە کە "هێما" لە برسان بمرێت! لەو سات و کاتەدا، بۆم دەرکەوت کە دایکایەتی، مانای چی دەگەیەنێت!
لە سروشت دا  مرۆڤ "هەست" لە ناخیدا لەگەڵی لە دایک دەبێ، بە خۆرستی ئاکتیق دەبێ و بە سروشتی کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر بە رووداوێکی دیاریکراو کە کاری تێبکات. جۆری کاردانەوەکە وابەستەیە بە جۆری رووداوە دیاریکراوەکە. کاردانەوەی "هەست" وەک گریان، ترسان، هەستی ناسک، بە دەرخستنی ئازار، نیگەرانی، شڵەژان، رووخان و لاوازی باری دەروونی لە ژێر هەر بارودۆخێکدا بووایە، لە "کولتووری پێشمەرگە" دا و لە دونیای توند و زبری ژیانی پێشمەرگایەتی دا شوێنی نەبوو. پێشمەرگە هەموو کاتێک دەبوایە "بەهێز" بێت یان خۆی "بەهێز" دەربخات لە ژێر هەر بارودۆخێکدا بوایە! بەڵام گریانم بۆ "هێما" کاتێک کە هەستم کرد رەنگە "مرد" بێت، ئەو "هەستە مرۆڤایەتییە و دایکایەتییە" لە هەموو شتێک بەهێز تر بوو، بەهێز تر لە "کولتووری پێشمەرگایەتی"، کە هەرگیز نەمتوانی بەرەنگاری ببمەوە و بەربەست دروست بکەم لە بەردەم"فرمێسک" کانم و هەڵیاننەڕێژم!
لەو سات و کاتانەدا، بیرم لەو دایکانە کردەوە کە کوڕەکانیان شەهید دەبن، یان کات و رۆژی لە سێداردانی کوڕەکانیان دیاریکراوە و دەزانن کەیە! دەبێ ئەو دایکانە چ جۆرە ئازارێک بچێژن و چۆن رووبەرووی ئەو رووداوە جەرگبڕە ببنەوە!؟ لە سێبەری شاخ دا، گەلێک هاورێی ئازیز و خۆشەویستی پێشمەرگەم هەبوون کە بە داخەوە زۆربەیان لە تەمەنێکی گەنج دا شەهید بوون، پێش دایک و باوکیان ماڵئاوایان کرد لە ژیان، خەم و ئازارێکی زۆریان بۆ دایک و باوکیان بەجێهێشت! روویداوە لە نێو خێزانێکدا چەند کوڕێکیان شەهید بووە، وەکو شەهید "مەغدید تەلەلخێمی" و براکەی، شەهید "سەمەد ئیبراهیم تەلەلخێمی"!
"شەهید مەغدید ئیبراهیم عومەر ئیبراهیم، لە دایکبووی ساڵی ١٩٥٧ی گوندی تەلەلخێم، کوڕێکی باڵا بەرزی بەخۆوە، سوورەیگەنم رەنگ، بکالۆریۆس لە بەشی کارگێریی و ئابووریی، ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەران، لە ساڵی ١٩٨١دا بوو بە پێشمەرگە لە کەرتی پارێزگاری رادیۆ، بەشداری گەلێک شەڕی کرد وەکو شەڕی سێکانیان و دەیان نەبەردی تر، لە ٦/٨/١٩٨٥دا لە گوندی تەلەلخێم شەهید بوو".
شەهید "مەغدید"م لە ساڵی ١٩٨٢ دا لە گوندی "توژەڵە" ناسی بە رێگەی "رێبوار"ی هاوسەرم کە هاورێیەکی نزیکی بوو. مەغدید، پێشمەرگەیەکی قسە خۆش بوو، نوکتەی زۆری لا بوو، بڕوای تەواوی بە دۆزی ڕەوای میللەتەکەی هەبوو، مرۆڤێکی ماندوونەناس و دڵسۆز بوو بۆ بیروباوەر و پێشمەرگایەتی. لە ساڵی ١٩٨٢ دا یەکێتی توانای چەکدار کردنی هەموو پێشمەرگەیەکی نەبوو، ئەو کات پارتێکی ئیسلامیی دروست ببوو سەر بە ئیران، لە رووی ئابووریەوە کێشەیان نەبوو، چەکیان زۆر بوو و پارەیان زۆر بوو.  پێشمەرگەی یەکێتی فێرببوون بۆ هەفتەیەک دەچوون بۆ نێویان تا چەکێکیان دەست دەکەوت، دواتر دەگەڕانەوە. 
پێشمەرگە "مەغدید"، بۆ ئەوەی خۆی چەکدار بکات، هات بۆ ناوچەکانی سەرکردایەتی بەو مەبەستەی بچێت بۆ نێو ئیسلامییەکان و دواتر بە چەکەوە بگەرێتەوە. پێش سەفەرەکەی لە بارەگای رادیۆ دوو رۆژ بە میوانی مایەوە، دواتر چوو بۆ نێو ئیسلامییکان و چەکێکی وەرگرت. لە گەڕانەوەیدا دووبارە لە زستانی ساڵی ١٩٨٢دا بوو بە میوانی ئێمە لە گوندی "توژەڵە" و ئینجا بەرەو دەشتی هەولێر بەرێکەوت. 
دوو برا، "مەغدید و سەمەد"، پێشمەرگە بوون لە دەشتی هەولێر. لە مانگی هەشتی ساڵی ١٩٨٥دا بە مەبەستی دیدەنیی دەنێرن بە دوای "دایک"یان لە گوندی "تەلەلخێم". جاشەکانی "سەید قەهار" دەوری گوندی تەلەلخێم دەگرن و دەبێت بە شەڕ و پێکدادان. لە ئەنجامدا پێشمەرگە "مەغدید" شەهید دەبێ. پێشمەرگە "سەمەد" بە برینداری جاشەکان دەستگیری دەکەن و تەسلیم بە سوپای عیراقی دەکەن! لە بەرواری ١٢/١٠/١٩٨٦دا لە زیندانی "ئەبوغرێب"، پێشمەرگەی دیل "سەمەد" لە لە لایەن رژێمی بەعس لە  سێدارە درا!
شەهید مەغدید و بەکرە قیت
دایکێک بێنە بەر چاوی خۆت، بە هیوای دیدەنیی کوڕەکانی ڕێیەکی پڕ لە مەترسی و دووری بڕیبێ و بەسەر کارەساتێکی وادا کەوتبێت: کوڕێکی شەهید و ئەوی دیکەی بە برینداری کەوتبێتە بەر چنگوڕکی زاڵم. دواتریش، ئاخۆ دەبێت ئەو دایکە چۆن ژیانی بەسەر بردبێت؟ چی کردبێت؟ لەبەردەمی چەند کەسدا کڕووزابێتەوە و ڕۆژگار  چۆنی هەڵپڕووکاندبێت؟ تۆ بڵێی. بۆ تاکە ساتێکیش بێ، دڵدانەوە و سەرەخۆشی و پەنادانێکی ئەم و ئەو ئاگری کوورەی دڵی دامرکاندبێ؟ نازانم!

تێبینی:
یەکەم: سوپاسی هاورێ (......) کە وەک  برایەکی دڵسۆز بە خۆبەخشی رێنمایی زمانەوانییم  دەکا.  
دووەم: زۆر سوپاسی کاک "دەرسیم دیبەگە" ی دەکەم بۆ هاوکاری کە نووسەری پەرتوکی "پلانی شکاندنی بەشی سێدارەی زیندانی موسڵ"، پەرتووکێکی ئەلکترۆنییەو لە ڕۆژی ١ی ٦ی ٢٠١٧دا بڵاوکراوەتەوە"، پەرتوکی "ئازارە شاردراوەکان". هەروها سوپای کاک "ئومێد عیسا" دەکەم بۆ هاوکاری. 
سێیەم: دەقی دوو بروسکەکەی تالەبانی و بارزانی لە کتێبی (چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە ل .٤٩٠/٤٩١)ی برایم جەلال وەرگیراوە.
چوارەم: بڕیارم داوە هەرچی لە بیرەوەرییەکانی شاخ دا کە تا ئێستا لە یادم ماوە، لە چەند زنجیرەیەک بیانووسم، تەنیا لە سەکۆی ئازاد بڵاویان بکەمەوە کە ئەویش "کوردستانپۆست".




(دەنگدراوە: 25 . زۆرباشە: 4.5/5)