کەچەڵ حەسەن،حەسەن کەچەڵ

Friday, 28/07/2017, 4:26

4940 بینراوە


 ئاکامی هەڵبژاردەکانی نێو گۆڕان بۆ پۆستەکان یەکلایی کرانەوەو وەك پێشبینی کرا،ئاوهاش دەرچوو. چی تر گۆڕان ناتوانێ ئەو دروشمانەی لەژێر ناوی گەنج و چینی ژنان هەڵیگرتبوو لەوەی ئەوانە ئایندەی گۆڕان و سەرکردایەتی نوێن،پووچڵ کرایەوە. وا بەچاوی خۆمان بینیمان کەوا لەناو گۆڕان'؛گەنج قڕانە،ژن قڕانە. هەرچی پیرو پەكکەوتە وکەنەفت و پاتاڵە دەستیان بەسەر دەخیلەکەی گۆڕاندا گرتەوەو جارێکی تر ،یەکێتیوپارتی ئاسا خۆیان کردەوە بەخاوەنی هەموو ئەو دەنگانەی کەهیچ پێوەی هیلاك نەبوون. ئاخر لەمەو دوا چی چۆن چۆنی داوا لەخەڵکی ئەکەن دەنگتان پێبدەن و بەڵێنی چی تر بەگەنج وڕەگەزی مێینە و داهاتوویان ئەدەن؟ دیارە هیچ لەئەزموونی باکوور و ڕۆژئاوا فێرنەبوون کەبتوانن لەتەك هەر پۆستێکی ڕەگەزی نێر،هاوسەرۆکێکی مێییەنەس بەشدار پێبکەن.
هەر دوای مەراسیمی بەناو هەڵبژاردنەکە، هەمویان سەردانی گۆڵکۆی نەوشیروان مستەفایان کرد و لەوێ سوێندی ئەوەیان خوارد کە لە ڕێبازەکەی دەرنەچوون و نەیان هێشت کەسێکی وا بێتە پێشەوە لەوە جیاوازتر بکا.بۆیە بەم ستافە نوێیە(کۆنە)هیچ بەهیچ ناکرێ و گۆڕان ئەبێ بە(خەونی شاعیران). دانانەوەی ئەو چەند کەسە بۆ ئەو پۆستانە وەك ئەوە وایە لقێکی نوێ لە مەڵبەندی یەکی سلێمانی کرابێتەوە و لەژێر ناوی گۆڕندا. ئەمڕۆ بەو دەستە نوێیەوە پەیامێك لەئارادایە کە هەرچی گۆڕانکاری و هەرچی خەونی گۆڕنخوازان هەبوو،لە گۆڕ نران. وە بە ڕاستی ئەم ئەنجامە زۆر بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی مایەی دڵخۆشین و پێی شاگەشکە ئەبن.
عومەری سەید عەلی بەم باروو دۆخ و تەندرووستیەی ئێستای ئەبوو خۆی خانە نشین بکردایە و خەریکی کاری ڕاوێژکاری و شرۆڤەکاری بوایە. با ئەو پۆستەی بۆ کەسێکی گەنج و بەتوانای جەستەیی بەجێبهێشتایە و خۆی لەنزیکەوە ئامۆژگاری و پێشنیاری بکردایە. تازە کەی ئەو ددانی ئەو جۆرە خواردنەی ماوە لەم تەمەنەدا بتوانێ بەباشی بیجوێ. نەك هەر ئەم ،بەڵکە ئەوانەی تریش لەخانەی ڕاپەڕاندن پێویستیان بەو جۆرە پۆستانە نیە،لانی کەم لەبەرئەوەی ڕیزێکی درێژ و پان لەدواوە وەستاوون بۆ ئەوەی کارێکیان پێبسپێردرێ و بتوانن کارەکانی گۆڕان و گۆڕنکاری بەئەنجام بگەیەنن.
من دڵنیام هەروەك چۆن عومەری سەید عەلی کاتێ بەرپرسی مەڵبەندی یەکی یەکێتی بوو کەئەو کات مەڵبەند ئەووت مەزادخانە و مەیانی ماستەکەیە،ئاوهاش گردەکە بەم دەردە ئەبا. ئەو کەربازاڕیەی ئەوسای مەڵبەندی یەك زۆر ناخایەنێ گردەکەش ئەگرێتەوەو وای لێ دێ سەگ خاوەنی خۆی نادۆزێتەوە.
تیمە نوێکە بەڵێنیان دا بەموو لەنەوشیروانیزم لانەدەن و بەهێواشی هەوڵبدەن بۆ گۆڕانکاری و شێوازی مەدەنی بگرنە بەر...جا بۆ نا؟؟!! خۆ ئەو برادەرانە خانە نشینی خۆیان لەیەکیتی وەرئەگرن و تا ئێستاش پارەکەی حکومەتیان بەردەوامە و هیچ جۆرە فشارێکی ئابووریان لەسەر نیە. جا خەڵکی با بۆخۆی هەر سك هەڵگووشن،خۆ ئەمان لەسەر گردەکە لەشنە با و هەوای سپلیت بێ بەش نابن. خۆ ئەمان دلێری سەید مەجی ئەناسن ،خۆ خەڵکی ئاسایی  ڕەنگە بە گوگڵیش نەیدۆزنەوە. بۆیە لەمەو بەدوا لەوانەیە خەڵکی بڵێن؛عومەر کەچەڵ ، کەچەڵ عومەر.



 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە