بۆ مێژوو ، 25 ساڵ تێ پەڕى بەسەر تەمەنى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا

Thursday, 06/07/2017, 21:57

2969 بینراوە


یەکەمجارە لە مێژودا کە گەلى کورد ئەو هەلەى بۆ دێتە پێش کە چارەکە سەدەیەک خۆى فەرمان ڕەوایى خۆى بکات ، لە سەدەى ڕابردودا چەند جارێک هەلى ئاوا هاتۆتە پێش ، بەڵام تەمەنیان کورت بوە و چەند ساڵێک زیاترى نەخایاندووە.
لە پاش ڕاپەڕینە مەزنەکەى بەهارى 1991 ى باشورى کوردستان ڕاماڵینى هێزەکانى ڕژێمى بەغدا ، هەموو شارەکانى باشور کەوتە دەست هێزى پێشمەرگەى کوردستان ، بەشارى کەرکوکیشەوە، پاش ساڵێک لەحوکمى بەرەى کوردستانى و پاشان یەکەم هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەبەروارى 19/5/1992 و ئیتر کارکرا بۆ دامەزراندنى کابینەى یەکەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان،  لە بەروارى  5/7/1992 وەزیرەکانى کابینەى یەکەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبەردەم پەرلەمانى کوردستاندا سوێندى یاساییان خوارد.
لە ساڵا نى 1994 بۆ 1997 چوار جەولەى شەڕى ناوخۆ ڕویدا لە نێوان هێزەکانى (ینک و پدک) هاوپەیمانەکانیان ، هەروەها چەند جەولەیەکى شەر لە نێوان (ینک و بزوتنەوەى ئیسلامى)یش ڕویاندا، ئەو جەنگانەش وایانکرد کە هەرێمى کوردستان دابەش ببێت بۆ سێ دەسەڵاتى (هەولێر ، سلێمانى، هەڵەبجە).
ئەمڕۆ تەمەنى حکومەتى هەرێم 25 ساڵ تێدەپەڕێنێت، بۆ مێژوو بزانیین لەم چارەکە سەدەیەدا کەدەکاتە  یۆبلى زیوین، حکومەتى هەرێم چى بەچیکردووە؟؟؟ ئایا ئەزمون لە هەڵەکانى ڕابردوو وەرگیراوە یان بەردەوام هەڵەى گەورەو گەورەتر تۆمار دەکەین و قەیران بە قەیرانێکیتر چارەسەر دەکەین؟؟؟!!!
ئەمە ئەو دەرەنجامەیە کە حکومەتى هەرێمى کوردستانى پێگەشتووە.
- (مسعود بارزانى) لە بەروارى  23-حوزەیرانى  2013 لە لایەن فراکسیۆنى (ینک و پدک) لە پەرلەمانى کوردستانەوە دوو ساڵ ماوەکەى بۆ درێژکرایەوە ، ئیتر لەو کاتەوە سەرۆکى هەرێمە بە بێ هیچ دەنگ پێدان و نوێکردنەوەیەک لە لایەن خەڵک و پەرلەمانەوە لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە، کە پێشتر و لە خولى هەڵبژاردنى 2009 دا بۆ سەرۆکى هەرێم نزیکەى 69% ى دەنگەکانى هێنا.
- حکومەتى هەرێم لە کابینەى هەشتەمیدایە، کە دەبوو لە کابینەى حەوتەمدا بوایە، ئەمە بێجگە لە سەردەمى دووکابینەیى (هەولێر و سلێمانى) لە نێوان ساڵانى 1998 بۆ 2003.
- پەرلەمانى کوردستان لە خولى چوارەمیدایە، کەدەبوو لە خولى حەوتەمیدابوایە.
- حکومەتى هەرێمى کوردستان چەندمانگ جارێک کۆدەبێتەوە.
- چوار وەزیر بزوتنەوەى گۆڕان نزیکەى دوو ساڵە نێردراونەتەوە بۆ ماڵەوە و پۆستەکانیان بەوەکالەت بەڕێوە دەچێت ، ئەوانیش وەزارەتەکانى( پێشمەرگە و دارایى و بازرگانى و ئەوقاف) لەگەڵ دوو دەستەدا.
- نزیکەى دوو ساڵە پەرلەمانى کوردستان پەکى خراوە، لەلایەن پارتیەوە.
- لە ساڵى 2015 وە شارى سلێمانى سێ پارێزگارى گۆڕیوە و ئێستەش پارێزگارەکەى بەوەکالەتە.
- لەساڵى 2014  بڕیارى بە پارێزگا بونى هەڵەبجە لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە دەرچووە، بەڵام تا ئەمڕۆ بەهۆى ناکۆکى نێوان (ینک و گۆڕان و پدک ) لەسەر سێ پۆست ، بڕیارەکە کارى پێناکرێت.
- هێشتا هێزى پێشمەرگەى کوردستان بەکردارى یەکى نەگرتۆتەوە.
- بانکەکانى هەریمى کوردستان هیچ سیولەیەکى نەقدیان تێدا نەماوە.
- نزیکەى 35 قونسوڵیە و نوێنەرایەتى و نوسینگەى وڵاتان لە هەرێم بونیان هەیە.
- حکومەتى هەرێم تا کۆتایى ساڵى 2016 نزیکەى 30 ترلیۆن دینار قەرزارى کۆمپانیادەرەکى و ناوخۆیى و موچەخۆرانى نێوخۆیە، کە دەکاتە نزیکە 28 ملیار دۆلار، لەگەڵ قەرزى پێشەکى دووملیار دۆلارى کۆمپانیاى (ڕوس نەفت).
- ئەو پێنج حیزبە ى کە کابینەى هەشتى حکومەتیان پێک هێناوە دانویان پێکەوە ناکوڵێت.
- بەپێى لێدوانى وەزارەتى سەرچاوە سروشتیەکان ڕۆژانە 650 هەزار بەرمیل نەوت بەبۆرى هەناردەى دەرەوە دەکرێت..
- لە ئێستادا نرخى بەرمیلێک نەوتى برێنت نزیکە 49 دۆلار و بەرمیلیک نەتى خاوى ئەمریکیش نزیکەى 5/46 دۆلارە. 
- هێشتا جوتیاران پارەى گەنمى ساڵەکانى 2014 و 2015 و 2016 یان بەتەواوەتى وەرنەگرتووە و 2017 هیچى لێ وەرنەگیراوە.
- ساڵى پار حکومەتى مەرکەزى بڕى 900 هەزار تەن گەنمى لە جوتیارانى هەرێم وەرگرتووە ،بە نرخى 700 هەزار دینار بۆ هەر تەنێک گەنمى دەرەجە یەک، کەچى ئەم ساڵ ئامادەیى دەڕبڕیوە کە تەنها 442 و هەزار تەن وەربگرێت و نرخى هەر تەنێکیش بە 560 هەزار دینار، لە کاتێکدا پێشبینى دەکرێت بەرهەمى ئەمساڵى گەنمى جوتیارانى هەرێم بگاتە ملیۆنێک و پێنج سەد هەزار تەن.
- تەنها پارەى گەنمى ساڵەکانى (2014 و 2015 و 2016 ) حکومەتى عێراق نزیکەى 661 ملیار دینار پارەى گەنمى جوتیارانى هەرێمى لایە و نەیداوە.
- حکومەت پارەى موچەى چوار مانگى 2015 بەتەواوەتى و پاشەکەوتەکەى 2016 و پاشەکەوتەکەى 2017 ى نەداوەتەوە بە فەرمانبەران، هیچ بەرنامەیەکیش بۆ دانەوەى نەخراوەتە ڕوو.
- لە ساڵى 2015 و هەموو (تەرفیعات و عەلاوە و موخەێەێات ) ى موچەخۆران ڕاگیراوە ، لەبەر قەیرانى دایى.
- ئێستە کە مانگى حەوتە حکومەت چارەکە موچەى مانگى پێنج دراوەتە موچەخۆران.
- زۆربەى بەروبومى سەوزە و میوە لە دەرەوەى هەێم هاوردە دەکرێت.
- ئێستە کەلە مانگى حەوت داین هاوڵاتیانى سەنتەرى پارێزگاکان هێشتا بەرمیلە نەوتەکەى وەرزى زستانیان وەرنەگرتووە.
- پاش کۆتایى هاتنى پرۆسەى بایۆمەترى بۆ موچەخۆرانى هەرێم ژمارەى موچەخۆران ملیۆنێک و 200 هەزار و 202 کەس خۆى تۆمارکردووە.
- لە پرۆسەى بایۆمەتریەکەدا لە کۆى سەرژمێرى 800 هەزار موچەخۆر نزیکەى 95 هەزار دوو موچەو سێ موچە ئاشکرا کراوە، ئەمە لە کاتێکدا ڕێژەى موچەخۆرانى هەرێم زیاترە لە ملیۆنێک و چوارسەد هەزار .
- تا پاش کۆنترۆڵکردنەوەى شارى موسڵ لەلایەن هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراقەوە زیاترلە 1700 پێشمەرگە شەهید و 9707 پێشمەرگەش بریندا بوبون.
- لە %95 ى خاکى  کوردستانى باشور لە ژێر دەسەڵاتى هێزى پێشمەرگەى کوردستاندایە.
- بڕیارە لە لە بەروارى 25/ 9 ئەم ساڵدا ڕاپرسى بۆ سەربەخۆیى لە هەرێمى کوردستان ئەنجام بدرێت.
- دیسان بڕیارە لە بەروارى 6/11 هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانى کوردستان و سەرۆکى هەرێم ئەنجام بدرێت.
- بەگوێرەى داتاکانى لیژنەى داکۆکى لە مافى ڕۆژنامەنوسان ، لە ساڵى 2008 ەوە تا ئێستە 1250 پێشێل کارى بەرامبەر دەزگاى ئەو ڕۆژنامەنوسانە کراوە کەلە ڕاگەیاندنەکاندا کاردەکەن.
- ئاستى وەبەر هێنان لە هەرێم لە 70% دا دابەزیوە.
- ڕێژەى بێکارى لە کوردستان بۆ 20% بەرز بۆتەوە.
- ڕێژەى بێکارى بۆ کەسانى خاوە بڕوانامەى دیپلۆم و بەکالۆریۆس بۆ 5. 15% بەرز بۆتەوە.
- بە زانکۆ حکومى و ئەهلیەکانەوە خاوەنى شازدە زانکۆین.
- لە ئیًستادا نرخى 100 دۆلارى ئەمریکى بڕى 125 هەزار دینارى عێراقییە.
- لەم کاتەدا بڕى کارەباى نیشتمانى لە 24 کاتژمێردا تەنها 10  کاتژمێر دەدرێتە هاوڵاتیان.
- لە شارێکى وەک سلێمانى لە ماوەى 72 کاتژمێردا تەنها 2 کاتژمێر ئاوى پاکى خواردنەوە دەدرێت بە ماڵان.
- لەبەرامبەى ڕاگەیاندنى هەرێم بۆ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیى ، حکومەتى ئێران سەرچاوەى ئاوى زێى بچوکى گرتۆتەوە لە هەرێم.
- هەروەها پاش ڕاگەیاندنى کاتى ڕیفراندۆم لە هەرێم و ناوچە دابڕاوەکانیش، حکومەتى عێراق بڕیاریدا کە گەنمى جوتیارانى ناوچە جێ ناکۆکەکانیش وەرنەگرێت .
ئەگەر پاش چارەکە سەدەیەک لە فەرمان ڕەواى خۆماڵى ئەوە حاڵ و گوزەرانى خەڵکى بێت و ئاخۆ حاڵمان لەپاش ڕاگەیاندنى دەوڵەتى کوردستان چى بەسەر بێت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە