بەشی باکور، کە نزیکە لە دهۆک و ناوچە کوردییەکانی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان، ناوچەکانی سنونێ و خانە سۆر و هتد، ئەوە باکوری شنگاڵن.
ئەو ناوچەیە چونکە نزیک و ستراتیژی بوو، کەمترین قوربانیان دا و توانیان خۆیان ڕزگار بکەن و لە ڕێگای چیای شنگاڵ یان گەیشتن بە ناوچە کوردییەکان، کە داعش پێی نەگەیشت، بەو ڕادەیە نەبوون بە قوربانی.
هەرچی باشوری شنگاڵە کە بە (قیبلەت)یش دەناسرێ لە لایەن ئێزیدییەکانەوە، نزیکی ناوچەکانی (تەلەعفەر) و (بەعاج)ـە، هاوسێی عەرەبە سونەکانن و بگرە کلتوری ئێزیدییەکانی ئەو ناوچە لە عەرەبەوە زۆر نزیکە و جلی عەرەبی و عەگال لەبەر دەکەن، خەڵکێکی زۆر سەرەتایی و لادێیی و بێ وەی و هەژارن، زیاتر خەریکی کشتوکاڵن و منداڵی زۆریان هەیە و لە خوێندن و زۆرینەی خزمەتگوزارییەکان بێ بەش بوون، خەڵکێکی وابەستە بە دین و کلتور بوون، گوندەکانی (تلبەنات) و (سیبا شێخ خدر) و (کۆچۆ) و (تلعوزێر)، دەکەونە باشوری شنگاڵ.
لە باشوری کوردستاندا، لە ناوچەکانی دەوروبەری دهۆک و شێخانیش ئێزیدی هەن و ئەوان زیاتر ئێزیدیگەلێکی قەومین و تێکەڵی حیزبە کوردییەکانن و زۆرینەیان پارتین، باری ئابووریان باشە و شارستانیانەتر دەژین لە شنگالییەکان، تەنانەت شێوەزاری پەیڤینیشیان دهۆکییە و جیایە لەگەڵ شێوەزاری شنگاڵی، شێوەزاری شنگاڵی زیاتر لە شێوەزاری بۆتانی دەچێت و کرمانجیێکی پتەو و وشکە. ئێزیدییەکانی ناوچەی دهۆک پێیان دەگوترێ (وەلاتی)، وەلاتی و شنگالییەکان، ملمانێیەکی کۆن و توند لە نێوانیاندا هەیە، بگرە چەند جارێک گرژی و ناکۆکیش ڕووی داوە لە نێوانیان، بەڵام، لە کۆتاییدا هەردوو لایان هەر ئێزیدین، بەڵام ئەو هەموو کینە و ململانێیەش جێگای باس و سەرنجە.
جگە لە وەلاتی و شنگالی، ئێزیدی گەلێکی تریش هەن، کە خەڵکی بەعشیقە و بەحزانییەن، ئەوان نزیکەی سی هەزار کەسێک دەبن و زمانی کوردی نازانن و بە عەرەبی قسە دەکەن و خۆیانیش پێ عەرەبە و بەڵام زیاتر گرێدراوی ئێزیدین، تاوەکو نەتەوە.
لە ڕابردوودا، هەم لە لایەن حوکمەتی مەرکەزی عێراق و حوکمەتی هەرێمی کوردستانەوە، کەمترین خزمەت بە ئێزیدییەکان کراوە و چونکە کەمینە و بێ هێزن، بە تەواوی وەلاخرابوون و بە گشتی کۆمەڵگایێکی هەژار بوون.
دوای ئەوەی کە داعش هێرشی کردە سەر موسڵ لە مانگی شەشی 2014 و تەواوی شارەکەی کەوتە دەست، هێزە عێراقییەکان لە ناوچەکانی شنگاڵ و بەحزانی و بەعشیقە و هەموو ناوچە مەسیحی نشینەکانی وەک بەرتلە و تلکێف و تلسقۆف و قەرەقوش، خۆیان ڕادەستی پێشمەرگە کرد و چەکەکانیشیان هەر لە لایەن پێشمەرگەوە دەستی بەسەردا گیرا، ئەو ناوچانەش هەموو کەوتنە دەست هێزەکانی پێشمەرگە، کە زۆرینەیان هێزەکانی سەر بە بنەماڵەی بارزانی بوون و بەشێکی کەمی هێزەکانی سەر بە یەکێتیش لەوێ بوون، ئەو دۆخە بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بوو، تەنانەت لەو ماوەیەدا، من وەک وەرگێڕی ڕۆژنامەوانی چوومە شارۆچکەی بەرتڵە و لەوێ چاوپێکەوتنمان لەگەڵ شەبەک و مەسیحییەکان کرد و پرسیارمان لە ترسی هێرشی داعش بۆ سەریان کرد و ئەوانیش پێیان وابوو، کە هێزەکانی پێشمەرگە دەیانپارێزن و جێی باوەڕن، ئەوکاتە، داعش تا گۆگجەلیلی لە دەست بوو، کە دەروازەی شاری موسڵە.
شەوی 2 لەسەر 3ێی مانگی ئابی 2014 لە کاتێکدا ئێزیدییەکان جەژنی چلەی گەرما پیرۆز دەکەن و بۆ خۆشی و ئاهەنگ چوونەتە ماڵی یەکتر و میوانداری...
هێزەکانی داعش، لە تەلەعفەر و بەعاجەوە هێرش دەکەنە سەریان و بێ ئەوەی هیچ بەربەستێکی ئەمنی لەپێشیان هەبێت، دەگەنە نێو گوندەکانی قیبلەت، باشوری شنگاڵ و دەست دەکەن بە تاڵانی و کوشتن و بڕین پیاوان و بردنی ژن و منداڵ..