هاواری مونچو، ڕامبۆو، موفتی و گۆڕانو تەوافق

Tuesday, 01/08/2017, 1:33

2619 بینراوە


لە گەڵ دوو هاوڕیما پیاسەمان دەکرد، کاتی خۆرئاوا بوو، کووتوپڕ ئاسمان بە سوور داپۆشرا،  وەستام و خۆم گرتەوە بە پەرژینی تەنیشت ڕێگاکەمەوە، هاوڕیکانم بەردەوام بوون لە ڕۆشتن، هیلاک بووم وهەناسەم سوار بووبوو . بە سەروومەوە، جۆگەلەیەک ڕوباری خوێن لەگەڵ شین و ڕەشی شارەکەدا تێکەڵ بووبوون، دەلەرزیم و لە دژواریەکی دەرونیدا دەژیام ، هەستم بەهاوارێکی هەتا هەتایی دەکرد کە تێپەڕ دەبوو بەگەردونا و ئاسمانی شەق پێ دەبرد.
لەساڵی 1893 لەدوای ئەم بەسەرهاتە، ئێدوارد مونچ ئەم تابلۆیە دەکات ، کە ناسراوە بە یەکێک لە تابلۆ گرنگەکانی مێژوی هونەر؛ هاوار.

ئەم تابلۆیە،  وا لێک دەدرێتەوە کە هاوارێکە بەرامبەر ژیانی داهاتوو، ژیانی مۆدێرن، کە شۆڕشی پیشەسازی و مۆدێرنیتێ بۆمانی  دەرەخسێنێت. چەند ساڵێک پێش ئەم تابلۆیەش ڕامبۆ بەهەمان شێوە دەڵێت ؛

بۆچی جیهانێکی مۆدێرن کە ژەهری ئاوا کوشندەمان بۆ بەرهەم دەهێنێت ؟

بەڵام ڕامبۆ هەر خێرا تێ دەگات و لە هۆنراوەیەکی تردا دەڵێت

دەبێت بەڕاستی ئێمە  مۆدێرن بین .

 ئاخۆ لە سەردەمێکدا کە هێشتا سەرەتای داهێنانی مەکینە و پیشەسازی بوە، چی ترساندونی و چی بێ تاقەتی کردبێتن ؟ هەتاوەک و بەو شێوەیە گوزارش لە ترسی خۆیان بکەن لە شارستانیەت.

سروشت، پاشان ژیان و مرۆڤ، هەمیشە لەگۆڕاندان، مرۆڤیش بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریەدا بەحاڵەتێکی نالەباردا تێپەڕ دەبێت، ئارەزوی گەڕاندنەوە بۆ دواوە، ئاسودەی دەکات و دا هاتوو دەی ترسێنێت .

 کاتێک ئاو گەرم دەکەین بە پلەیەکی بەرز، مۆلیکولەکانی دەکەونە هەمان حاڵەتی نالەباریەوە بۆیە دەبێتە هەڵم، هەمو گۆڕانکاریەکی ڕادیکالیش کەبەسەر شکڵی مرۆڤدا هاتوە، لەدەرئەنجامی تێپەڕبونیەتی بە بارێکی نالەباردا، هەموو تەنێک، هەموو هزرێک هەموو باسێک، هەممو بونێک لەم گەردوونەدا دەبێت بە دژ بەخۆیدا تێپەڕێت، دەنا ناگاتە هەقیقەت .
ڕابوردوو، سەردەمی منداڵیمە، ژیانی ساویلکەیی؛ ئەوسەردەمەی خەونەکانمان بێ شومار بوون، وەهامان دەزانی کە ئاواتەکانمان دێنە دی، ڕابوردو ژیانێکی خۆش بوو، لە کیسمان چوە، داهاتو دەمان ترسێنێت ؛ بۆیە هەندێک وەک کیسەڵ دەگەڕێنەوە بۆ ناو ئاو، تەنها بۆ گەرا دانان دێنەوە سەر زەوی .

جاران ئاژەڵ رووەو کۆچ بون
شەوان کۆڕی شەو گەرم تربون  بە فوی شمشال،
جوڵەی ئەدا بەخویاڵی هەستو خەیاڵ .

هەڵبژاردنی کەسێکی بەساڵا چوو بۆ گۆڕان هەر هەمان ترسە لە داهاتوو، ترسە لەوەی کە گەنجێک زیاتر بمان باتە پیشەوە، گۆمەکە بشڵەقێنێت،  گوایە گەنجی وەک مۆدێرنیتێ سەرشێتە، کەچی هەرچێکمان هەیە و بەکاری دەهێنین بەرهەمی ئەوە، بەرهەمی تێڕوانینێکی نوێ یە بۆ داهاتوو. خەڵکی پێیان خۆشە کە کەسێکی بەساڵا چوو گۆڕان دەبات بەڕێوە، کەواتە گۆڕان کەوتۆتە دەستێکی ئەمینەوە و نامان بات بەرەوە داهاتوو، خەڵکی دەترسان لەوەی کە کورێکی گەنج جێگرەوەی نەوشیروان بێت، بەڵام نەیان کرد، چونکە سێبەری ترسی نەوشیروان هێشتا بەسەریانەوە زاڵە. من هەر زوو ووتم ؛ ئەگەر پارتێکی سیاسی خۆی ناوبنێت گۆران و مۆمێک بکاتە لۆگۆی خۆی، ناتاوانێت گۆڕانکاری بکات.
خۆ ئەو کارانەی بارزانی دەیکات، ئەگەر کەسێکی گەنج بی کردایە، دەیان ووت ئەمە کابرایە گەنجە و سەرشیتە، خەڵکی لە دژی ڕادەپەڕین ، بەلام  عەشایەر، بۆی هەیە هەموو شتێک بکات. خۆ ئەگەر بارزانی دوای خۆی کوڕیکی گەنجی خۆی لە سەر کورسی دابنێت ئەوا خەڵکی کوردوستان زیاتر ئەوە قبوڵ دەکەن هەتاوەکو کەسێکی بەساڵا چوو، چونکە کەسی عەشایەر لە کەسی بەساڵاچوو  زیاتر کۆنسێرڤاتۆر ترە .


یەکەم وێنەی ئەم پیاوە ئەوە بوو، بەدەستێک گۆچانێکی بەدەستەوەیە و بەدەستەکەی تری دەستی پیاوێکی عەشایەری گرتوە، بۆیە کەسانی خوێندەوار دەڵێن، گوایە گۆڕان کەوتۆتە دەستێکی ئەمینەوە،  لەبەر ئەوەی کە بەساڵا چوە، کەواتە دەتوانێت سوڵحی عەشایەری بکات.  دەڵێم ؛ خوێندەوار، نالێم ڕۆشنبیر،  چونکێ جاران هەمو کەسێکی خوێندەوار، ڕۆشنبیر بوون، بەڵام ئەمڕۆ وەها نیە .

سەرنجت دا !  منیش باسی جاران دەکەم ؟

نا، نالێم هەرچی لە ڕبووردودا ڕویان داوە خراپن، چونکێ  کە بیر لە موفتی پێنجوێنی دەکەمەوە، دەڵیم بەڕاستی مرۆڤێکی مۆدێرن بوە، بەڵام هەندێک کەس کە خۆیان ناوناوە ڕۆشنبیر، ئەمڕۆ، ناگەن بە بەرزی پاژنەی کەوشەکانی، هەر بۆیەش شارەوانی پێنجوێن نازانێت پەیکەرەکەی بخاتە کوێ، لە کوێ بیشارێتەوە، هەتاوەکو نەبێتە نمونەی مۆدێرنیتێ و گەنجان دوای نەکەون، خۆ ئەگەر پەیکەری عومەری کوڕی خەتاب بوایە ئەوا لە سەنتەری شارەکەدا دادەنرا.

 هەفتەیەک لەمەوبەر لە پاکستان گەنجێک کچێک لاقە دەکات، پاش ئەوەی ئەنجومەنی پیرانی دێهاتەکە، کۆدەبنەوە و بڕیاردەدەن، بۆ تۆڵەی شەرەفی ئەو خێزانە دەبێت کوڕیک لە خێڵی کچە لاقە کراوەکە، کچێک  لاقە بکات لە خێلی لاقە کەرەکە، لەبەردەمی ئەنجومەنی پیراندا، ئەمەش وەک سوڵحێکی عەشایەری؛  نیوە شەو دەچن کچەی پانزەساڵ خەبەر دەکەنەوە و بەزۆرە ملێ ڕای دەکێشن بۆ بەردەم ئەنجومەنی پیران، کوڕەش لە بەردەمیانا، لەبەردەم پیاوانی عەشایەری ڕشێدارو ئەنجومەنی پیراندا، کچە لاقە دەکات. پیاوانی بە ساڵاچوش بە لەزەتەوە سەیری ئەو دیمەنە دەکەن.

خۆ ئەگەر ئەمانە نەزانن بۆچی ئەوکارە دەکەن، ئەوا ئێمەی مۆدێرن باش دەزانین چ گرێ کوێرەیەک لە میشکۆڵەیاندا خۆی حەشار داوە. کەسانی مۆدێرن هۆشمەندن، مۆدێرنیتێ بەواتای هۆشمەندی دێت.  ئەم جۆرە بڕیارانە لەسەردەمانێکدا جۆرێک بوون لە دادپەروەری، بەڵام ئەمڕۆ بە گوێرەی هەست و هۆشی ئەم سەردەمەم تاوانێکی گەورەیە.

 ئەمەیە ڕابووردوو و بەهای ڕابووردوو کە  هێندە بۆی پەشیمانن ؟

 یەکێک لە یاساکانی سەردەمی بابلی ئەوەیە، ئەگەر بینا سازێک خانویەک دروست بکات و خانوەکە بەهۆی کەموکوڕیەوە بڕوخێت، منداڵی خاوەن ماڵەکەی تێدا بمرێت، ئەوا دەبێت کوڕی بینا سازەکەش بکوژرێت، ئەمەیە  ڕابوردوو، بۆچی هێندە پەشیمانین بۆی ؟  یاسا ئێمە ناگۆڕێت، ئێمە یاسا دەگۆڕین و دەیگونجێنین لەگەڵ هۆش. کەواتە دەبێت بەڕاستی مۆدێرن بین.

تۆ بۆت نیە مرۆڤێک بکوژیت. ئەمە یەکێکە لەگەورەترین ئاستی  هۆشمەندی کە موسا پێی وتین.  10 سەرزەنشتیەکانی موسا، وەک یەکەم جاڕنامەی مافی مرۆڤ دەبینم. هۆشمەندی مێژویەکی هەیە، هەمیشە بەرەو پێشەوە دەڕوات.

 دوای ڕوخاندنی سەدام، زاراوەی تەوافق جێگەی سوڵحی عەشایەری گرتەوە؛  با لەگەڵ خۆمانا ڕێک بکەوین، هەموو شتێک لە نێوان خۆماندا بەش بکەین، نەوەکا جیلی تازە، یان  کۆمەڵیکی تر جێگەمان بگرنەوە .

ڕابوردوو بەسەر چوو داهاتوو هێشتا پێی نەگەشتوین، باشتر وایە باسی هەنووکە بکەین، ئاوا ئێژێت بودا .

ئەوی ڕاستی بێت هەموشتێک پێویستی بە کاتە، وەک پیرانی کورد دەلێن ؛ تۆ ناتوانیت ئەو موە ڕەشە سپی بکەیت.  بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە دانیشین و هیچ نەکەین، خەبات کردن بەشیکە لەم پرۆسیە . 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە