بایکۆتی ریفراندۆم و هەڵبژاردن ئەرکێکی نیشتیمانییە

Wednesday, 05/07/2017, 20:55

3474 بینراوە


کێ هەیە دەوڵەت و سەربەخۆیی نەوێت، ئەو دوو شتەی سەرگردەکان خۆیان گەرەنتین بۆ ئەوەی نەمانبن
- پرس بۆ ریفراندۆم دەوڵەت نییە. متمانەیە بە حیزبەکان، بمێننەوە یان چۆڵی کەن؟
- ناکرێت دەستێک پەنجەیەکی رەحمان بێت و پەنچەکانی تری شەیتان
- رێگای وڵاتپارێزیی لە دەرەوەی پارتەکانە
------------------------------
سەرانی پارتەکان کە بەرهەمی مێژوویەکن، لە رابوردودا بە ناوی کوردایەتیی، مارکسیی/لینینیی، دیموکراتیی و سەربەخۆییەوە خەڵکی کوردستانیان بەکار هێناوە. لە ئێستاشدا کاتێک راستییان وەکو "بازرگانی جەنگ" دەرکەوتووە، هەر جارەی پەنا دەبەن بۆ بابەتێک بۆ راپێچکردنی جەماوەر بۆ دەنگدان و هەڵبژاردن. هەر کاتێک کە دەهۆڵەکە دەدڕێت بە درۆیەکی تر پینە دەکرێتەوە.
هەروەکو چۆن لە وڵاتانی پێشکەوتودا خاشاک سودی لێ وەردەگیرێتەوە، ئاواش پیسخۆریی و خراپەکاریی دەستەڵاتداران لە دوای ساڵی (٢٠٠٩)ەوە بەکارهاتەوە بۆ تازەکردنەوەی دەستەڵاتی پارتەکان. جەماوەری باشور کە متمانەی بە سەرگردەکان نەمابوو بە دەهۆڵی رەخنەو دژی دز راپێچکرانەوە بۆ بەردەمی سندوقی دەنگدان. بەمەش جەماوەر ملکەچیی خۆی تازە کردەوە بۆ ئەو دەستەڵاتەی کە خۆی بە دەستییەوە دەناڵێنێت. لە ژێر ناوی خەباتی مەدەنیی و چاکسازییدا لە رێگای هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدانەوە هیوایان بەخشییەوە بە میللەت. لای هەموو کەسێکیش رونە نە مەسعود بارزانی نە هیچ خاوەن پارت و گردێکی تر بەم دەنگ و هەڵبژاردنانە دەست لە سامان و دەستەڵات هەڵناگرێت. تەنانەت ئەگەر بشخەڵەفێن یان قونیشیان کورسی نەگرێت. بۆیە دەنگدان لە ژێر سایەی دەستەڵاتی ئەم پارتانەدا کە پێنج پەنجەی یەک دەستن، تەنها تازەکردنەوەی ملکەچیی و بێڕێزییە بە میللەت. ئەمە بۆ کەسێک کە خۆی لە بەرەی دزان نەبێت یان بە دوای بچوکییدا نەگەڕێت. ئەگینا دەنگ بەتاڵە هیچ لە کێشەکە ناگۆڕێت. کورسی و دەستەڵات لە پێشەوە بەش کراون. دایان ناوە کێ دەربچێت و کێش بۆ پڕکردنەوەی لیستەی بێت.
ریفراندۆم
ساڵ دوای ساڵ تەکنیک پێش دەکەوێت. ئایفۆنی شەش جێگای ئایفۆنی پێنج دەگرێتەوە. داهێناێکی زانستیی نوێ ئەوەی پێشو کۆن دەکات. لای ئێمەش لەسەر هەمان هێڵ دەڕوات. بەڵام لە وڵاتێک کە مەڕمیللەت راگری دز بێت داهێنانەکان درۆی تازەن. بە خۆڕایی نییە سیاسەت لای ئێمە واتە درۆ. ئەی ئەگەر سیاسەت پرەنسیپ بێت چۆن پیاوچاکێک لەگەڵ دزێکدا یەک دەگرێت؟ چۆن ئەندامی حیزب بۆ هەموو دەهۆڵێک هەڵدەپەڕێت؟ چۆن ئەندام هەم بۆ رەش هەم بۆ سپی دەست ئەدات بە سنگا.
دەوڵەت و سەربەخۆیی مۆدێلی نوێی درۆو یاریکردنە بە ئەقڵی خەڵک. تازەترین پینەی دەهۆڵە دڕاوەکەیە. ئەگینا کێ هەیە دەوڵەتی کوردیی و سەربەخۆیی نەوێت؟ بەڵام دزو دەوڵەت مەڕو فڕین.
ئەم یاریکردنە بە میللەت لە کەرکوک بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەستی پێ کرد. خۆیان و مامۆستاکانیان کورد دەناسن لاوازە لە پێوانەو هوشیارییدا، زیاتر بە مەزاج و دڵ دەجوڵیت. بێ حساب بە یەکێکدا هەڵ دەدات. بە هەمان شێوە دژ دەوەستێت. نە چەپڵەی نە هوهای جێگای متمانە نییە. چونکە لەسەر مەزاجە. مەزاجیش بەردەوام دەگۆڕێت.
ریفراندۆم بۆ چی؟
لای کورد خۆی وا پیشان دەدرێت کە ریفراندۆم بۆ دەوڵەت و سەربەخۆییە. بێگانەش دڵنیا دەکەن کە ئەو بەشەی توێکڵە. لە راستییدا ریفراندۆم ئامرازێکە بۆ فشارخستنە سەر خەڵک بۆ دەنگدان. ئێستا کە جەماوەری باشور هیچ شتێک نییە خۆی پێ بخەڵەتێنێت بۆ دەنگدان، سەربەخۆیی و دەوڵەتیان خستۆتە بەردەم. ئەگەر دەنگ نەدەیت دژی کوردیت. دژی سەربەخۆییت.
لە رێگای ریفراندۆمەوە سەرگردەکان خۆیان لە پشت میللەتەوە دەشارنەوە. پرسی دەستەڵات، دۆلارو کۆمپانیا بۆیاخ دەکەن بە کێشەی نەتەوەو میللەت. هێزی خۆیان بەرامبەر بە هەڕەشەی نەیارانیان پیشان دەدەن. بازرگانیی بە متمانەی میللەتەوە دەکەن. لە هەمووی گرنگتر، لە رێگای ریفراندۆم و هەڵبژاردنەوە میللەت سەرلەنوێ ملکەچیی تازە دەکاتەوەو ئیتر ناتوانێت رێگای چارەسەر بگرێت. ئەوەی دەچێت بۆ دەنگدان ئەڵقەیەکی نادیار دەکاتە لوتی خۆی و با ئیتر قسە بە دەستەڵات نەڵێت موچەی نادەنێ، دزیی دەکرێت، قوتابخانەو خەستەخانە وێران دەبن، کارەبا، ئیش و بازاڕ نین.
خەڵک چی بکات باشە؟
پارتەکان و سیستێمەکەیان هەموو هێڵێکیان بەزاندووە. ناکرێت دەستێک پەنجەیەکی رەحمان بێت و پەنجەکانی تری شەیتان. کێشە ئەوە نییە کە دەنگ بۆ کام حیزب ئەدەیت. بەڵکو ئەوەیە کە دەبێت هەڵوێست لە هەمووی بگیرێت. لە ئێستادا ریفراندۆمێک کە مانای تیادا هەبێت ئەوەیە کە دەبێت بکرێت بۆ ئەوەی ئایا پارتەکان و سیستێمی دەستەڵاتدارییەکەیان متمانەیان ماوە یان نا؟
ریفراندۆمی متمانەش دەبێت دەزگایەکی بێ لایەن بیکات و شتی واش ناکرێت. بۆیە لە کردەوەدا بەشداریی یان بایکۆتی هەڵبژاردن و دەنگدان خۆی لە خۆیدا نیشانەیە بۆ متمانەهەبوون یان نەبوون بە پارتەکان. ئەوانەی بە هەر دەهۆڵێک و لە رێگای هەر حیزبێکەوە دەچن بۆ دەنگدان مانای وایە لە کردەوەدا دەریدەخەن کە متمانەشیان بە سیستێمەکەو بە لایەنی کەمەوە پارتێک هەیە. ئەگەر دەستەڵاتداران دز بن مانای وایە دەنگدەرانیش راگری دزن. گەلێک سنور بۆ دەستدرێژیی دەستەڵات دانەنێت شیاوی ئەوەیە بەسەری دێت. پشتیان تێ بکەن!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە