کـــــــــوردبــــــــوون و ناســــــیۆنالیـزم (بەشی حەوتەم)

Sunday, 13/08/2017, 12:41

3645 بینراوە


"نەتەوە لەناو ئەم فەلسەفەیەدا بوونەوەرێکی عەقڵییە و وەک بیرۆکەی عەقڵیی هەموو ئەو بوونەوەرانەی کە دوورن لەوەی مرۆڤ توانای دروستکردنیانی هەبێت و بە شێوەیەکی سروشتی هەن و بوونێکی خۆرسک و سروشتیان لەناو عەقڵی مرۆڤدا هەیە و دەرکەوتنیان لەناو بیرکردنەوەی میللەتەکاندا لەدەستی بیرمەندانی ئەو میللەتەدا نییە و لە رێگەی ئەوانەوە ناگوازرێتەوە بۆ ناو تاکەکانی ئەو میللەتە"(١١٩)
لە لاپەڕەکانی پێش و پاشی ئەم باسەدا، ئەم بۆچوونە عەقڵییە لەسەر پرسی نەتەوە و لای فەیلەسوفەکانی ئەڵمان ئاماژە پێدراوە و دەدەینەوە. ئەمەش تایبەتمەندییەکی دیار و گەورەی ئەڵمانە. بە درێژایی بوونی خۆی جێ پەنجەی لەم بوارەدا دیارە. لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهانیش دا،ئەم راستییە حاشا هەڵنەگرە.
"بیرۆکەی نەتەوە دەبێت خۆی بە شێوەیەکی سروشتی و لەناو رۆحی کۆیی میللەتدا سەر هەڵبدات و لەناو بیرکردنەوەی کەسە بیرمەندەکانی ئەو میللەتەدا پەرە بە بوونە عەقڵییەکەی بدات، یان لە شێوەی فەلسەفییەکەیدا دەرکەوێت یان لە شێوەی کۆمەڵگایەکی دیاریکراودا.ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ نەتەوە دەبێت و دروست نابێت. رۆڵی بیرمەندەکانی نەتەوەیەکیش لە پەیدابوونی نەتەوەدا ئەوەندەیە کە زەمینەخۆش بکەن بۆ پەیدابوونی،ئەوەی فیختە لە گوتارەکانیدا بۆ گەلی ئەڵمان ئەنجامی دەدات، دروستکردن و گواستنەوەی بیرۆکەی نەتەوە نییە بۆ گەلی ئەڵمان،بەڵکو بانگهێشتکردنی گەلی ئەڵمانە بۆ زەمینە خۆشکردن و بۆ پەیدابوونی نەتەوە،واتە بۆ پەیدابوونی ئەوەی کە فیختە پێی وایە لەناو رۆحی ئەو میللەتەدا ئامادەبووە بۆ لە دایکبوون".(١١٩)
ئەم چەپکە بۆچوونە، ڕەنگە دەرفەت نەدا، قسەی زیاتر لەمەڕ ئەم باسەوە بکەین، مەگەر بڕەک لەسەر هەڵکەوتنی فیختە بدوێین. بەڵام دیسان جەخت لەوە دەکەینەوە، کە چەمکی نەتەوە بەلای فەلسەفەی ئەڵمانییەوە، بوویەکی عەقڵییە و خۆڕسکانە ڕسکاوە و مرۆڤ، چ کاریگەرێتییەکی لە هاتنە بوونی ئەم دیاردەیەدا نییە، ئاخر لەبەرئەوەی بوویەکی سروشتییە.
 نەتەوە بەو پێناسەیەی هەیە، کە بوویەکی سروشتییە، وەک هەر دیاردەیەکی دیکەی ژیان، مرۆڤ، سروشت، گەردوون و هەسارەکان، ئەمانە دروست ناکرێن، دروستیش بکرێن کار و فەرمانی ئەمانە بە سروشتی جێبەجێ ناکەن و تەنیا ئامێرێکی میکانیکی دەبن ، بەڵکو ئەمانە خۆیان لە هەناوی پرۆسەیەکی سروشتیدا هاتونەتە گۆڕێ . دەرکەوتنی ئەم بووە سروشتییە، بە شێوازێکی دوور لەدەست تێوەردانی مرۆڤەوە خۆی لە ڕەوتی پێگەیشتنی خۆیدا، خۆی نمایشت دەکات. نە کەس دەتوانێ ڕێگری لێ بکات و، نە هیچ کەسێکیش پێی دەکرێ ڕەوتی بگۆڕێت.
 کار و ئەرکی بیریاران و کەسە هۆشمەند و زاناکانی، هەر نەتەوەیەک زەمینەسازی هەلومەرج رەخساندنە، بۆ سەرهەڵدانی نەتەوە لە قاڵبە سروشتییەکەی خۆیدا. هەر وەک ئەوەی ئەحمەدی خانی و حاجی قادر، باس لە نەتەوە و دەوڵەت دەکەن. ئەوان دروستکەر نین، لێ وەک زەمینەخۆشکەر و بانگەوازکەر و  دەستگیرۆییکردن و چرابەدەستی نەتەوەی کورد، تا بەرچاویان ڕوون بێت و بەرەو ئەم ئاڕاستەیە ڕەوت بکەن. بەکورتی  رۆڵی بەردەبازێک دەبینن، بۆ پەڕینەوە لە بوارێکدا.
 ناپلیۆن لە ٢٧/١٠/١٨٠٦ دا، بەخۆی لەشکرەکەیەوە دوای دوو شەڕی گەورە، دێتە ناو شاری بەرلینی پایتەختی دەوڵەتە بەهێز و دیارەکەی پرووسیای ئەو رۆژگارەی ئەوروپاوە. فیختە کە بەڕاسپاردەی زانکۆی شاری ئێرلانگن، لە بەرلین دەبێت، ئەم رووداوانە بەچاوی خۆی دەبینێ. چەندجارێ داوا لەسەرکردە سوپاییەکانی پروسیا دەکات، رێگەی بدەن، وەک وتاربێژ، بچێتە بەرەکانی شەڕەوە، قسە بۆ سەربازەکان بکات. لە پێناوی ئەوەی ورەیان بەرامبەر بە داگیرکەری فەرەنسی بەرز بکاتەوە. تا باشتر خۆیان بناسن و لە بنەچەی ئەڵمان بوونی خۆیان باشتر بن  بە ئاگا بێنەوە. ڕێگەی پێ نادرێ.ناوبراو هاوکات لە گرنگی و بایەخی پەروەردە و خوێندن باش تێدەگات، بۆیە هاوکاری دروستکردنی زانکۆی هومبۆڵدی بەرلین دەکات و پاشان لە پشووی نێوەڕواندا، لە ماوەی نێوان ١٣/١٢/١٨٧ تا ٢٠/٣/١٨٠٨ دا ئەو زنجیرە وتارە،(چەند وتارێ بۆ نەتەوەی ئەڵمان)،کە بە ١٤ جار لە ئەکادیمیای پروسیا بۆ زانست لە بەرلین پێشکەش دەکات. 
کورت و کرمانج، داگیرکاریی فەرەنسی بیرۆکەی پێشکەشکردنی ئەو وتارانەی بۆ نەتەوەی ئەڵمان لای فیختە ڕسکان . بەشێک لە کارەکانی هیگڵیش ڕەنگدانەوەی هەمان داگیرکاریی فەرەنسی بوو. هەربۆیەش دەووترێ ناپلیۆن و شەڕەکانی، شەیپووری هوشیارکردنەوەی ئەوروپان.
 ئەڵمان تا ئەوکاتە،ئەم نەتەوەیەی ئیمڕۆ نەبووە. ڕابەران و مەشخەڵ بەدەستدانی ئەڵمان، نووسەر و مێژوونووس و فەیلەسوف و ڕۆشنبیرەکان بوون، لایبنیتز بە فەرەنسی نوسیویەتی و زۆر سیاسی و رۆشنبیری ئەڵمان سەرسام بوون بە ناپلیۆن و خۆشیان ویستووە. وەک بیتهۆڤن و کایزەر ڤیلهێمی دووەم.
"ئەمە ئەوە دەگەیێنێ نەتەوە لەناو فەلسەفەی ئەڵمانیدا بوونێکی راستەقینەی هەیە و بیرۆکەی خوا،حەقیقەت،دادوەری..هتد چۆن لەناو ئەم فەلسەفەیەدا وەک بیرۆکەیەکی عەقڵی بوونێکی راستەقینەیان هەیە و لە رێگەی هەستەکانەوە لەدەرەوەی عەقڵەوە نەگواراونەتەوە بۆ ناو عەقڵ ،ئاوهاش بیرۆکەی نەتەوە بیرۆکەیەکی عەقڵی راستەقینەیە و بە شێوەیەکی پێشینە لەناو عەقڵی مرۆدا بوونی هەیە و وەک هەر بیرۆکەیەکی عەقڵیش توانای پەرەسەندن و خۆدیاریکردنی هەیە"(١٢١)
شاراوە نییە، هەر کەسێک قسەیەکی لەسەر فەلسەفە بە گشتی و چەمکی نەتەوە بە تایبەت هەبێت، مەحاڵە بتوانێ، بێ بیر و هزر و تێڕوانینەکانی فەیلەسوف و بیریارانی ئەڵمانی، کارێکی سەرومڕ و تەواومان پێشکەش بکات. ئەم راستییەش مێژوویەکە، بە درێژایی مێژووی چەمکی نەتەوە ئامادەگی هەیە و لە رێگەی، ئەو ناوانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێداون، لەتەک دەیان شاعیر و نوسەری وەک ئارنێدت  Arnedt  و کلۆپشتۆک  Klopstock،کە هاوار دەکەن کوا نیشتمان،  نەخش بووە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە