کۆسرەت شانازی دەرکردەوە یان هێرۆ!؟

Thursday, 03/08/2017, 13:52

33258 بینراوە


لە میدیاکاندا بڵاوبۆتەوە کە "کۆسەرەت ڕەسوڵ"، "شاناز"ی خوشکی "هێرۆ"ی خێزانی تاڵەبانی لە پۆستەکەی دەرکردوە و خستۆیەتیە ژێر لێکۆڵینەوە، بەهۆی ئەوەی کە گوایە دوو ساڵە دژ بە سیاسەتی یەکێتی لێداوان دەدات و رەخنە دەگرێت!؟
------------------------------------
بە درێژایی تەمەنی یەکێتی، تاڵەبانی لە هەوڵی ئەوەدا بووە دوای خۆی "هێرۆ"ی خێزانی جیگەی بگرێتەوە، ئەو دیاردەیەش لە قۆناغی شاخەوە ئاماژەکانی دیاربوو، سەرانی یەکێتی و کۆمەڵەی رەنجدەران رێگریان لەو دیاردەیە نەدەکرد و نەدەبوونە بەربەست لەبەردەم گەشەکردنی ئەو دیاردەیە بەهۆی ئەوەی ئەو کات هەموویان لەگەڵ تاڵەبانی کۆک بوون.

ئەمڕۆ، بەهێزترین کەس لە نێو یەکێتی نیشتمانیدا "هێرۆ"ی خێزانی "تاڵەبانی"یە.  جومگە سەرەکییەکانی یەکێتی لەبەر دەستدایە وەکو دەرامەتی پاشەکەوتی یەکێتی،  بیرە نەوتەکان، بودجەی تایبەتی یەکێتی، زەوەی و بیناکانی کە موڵکی یەکێتین و یان موڵکی تایبەتی خۆین، بەشێک لە هێزی پێشمەرگەی ناوچەکانی سلێمانی و رێکخستنەکان و میدیایی یەکێتی، پەیوەندییەکانی دەرەوە بە تایبەتی پەیوەندیی لەگەڵ ئێران راستەوخۆ بستراوەتەوە بە "هێرۆ". 

 هێرۆ، ئەو دەسەڵاتانەی کە هەیەتی بەکاریهێناوە دژ بە نەیارەکانی بە تایبەتی دژ بە جەمسەری باڵەکانی نێو یەکیتی وەکو دژ بە "بەرهەم ساڵح" و  "کۆسرەت ڕەسول" و لایەنگرانیان.  وەریسیی سیاسیی تاڵەبانی سەرکەوتوانە  دوای ئیفلیج بووونی تاڵەبانی بەرەنگاری یاسا و پەیڕەوی ناوەخۆی یەکێتی بووەوە و رێگربوو لەوەی کە"بەرهەم ساڵح" و "کۆسرەت ڕەسول"، زاتی ئەوە بکەن  داوای مافی ڕەوای خۆیان بکەن لە جێگرتنەوەی تاڵەبانی وەکو جێگری یەکەم و دووەم!  هەنوکە "هێڕۆ" هەموو هەوڵێکی چڕ کردۆتەوە لە هێنانە پێشەوەی کوڕەکانی یەکێکیان وەک جێگرەوەی "تاڵەبان"ی لە شاری سلێمانی، ئەویتریان وەک "مەسینە هەڵگری نێچیر" لە شاری هەولێر.

"شاناز"، دژی پارتی و یەکێتی نییە، هەروها دژی گەندەڵیش نییە هەر وەک چۆن پروپاگەندە دەکات. مرۆڤێک خۆی تا سەر ئێسقان گەندەڵ بووبێت، چۆن دەتوانێ دژی گەندەڵی ڕابوەستیت؟ سیستەمیی گەندەڵ بوو مرۆڤی وەک "شاناز" و هەزارانی وەک ئەوی دروستکردوە، ئەگەر گەندەڵی نەبوایە "شاناز" بوونی نەدەبوو! "شانازێك" کە لەسەر سکی برسی میللەتێک بلەوەرێت،  چۆن رووی ئەوەی دەبێت کە باسی مۆڕاڵ و پرنسیپی بەرز و ناڕەزایی بکات!

 "شاناز"، لەوەتەی یەکێتی دروست بووە بە دەرامەتی یەکێتی رۆژ لە دوای رۆژ خۆی و خێزانەکەی دەوڵەمەنتر بوونە. کێشە لە گەندڵی و خراپی سیستەم و قسە کردن دژی یەکێتی و دژی پارتی نییە. کێشە لەوەدایە کە "شاناز"  بووتە جەمسەرێک لە پەنا خوشکەکەی خەریکە گەشە دەکات، خاوەن گوتەی خۆیەتی وە خەریکە ئامادە دەبێت شوێنی "هێرۆ" بگرێتەوە و سوودمەند بێت لە پێگەی جەماوەریی تاڵەبانی و هێرۆ لە نێو یەکێتی و لە نێو خەڵکی شاری سلێمانی. "هێرۆ" بەوە نیگەرانە نایەوێت خوشکی بچووکی بێتە ئاست خۆی، دەیەوێت "شاناز" هەر خزمەتکاری ئەو بمێنێت و هەموو کاتێک لە خوار خۆی بیبینێت. لەو دیدەوە بە دڵنیاییەوە ئەگەر هەواڵی دەرکردنی "شاناز" ڕاست بێت! ئەوە هیچ دەسەڵاتێک لە نیو یەکەتییدا نییە بتوانێت "شاناز" دەربکات ئەگەر "هێرۆ" رەزامەندی لەسەر نەبێت. "هێرۆ" نەخۆشە و لە وێستگەی کۆتایی تەمەنییەتی، دوای خۆی نایەوێت دەسەڵاتەکان و سەروەت و سامان بۆ خوشکەکەی یان  بۆ زر بڕازاکانی تاڵەبانی یان بۆ هەر دوو جێگرەکەی تاڵەبانی بێت. شەڕەکە لەسەر دەسەڵات و پارەیە  وە "هێرۆ" بڕیاریداوە "شاناز" ی خوشکی دەربکرێت و لە ئەنجامدا هەر دوو کوڕەکەی دوای خۆی هەموو دەسەڵاتەکانیان بکەوێتە ژێر دەست!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە