سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


کێ لە نادیاردا لە پشتی شاسوار عەبدولواحید وەستاوە؟!

Monday, 07/08/2017, 20:06

11780 بینراوە


تێناگەم تۆ چۆن شەق لە تەنەکە هەڵدەدەیت، لەولاشەوە دەستی پێدا دەکەیت و ئەم پیساییانەی لێدەردەهێنیت؟!
--------------------------------
شاسوارعەبدولواحیدی بازرگان، کە ماوەیەکە لە کاری بازرگانیی و راگەیاندنەوە کەوتۆتە نێو جموجۆڵی سیاسی، کۆڕ و کۆبوونەوە دەکات، پێشتر کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی کردەوە و لە سەردەمی بەرهەم ساڵەحیشدا لایەک لە سلێمانی بەخۆڕایی لە سەر تاپۆکرا، وا ئێستا هێدی هێدی هۆکاری ئەمە روون دەبێتەوە، کە کێ و بۆچی ئەم هەموو پشتگیرییە دەکرێت! هەروەها ئەوە روون دەبێتەوە، کە چۆن ئەم کابرایە لە هیچەوە بوو بە بازرگان، دوایی بۆچی هەنگاوی ناو کەناڵی تەلەفیزیۆنی دامەزراند، کردیان بە نووسەر و رەخنەگر، وا ئیستا دەیەوێت ببێت بە سیاسیی و حیزب بۆ خۆی دروست بکات، ببێت بە سەرۆک و سەرکردە
ئەم نووسینەم بۆ بەرژەوەندی هیچ حیزب و گروپێکی سیاسیی دیکە نەنووسیوە، بەتایبەتی پارتیی، کە ئیستا ئەوان بە مەبەستێکی دیکە، لەسەر شاسوار واحید دەنووسن و هێرش دەکەنە، سەری، هەڵبەت ئەوەی پارتیی دەیکات، بەپێچەوانەوە پۆینی زیاد دەکات، تکایە ئێوەش لەو روانگەیە و لە رقبوونتان لە پارتیی، پلە و پلە و پایەی شاسوار بە بەرزی نەنەرخێنن، ئەمەم کارەساتە کە پارتیی و ئەم جۆرە کەسانە بەسەر کوردیاندا دەهێنن.
تێناگەم تۆ چۆن شەق لە تەنەکە هەڵدەدەیت، لەولاشەوە دەستی پێدا دەکەیت و ئەم پیساییانەی لێدەردەهێنیت؟!

لە ڕێگای شاسوارەوە کەناڵی (NRT)ی عەرەبی کردەوە
بەرهەم ساڵەح کاتی خۆی کەناڵی (حوریة)ی عەرەبی هەبوو، ئەم کەناڵەکە هیچ کاریگەرییەکی نەبوو، بۆیە کەناڵەکەی داخست، دوایی بەشێوەیەکی سێبەر لە ڕێگای شاسوارەوە کەناڵی (NRT)ی عەرەبی کردەوە، ساڵی رابردوو وا دەنگ بڵاوبوویەوە، کەوا بەرهەم ساڵح خەریکی دروستکردنی رێکخراوێکی سیاسییە، دەنگۆی هەواڵەکە لە خۆڕا نەبوو، بەڵام دەرکەوت کە ئەم هەوڵەش بۆ بەرهەم ساڵح سەری نەگرت، بۆیە ئیستا لە رێگای شاسوار عەبدولواحیدەوە دەیەوێت ئەم کارە بکات! ئەم جموجوڵانەی شاسوار کارتێکی تری فاشیلی بەرهەم ساڵەحە بەکاری دەهێنێت، کە من لە چەند سەرجاوەیەکەوە بیستوومە، کە بە ئۆکەیی کردنی پارتی لەسەری دەستیان بەکار کردوە، دەنا پارتیی و بنەماڵەی بارزانی بۆ خۆشیان دەزانن، کە مەسەلەی ریفراندۆم تەنیا درۆیەک و شانۆگەرییەکە، لەو رێگایەوە دەیانەوێت کەسایەتی دیکە دروست بکەن، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە بە بێ سانسۆر کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە زونی زەرد کار دەکات.کۆمەڵێک بەڵگە و دیاردەی تر، کە لە پاشەڕۆژدا بۆ هەموو لایەک ئاشکرا دەبێت، هەڵبەت بەرهەم ساڵحیش رێککەوتنێکی ژێر بەژێری لەگەڵ پارتییدا هەیە و هەموویان زنجیرەکەیان پێکەوە گرێ داوە، کە کەس لە نێویدا دەرنەچێت، ئەگەر دەرچوو، بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی راستەقینە لێدەرنەچێت، کە زیان بە پەزەکەیان بگەیەنێت.

نەوشیروان مستەفا و بەرهەم ساڵح و شاسوار عەبدولواحید، جیاوازی ئاسمان و رێسمانە
بەرهەم ساڵح بەعەقڵی خۆی و بەو رابردووە خراپەی هەیبوو لە ناو دەسەڵاتدا، ئیستا ئەیەوێت لاسایی نەوشێروان مستەفا بکاتەوە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ نەوشیروان مستەفا بە شێوەیەکی بەردەوام دەیەوێت نێو سیاسەت، لە بەغدا بەدوای مەلەف و بەڵگەنامەکانی بەعسدا دەگەڕاو کۆیکردەوە و هێنای بۆ سلێمانی و لە سلێمانیشەوە ناردی بۆ ئەمریکا بۆ ئەوەی لە فەوتان ڕزگاری بکات.دواتر هاتەوە لە کوردستان لە ناوخۆی یەکێتی دەستی بۆ کۆمەڵێک مەلەف و پرسی ناوخۆی حیزبەکە و ئیدارەدانی برد، باڵی ڕیفۆرمی ڕاگەیاند و پێشنیاری هەڵبژاردنی مەڵبەندەکان کرد و جێبەجێیکرد، لە هەڵبژاردنی مەڵبەندەکان بردیەوە، بەڵام زۆربەی کادرە دەرچوەکانی باڵی ڕیفۆرم، خودی تاڵەبانی بە بەخشینەوەی ئۆتۆمبیل و پلە و پۆست کڕی و کونگرەی بەو شێوە لە بەرژەوەندی خۆی گۆڕی، ئەمە وایکرد نەوشێروان مستەفا دەست لە پۆستی جێگری سکرتێری گشتی ئەو حیزبە بەربدات و کۆمپانیایی وشە ڕابگەیەنێت، دوای ئەوە ڕەگی لە ئەوروپا ڕاگەیاند و دواتر باڵی ڕیفۆرم و ڕەگی لە ناو یەکێتی کشاندەوە و لیستی گۆڕانی ڕاگەیاند، نەوشیروان مستەفا بەو هەموو مێژووەی هەیبوو، توانی ۲۵ کورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت و بە گژ دوو ئەژدیهای دڕندەی وەکو یەکێتی و پارتیدا بچێتەوە.

لە دروستکردنی باڵی ناوەنددا سەرکەوتوو نەبوون، ئیستا بەهۆی شاسوارەوە دەیانەوێت سواری سیاسەت ببنەوە
بەرهەم ساڵەح لە ڕووی دەستپیسی و گەندەڵییەوە مێژوویەکی ناشرینی هەیە و هاوشێوەی مافیاکانی تری یەکێتی غەرقە لە گەندەڵی، بە عەقڵی خۆی دەیەوێت وەکو نەوشێروان مستەفا بکات و دەنگی خەڵکی ناڕازی لە خۆی کۆبکاتەوە، پیلانی بەرهەم بەم شێوەییە، جەماعەتە دزەکەی باڵی ناوەند کە غەرقن لە گەندەڵی و تاوانی و دزی بهێنێتە دەرەوە، چونکە لەو ماوەیەدا باڵی ناوەندیان ڕاگەیاند: جەماعەتی هێرۆ خەریک بوو پەڕو باڵیان بکەن و کەسیان بە دەوردا نەمێنێت، بۆیە باڵی ناوەند لەبەر ئەو مەترسییە چوونەوە لە گەڵ هێرۆ دانیشتنیان کرد و باڵەکەیان بەشێوەیەکی تەکتیکی تواندەوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە وەک نەوشێروان مستەفایان بەسەر نەیەت کە باڵی ڕیفۆرمی دەرهێنا، ٢٠٠٠ کەسیان لێ نانبڕاو کرد، بۆیە دەیانەوێت لە ڕێگای شاسوا، کە دروستکراوی ئەم مافیایانە خۆیانە و ئەو هەموو پارە و سەرمایە بە بازرگانی پێ پەیدا ناکرێت، بۆیە لە پاڵ ئەمەشدا کۆمەڵێک مافیای دز و جەرد لەم ڕێگایەوە پارەی خۆیان سپی کردوەتەوە، لیستێکی پەرلەمان بە شاسوار دروست دەکەن و کۆمەڵێک خەڵکی بە ناوی گەنج و نوخبەش دەکەنە کاندید و خەڵکی پێهەڵخەڵەتێن و دەنگی پێکۆکەنەوە، وایان پلان داناوە کە باڵی ناوەندی یەکێتیش لە ناوخۆی یەکێتی بمێننەوە، تا بتوانن لە کاتی هەڵبژاردندا هێرشیان نەکرێتە سەر لیستەکەی بەرهەم و شاسوار، بەڵام ئەم کارە بەبێ ڕەزامەندی پارتی ناکەن.پارتی سیاسەتی پەرتکە و زاڵبەی لەناو یەکێتی بەکارهێناوە، لە لایەک پشتیوانی لەم کەسانە دەکات کردوونی بە شەریکە دز، لەملاکەشەوە باڵەکەی بنەماڵەی شەریکە دزەکانی بەشکردوە، کە دەیانەوێت شاسوار لە سەرەتادا رابەری بکات.

بە رەزامەندی پارتیی و یەکێتیی شاسوار عەبدولواحید ئەم جموجۆڵە دەکات
لە کۆتاییدا هەمووشیان لە قازانجی بنەماڵەی بارزانی کاردەکەن، لە داهاتوشدا دەبینن پارتی شاسوار و بەرهەم کۆمەڵێک سیناریۆ بەڕی دەخەن، وەکو هێرشکردنە سەر ئەم جەماعەتە و شەڕە جنێو و کۆمەڵیک سیناریۆی دیکە، ئەم کەمپینی نەخێرە بۆ ئەوەیە، کە بە جۆریک لە جۆرەکان لیستەکەی بەرهەم لە ڕێگای شاسوارەوە بە گەورە لە پێش چاوی خەڵک نیشان بدەن و باوەڕ بە خەڵک بهێنن، کە بەڕاستی ئەم بازرگان و فاشیلە سیاسیانە دژی عەقڵییەتی بنەماڵەی بارزانین و بەو شێوەیە خەڵک چەواشە بکەن.

شاسوار رەوشتی پارتیی و یەکێتی هەیە، موچەی تەواوەتی بە کارمەندەکانی نادات
شاسوار کەسایەتییەکی وا نییە کە لای خەڵکی خۆشەویست بێت، بەتایبەتی لای کارمەندەکانی، بڕۆن لە کارمەندەکانی بپرسن، بەتایبەتی ئەوانەی چاڤیلاند، کە لە دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتی خراپتریان لەگەڵدا دەکرێت و موچەیان پێ نادرێت، بڕۆن لەو کەسانە بپرسن کە لە سلێمانی پارەی زۆریان داوە بە ساسوار عەبدولواحید بەناوی پشکەوە، نە پارەکەیان دەدەنەوە، نە قازانجیان دەدەنێ، شاسوار عەبدولواحید هەرچی وەڵامێک لەم بارەیەوە بداتەوە، هەمووی درۆ و فڕوفیشاڵە، کەس گوێی لێنەگرێت، بڕۆن قسە لە کارمەندەکان و لەوانە دەربهێنن کە پارەیان لای نالیایەو، ئایا ئەکگەر ئەم کابرایە دەسەڵاتێکی سیاسیی هەبێت خراپتر ناکات و خەڵکی ئەوەندەی دیکە ئازار نادات و ئەرز و ئاسمانی کوردستان ناڕوتێنێتەوە!؟ شەرمە بۆ هەر کەسێک گوێی لێبگرێت و بچێت دوای بکەوێت!

ئەوەی پارتیی ویەکێتی دەیانەوێت بیکەن سێبەرەکەیان بۆیان دەکات
پارتی و یەکێتی لە ناو خەڵکدا تڕۆ بوون کەس باوەڕیان پێناکات، وا ناچارن لیستی سێبەر دروست دەکەن بۆ ئەوەی دەنگیان بۆ سواڵ بکات، ئەوە نییە بە ئیعازی پارتی کۆمەڵێک خانەنشینکراوی لق و ناوچەکانی پارتی حیزبێکیان ڕاگەیاندوە، بۆ ئەوەی خەڵکی تۆراوی ناو پارتی لە خۆیان کۆبکەنەوە و نەهێڵن ئەو دەنگانە لە پارتی بڕوات.

بۆچی رێگا بە هیچ چالاکییەکی سیاسیی نادرێت، کەچی رێگا بە شاسوار دەدرێت!؟
من دەپرسم کاتێک گۆڕان کەمپینی هەڵبژاردنی کردوە حکومەتی فاشیلی کوردی نەیهێشت لە هیچ جێگایەکی ڕەسمی و هۆڵێک ریکڵام بۆ خۆی بکات، بۆ ناپرسن ئەی ئیستا خێرە ئەم شاسوارە دەسەڵات ڕێگای پێداوە لە هۆڵێکی حکومی ریکڵام بۆ خۆی بکات و کەمپین بکات؟ کەسیش پەلاماری نادات؟ هەرچەندە من دڵنیام، کە لە داهاتوو سینارۆی وای بۆ دروست دەکەن بۆ ئەوەی خەڵک باوەڕی پێبکەن، هاوشانی سوتانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و تەقەکردن لە شاسوار، ، ئەمیش بۆ خاتری ئەوەی بڕوای لای خەڵکی بۆ پەیدا بکەن.

نەوشیروان نەیتوانی هەموو شتێک بگۆڕێت، جگە لە تێکدان شاسوار چی دەتوانێت بگۆڕێت؟
ئاخر نەوشیروان مستەفا بەو هەمو کاریزمایی خۆی و پاکیی و عەقڵمەندی خۆی بەرانبەر ئەم دەسەڵاتە مافیا هیچی پێنەگۆڕا، ئایا ئەبێت بە کابرایەکی سێبەری مافیاکان، کە قورساییەکی وای نییە لەناو کۆمەڵگادا و رابردوویەکی سیاسیی نییە، چی گۆڕانکاریەک لە هەناوی سیاسەتکردن و حکومڕانی دەتوانێت بگۆڕێت؟ گوناح نییە دوای نەوشێروان مستەفا ئینسان تاقەتی هەبێت بچێت گوێی لە کابرایەکی ساختەچی و بازرگانێکی چاوچنۆک بگرێت گوایە ئەمە گۆڕانکاری دەکات!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە