شەنگال و کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان؟

Thursday, 10/08/2017, 2:23

4542 بینراوە


چوار ساڵ تێپەری بەسەر جینۆسایدکردن و کوشتاری بەکۆمەڵی ئێزیدییەکان لەلایەن چەکدارە تیرۆریستیەکانی گروپی بەناو خەڵافەتی ئیسلامی شام و عێراق (داعش)،کارەساتی کووشتنی بەکۆمەڵی ئێزیدییەکان لەسەدەی بیست و یەکدا هاوشێوەی هۆڵۆکۆستی جوولەکەکان لەسەردەستی نازییەکان و کۆمەڵکووژی ئەرمەنەکان لەسەر دەستی تورکەکانی عوسمانی بووە، لەرووی پاکتاوکردنی نەژادی،سووتاندن و گۆڕە بەکۆمەڵەکان و قڕکردنی کچ و ژنانی ئێزیدی.

بۆ ئێمەی کورد سیمای کارەساتێکی وەها گەورە و دڵتەزێن هیچکات لەبیر ناکرێت و هەموو ساڵەی لە رۆژێکی وەهادا یادی ئەم کارەساتە گەورەیە دەکەینەوە بۆ ئەوەی دەنگی مەزڵومخوازیمان گوێ جیهان کڕ بکات و دونیاش لە ئاستی ئەم تاوانە گەورەیەدا بێدەنگ نەبێت و نەوەکانی داهاتووشمان بێباک نەبن لە ئاست کارەساتی کۆمەڵکوژکردنی قەومی کورد بەهەموو ئایین و زمانە جیاوازەکانەوە لەلایەن عەرەبەکان..

"ئەی ئێزیدی گەورە!
بەراستی تۆ پادشای جیهانی،و ئێزدان رۆژیدەری هەموو پاکڕەوشتان و ماسی و جن و ئادەمیزاد و پەروەردەگاری جیهانی بەرزە....
ئەی مەزدا!....مزگێنی هاوکاری بدە بە خەڵکی کوردستان کە دەفتەری ئیمان وباوەڕی بڵاوبکەنەوە و بیرچەوتەکانیش نابوود بکە،تا شکۆی ئێران هەمیشە ڕاوەستا و قایم بمێنێتەوە و سەرزەمینی بێدینی وێران بکە"...
ئەوە وەڕگێرانی یەکێک لە دۆعاکانی دوای نوێژی شەشەکانی ئێزیدییەکانە،میللەتێک بە ئایینێکی سەرسووڕهێنەر و کەمتر ناسراوە،کەمینەیەکی بچووک بە بیروباوەڕێکی چەندڵایەنە و ناکۆک،خەڵکانێک کە تاچەند ساڵ پێش ئێستا هەر بە (یەهوودی)دەخوێنرانەوە،هەندێکیش بە زەردەشتی و هەندێکیش بە مێهرپەرەست و هەندێکیش بە تاخمێکی موسڵمانی کافر بوو دەیاناساندن!؟
بەڵام ئێستاش زۆرن ئەوانەی هەر بە شەیتان پەرەست دەیاناسن و بێگومان بە شێوەیەکیش ئەم پاشگرە ڕاستە و ئەگەرچی لێکچوونی ئەم ئایینە لەگەڵ هیچ یەک لەو ئایینانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکردوە ناتوانین ئینکار بکەین.
ئەم نووسراوی ئێستا هەوڵدانێکە بێ ڵایەنگری کردن و ڕەق و کینە بۆ ناساندن و ئاشکراکردن و شیکاری ئەندێشە و پێکهاتەی کۆمەڵگەی ئێزیدییەکان،تاهەم گۆشەیەکی بچووکی ناسراوەکانی ئەو نەتەوەیە دووبارە ئاشکرا و زیندو بکەینەوە و هەمیش ببێتە دەرگای گفتوگۆیەک لەمەر ئەوەیکە بۆچی لەلایەن گروپی تیرۆریستی (داعش)بەو شێوەیەی کۆمەڵکووژ کراون و تا ئێستاش چاڕەنووسی ژمارەیەکی زۆر لە ژن و پیاو و منداڵانی ئێزیدی دیار نییە.
ئێزیدییەکان کەمینەیەکی ئایینە لە وڵاتانی عێراق،تورکیە،ئێران،ڕوسیا و ناوچەی ژێر گفتوگۆی قەڕەبلاغ و ئەرمەنستان و کۆمەڵێک وڵاتانی ئەوروپا دا نیشتەجێبوونە،لەم چەند دەیەی دواییدا کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵکی ئێزیدی کۆچبەری وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بوونە،زۆرینەی کۆچبەرانی ئێزیدی ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژین و زیاتر لە نیوەی ئێزیدییەکان لە ئێستادا لە باشووری کوردستان (عێراق) دەژین و پرسگای مەزهەبی خۆیان(لالەش)لە نزیکی شاری شەنگال هەڵکوتووە و بۆتە شۆنی پیرۆزی بەرێوەبردنی کەرنەڤاڵی ئایینی خۆیان لە بۆنە و رۆژە پیرۆزەکانیاندا.
زمانی ئێزیدییەکان کوردیە و بەزاراوی کرمانجی باکوور قسە دەکەن،هەرچەندە بەدڕێژایی مێژوو لەبەر هۆکاری ئازار و ئەشکەنجەی موسڵمانان و بەتایبەتی دەوڵەتی عوسمانی کە بەسەریاندا سەپێندراوە،ژمارەیەکی زۆریان بەناچاری بوونەتە موسڵمان و ژمارەیەکیش سەرەڕای ئەوەی ئایین و کولتووری کۆنی خۆیان پاراستووە،بەڵام بۆ ئەوەی لە ئاسایش و ئارامیدا بمێنەوە لەترسی کۆمەڵکوژی و تاڵانی نەوە دوورودرێژکانیان بە زمانی عەرەبی و تورکی قسە دەکەن و تەنیا ئاشنایی ئەوان لەگەڵ زمانی کوردیدا دەگەرێتەوە بۆ کتێبە پیرۆزەکەیان کە بە زمانی کوردی نووسراوە،هەرچەند ژمارەی ئێزیدی غەێرە کورد زۆر کەمە.

شێوەی ناوڵێنانی وشەی ئێزیدی:
ئێزدییەکان خۆیان بە "ئێزدی" پێناسە دەکەن،وشەی ئێزید لە کتێبی ئەڤێستا دا بەمانای "ئێزتا"یە و لە زمانی پەهلەوی کۆندا بە "یەزتا" یا "یەزت"نووسراوە و لەزمانی فارسی و کوردی ئەمرۆشدا (زمانی ئێزیدییەکان)"ئێزید"بەمانای خودایە،تاخمێکی جیاواز ئێریدییەکان بە "ئێزیدی"و سەر بە ڕەوتی یەزید کوری مەعاوییە و گروپێکی تریش ئێزیدییەکان سەر بە تایفەی خەوارج نەهروان بەناوی یەزید کوری ئەنیسەی بەیانی دەزانن،ئەم هەڵەیەش لەبەر ئەوە روویداوە کە عەرەبەکان وشەی"ئێزیدی"کە لە شێوە زاری پەهلەوی کۆن وەرگیراوە،هاوتایە لەگەڵ یەزید کە لە زمانی عەرەبی وەریانگرتووە،بێگومان ئێزیدییەکان خۆشیان لەبەر ئێش و ئازار و ناخۆشی لەلایەن عەرەبەکان و سیاسەتی تەعریب و ئاسمیلەکردنیان یەهەمان بە(عەرەب کردنیان) لەم چەواشەکارییەدا بێ ڕۆڵ نەبوونە و یەزیدی کوری مەعاوییە بە یەکێک لە پیروزەییەکانی خۆیان دەزانن.
ئێزیدییەکان خۆیان باوەڕییان هەیە کە لە نەوەی "ئێزدانن"،ئەوان باوەڕییان وایە کە خودا (شەیتان ـ مەلیک ـ تاووس)چۆن دەیهەویست نەتەوەی ئێزیدی لە نەتەوەکانی تر جیاواز و تایبەت بکات،بۆ "شاهد کوری جەراح"کوری حەرزەتی ئادەم،کە بێ جووتگرتن بەشێوەی هاوزەگی لەدایکبووە،فریشتەیەکی لە بەهەشتەوە ناردوە تا لە گەڵی زەواج بکات و بەرهەمی ئەم زەواجەش کورێک بەناوی "ئیزدان"بووە،کە نەتەوەی ئێزیدی لە بنەچەی ئەو پێکهاتووە.

کورتە مێژوو:
مێژووییی بوونی ئایینی ئێزیدی دەگەرێتەوە بۆ پێش هاتنی ئیمپراتۆرییەتی ئیسلام لەسەر خاکی کوردستان،زۆر بە دروستی دەرکەوتنی ئایینی ئێزیدی ئاشکرا نییە،سەرەڕای گرنگیدان بە شایەد و بەڵگەنامەکان وا دێتە بەر چاو کە ئەم ئایینە شێوەیەکە لە پێناسەکردنی مێهرپەرەستی و درێژەی ئەندێشەی زروانیەکان بێ لەبەر هۆکاری گوشاری زۆر لەسەردەمە جیاوازەکاندا و بەتایبەتی لە سەردەمی ساسانیی و ئیسلامیەکاندا خۆیان دەستیان بە دەستکاریکردنی ئەو ئایینە کردوە و ئەوەیکە ئەمرۆ لەژێر ناوی ئێزیدی ئێمە دەیناسین ئایینێکە کە لەژێر کاریگەری مانۆییەکان دابووە و باوەڕییەکانی دوانەپەرستی زەردەشتی کاریگەری لەسەر هەیە.کارتێکەری زۆری ئایینی یەهوودی و رەوتی "نەستۆری"و باوەڕی سۆفیستەکانی دوای ئیسلام لە ئایینزای ئێزیدییەکاندا بەرچاو دەکەوێت.
یەکەمین پسپۆڕی کە سەرنجی لێکۆلەرانی بۆ ئەوان ڕاکێشاوە،ئەحمەد تێمور پاشا بووە کە لە کتێبی (الیزیدیە)و سەرچاوەی (نحل تهم)ئاماژەی بەو مەسەلەیە کردوە کە پێش سەدەی شەشەمی زایینی ناوێک لەو قەومە لە مێژوودا نەبووە کە ئەو سەردەمەش هەمان سەردەمێکە کە "شێخ عەدی" هاتۆتە ناو ئەوان و تەریقەتی (عەدویەکانی)لەناو ئەواندا دروستکردوە."ئەبوو فەراس" لە کتێبی خۆیدا کە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 752زایینی نووسراوە،ئەوانی هەر بەو ناوە خوێندۆتەوە.(ئەبوو سەعید محەمەد کوڕی عەبدوڵکەریم سەمعانی)لە کتێبی (الانساب)دەنووسێت؛
جەماعەتێکی زۆری لە عێراق و شاخەکانی حەلوان و ناوچەکانی ئەوەی بینیووە، ئێزیدی بوونە و لە گوندەکانی ئەوەی بە شێوەی خەڵکی (پاکداوێن)یا بە فارسی (زاهد) ئاکنجی ببوون و گوڵێکیان بەناوی "حال"دەخوارد.ئەو گوڵە بۆ پیرۆز بوون لەسەر مەزاری شێخ عەدی هەڵدەگرنەوە و لەگەڵ نان دەیکەنە هەویر و بە شێوەی نانی خڕ دروستی دەکەنەوە و دەیخۆن و بەرات"یش ناسراوە.
یەکێک لە گەورەترین پیرۆزییەکانی ئێزیدی (شێخ عەدی)یە،کە پێگەیەکی ئاسمانی هەیە و هەندێک بەناوی تەواویی (شەرەفەدین ئەبو فەزائیل عەدی) کوڕی (موسافیر) کوڕی (ئیسمائیل) کوڕی (موسی) کوڕی (مەروان) کوڕی (حەسەن) کوڕی (مەروان)ناسراو بە (مەروان کوڕی حەکم )دەزانن و لە ئەمەویەتی ئەو کۆدەنگیان هەیە،ئەو پیاوێکی ساڵح و ئیماندار بووە کە لە بەعلبەک چاوی بەدونیا هەڵێناوە و لە شامەوە هاتۆتە ناوچەی شەنگاڵ و سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی تەریقەتی عەدەوی بووە و توانیوێەتی ئێزیدییەکان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و بە خوداپەرستی و ڕەچاوکردنی بەرنامەکانی ئیسلامی ناچاریان بکات،دواتر لە چیاکانی حەکاری لە باکووری کوردستان (تورکیە) و لە شاری موسڵ ئاکنجی بووە،لەو سەردەمەدا ئەو بە (شێخ عەدی حەکاری)دەناسرێت.
بەپشتبەستن بە بەڵگەنامە و دێکۆمێنتە مێژووییەکانی ئێزیدی: (شێخ عەدی کوڕی موسافیر) لە ساڵی 467ی قەمەری بەرابەر بە( 1047)زایینی لە گوندی "بێت فار" هەڵکەوتوو لە 37کەم باشووری "بەعلبەک"لە وڵاتی لوبنان چاوی بەدونیا هەڵێناوە،باوکی موسافیر کوڕی "ئیسمائیل" موسڵمانێکی باوەڕدار بووە،"عەدی کوڕی موسافیر" دوای تێپەراندنی قۆناغی زارۆکی بۆ بەدەستهێنانی زانست لە گوندی خۆیان لە وڵاتی لوبنانەوە چووە بۆ بەغدا و هەر لەویش بووە کە لەگەڵ "شێخ عەبدولقادری گەیڵانی"دامەزرێنەری تەریقەتی "تەسەوفی قادرییەکان" هاوڕێیەتی نزیکی پەیدا کردوە،شێخ عەدی زۆر بەخێرایی خۆی گەیاندە ناوچە شاخاوەییەکانی نزیک شاری شەنگاڵ و لەگوندێک بەناوی( لالش)گۆشەنشین بووە و خۆی سەرقاڵی بیرکاری و زەهەد کرد.
زۆرینە لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەو لەسەرەتای چوونی بۆ (لالەش)لە ئەشکەوتێکدا ئاکنجی بووە و ستوونەکانی ژیانێکی سۆفیانەی دروستکردوە،ئەم شێوازە ژیانەی شێخ عەدی وەک پێشە بۆخوی دیاری کردبوو،هیچ وێکچوونێکی لەگەڵ داب و نەریتی ژیانی دێڕەکانی نەستۆری لایەنگرانی نەبوو.
بەتێپەرینی کات خەڵکی خۆجیی ناوچەی لالەش کە جووتیار و ئاژەڵدار بوون،بەشێوەیەکی شاڕاوە پێرەوییان لە ئایینە مێژووییەکەیان دەکرد و لە دەوری کۆدەبوونەوە و ناوبانگی بوو بەحەدیسی تایبەت و گشتی هەمووی خەڵک، تاکوو کۆچی دوایی لە ساڵی(557)هەتاویی و بەگشتی لە نێوان
ساڵانی (555)هەتا (558)دڕێژەی بە واعیزە خوێنی و ئامۆژگاری خەڵکی داوە و لەدوای مەرگیشی هەر لە لالەش لەو شوێنەی کە گۆشەگیری تێدا هەڵبژاردبوو نێژراوە.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووى قەومی ئێزیدییەکان بدەینەوە، دەبینین بە درێژاى مێژوو ئێزیدییەکانیش هاوشێوەی گەلى کورد رووبەڕووى شاڵاوى کوشت و بڕین و لەناوبردن و ئەنفال و جینۆسایدى دوژمنان و داگیرکەران بونەتەوە، ئەویش یان لەبەر ئەوەى کوردبونیان بوە وەک نەتەوە ،یانیش لەبەر هۆکارى بیروباوەرەکەیانەوە بووە، لە ساڵى( 1872 )ەوە، لە لایەن عوسمانیەکانەوە جینۆساید کراون، لە ساڵى 1915 لە جینۆسایدى تورکەکان بەرامبەر بە ئەرمەنەکان کوردە ئێزیدیەکانیش رووبەڕووى لەناوچون بونەتەوە، لە ساڵى 1935 یشدا جارێکیتر بەدەستى سوپاى عێراقەوە رووبەڕووى لەناوبردن بونەتەوە، دواتر پڕۆسە بەدناوەکەى ئەنفالیان بەسەردا جێبەجێکراوە و بەشێکیان لەناوچون، لە دواى ساڵى (2007 )یشەوە بە هۆکارى کردەوەى تیرۆریستى سەدانیان بونەتە قوربانى.
لە دواى ئەو ساڵانەشەوە وەک دووبارە بونەوەى مێژوو لە ساڵى( 2014 )کەمینەی ئایینی ئێزیدی رووبەڕووى هێرشى نامرۆڤایەتى گەورەترین و ترسناکترین گروپى تیرۆریستى بەناوى( داعش) بوونەوە کە بەناوى ئاینى ئیسلامەوە خۆى نیمایش کرد و ئاینى پیرۆزى ئیسلام بەکاردەهێنن بۆ ئەنجامدانى تاوانەکانیان و لە چەندین لاوە هێرشیان کردە سەر ناوچە کورد نشینەکان لەوانە قۆڵى کەرکوک و جەلەولا و شەنگاڵ و مەلا عەبدوڵا و مەخمور و چەندین ناوچەى تری کوردستانی عێراق..
لە رۆژى 3/8/2014 چەکدارانى داعش هێرشێکی نامرۆڤانەیان کردە سەر ناوچەکانى قەزاى شەنگاڵ و دەوروبەر و ئامانج لەو هێرشە بەمەبەستگرتنى ئێزیدیەکان بوو، لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووە تا ئەم بەروارەى سەرەوە ئێزیدیەکان توشى لەناوچوون و قەتڵووعام بونەتەوە، لە ساڵى( 1831 )توشى قڕکردن بونەتەوە، کە دەتوانرێت بە درێژکراوە و دووبارەبونەوەى مێژووى شاڵاوەکانى ئەنفال و جینۆسایدى سەر گەلی کورد ئەژماربکرێت، لەلایەن رژێمى بەعسی سەدام حوسێن ئەنجامدرا، چونکە هاوشێوە و هۆکار و لێکچونى زۆر هەیە لە نێوان ئەو دوو تاوانەدا.
لە هەردوو کارەساتی گەورەی مێژوویی دا ڕۆڵ و دەستی ناوخۆیی کوردی بوونی هەیە و مێژوو و هەموو بەڵگەنامەکانیش ئەو ڕاستیەی بۆ سەڵماندوین کە بێ بوونی لایەنێکی کوردی کارەساتی ئەنفاڵ و کۆمەڵکوژی گەلی کورد شتێکی مەحاڵ و ئەستەمە،ناتوانین باسی کۆمەڵکوژی گەلی ئێزیدی بکەین،ئەگەر خیانەتی لایەنێکی کوردی نەبووبێت کە ئێزیدییەکانی تەسلیمی چەتەکانی تیرۆریستی داعش کرد و شەنگالی چۆڵکرد و مەیدانی کردوە بۆ هاتنی داعش...
بە پێى سەرچاوە فەڕمى و نا فەڕمیەکان ئەمرۆ زیاتر لە( 1200 )ئێزدى کوژراون بە ژن و پیاو گەنج و پیر و مناڵەوە، هەروەها زیاتر لە( 4000 )هەزار ژن و کچى ئێزیدى کەوتونەتە دەست داعش و رفێنران بۆ ناوچەکانى ژێردەستى خۆیان، بەتەنها لە گوندى کۆچۆ( 400 )بۆ( 800)کەسیان کوشتوە و ئەو گوندەیان خەڵتانى خوێن کردوە بە تراژیترین شێوە.
کەس و کارى ئەوانەى رفێنراون یان کوژراون ئاوارەى چیاى شەنگاڵ و ناوچەکانى ترى باشورى کوردستان بونەوە کە ژمارەیان نزیکەى( 200 )هەزار کەس دەبێت، خێزانى وا هەیە یەک کەسى لێ رزگارنەبوە و لەلایەن داعشەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان لە ناوبراوە، یان یەک کەسى لێ ماوەتەوە یان دایک یان باوک یان کوڕ یان کچ یان هیچیان لە ژیاندا نەماون، لەکاتى هەڵاتن و ئاوارەبونیشیان بۆ چیاى شەنگاڵ بەهۆى نەبونى خۆراک و زۆرى مانەوەیان لەو ناچە دورەدەستەکان بەهۆى نەگەیشتنى پێداویستى خۆراک و بەهاناوە نەچونیان یان درەنگ بەهاناوەچونیان نزیکەى( 300 )بۆ( 500 )کەس لە چینە جیاوازەکان پیر، منداڵ و ژن لە برسان و تینوێتیدا مردون و یان لەسەرمادا گیانیان لەدەستدا.
ئاوارەکان بریتی بوون لە پێکهاتە و نەتەوەى جیاجیا لە کورد و عەرەب و تورکمان و کلد و ئاشورى و هتد) لەرووى ئاین و ئاینزاشەوە بریتى بوون لە ( مەسیحى و ئێزیدى و کاکەیی و شیعە و سوننە و شەبەک و هتد.
ئەو بارودۆخە دژوار و نەخوازراوەى دەرحەق بە ئێزیدیەکان دروستکرا بۆ کورد و بۆ ئیزیدیەکانیش گەورەترین تاوانی سەدەى بیست و یەک بوو، دەتوانین بڵێین ئەو تاوانەش جینۆسایدە بەرامبەر بە ئێزیدییەکان و مرۆڤایەتى ، چونکە هەم لەبەر کوردبونیان بوو هەمیش لەبەر بیروباوەرەکەیانەوە بوو تووشی ئەم کۆمەڵکوژییەی بوون.

ئازادکردنى شەنگال و دۆخى شارەکە:
لەلایەکى تر بەهۆى ئەوەى کە شەنگال لە رووى کۆمەڵایەتى و ئاینیەوە لە چەند پێکهاتە و دینى جیاواز لە خۆدەگرێت و دانیشتوانەکەى چەند ئایێکى جیاواز پەیڕەو دەکەن، لە ئێستادا متمانە لە نێوانیاندا لاواز بوە و ئاماژەکان واى بۆدەچن کە لە داهاتوودا ئەو متمانەیە لە نێوانیاندا هەر نەمێنێت لێکبترازێن و رووداوى نەخوازراو لە نێوانیاندا بەرپابێت، لەلایەکى تر حیزب و لایەنە کوردییەکان دەیانەوێت و لە هەوڵدان بۆ چەکدارکردنى خەڵکى شەنگال بۆ پاراستن یان بەرگرى کردن لە شەنگالى ئێزیدیەکان بۆ دووبارە نەبونەوەى تاوانى ئەنفال و جینۆساید کە داعش بەسەرى هێنان،
ئەوەش ئەو مەترسیەى سەرەوەى کە باسم کرد زیاتر دەکات لە کاتى چەکدارکردنى ئێزدییەکان، بۆیە پێویستە مامەڵەیەکى دروست و بەهەستیارییەوە مامەڵە لەگەل هەموو ئەگەرەکاندا بکەن.
هەروەها پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان هەرگیز کارێکى وا نەکەن بە ئاراستەى خراپبون یان خولقانى دۆخێکى لەو شێوەیە کە و پێویستە خەمساردى نەکەن و کاربکەن بۆ رەواندنەوەى ئەو مەترسیانەى کە بونى هەیە، هەروەها رزگارکردنى هەموو ئەوناوچانەى کە لە ژێر دەستى داعشدا ماونەتەوە و دورخستنەوە و دەرکردنى چەعدارانى داعش بۆ دەرەوی سنوور.
ئەو ئێزیدیانەى تا ئێستا لەناو کەمپەکاندا ماونەتەوە لە دۆخێکى قورس و خراپدا ژیان دەگوزەرێنن و ژیانێکى ناخۆشیان بۆ دروستکراوە ئەوەش تاوانێکى ترە بەرامبەر ئەو کوردە رەسەنانە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکاننەوە دەکرێت، داهاتووى ئێزیدیەکان روون نیە، لەگەڵ ئەوەى کە کوردى رەسەنن و بۆ سەدان ساڵە لەو نیشتمانە نیشتەجێن.
لەدواى ئەنفال و جینۆسایدکردنیشیان ئێزیدیەکان دواى بێ ئومێد بونیان لە حکوومەتى هەرێم و لایەنەپەیوەندیدارەکان بە لێشاو بە هەزارانیان روویان لە وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا کرد حکومەتیش بێ باکانە بەدیار ئەو کۆچەدا بێ خەم لێ ى دانیشتوە، لەو بارەیەوە ئامارەکان بەردەست نین ئاخۆ چەندیان کۆچیان کردوە، بەڵام بونەتە قوربانى ململانێى تەسکى حیزبایەتى کەس نیە بە جدى داکۆکیان لێ بکات، دام و دەزگاکانى حکومەتیش هیچ پلانێکیان نیە بۆ داهاتووى ئێزدییەکان تا بگەن بە کەنارێکى ئارامتر و بگەڕێنەوە سەر ژیانى خۆیان، بە پێى زانیارییەکانیش لە وڵاتانى دەرەوەش لە ژیانێکى ناخۆش و دژواردا دەژین و شوێنى کەمپەکانیان زۆر نەگونجاوە.

رفاندنى ژنانى و کچانى ئێزدى:
دواى ئەو پەلامارە دڕندانەى داعش و داگیرکردنى ناوچەکانى شەنگال بەداخەوە کۆمەڵگاکەمان رووبەڕووى تراژیدیترین زوڵم و ستەم بۆوە بەرامبەر بە بەشێک لە ئافرەتانى کورد، بەتایبەتی ژنان و کچانى ئێزیدى .
لە روانگەى داعشەوە ئێزیدیەکان خەڵکانێکن یان دەبێت دەستبەردارى ئاین و ئاینزاکانیان و کولتورى سەدان ساڵەى خۆیان بن، یان پیاوەکانیان بە شێوەیەکى سیستەماتیک لەناوبران، ژنەکانیشیان وەک کۆیڵە و کەل و پەل و کاڵا مامەڵەیان پێوەکرا،تاوەکو ئێستاش بەردەوامى هەیە بەپێى کولتورى و نەریتى کۆنى عەرەبیانە و یاسایی جەنگەڵ بەناوى ئاینى ئیسلامەوە لە بازاڕەکانى ژمارەیەک وڵاتى عەرەب وەک کەنیزەک و کۆیڵە کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت.
زۆربەى زۆرى ئەو کچ و ژنانەى کە فریانەکەوتن خۆیان لە دەست چەکدارانى تیرۆریستی "داعش" دەربازبکەن،کەوتنە دەست چەکدارەکان و رفێنران پاشان بە کۆیلە کران کە ژمارەیان( 4000 )هەزار ژن و کچ بووە و لەو ژمارەیەش( 343 )ژنیان بە رێگاى جیاواز ئازاد کراون،دواتر بەسەر ئەمیر و چەکدارە وەحشیەکانى خۆیان دابەشکراون و بە زۆر کردویانن بە خێزانى خۆیان وەک ئامرازێک بۆ ئارەزووە کێوییەکانى خۆیان.
تەواویی ئەم کارەسات و نەهامەتیانە لەڕێگەی گروپی تیرۆریستی داعش لە سەدەی بیست و یەکدا ئەنجامدراوە و هەموو دونیاش دانی پێداناوە،بۆیە ڕێکخراوەکانی باڵای ماڤی مرۆڤی جیهانی و دادگای ڵاهای نێودەوڵەتی کار لە سەر پرۆسەی بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکووژی ئێزیدییەکان بەشێوەیەی یاسایی و ڕیسایی دەکەن لە ئێستادا،بەڵام ئەم کارەساتە هێندە گەورە و خەمناک و دڵتەزێنە مێژووی مرۆڤایەتی تووشی راچڵەکاندن کردوە و بگرە ویژدانی هەموومانی بریندار کردوە،ئەوەیکە پێویستە لە ئێستادا بەپەڵە دام و دەزگاکانی ماڤی مرۆڤ و ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستیەکان بتووانن کار لەسەر کەمکردنەوەی ئازاری دەروونی ئەم خەڵکە ستەمڵێکراوە بکەن و دەوڵەت و حکوومەتی هەرێمی کوردسانیش دەبێ قەرەبووی ماددی و دەروونی ئەم کەمینەیە بکەنەوە و ڕێگە نەدەن تۆلیرانس و کولتووری پێکەوە ژیانی ئایینەکان لە سەر نەخشەی جوگرافیایی کوردستان بکەوێتە ژێر پرسیار و درزی تێکەوێت.

تێبینی؛ ئەم وتارە لە هەفتەنامەی پەیامی بەهاران ژمارە 102دا بڵاو بۆتەوە بە زمانی کوردی...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە