دیداری تەمەن یان خیانەتی تەمەن.بەشی حەوتەم (پارە)!؟

Wednesday, 02/08/2017, 3:57

7358 بینراوە


پارت و بزوتنەوە سیاسییەکان و هێزی چەکداری کورد لە باشووری وڵاتدا بۆ سەڕۆک حزب، مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی، ئامرازێکی کارێگەر بووە بۆ خۆ دەوڵەمەند کردن و دابین کردنی خۆشگوزەرانی و بەهێز کردنی پێگەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لە هەر دوو قۆناغی شاخ و شاخدا. لە رۆژانی ٢٩-٣١/٢٠٠٩ دا یەکێتی لە هۆڵی تەلاری هونەری شاری سلێمانی بە ئامەدەبونی ١٦٠٠ کەس چوارەمین پلیۆنمی بەست و تاڵەبانی لەو پلینۆمەدا ناوی نەوشێروانی بە خراپ هێنابوو. نەوشێروان مستەفا "لە نامیلکەیەک"دا وەڵامی تاڵەبانی دەداتەوە و  دەنووسێت (تاڵەبانی بۆ خۆ نزیک کردنەوە لە کاربەدەستانی ئەمریکی بەرتیلی سیاسیی دابوو کە لە واشینتۆنپۆست بڵاو کرابوەو گوتبووی "ئەگەر سەڕۆک بوش رازی بێ ١٠هەزار کەس لە پیاوەکانم ئەنێرم بۆ کوەیت شان بە شانی سپای ئەمریکی شەری سپای عیراق بکەن).
----------------------------------
پارە و سامان کۆکردنەوەی سەرانی پارتەکانی باشوور لە ئەوپەڕی چەپەوە بۆ ئەوپەڕی ڕاست تا دەگات بە حزبە ئایینی میانڕەوکان و توندڕەوەکان، نهێنیەکەی بە پلەی یەکەم لە ژێر دەستتی کەساییەتی یەکەمی ئەو پارتانە بووە و بە پلەی دووەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و سەرکرداییەتی و دەوروبەریان. لە بەشی دووەم، پەڕتوکی دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری، لاپەڕە ١٨٤دا تاڵەبانی دەڵێت "پارە و شتی یەکێتیم لابو، هەموویم تەسلیمی حەمە توفیق و ئەو برادەرانە کرد".!؟

پارەیەکی زۆر بە ناوی پرسی کوردەوە چۆتە گیرفانی سەرانی پارتەکانی باشوور بە درێژایی شۆڕشەکانی کورد بە تایبەتی لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو تا ئەمڕۆ، بەڵام زانیاریی دەربارەی ئەو بابەتە تا ئەمڕۆ هەر بە تاریکی ماوەتەوەو تیشکی نەخراوەتە سەر، وە ئەگەر باسیشیان کردبێت ئەوا بەسەرپێیەک و بێ گرنگی پێدان و نەیان ووتەوە کە ئایا چەندیان وەرگرتوە؟ لە کوێیان وەرگرتووە؟ چیان لێکردوە و چەندیان ماوە؟ لە سەرتای هەفتاکان و لە سەرتای دامەزراندنی کۆمەڵەی رەنجدەران کاتێک کە تاڵەبانی لە ئەڵمانیا دەبێت و فەرەیدون دەبینێت و پەیام دەنێرێت بۆ شەهاب، لە بەشی دووەم پەڕتوکی دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری لاپەڕە ٢١ دا تاڵەبانی دەڵێت " من بە بەفەرەیدون عەبدالقادرم وت، ئەنوەر بکەن بە کادیر و مەیەڵن بچێتەوە سەر ئیشەکەی خۆی، ئەگینا ئەیگرن، ئەگەر لای ئێوە جێی نابێتەوە بینێرن بۆ دەرەوەی وڵات بۆ لای ئێمە ژیان و گوزەرانی بۆ دابین دەکەین، منیش هەندێک پارەم دایو گوتم لەمەودوا لە سەر پارە کارەکانتان پەک مەخەن و پارەتان بۆ دەنێرین."!؟ پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە کابرایەک لە هەفتاکان، لە سەر مەسەلەی کورد بە پەناهەندایەتی ڕووی لە ئەوروپا کردبێت و بێ کاربێت، لە کوێی بوو خەرجی سەفەری خەڵک بکات لە عیراقەوە بۆ ئەوروپا، پارە بنێرێت و مووچە و گوزەران دابین بکات بۆ کەسانێک لە ناوەوەی کوردستان و ئەوروپا، ئەگەر ئەو کابرایە بازرگانی بە پرسی کوردەوە نەکردبێت!؟ یان پێش ڕۆیشتنی کە "جاشی عیراق" بوو، پارەیەکی زۆری پاشەکەوت نەکردبێت لە بودجەی تەرخانکراوی رژێمی بەغداد بۆ جەلالییکان لە نێوان ساڵانی ١٩٦٦-١٩٧٠ دا!؟ 
سەرچاوەی دەرامەتی سەرانی پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە قۆناغی شاخدا بریتبووە لە دوو سەرچاوەی سەرەكی:
یەکەم:
 سەرچاوەی ناوەخۆ، کە بریتیبووە لە ئابوونە و پیتاک کۆکردنەوە لە نێو میللەتی کورد لە ناوە و لە هەندەران بە ناوی کورداییەتی. گومرگی سەر سنوورکان و سەرانە وەرگرتن لە جوتیارانی لادێکان و دەوڵەمەندەکانی نێو شارەکان، ئەم جۆرە دەرامەتە بە هیچ شێوەیەک بە دۆکیومێنت نەکراوە و باسی گومە.  
دووەم،
 سەرچاوەی دەرەکیی، ئەو دەرامەتە بووە کە بە مەرجی سیاسیی دیاریکراو دراوە بە سەرانی پارتەکان کە بریتییبووە لە بودجەی تەرخان کراو لە لایەن وڵاتانی دراوسێی دوژمنی پرسی کورد وەک ئیران، سووریا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک لیبیا و ئیسرائیل، هەروها لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا و رووسیا. سەڕەرای ئەوانەش پیتاک کۆکردنەوە لە هەموو وڵاتانی دنیا و رێکخراوە خێرخوازەکانی دنیا لە کاتی لێقەومانی بە کۆمەڵی میللەتی کورد نمونە لە کاتی ڕاپەڕینی و کۆڕەوەی ساڵی ١٩٩١ی هەرچی (پارە)ی کۆکراوە هەبووە تەسلیم بە دەستی سەرانی پارتەکان و کەسوکاریان کراوە لە دەرەوەی وڵات! بەشی دووەم پەرتوکی دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری لاپەڕە ١٨١دا تاڵەبانی باسی ئەوە دەکات کە پێش ڕاپەرین لە دەرەوەی وڵات بووە و دەڵێت ( ئەوەی لە دەرەوە پێمکرا، ئەوەبو پارەمان پەیدا کرد و ناردمانەوە).!؟ بەڵام روونی ناکاتەوە کە پارەکە چەند بووە؟ لە کوێ وەریانگرتووە؟  ناردویانە بۆکێ و چیان لێ کردوە!؟ میللەتی کورد لە کاتی کۆڕەوەی ساڵی ١٩٩١دا تەنیا ئەو فڕۆکانەی وڵاتانی زلهێزی دەبینی کە تەنیا "خواردنیان" بۆ خەڵک هەڵدەدا، بەڵام پارەی گیرفانی سەرانی حزبەکانیان هەرگیزاو هەرگیز نەبینیوە!؟
سەرچاوەی دەرامەت لە قۆناغی شاردا لە دوای ساڵی ١٩٩١ بریتبوو لە
دزینی سەرەوەت و سامانی گشتی و موچەی میللەت. دزینی بیرە نەوتەکان. دزینی پارەی گومرگەکانی سەر سنوور، لە پەرتوکی بەشی دووم، دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری لە لاپەڕە ٢٤٤دا لە باسی گرفتەکانی نێوان ینک و پدک لە ساڵی ١٩٩٤ دا تاڵەبانی دەڵێت(نێچیرەوان بارزانی چو دەستی گرت بەسەر پارەکەی ئیبراهیم خلیل)، هەروها (پارەکە چەند میلیۆن دۆلارێک و چەند میلیۆن دینارێک بوو). هەروها دزین و داگیرکردنی عەقارات و شاخ و چیاو گردو ئەشکەوت و شوێنە بازرگانییەکانی نێو شارەکانی باشووری وڵات. خانەنشینی کردنی خۆیان بە پلەی باڵا، هەروها دزینی ئەو پارانەی کە لە ئەنجامی پیتاک کۆکردنەوە لە هەموو وڵاتانی دنیا و رێکخراوە خێرخوازەکانی دنیا لە کاتی لێقەومانی بە کۆمەڵی میللەتی کورد نمونە لە شەڕی داعش، جینۆسایدی شەنگاڵ و ئیتر.
سەڕەرای ئەوانە بودجەی تەرخان کراو بۆ ئەو پارتانەی کە بە یاسایی ناویان تۆمارکرابوو لە هەرێم، ئەو بودجەیەش لە ژێر کۆنتڕۆڵی سەرانی پارتکان بووە و بە ئارەزووی خۆیان دزیان لە ئەندام و لایەنگری خۆشیان کردوە. 
گفتوگۆی ساڵی ١٩٨٣ و  پارە وەرگرتن لە "سەدام"
گفتوگۆی نێوان رژێمی بەعس و سەرانی یەکێتی لە ساڵی ١٩٨٣دا بەرهەمی هیچ نەبوو بۆ پرسی کورد و پێشمەرگەی یەکێتی، بەڵام بەرهەم و دەرامەتی هەبوو بۆ  سەرانی یەکێتی! لە پەرتوکی بەشی دووم، دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری لە لاپەرە ١٥٥دا تاڵەبانی گوتویەتی (نەوشێروان ڕای وابوو، چەندین پێمان بکرێت پارەو چەکیان لێ وەربگرین).  گومانی تیاددا نییە کە رژێمی بەعس هەر لە سەرەتادا نیازیی نەبوو کە هیچ چەکێکی وا بدات کە لە ئەنجامدا هێزی پێشمەرگەی یەکێتی پێ بە هێز بێت، بەڵام پارەدان بە سەرانی یەکێتی بۆ سەدام کارێکی ئاسان بوو و مەترسی لەسەر دەسەڵاتی دروست نەدەکرد و ئاوێنەیەک بوو بۆی کە نزمی نەفسەیەتی سەرانی یەکێتی تیاددا بەدیی دەکرد!
لە هەر پەیوەندییەکی دیبلۆماسی سەرانی یەکێتی هەولێنداوە یەکەم سەرتوێژی ئەو پەیوەندییە خۆیان بیخۆن، لە یەکەم هەنگاوی گفتوگۆ لەگەڵ سەدام دا لە ساڵی ١٩٨٣دا "فەرەیدون عەبدولقادر" بە لانکرۆزەری بەعس لە بەری مەرگەوە چوو بۆ بەغداد و نەشتەرگەری گورچیلەی ئەنجامدا لە شاری بەغداد لەسەر خەرجومەخارجی بەعس! لە پەرتوکی بەشی دووم، دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری لە لاپەرە ١٥٢دا تاڵەبانی دبێژێت( وامان باسکرد کە فەرەیدون نەخۆشە و حیزبی دیموکرات دەیبات لە بەغدا عەمەلیاتی بۆ دەکات، ئەوەبو فەرەیدونیان برد و چارەسەریان بۆکرد، بەڵام لە هەمان کاتدا فەرەیدون هەم بەرزانی برای سەدامی دیبو، هەم تاریق عەزیزی دیبو). "فەرەیدون عەبدولقادر" دوای چاک بوونەوەی تەندروستی، وەک شۆڕە سواری مەیدانی کورداییەتی! لە یەکەم دانیشتن لەگەڵ نوێنەرانی بەعس داوای پارەی کردبوو! لە پەرتوکی بەشی دووم، دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری لە لاپەرە ١٥٣ دا تاڵەبانی دەڵێت"فەرەیدون زۆر کەمی داوا کردبوو، ئەگینائەمانتوان پێشەکی هی ساڵێکیان لێورگرین، بۆ ئەوەی ئەگەر یارمەتی دەرەوەشمان لێببڕا، توشی گیروگرت نەبین و پەکمان نەکەوێت" !؟.
لە کاتی گفتوگۆدا، لە سەفەری دووەم تاڵەبانی "هێرۆ"ی خێزانی لەگەڵ خۆی برد بۆ شاری بەغداد وەک پشوویەک بە کەیفی خۆیان لە ئۆتێل گرانبەهاکانی بەعس گوزەرانیان دەکرد و دەعوەتی ئەو ماڵ و ئەم ماڵی سەرانی بەعس دەبوون، لە پەڕتوکی بەشی دووەم، دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری لە لە لاپەڕە ١٧٠ دا تاڵەبانی گوتویەتی (عەلی حەسەن مەجید "من و هێرۆ"ی دەعوەت کرد، لە هەمان ڕۆژدا ئێمەیان برد بۆ وینە گرتن. جێیەک هەبوو لە بەغداد وێنەی لێپرسراوانی لێدەگیرا).
رژێمی بەعس لە کاتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ سەرانی یەکێتی بۆیان دەرکەوتووە کە ماهیەتی ئەو سەرکردانە چەندە، بۆیە شەرمیان نەکردوە کە هەتا دیاری بێ ئەرزشی کەمیش پێشکەش بە تاڵەبانی بکەن وەک "جلوبەرگ بۆ خۆی و تاقمی زێر بۆ خێزانەکەی". لە بیرەوەرییەکاندا تاڵەبانی باس لە دیاری "سەدام" ناکات بۆ "هێرۆ" کە بریتببوو لە (سەرویسێکی زێر)، بەڵام باسی دوو قات جل دەکات کە بۆیان کردوە. لە پەڕتوکی بەشی دووەم، دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری لە لە لاپەڕە ١٧٠ دا تاڵەبانی ددان بەوەدا دەنێت و دەڵێت (هەروها دو قات و چاکەت و پانتۆڵیان بۆ من کردبو). 
ئەم رووداوە، پەندێکی پێشینان دەهێنیتەوە یاد کە دەڵێت کابرایەک سواڵی دەکرد و دەیگوت خوا خێرتان بنوسێت و خێرم پێبکەن،

( نان بۆ خۆم، جۆ بۆ کەرەکەم و کەونە کراسێک بۆ ژنەکەم)

 تێبینی
یەکەم: لە زنجیرەکانی "لە سێبەری شاخ" دا بە ووردی باسی دیاریەکانی "سەدام"م کردوە بۆ تاڵەبانی و خێزانی، هەروها چوونی (فەرەیدون عەبدولقادر) ئەندامی سەرکرداییەتی یەکێتی و کۆمەڵەی رەنجدەرانی مارکسی لینینی! بۆ نەشتەرگەری (گورچیلە) لە بەغداد لە سەر خەرجی بەعس لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٣ وەک یەکەم هەنگاوی گفتوگۆ لە نێوان بەعس و سەرانی ینک
دووەم: هەرچی لە پەرتوکی بەشی دووەم، دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری وەرگیراوە بەبێ دەسکاری و چاککردنی هەڵەی زمانەوانی نووسراوەتەوە. ئەوەی لەو نووسینەدا هاتووە ددان پێدانانی "تاڵەبان"ی خۆیەتی بۆ "پارە" وەرگرتن. 
سەرچاوە: لە پەرتوکی بەشی دووم، دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە