ناوەرۆک و ترسی هەڵوەشاندنەوەی سیستمی سەرەوەی بەڕێوەردنی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بێشک وەک یەکەم پێکهاتە و دامەزراوەو لایەنی حیزبی لە هەرێمەکەدا ، پارتی دیموکرات وسەرۆکەکەی دەخاتە بەردەم شەڕی مانەوەو بەرگریکردن لە هەڵماڵینی رووی چەوت و بەرکەوتنی زۆرینەی کار و بەدکاری سیاسی لە مێژووی پڕ خەباتی گەلی کوردستان و قۆناغی نوێی بنیاتنانەوە و تۆکمەکردنی پرۆسە سیاسیەکەی ئایندەی هەرێم.
هەر بۆیە پاراستن و مانەوە و دەستکاری نەکردنی پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان دەبێتە هیوای مانەوە و مسۆگەرکردنی دەسەڵاتی سیاسی پتەو بۆ پارتی پێشڕەو و سەرکردەی تاک پاڵەوان.!
کە لە ئێستادا پارتی و مەسعود بارزانی پێشڕەوایەتی ئەم بۆ چوونە حیزبی و میرییە دەکەن لە کوردستاندا.
گەر بگەڕێینەوە بۆ چەند ساڵێکی دواوە،پلان و کێشمە کێشی ململانێ و هەوڵەکانی پێشوتری پارتی دیموکراتی کوردستان و خوودی مەسعود بارزانی لە پێناو مانەوە و بەرگریکردنی کورسی دەسەڵات بە ناڕەواێتی .
چەند وێنەیەکی خێرا و کردەی شەرمەزاریمان دێنێتەوە بەر چاو، لە چەشنی شەڕی برا کوژی و ٣١ی ئاب و بازرگانیکردن بەسامانی نیشتیمانی بۆ مانەوەو هەوڵدانی کڕین و بازرگانیکردن بە بڕیار و دەنگی لایەنە بەهێز و کارتۆنیەکانەوە بۆ دروستبونی هاوسۆزی حیزبی لەپێناو دەستەبەرکردنەوەی سێ بارەی پۆستی کورسی سەرۆکی هەرێم .!
هەوڵدان بۆ کڕینی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان و کارکردن بۆ شکستی پێهێنانی پرۆژە یاساییەکانی پەرلەمان و رێگیریکردن و پەکخستنی هەر جۆرە دۆزینەوەیەکی چارەسەر بۆ ڕێکارە یاساییەکانی پەرلەمان و سەرخستنی یاسای سەرۆکایەتی و دەستوری هەرێم ، کارکردن بە هەڕەشە و هەوڵدان بۆ سوکایەتی پێکردن و تیرۆرکردنی رۆحی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕەوشتی ئەندامانی پەرلەمان و کادرەکانی نێو بزوێنەرە سەرەکیەکەی دژ بە دیکتاتۆریەت و میر نشینی و دەسەڵاتی مانەوە و خۆسەپێن بەسەر جومگەکانی دەسەڵاتەوە لە کوردستان.
بڵاوکردنەوە و بەکارهێنانی وێنە و دەنگ و رەنگی ڤیدیۆیی وەک چەک و هەڕەشە بۆ شکاندن و شکۆ و شکست پێهێنانی بڕوای سیاسی بە دەوروبەر و کڕینی ویژدان و مسۆگەرکردنی بوکەڵەی سەماکەرەی ویستەکانیان بۆ گەیشتنە ئامانجە راستەقینەکەیان کە تەنها لە مانەوەی کورسی دەسەڵاتدا دەیبینن. لەگەڵ هەوڵەکانی تری فشار وەک لێ سەندنەوەی مۆڵەتی کارکردنی گۆڕان و تۆمارکردنی داوای یاسایی لەسەر ڕێکخەری گشتی، بڕینی موچە و دەست خستنە بژێوی خەڵکەکەیەوە بە عەقڵی دروستکردنی سروشتی خۆبەدەستەوەدان و گەڕانەوە بۆملکەچ بون و ڕازیبون بەداواکردنی بەڵێ بۆ فەرماندەی پاڵەوانی بەسەر نەچوو.!
کە لە هەموو پلان و بەرنامەکەیدا شکستی خوارد و خەڵک لەگەڵ دەنگی نەخێردا مایەوە و هەموو ئەوشتانەی پێ خۆشتربوو لەوەی بڵێت رازین بە مانەوەی سەرۆکی ماوە بەسەرچوو.
بەشەرمەوە کەوتە جێبەجێکردنی دوا هەناگاو و پلانی نوێی کارکردن بۆ دەرباز بون و دەرچونیان لەو شکست و مل لاریی و مێژوە چەوتەی بونەتە خاوەنی.!
دروستکردن و پێهەڵگرتنی هەنگاوەکانی سەربەخۆیی و سروشتی ڕیفراندۆم وەک دەرچەیەک بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکەو سەر لە نوێ دەسپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێی بۆ چانسێکی تر لە پرۆسەی سیاسی و مانەوە و دەربازکردنیان لەدۆخێکی ئەوهای پڕ کێشە، کە خەڵکی کوردستان لەسەر لێواری بەلاداکەوتنەو تەواو توڕەی دۆخەکەن و وەک پشکۆ لە گەشانەوەدان بۆ گەیشتنە دوا خواستی نان و ئازادی.
هەر بۆیە دەبێت پەرلەمان هیچ جۆرە گۆڵ و چاوبەستێکی لێ نەکرێت و نەشکەوێتە بەردەم ئەگەر و باری فێڵ و تەڵەکەیەکی سیاسی داتاشراو، تا لە دواییدا خۆی نەخاتە بەردەم پرسیارە قورسەکەی مێژوو.