کوردستانپۆست قوتابخانەیەک بۆ فێربوون، پەروەردەیەک بۆ یاخیبوون

ماوەی دوو سێ هەفتەیە هەموو بانکەکانی هەولێر و دهۆک لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە بەتاڵکراوە و هەمووی گواستراوەتەوە بۆ دەڤەری بارزان و شوێنی نادیار

https://www.facebook.com/mazin.azadiy

مەزن جەمیلە


ژینۆساید و کارەساتی یەزیدییە کوردەکان لە شەنگال (بەشی یەکەم)

Saturday, 08.05.2017, 13:39

3894 بینراوە


ئەو کچەی کە لەژێر دەستی داعش ڕایکرد
بۆ ئەو کچەی کە لەژێر دەستی داعش ڕایکرد و لە چۆڵەوانییێک کە ئیتر مەترسی داعش بوونی نەمابوو، مینی پێدا تەقیەوە و قاچەکانی لە دەست دان و دواتریش ڕۆحی.
--------------------------
لەو نوسینە بە نزیکەیی هەموو ئەوەی لای خۆم گەڵاڵەم کردووە، سەبارەت بە کوردە ئێزیدییەکان دەیخەمە ڕوو:
شنگاڵ، شارە و شاخیشە، شاخەکە زیاتر لە حەفتا کیلۆمەتر درێژە و شارەکەش لە دامێنی چیایەکەیە، ناوچەکانی سەر بە شنگاڵ زۆر و زەوەندن، شنگاڵ عەرەب و کوردی موسڵمانیش تێیدا دەژین، جگە لە ئێزیدییەکان کە زۆرینەن.
شنگاڵ لە ڕووی جوگرافییەوە بەسەر ناوچەی باکور و باشور دابەش دەبێت، ئەو پۆلێنە، خودی شاری (شنگاڵ) ناگرێتەوە، بەڵکو ناوچەکانی سەر بە شنگاڵ دەگرێتەوە..
بەشی باکور، کە نزیکە لە دهۆک و ناوچە کوردییەکانی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان، ناوچەکانی سنونێ و خانە سۆر و هتد، ئەوە باکوری شنگاڵن.
ئەو ناوچەیە چونکە نزیک و ستراتیژی بوو، کەمترین قوربانیان دا و توانیان خۆیان ڕزگار بکەن و لە ڕێگای چیای شنگاڵ یان گەیشتن بە ناوچە کوردییەکان، کە داعش پێی نەگەیشت، بەو ڕادەیە نەبوون بە قوربانی.
هەرچی باشوری شنگاڵە کە بە (قیبلەت)یش دەناسرێ لە لایەن ئێزیدییەکانەوە، نزیکی ناوچەکانی (تەلەعفەر) و (بەعاج)ـە، هاوسێی عەرەبە سونەکانن و بگرە کلتوری ئێزیدییەکانی ئەو ناوچە لە عەرەبەوە زۆر نزیکە و جلی عەرەبی و عەگال لەبەر دەکەن، خەڵکێکی زۆر سەرەتایی و لادێیی و بێ وەی و هەژارن، زیاتر خەریکی کشتوکاڵن و منداڵی زۆریان هەیە و لە خوێندن و زۆرینەی خزمەتگوزارییەکان بێ بەش بوون، خەڵکێکی وابەستە بە دین و کلتور بوون، گوندەکانی (تلبەنات) و (سیبا شێخ خدر) و (کۆچۆ) و (تلعوزێر)، دەکەونە باشوری شنگاڵ.
لە باشوری کوردستاندا، لە ناوچەکانی دەوروبەری دهۆک و شێخانیش ئێزیدی هەن و ئەوان زیاتر ئێزیدیگەلێکی قەومین و تێکەڵی حیزبە کوردییەکانن و زۆرینەیان پارتین، باری ئابووریان باشە و شارستانیانەتر دەژین لە شنگالییەکان، تەنانەت شێوەزاری پەیڤینیشیان دهۆکییە و جیایە لەگەڵ شێوەزاری شنگاڵی، شێوەزاری شنگاڵی زیاتر لە شێوەزاری بۆتانی دەچێت و کرمانجیێکی پتەو و وشکە. ئێزیدییەکانی ناوچەی دهۆک پێیان دەگوترێ (وەلاتی)، وەلاتی و شنگالییەکان، ملمانێیەکی کۆن و توند لە نێوانیاندا هەیە، بگرە چەند جارێک گرژی و ناکۆکیش ڕووی داوە لە نێوانیان، بەڵام، لە کۆتاییدا هەردوو لایان هەر ئێزیدین، بەڵام ئەو هەموو کینە و ململانێیەش جێگای باس و سەرنجە.
جگە لە وەلاتی و شنگالی، ئێزیدی گەلێکی تریش هەن، کە خەڵکی بەعشیقە و بەحزانییەن، ئەوان نزیکەی سی هەزار کەسێک دەبن و زمانی کوردی نازانن و بە عەرەبی قسە دەکەن و خۆیانیش پێ عەرەبە و بەڵام زیاتر گرێدراوی ئێزیدین، تاوەکو نەتەوە.
لە ڕابردوودا، هەم لە لایەن حوکمەتی مەرکەزی عێراق و حوکمەتی هەرێمی کوردستانەوە، کەمترین خزمەت بە ئێزیدییەکان کراوە و چونکە کەمینە و بێ هێزن، بە تەواوی وەلاخرابوون و بە گشتی کۆمەڵگایێکی هەژار بوون.
لە ساڵی 2007 بەهۆی پەیوەندی سۆزداری کچە ئێزیدیێکی خەڵکی بەحزانییە، لەگەڵ کوڕە عەرەبێکی موسڵمان و ڕاکردن لەگەڵ ئەو کوڕە، دواتر گەڕانەوەی ئەو کچە کە نێوی (دوعا) بوو بۆ ماڵەوە، لەلایەن ئێزیدییەکانەوە هێرشی کرایە سەر، هەرچۆنێک دەبێت، دوعا دەگەیندرێتە مالی بابە شێخی گەورە پیاوی ئاینی ئێزیدییەکان و لەوێ دەپارێزرێت، بۆ ئەوەی کێشەکە پەرە نەسێنێت، کەسێکی نزیکی دوعا دەچێتە لای بابە شێخ و داوای دوعا دەکات و پەیمانی پێ دەدات کە دوعا بپارێزێت و نەیداتە دەست ئەو هەموو کەسەی هاتوونەتە بەر مالئ بابە شێخ بۆ کوشتنی دوعا، بۆیە داوا دەکات کە لە دەرگای پشتەوەی مالی بابە شێخ دوعا ڕزگار بکات، کەسانی نێو ماڵی بابە شێخیش ئەو پێشنیارە قبوڵ دەکەن و دوعا دەدەنە دەست ئەو کەسە نزیکەی، ئەویش کاتێک دوعا لە دەرگای پشتەوە دەباتە دەرێ، ڕاستەوخۆ دەیباتە نێو ئەو هەموو خەڵکەی بۆ کوشتنی هاتوون و لە دەرگای سەرەکی و پێشەوە کۆ بوونەتەوە، ئیتر، جەهەنەمی دوعا دەست پێ دەکات و بە ناشرینترین شێوە، جەستەی ئەو کچە هەنجن هەنجن دەکەن و بە بەرد و بلۆک، دوعا لە ژیان بێ بەش دەکەن و دەیکوژن!
کاردانەوەکان بەر لە دادگا و لایەنە ڕەسمییەکان دەستی پێ کرد، ڕاستەوخۆش لە شاری موسڵ، 24 کرێکاری ئێزیدی کە لە کارگەیەک ئیشیان دەکرد، لە لایەن ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق بە کۆمەڵ و بە یەکەوە تیرۆر کران.
دواتریش کاردانەوەکان درێژەیان کێشا و چەندین ڕووداوی کوشتن و تیرۆر لە موسلدا ڕوویان دا و چەند گوندێکی ئێزیدیش لە باشوری شنگاڵ، قیبلەت، تەقێندرانەوە و بە گشتی، لە نێوان 700 بۆ 800 مرۆڤی ئێزیدی بوونە قوربانی، لە کاردانەوەی ئیسلامییەکان لە هەمبەر ڕووداوی کوشتنی دوعا، چونکە ئیسلامییەکان وێنەکەیان کردە شێوەیەک، کە دوعا بووە بە موسڵمان بۆیە ئێزدییەکان کوشتوویانە.
ئێزیدییەکان ئەوەیان بە کۆمەڵکوژی 73 بەناو کرد، فەرمانی 73، کە بەسەر کۆمەڵگاکەیان دا هاتووە، بەهۆی بیر و باوەڕ و هەلوێستیانەوە، دەبێ لەبیر نەکەین، خەڵکی قیبلەت و کرێکاری کارگەکان، دوور و نزیک پەیوەندییان بە ڕووداوی کوشتنی دوعاوە نەبوو، ڕەنگە ئەو کاتە لە بامیە کردنەوە و بلۆک کێشانەوە بووبن، کە کەسانێکی فیوداڵ و شەرەف پارێز دوعایان بە دەردی هەموو ئەو کچە موسڵمانانە برد، کە لە لایەن خودی موسڵمانەکانەوە لەسەر هەمان بابەت و هۆکار، دەکوژرێن.
پێنج لەو کەسانەی کە بە کوشتنی دوعا تاوانبار بوون، دەستگیر کران و سزا دران، دواتر بە بەرتیل و لە ڕێگەی پیاوانی فیوداڵی نێو جڤاکی ئێزیدییەوە، لە زیندان دەرخران و چوونە دەرەوەی وڵات.
دوای ئەوەی کە داعش هێرشی کردە سەر موسڵ لە مانگی شەشی 2014 و تەواوی شارەکەی کەوتە دەست، هێزە عێراقییەکان لە ناوچەکانی شنگاڵ و بەحزانی و بەعشیقە و هەموو ناوچە مەسیحی نشینەکانی وەک بەرتلە و تلکێف و تلسقۆف و قەرەقوش، خۆیان ڕادەستی پێشمەرگە کرد و چەکەکانیشیان هەر لە لایەن پێشمەرگەوە دەستی بەسەردا گیرا، ئەو ناوچانەش هەموو کەوتنە دەست هێزەکانی پێشمەرگە، کە زۆرینەیان هێزەکانی سەر بە بنەماڵەی بارزانی بوون و بەشێکی کەمی هێزەکانی سەر بە یەکێتیش لەوێ بوون، ئەو دۆخە بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بوو، تەنانەت لەو ماوەیەدا، من وەک وەرگێڕی ڕۆژنامەوانی چوومە شارۆچکەی بەرتڵە و لەوێ چاوپێکەوتنمان لەگەڵ شەبەک و مەسیحییەکان کرد و پرسیارمان لە ترسی هێرشی داعش بۆ سەریان کرد و ئەوانیش پێیان وابوو، کە هێزەکانی پێشمەرگە دەیانپارێزن و جێی باوەڕن، ئەوکاتە، داعش تا گۆگجەلیلی لە دەست بوو، کە دەروازەی شاری موسڵە.
شەوی 2 لەسەر 3ێی مانگی ئابی 2014 لە کاتێکدا ئێزیدییەکان جەژنی چلەی گەرما پیرۆز دەکەن و بۆ خۆشی و ئاهەنگ چوونەتە ماڵی یەکتر و میوانداری...
هێزەکانی داعش، لە تەلەعفەر و بەعاجەوە هێرش دەکەنە سەریان و بێ ئەوەی هیچ بەربەستێکی ئەمنی لەپێشیان هەبێت، دەگەنە نێو گوندەکانی قیبلەت، باشوری شنگاڵ و دەست دەکەن بە تاڵانی و کوشتن و بڕین پیاوان و بردنی ژن و منداڵ..
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئایا ڕۆڵی پێشمەرگە چی بوو؟ ئایا ڕووبەڕووبوونەوە و دوای ئەوە شکان لە ئارادا هەبوو؟ یان کشانەوەیەکی مونەزەم و پلان بۆداڕێژراو لە ئارادا هەبوو، کە پێشمەرگە قوربانییەکانی بە بەراورد بە سڤیل ڕێژەی %00.01 بوو، لە کاتێکدا، ئەگەر ئەو هێزە خاوەن پرەنسیپ و مۆرال بوایە، دەبوو، هاوکێشەکە بە پێچەوانەوە بووایە، ئیدی ڕووداوەکان بەو شێوەیە درێژەیان کێشا تا تەواوی شنگاڵ بە باکور و باشوریەوە کەوتە دەست داعش و خەڵکێکێ زۆر خۆیان گەیاندە چیای شنگاڵ، کە ژمارەیان زیاتر لە 200،000 کەس دەبوو.
لەسەر چیا، بەهۆی چەند قارەمانێکی سڤیل و بە چەکە سادەکان و کلاشینکۆفە ڕزیووەکانی دەستیانەوە، ڕێگریان لە دزەی داعش دەکرد بۆ سەر چیای شنگاڵ.
لە کاتی کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، تەنانەت چەکەکانی خۆشیان نەبەخشییە خەڵکی سڤیل بۆ ئەوەی خۆیانی پێ بپارێزن، بەڵکو بێ باکانە، بۆ ڕاکردن و کشانەوەیەکی سەرکەوتووی بێ بەخەساردانی چەکیش، هەنگاویان ناو و دەرئەنجامیش، ئەو ڕووداوانەیە کە ئێستا لە خوارەوە باسی دەکەم.
دوای ئەوەی کە خەڵکی سڤیل بۆ ماوەی یەک حەفتە لەسەر شاخ مانەوە و گوندی کۆچۆش لە قیبلەت گەمارۆ درابوو و دانوستاندن لە نێوان ئەوان و داعش هەبوو، لە گوندی کۆچۆ، داوای موسڵمانبوون، لە لایەن، خەڵکی ئەو گوندەوە ڕەت کرایەوە، بۆیە داعش لە دواجاردا، هێرشی کردە سەریان و هەموو پیاوەکانیان کوژران، بەبێ ناوبەر، تەنها ئەو ژمارە نەبێ، کە لە کاتی کۆمەڵکوژکردنیان، ڕزگاریان ببوو بە برینداری..
هەموو ژنە پیرەکانیش کوژران و تەنها منداڵ و ژنی گەنج هێلدرانەوە و وەک کۆیلە بەخشران و فرۆشران، نادیە مورادی کچە ئێزیدی ڕزگاربووی دەستی داعشیش خەڵکی کۆچۆیە، بە نزیکەیی تەنها لە کۆچۆ 700 کەس کۆمەڵکوژ کران، لەو دواییەش، گوندی کۆچۆ لەلایەن هێزی حەشدی شەعبییەوە ئازاد کرا..
لە هەمان کاتدا، لە چیادا ئەو 200 هەزار خەڵکە گیریان خواردبوو و تەنها شتێک کە ئەنجام دەدرا، ناردنی خواردن بوو لە ڕێی هێلیکۆپتەر و تەیارەوە، بۆ ئەو چیایە، کە ئەوەش تراژیدیایێکی تر بوو، کە خواردنەکان بەشی هەمووانی نەدەکرد و نەدەگەیشتە هەموو ئەو سەدان هەزار خەڵکە و لە هەر شوێنێکیش، خواردن دەکەوتە خوار، شەڕ لەسەر خواردنەکە ڕووی دەدا، بەهۆی برسێتی خەڵکەکەوە، تەنانەت هێلیکۆپتەرێکی عێراقی کە بۆ هاوکاری کردنی خەڵکی لەوێ بوو، بەهۆی لەدەستدانی هاوسەنگییەوە کەوتە خوراوە و فڕێنەرەکەی گیانی لە دەست دا، ئەو ڕووداوە بەلای منەوە گرنگ بوو، لە،مێژووی عێراقدا هێلیکۆپتەری عێراقی کوردی کوشتووە، ئەوەتا ئێستا هاوکاری کورد دەکات و خواردنی بۆ هەڵدەدات و کاتێکیش فڕێنەرەکە بەهۆی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی دەمرێت، خانەوادەکەی زۆری پێ سەربەرزن و وەک پالەوانێک لە لایەن هەموو گەلانی عێراق سەیر دەکرێت.
دۆخەکە تا دەهات سەخت دەبوو، تەنانەت، من دایکم ئیتر هەموو ژیانی ببوو بە گریان و تلانەوە و هەمووان چاوەڕێی گەورەترین کارەساتیان دەکرد، هێزەکانی بارزانی و بە خودی بارزانی خۆشیەوە، هەموو شتێکیان دەزانی قسە کردن و ڕوونکردنەوە نەبێت، بەهەموو جۆرێک نوتقیان بڕابوو.
تراژیدیاکە خەریک بوو دەستی پێ دەکرد و چەندین منداڵ و پیر گیانیان لەدەست دا، ئەوکاتە، کەجەکە داخویانینی دا و بڕیاری دەستتێوەردانی کرد و کۆمەڵێک گەریلا لە قەندیلەوە بە پاس چوونە ڕۆژئاوای کوردستان و لەوێشەوە، خۆیان گەیاندە چیای شنگاڵ، ئەوەیان لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەم کرد، ئینجا، دەستیان کرد بە هەوڵدان و تێکۆشان بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێک لە چیای شنگالەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، لەو پرۆسەیەش سەرکەوتوو بوون و توانیان بە قوربانییێکی کەم، هەموو ئەو خەڵکە، ڕزگار بکەن و تراژیدیا گەورەکە ڕووی نەدا، کە تورکیا و داعش و پارتی زەمینە سازیان بۆ کردبوو.

 لە بەشی دوودا، درێژەی ڕووداو و تراژیدیاکان باسدەکەم.
 تێبینی: ئەم نووسینە لە فەیسبوک وەرگیراوە


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 5 . زۆرباشە: 4/5)