گۆڕان پێوستی بە سەرکردە هەیە، نەك بە ڕێکخەر

Friday, 21/07/2017, 20:57

3471 بینراوە


 وەك چەندین جار ئاماژەم پێداوە لە ووتارەکانی پێشوو ترمدا کە نەوشیروان مستەفا ڕەنگە زۆر شت بوبێ،لێ هەرگیز سەرکردە و خەسلەتی سەرکردەی نەبوە. جا چەند کەس چیکڵدانەی بچووکە و ئەم ڕاستیەی پێ هەزم ناکرێ،ئەوا ئەوە ڕاستیە و چەندین بەڵگەمان بۆ ئەوە هێنابۆوە.
ئێمە ئەگەرچی باوەڕمان بەوە هەیە کەهەر گۆڕانکاریەك ڕووبدا ،ئەوا لەدەرەوەی بازنەی ئەم پارت و ڕێکخراوو بزووتنەوانەیە لە باشووری کوردستان. لەبەرئەوەی ئەم گرووپانە پێکەوە لەسەر ئەوە رێکەوتوون کەچۆن بەرژەوەندی گەلی کورد بکەنە قوربانی بەرژەوەندی خۆیان و دوژمنانی کورد. ٧٠ ساڵەی ڕابردوو بەسە بۆ ئەوەی خێرو بێری ئەو پارت و گروپانە بپێوین و بزانین چەندە سەرکەوتوو و وەیان شکستخواردوو بوون. کەس ناتوانێ ئەو ڕاستیانە نەبینێ دوای ئەو هەموو ئەزموونە خراپانەی ئەم گروپانە لە گۆڕەپانی بەناو سیاسەتی کوردیدا. جا بۆیە هەڵە وتاوانە  گەر بڵێین یەکێکیان لە یەکێکی تریان جیاوازە  وەیان یەکێکیان لە یەکێکی تریان باشترە. بەداخەوە دەرکەوت کەهەموویان هەموو شتێکن تەنها کوردپەروەر نین و ئامادەن گەلەکەی خۆیان بەرەو کەناری نەمان و فەوتاندن ،بەرن.
ئەگەر چی لەسەرەتادا پشتگیریەکی گەورەی ئەم بزووتنەوەیەمان کرد،بەڵام کاتێ زانیمان –گۆڕان- سەرکردەی نیە و ناتوانێ ئەو گۆڕانکاریە بەئەنجام بگەیەنێ کەخەڵکی کوردستان ئەیانەوێ،ئەوا هەر زوو کەوتینە  دەست نیشان کردنی خاڵە لاوازەکانی ئەم بزووتنەوەیە و چەندین پێشنیار و ئەلتەرناتیڤی ترمان خستە بەردەم هاوڵاتی و شەقام. ڕەنگە تا هەنووکە ڕێکخراوێکی تر دروست نەبوبێ و کەبتوانێ خەمەکانی هاوڵاتی بخاتە ئەستۆی خۆی،لێ پێوستە ئەم بزووتنەوەیە دوای نەمانی(ڕێکخەرەکەی) جارێکی تر هەوڵبدا متمانە بەو هەموو کەسە دڵسۆز و کوردپەروەرانە بکاتەوە کە لەدەورین. ئەمەش تەنها و تەنها لەڕێگای سەرکردەیەکەوە ئەکرێ کە هەڵگری هیچ دید و بۆچوونێکی (نەوشیروانیزم) نەبێ.
گۆڕان لەکاتی نەوشیروان مستەفادا گەیشتە ئاستێکی زۆر خراپ و دژوار کە لەهەردوو بواری(ئۆپۆزیسێۆن و دەسەڵاتدا/حکومەتی بنکە فراواندا)شکستی خوارد. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە گۆڕان و نەوشیروان خوێندوەی هەڵەیان بۆ باروو دۆخەکە ،کردبوو. بۆیە گرنگە وانە لەو شکستانە وەربگیرێ و تەواو پێچەوانەکەی بکرێ. ئاخر گەر لە ئێستاوە ئەوەی بیەوێ لەگۆڕان پۆستی هەبێ و بیەوێ ببێ بە ڕێکخەر و سوێند و بەڵێن بدا کەوا لەسەر ڕێچکەی نەوشیروان مستەفا هەنگاو بنێ ،ئەوا نەك هەر دەستی لێ بشۆ،بەڵکە هیچی باشی لێ سەوز نابێ. 
ئەنشتاین ئەڵێ: گەمژەییە چاوەڕوانی دوو ئەنجامی جیاواز لە هەمان ڕوداو بکەین. ئێمە ئەزموونی نەوشیروان مستەفامان تاقی کردەوە و زانیمان دەرئەنجامەکەی چۆن بوو. ئێدی گەر بێتوو بەهەمان ڕێگەدا بڕۆین،ئەوا گەمژەییەو ناکرێ چاوەڕێی شتی باش بکەین. بۆیە پێوستە کەسی نوێی گۆڕان یەکەم پەیامی ئەوە بێ کەوا بەهیچ شێوەیەك هەڵگری شوێن پێی نەوشیروان مستەفا نابم و جیاواز لەو، کاری سیاسی ئەکەم،هەروەك چۆن هیگڵ ئەڵێ: خۆت پیاو بەو شوێن پێی من مەکەوە.
پەیامەکانی گۆڕان و ئەو گۆڕانکاریانەی پێوستە لەکۆمەڵگای ئێمەدا ڕووبدا،پێوستی بەکەسی سەرکردە هەیە کە لەجیاتی ئەوەی خەڵک بێت بۆ لایان ،ئەمان بچنە نێو خەڵك. لەجیاتی ئەوەی کوڕی خەڵک تەفرە بدەن و بیان نێرنە شەقام و بەکوشتیان بدەن و دواتر بەئاژاوە گێڕ ناوزەندیان بکەن،لەکاتی وادا ئەبێ خۆت بکەیت بەخاوەنیان و بکەویتە پێشیان. لەباتی ئەوەی دەسەڵاتی دز و گەندەڵ بە دەستی ئەمین بناسێنێ،ئەبێ هەوڵ بدەیت  وەك خۆیان چۆنن ئاوها بیان ناسێنی هەوڵ بدەی تووڕیان دەی. دەنا بەدەر لەمە هیچ هەڵبژاردەیەکی تر نیە بۆ سەرکەوتن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە