شاسوار عەبدولواحید، وەک سوارچاکی ستەم و سەرمایەی دەسەڵاتی کوردی!

Sunday, 16/07/2017, 12:17

15130 بینراوە


چاڤیلاند وەک دەوڵەتۆکەیەکی بونیادنراو لەسەر فێڵ و ستەمکاریی
چاڤیلاند کە لەلایەن شاسوار عەبدولواحید و هاوپشکی ١٠ هەزار هاوڵاتی هەرێمەوە، خاوەندارێتی دەکرێ، بە وردبوونەوە لە مامەڵەی خاوەنەکەی و بەڕێوەبردنی ئەم پڕۆژە گەشتیارییە، درک بە دیوی دووهەمی ئەو بونیادنانەی سەرمایە دەکرێ، کە ئێستا (لە زاری شیرینی ڕاگەیاندنە بێلان و بوێرەکەی خۆیەوە) شاسواری کردۆتە "پاڵەوانێکی خۆدروستکەر و پارەدارێکی شەریف و بێ فێڵ." 
شاسوار مرۆڤی دوای قازانجە و پاڵنەری هەر کارێکی ئەو کەڵەکەکردنی سەرمایەیە، ئەمەش وەک ماف بۆ هەر مرۆڤێک ئاساییە و قسە و باسمان لەسەر مافەکە نییە. ئەوەی ئێمە مەبەستمانە درکی هاوڵاتی و گەنجی کوردە بەوەی سەرنج بدا کە ئایا ئەم خڕکردنەوەی سەرمایەیە بە (فێڵ و ستەم و بەکارهێنانی هاوڵاتییە) یان ڕەنجێکی ڕاستەقینە و ڕێگایەکی شەرەفمەندانە! 
لە سێ سەرنجدا لەسەر مامەڵەی ئەم کەسە لە چاڤیلاند لەگەڵ هاوڵاتیانی هەرێم و وردبوونەوەیەکی گشتی لە میدیاکەی، دەشێ پێناسەی بابەتیانەی ئەم گەنجە بکرێ (کە میدیاکەی) بە پاکترین و بێ خەوشترین سەرمایەداری هەرێمی دەناسێنێ.

یەکەم: خەمی هاوڵاتی
شاسوار کە وەک خەمخۆری گەنجان و هاوڵاتیان ڕواڵەتی پیشاندەدا، تاکە پڕۆژەیەکی نەبووە هاوڵاتی ئاسایی و کەمدەرامەت یان تەنانەت چینی ناوەڕاستیش لێی سوودمەند بووبێ (ڕەنگە پڕۆژەکەی کورد سیتی) کەمێک سوودی ڕێژەیی هەبووبێ! پڕۆژەکانی گوندی ئەڵمانی هی ئەوە نین، لە خەونی هاوڵاتی ئاسایی بن و بۆیە بانگەشەیەکی بەتاڵە کە خەمخۆری خەڵکی کردۆتە بنێشتە خۆشە. چاڤیلاندەکەشی کە بانگەشەی پشکداری هەزاران کەسی بۆ قومارێکی مسۆگەر دۆڕاو فریودا... بونیاد و هەڵتۆقینی کاریزمای کەسێکە لەسەر گیرفانی هەزاران هاوڵاتی. کە ئەم ساڵ وەک تاڵانێکی ئاشکرا، گاڵتەجاڕانە بڕی پشکدارییەکەیانی (کە ئەوان بە پارەی نەختینە داویانە) خستە سەر ژمارەیەکی بێفەڕی کارتەکانی چاڤیلاند و دەبوا ئەم پشکدارە لە ماوەی ٦ مانگدا بڕی پارەی پشکەکەی بباتەوە ناو چاڤیلاند و بە خەرجکردنی لە یارییەکانی ئەوێدا دووبارە پارەکانیان بخەنەوە خەزێنەکەی شاسواری ڕاستگۆ! لێرەدا شاسوار چەندە لێپرسراوە لەم ستەمە، ئەوەندە پشکدارە بێباکەکان خۆیان باجی قومارەکەیان دەدەن.
لە دۆخی گەشتیاردا هەست بە ناڕەزایی دەکرێ بەوەی (نرخەکان) گۆڕانی بەسەردا هاتووە و هاوڵاتی ناچارە (بێ ڕکابەری چاڤیلاند بازاڕی ئەوی تاڕادەیەک سەقامگیرکردووە) ڕووبکاتە ئەوێ و دەستهاتە کەمەکەی خەرج بکا. لە کاتێکدا دەکرا وەک ئەرکێک بەرامبەر هاوڵاتیانی هەرێم، کە شاسوار دەرفەتی دەوڵەمەندبوونی لەوانەوە بۆ ڕەخساوە، ڕەچاوی دۆخ بکرایە و بە دڵێکی ئاسوودەوە دایک و باوکان منداڵەکانیان ببە چاڤیلاند... تۆ ببینە لە هەموو چاڤیلاندا لەپاڵ ئەو هەموو یارییەدا، جۆلانەیەک یان هەر یاریەکی زۆر سادەی تێدا نییە (بێبەرامبەر) باوکێکی کەمدەرات بتوانێ منداڵەکەی پێدڵخۆش بکا، و ناچاری دڵشکانی منداڵەکەی نەبێ بەهۆی گیرفانە بەتاڵەکەی.
لە ڕووی تەندروستییەوە، زۆرجار خواردن و خواردنەوەی کۆشکەکان لەبەر هەتاون و دەشێ زیانی زۆر بە تەندروستی هاوڵاتیان بگەێنن، جاری وایە (گەس و شاورمە) سەرف نابێ و هەڵدەگیرێتەوە بۆ ڕۆژی دوایی!! گرانی بە کرێدانی کۆشکەکان نرخی بابەتەکان دوو هێندە دەکات لەسەر هاوڵاتی. بۆیە کە دەڵێین شاسوار پیاوی هەڵوەدای قازانجە دروستی لە گوتاردا هەیە! 
دووەم: کرێکارەکانی چاڤیلاند
کارمەندەکانی چاڤیلاند بێ گرێبەست کاردەکەن و بێ بوونی گرێبەستیش تەنها ئەرک دیارە و ماف ڕوون نییە و بە سانایی پێشێل دەکرێ، ئەمەش غەدرە لە مرۆڤ و مافەکانی. کارمەندەکان زۆرجار لە کاتی ئاسایی خۆیان زێدەتر دەوام دەکەن و کەمترین کاتیش ئەم ئەرکە زیادەیە پاداشت دەکرێت! کارمەندەکانی چاڤیلاند بێ ئاگاداری و هۆکار لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە و سزای بچووکترین هەڵە دەدرێن، بەڵام هیچ ئەرک و ماندوونێک سوپاسگوزاری بەدواوە نییە... ئەمە مامەڵەی نائەخلاقی و نامرۆڤانەی بەڕێوبەرانی ئەم پڕۆژەیە دیار دەخا! تەنانەت لە ڕۆژی سووتانەکەی چاڤیلاندا (کاتێک چەندین کارمەند نزیکبوون لە هەڕەشە و ژیانیان لە مەترسیدا بوو، ستافی بەڕێوبەر لەدەستچوونی دینارێک لەرزەی خستبووە هەناویانەوە ... یانی لە نێوان ژیانی کارمەند و پارەدا... تەرازووی نیگەرانی بۆ لای پارە دادەکشا!). ئەم جەژنە وا ٢ هەفتەی بەسەردا دەڕوا سەرەڕای پەیداکردنی پارەکەی بێشومار مووچەی کارمەندەکانی نەدراوە... کە هەفتەی جەژن زیاد لە ١٧ کاتژمێر ڕۆژانە کاریان کردووە و کەچی بۆ فراوانکردنی تخووبی کاریزمی و ڕیکلامی داهاتوو، شاسوار عەمود بۆ هاوڵاتیان دەچەقێنێ و قەرزی بچووک دەداتە گەنجان!!
بەڕێوبەرانی چاڤیلاند، هێندە ناشین بۆ بەڕێوەبردن، تا ئێستاش سیاسەتێکی نەرم و مرۆڤانە لەگەڵ کارمەندا پەیڕەوناکەن و ناڕەزایی و کینەی پەنگخواردووی لای خەڵک و کارمەند دەرئەنجامی ڕەفتاری نائیداری و نەزانانەی ئەوانە. ئەوان (دیارە لەسەریشەوە شاسوار) کەماڵ و بێخەوشی کاریان لە کارمەند دەوێ، کەچی ئەم کەشە بۆ کارمەند تەرخان ناکەن و هەمیشە بە دوای کەموکوڕییەوەن و دەستخۆشانەیەکیان نییە بۆ کارمەند. بلیتبڕ کە وردەکاری و بەرچاوڕوونیەکی باشی دەوێ، ئێستاش بە دەستخەت و قەڵەم و کاغەز کارەکانی ڕای دەکرێ و کۆمپیوتەرێک بۆ لێپرسراوی بلیت بڕەکان تەرخان ناکەن و ئەو بەرپرسیارێتە وردەیان خستۆتە شانی! لە کاتێکدا کاکە شاسوار خاوەن کەناڵێک پڕۆفیشناڵی تەکنەلۆژییشە و لافی سەردەمیبوونی لێ دەدات! 
بە نوسراوی فەرمی هەڵواسراوە، گەر بلیت بڕێک پارەی فرۆشراوی زیادەی هەبێ دەچێتە خەزێنەی چاڤیلاندەوە و گەریش کەمی هەبێ لە مووچەکەی دەبڕن (کە بۆ ١٦ هەزار) جاری وایە لە بۆنەکاندا چوار بۆ شەش کاتژمێر بێوەستان بلیت دەبرێ و ئەم سەرقاڵیەش مەزەندەی زیادە و کەمی تیا سروشتییە! جاری وایە کارمەندێک چەند ملیۆنێک دەباتەوە ژمێریاری، کەچی لەو ڕۆژەدا (١- ١٥) هەزارێک یان زیاتر، کەمی بۆ دەنوسرێ و لەو (١٦) هەزارەی کە ڕۆژێکی تەمەنی بۆ تەرخانکردووە لێی دەبڕن!!
کرۆک ئەوەیە کارمەندی چاڤیلاند مەقاشێکە بۆ پارە پەیاکردن و هیچی تر، هەردەم ئەوەش بە گوێیاندا دەدرێ (قەیرانە و کار نییە و ئێوە مەمنوونی چاڤیلاند بن بە پێدانی کار)، باشە ئەی بۆ مرۆڤێک لە ئارەقە و سەرما و گەرما و ماندوێتی ئەو کارمەندانە نادوێ و ناپرسێ گەر ڕۆژێک ئەو کارمەندانە مانبگرن... مەگەر شاسوار خۆی بچێ چاوەکەی بخولێنێتەوە! بۆیە شاسوار دەبێ بزانێ بونیادنانی سەرمایە لەسەر ماندوێتی مرۆڤ و پێنەدانی ماف و بڕی شیاوی پاداشت... نامرۆڤانەترین جۆری ستەم و خاڵیترینی سیاسەتی کارە لە ئەخلاق.
سییەم کەناڵی ئێن ئاڕ تی، شانۆی دەسەڵات و نمایشی سەرمایە:
لە نەبوونی هۆشیاری گشتی و دەسەڵاتێکی ناماقوڵی تاڵانچیەکاندا، میدیا دەبێتە مەهزەلە و تلیاکی هێورکردنەوەی ئازارە بەسوێکانی خەڵک. کەناڵەکەی شاسوار هێندەی لە شانۆ دەچێ و دنەدەری سۆزی خەڵکە، کاری بەوە نییە ئەم مرۆڤە (هۆشیار) بێ وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن! کەناڵی ئێن ئارتی کەناڵێکی ڕیکلامی ڕووتە بۆ بونیادنانی کاریزمای شاسوار لەسەر وردە دژایەتیکردنی دەسەڵاتە تاڵانچییەکەی پارتی و یەکێتی و گەمەکردنی بە سۆز و هۆشی خەڵک. بۆیە چەندێک دەبێتە بڵندگۆ بۆ هاواری خەڵک، ئەوەندەش دەبێتە سەکۆی دەسەڵات بۆ شەرعییەت دان بە خۆیان و ئەتککردنی هاوڵاتی و نیشتمان. ستەمێک کە سەرمایە لە خەڵکی دەکات هەرگیز بابەتێک نییە میدیاکەی شاسوار خۆی لە قەرە بدات، تەنها ئەو شەڕە جوێن و شەڕەقۆچەی ناسیاسی و نابەرپرسەکان، شاشەکەی ئێن ئار تی قەرەباڵغ کردووە و ئەمەش هەموو ئەو شەڕە پەڕۆیەیە... کە لە ئاوێنەکەدا خەوشی سەر وێنەی ستەم و فێڵی سەرمایەی شاسوار و هاوشێوەکانی دەسڕێتەوە! 
نیشتمانسازییەک میدیای شاسوار بانگەشەکەی بۆ دەکا، هەمان ئەو بانگەشە بەتاڵەیە کە ڕووداو و کوردسات و کوردستان ٢٤ بانگەوازی بۆ دەکەن. چونکە زۆری هەواڵەکانی ئەم کەناڵانە کاردانەوەیە نەک (هەواڵسازی) ڕاستەقینە. ئامانج تەڵقیندانی خەڵکە بە ئاراستەی بیری خۆیان و داشۆڕینی ئەقڵی ڕەخنەیی و هەڵسەنگێنەرە، هەر میدیایەک ئەمە سیاسەتی بێ خاڵییە لە گوتاری بێلایەنی و نیشتمانسازی ڕاستەقینە، چونکە گەلێکی بەئاگایان ناوێ... ئاگاییان تا ئەو ڕادەیە مەبەستە کە خەوشەکانی خۆیان بەدی نەکەن. بۆیە گەر شاسوار ئاندەیەکی سیاسی هەبێت (کە دیارە کار بۆ ئەوە دەکات) ئەوا ئایندەیەکە کە گوژاڵک بە مێژوو بە خەڵک دەدا و ئەو خۆشگوزەرانییەی جارجارە بۆ هاوڵاتیانی وەک خەونێک باس دەکا، لەسەر ستەمی سەرمایە بونیاد دەنرێ و دەزگایەکی گەورەی ڕاگەیاندن ئەم خوێنمژینە بۆ گەشەی سەرمایەدارەکان بە کار دۆزینەوە بۆ میللەتێک دەناسێنن، کە ئێستا خێڵ و حزب ئێسکی دەکڕێنێتەوە... ئەوکات سەرمایە و پاوانی قازانج چنگەکانی لە دڵی گیردەکات! 

کارمەندێکی چاڤیلاند

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە