نەفرەت لەو دەوڵەتە بێت کە تۆ دەتەوێت لەژێر پەرچەمەکەیدا بمریت

Thursday, 22/06/2017, 1:41

3904 بینراوە


گوێ لەو ڤیدیۆیە بگرە و بزانە، سەرۆکی زاکۆکەی مەسعود بارزانیی چەند زیرەک و لەبلەبانە،  لێرەشەوە دەزانیین ئەو دەوڵەتەکەشی چۆن دەبێت؟
----------------------

قەزم و گرگن دوو پێناسەن، "ولهیلم رایش" بەرامبەر بە هێتلەر بەکاری هێناوە، لەبەر ئەوەی دەسەڵات و خواستەکانی جەنگی جیهانی دووی پێ ئەنجام دا.بۆیە منیش بەڕەوای دەزانم ئەم دوو ووشەیە بۆ سەرانی کورد، بەتایبەتی مەسعود و جەلال بەکاربهێنم.مەبەست لە قەزم و گرگن فۆڕم، سیمای ئەو کەسانە نییە بەڵکو مەبەست لە ڕۆحی گرگن و قەزمی ئەوانە، بەتایبەت ئەوانەی دەبن بە بەڵا بەسەر مرۆڤایەتیی و بەسەر گەلەکانیانەوە.
 ٢٧ساڵە قەزمێک و گرگنێک نیشتمان و گەلێکیان بە خۆیانەوە هەتک کردوە، چونکە خۆیان لەهەموو جێگەیەک هەتک کراون قەزمێک زۆربەی خەڵک دەیانەوێت لەسەر کورسییەکەی لابچێت، دەری دەکەن، لێ ئەو دەچێتەوە سەری، گرگنەکەش کە دوا ویستگەی تەمەنێتی وەک "کلاون" دەمی داچەقاندوە، بنەماڵەکەی وا دەریدەخەن، گوایە دەخەنێ، کوڕ و خزم و خوێشەکانیشی خۆیانی پێوە بادەدەن.
ئەو قەزمە کە جامانەیەکی سووری لە سەری پێچاوە، داوای ڕیفراندۆم دەکات، لە کاتێکدایە سامان و نەوتی نیشتیمانەکەی داوەتە دەست داگیرکەرەکەی، پارەی لە بانکەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە داناوە، موچە نادات بە فەرمانبەرەکانی.تا خەڵکەکەی لە برسا بکوژێت، چەندین نووسەری خوێڕیش هەن، دەڵێت ئەوەی دژی بڕیارەکەی کاک مەسعود بێت، دژی ئازادییە، نووسەریش هەیە هەر لە ئیستاوە دەڵێت وێنەکەی لە چوارچێوەی ئاڵتون دەگرم، لە دەوری پەیامەکەی خۆی دەگێڕێت، هونەرمندی سەقەت و سقوتیشمان هەیە، دەڵێت من پارتی و یەکێتی ئازاریان داوم، بەڵام لەبەر ئەوەی کوردم و کوردستانییم، لە ناخەوە ئەو قەزمەم خۆش گەرەکە، چونکە پەیامی رزگاری پێیە، لەم نووسەر و هونەرمانەدانە زۆرن، کە بە باڵای ئەو گرگنەدا هەڵدەدەن، بۆ فریشتەکانی رۆژئاواش بە ئارەزوو و بە حەبی ڤیاگراوە و خەویان پێوە دەبینن! ئیتر چاوی موچەخۆر و خەڵکە برسییەکانیش دەرچێت، با پارووی ریفراندۆم بکەن بە قوڕگیاندا!.
سەربەخۆیی ئەوکاتە دێتەدی، کە لە ئێوە ڕزگارمان بێت
 ئەوەی سەرەوە هی کەسێکی بەڕێزە بە ناوی شوان حەسەن، کە لە فەیسبوکدا دایناوە، ئەوە سەرنجی منی راکێشا، بەڕاستی مرۆڤ شەرم دەکات، کە ئێمە لەسەردەمێکدا ژیان دەکەین کە درۆزن و نەخۆشێکی وەک مەسعود دەسەڵاتداربێت، من دەوڵەتم بۆ چییە کە گەلەکەم تاک بەتاکی تێک شکابێت و کەرامەت چوبێتە قاتی؟ با جارێکی دیکە روو بکەمەوە ئەو دوو کەسەی کە ناوم هێناون، ئایا ئێوە لە مانای کەرامەت دەگەن!؟ دەزانن کەرامەتی مرۆڤ زۆر لەوە گرنگترە کە کەسێکی بێ کەرامەتی وەکو مەسعود چی بەو میللەتە کردووە!
 لەسایەی ئێوەی حاکمدا ژن کوشتن بوە کەلتور و وەک ماری ئەفسانەکە لەگەردنمان ئاڵا، کۆچ بوە پیشەمان و ماسێکانی ئیجە تێریان خوارد لەلاشيکانمان، خۆفرۆشی چۆناتە ناخی تاک بەتاکمانەوە، لەسایەتاندا درۆ بۆتە پیشيی گەلێک بێهەڵوێستی ترسنۆکی خۆپەرستی لەخوێنماندا دەگەڕێت.
 دەوڵەتتان نییە دنیاتان لێکردووین بەکامێراو مزگەوت و یاساکانی شەریعەتمان پێ لەبەر دەکەن، ئەوەتانێ تا دوێنێ عەبدول لەتیفی ژن فریودەر دەیووت: ئێمە حەقمان بەسیاسەتەوە نییە و دەنگدان حەرامە٫ کەچی بۆ دەنگدان بۆ ریفراندۆم رووی ڕاستەقینەی خۆی دەرخست و پشگیری هەمان تەیار دەکات کە شێخەکانی سعودیە ڕەوتی سەلەفین و دۆستی پیاوە قەزمەکەن دەڵێت :" هەرکەسێک پشگیری گشتپرسی نەکات کوردی ڕەسەن نییە " ئەمانە وادەزانن هەر کەسێک بەرگێکی کوردی لەبەر کرد و بەکوردییەکی تێکشکاو قسەی کرد وەک سەرۆکە قەزمەکەی ئیتر کوردە.
 مەسعود دەیەوێت دەوڵەت دروست بکات، بەڵام ڕقی دنیای لە خەڵکەکەیەتی، ئەم چیرۆکە ڕاستەقینەیە هاوڕیەکی خێڵی مزوریم هەیە ناوی "کاوە" یە ساڵی ١٩٨٧ کاتێک یەکێتی هێزی نارد بۆ بادینان پارتی زۆر ترسی لەوەبوو کە یەکێتی خەڵک دروست بکات لەو ناوچەیە بۆیە مەسعودیش لە ڕێگەی گەڤەڕەوە بە حیمایەی جەندرمەی تورک بەئۆتۆمۆبیل سەردانێکی ناوچەی بادینان دەکات بەخۆی و هێزێک لە ڕاژانەوە، کاوەش بەبۆنەی باوکێوە خۆی ووتەنی لەگەڵ ماڵی شێخدا ئاوێزانی یەکتر بوون و گولامیانن.
 بەیانیەک مەسعود کاوە دەبینێت لەگوندی "نێروێ" بانگی دەکات بە باهدینی پێی دەڵێت :" تۆ فەدی ناکەیت شتوکەکەت وەک سۆرا بەستوە؟" تۆ شەرم ناکەیت کە پشتێنەکەت وەک سۆرانێکان بەستوە ؟ ئەمە هزری ئەم پیاوەیە کە دەیەوێت ریفراندۆم بکات بۆ ئازادی.
 بۆیە نەفرەت لەو خەوەت دەکەم کە خەوێکی زڕەو محاڵە بێتەدی.
ڕایش جوان دەڵێت :"تۆ تڕیت و پێت وایە بۆنی وەنەوشەت لێدێت ؟".
 تۆ هێندە بێغیرەتی ناتوانی لەماڵەداگیرکراوەکەت بێتەدەرەوە سەردانێکی شارو گوندەکان بکەیت، لەچایخانەیەک چایەک زەهرکەیت، گوێ لەئازاری خەڵک بگریت، داواشمان لێدەکەیت دەنگ بدەین بەبەڵێ بۆ ئەوەی تۆ لەسەر کورسی دەسەڵات بمێنیتەوەو وەک ماڵەباتی شێخەکانی سعودیە بۆ هەتا هەتایە جەهەندەمێکمان بۆ بنیات بنێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە