کوردستانپۆست قوتابخانەیەک بۆ فێربوون، پەروەردەیەک بۆ یاخیبوون


خاوه‌ندارێتی‌ كۆمپانیای‌ وشه‌ له‌نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ “چیا”ی‌ كوڕی‌

Tuesday, 07.11.2017, 9:04

4078 بینراوە


دوای‌ گواستنه‌وه‌ی‌ خاوه‌ندارێتی‌ كۆمپانیای‌ وشه‌و پشكی‌ 15% كارگه‌یه‌كی‌ چیمه‌نتۆ، له‌نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ بۆ چیای‌ كوڕی‌، مه‌حمود ره‌زا هه‌ڵسوراوی‌ گۆڕان ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌پشتیوانی‌ گروپێك ئاماده‌كاری‌ بۆ ئه‌وه‌ بكرێت “چیا” ببێته‌ خاوه‌نی‌ بڕیاری‌ سیاسی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌، ئه‌و ده‌ڵێت “چیا ته‌ماعی‌ ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ ببێت به‌رێكخه‌ری‌ گشتی‌”.
ئاوێنه‌، سلێمانی‌: مه‌حمود ره‌زا، هه‌ڵسوڕاوی‌ گۆڕان‌و ئامۆزای‌ نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند كه‌ له‌دوای‌ كۆچی‌ دوایی‌ نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌، له‌لایه‌ن نه‌یارانی‌ گۆڕانه‌وه‌ پاگه‌نده‌یه‌كی‌ زۆر بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌كرێت، ئه‌و وتی‌ “من به‌هیچ جۆرێك ئه‌و ته‌ماعه‌م له‌چیادا نه‌بینیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێت به‌رێكخه‌ری‌ گشتی‌، خه‌ڵك پڕوپاگه‌نده‌ ده‌كات، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌ی‌ سه‌ر به‌حزبی‌ بنه‌ماڵه‌ن‌و ده‌یانه‌وێ‌‌و زۆریشیان پێخۆشه‌ كه‌ ئێمه‌ش وامان لێبێت”.
وتیشی‌ “هه‌رچه‌نده‌ چیا حه‌قی‌ هه‌یه‌ وه‌كو حه‌ق، چونكه‌ چیاو نماو من‌و هه‌مو یه‌كێك له‌ئێمه‌ بۆمان هه‌یه‌ خۆمان كاندید بكه‌ین بۆ رێكخه‌ری‌ گشتی‌، به‌ڵام چیا ته‌ماعی‌ وای‌ نییه‌”.
ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌دوای‌ گواستنه‌وه‌ی‌ خاوه‌ندارێتی‌ كۆمپانیای‌ وشه‌ له‌نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ بۆ چیای‌ كوڕی‌، كه‌ كۆمپانیاكه‌ خاوه‌نی‌ گرده‌كه‌ی‌ زه‌رگه‌ته‌و كه‌ناڵی‌ KNN‌و چه‌ندین مومته‌له‌كاتی‌ مادی‌ تره‌، باس له‌چڕكردنه‌وه‌ی‌ جۆرێك له‌ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ستی‌ چیادا ده‌كرێت، مه‌حمود ره‌زا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كۆمپانیای‌ وشه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی‌ مه‌عنه‌وی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ مه‌عنه‌وییه‌ ده‌بێت كه‌سایه‌تییه‌كی‌ مادی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ بكات، ئه‌و وتی‌ “كاك نه‌وشیروان دو ساڵه‌ پێشبینی‌ كردوه‌ كه‌ ته‌مه‌نی‌ ئه‌وه‌نده‌ نه‌ماوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌و شتانه‌ شێوازێكی‌ قانونییان بدرێتێ‌، له‌به‌رئه‌وه‌ خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ی‌ گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ چیا”.
زانیاری زیاتر له‌ژماره‌ (584)ی رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ بخوێنه‌ره‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌) بڵاوكرایه‌وه‌ و ئێستا له‌بازاڕه‌كانی هه‌رێمه‌.




(دەنگدراوە: 5 . زۆرباشە: 5/5)