شاسوار واحید یەکێکە لەو هێلکانەی، کە دەسەڵاتی پارتەکان لە باشوور هەڵیان هێناوە

Sunday, 13/08/2017, 1:02

8550 بینراوە


ئەوەی شاراوەیە لای خەڵکی سادە و ئاشکراشە لای ئێمە، کە مافیاکانی یەکیتی، تەنانەت گۆڕانیش لە رێگای شاسوار واحیدەوە زەویەکی زۆری سلێمانیان داگیر کرد، بە دروستکردنی شوقە و پڕۆژەی لەم بابەتە پارەیەکی زۆریان پێ پەیدا کرد.
--------------------------------
لە پڕۆژەکانی کۆمپانیاکانی شاسواردا زۆربەی بەرپرسەکان خانوی تایبەتیان بۆ دروست کراوە. وەک نمونە گوندی ئەڵمانی، کە ژمارەیەک خانوی تیێدایە، هێشتا چۆڵن چونکە بەرپرسەکان پێویستیان پێیان نییە بچنە ناوی، هەندێک کات بۆ رابواردن و خواردنەوە و شەوی سووربەکاری دەهێنن.
- شاسوار واحید، کە نە ئەدیبە، نە سیاسییە نە تێکۆشەرە، هەروەها نە ئەندازیارێکی سەرکەوتووە، نە ئابوریناسە، بەڵام لە رێگای تەلەفیزیۆن، رادیۆ و شتی ترەوە لە خەڵکی سلێمانیان کرد بە دەستەڵاتدار. پێش ئەوەی شاسوار ببێت بە خاوەنی ئەم شتانە چەندین جار لە لایەن پۆلیسی سلێمانییەوە گیراوە، فایلەکەی شکات و داواکانی لە پۆلیسی سلێمانی هەیە. ئەو کاتەش کە لە ئەڵمانیا بوو، وەکو زۆربەی پەنابەرانی ئەو وڵاتە هیچی نە بووە و کاری کردووە، ئەی چۆن پاش چەند ساڵ بوو بە ملیۆنێر؟ ئەم پرسیارە بەرپرسەکانی یەکێتیی و هەندێک لەوانەی گۆڕان دەتوانن وەڵامی بدەنەوە!
- مافیاکانی یەکێتی و گۆڕان جگە لە شاسوار سروەی خوشکیان کرد بە پەڕلەمانتاری عێراق، پاش کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاش دەنگیان پێی دا بووە بە سەرۆکی لیستی گۆڕان لە پەڕلەمانی عێراق. هەموو کەس دەزانێت بەڕیوەبەری قوتابخانە و فەڕاشێکیش ئەمڕۆ ئەگەر سەر بە دەستەڵات نەبێت دانامەزرێت، کەچی ئەم شاسوارە دەستی بۆ مەلایین دۆلار کراوەتەوە و بانکەکانی کوردستان بە ملوێنەها دۆلاریان بە ناوی قەرزەوە داوەتێ.
- شاسوار لەگەڵ هەموو بەرپرسەکاندا پەیوەندی هەبووە، هەموو رۆژانی هەینییەک لای نەوشیروان مستەفا بوو، لەو رێگایەوە خوشکەکەی کرد بە ئەندام پەڕلەمانی عێراق، ئەمە لە کاتێکدا چەندین کەسی خەباتکەری ناو گۆڕان ئاوڕیشیان لێنەدەدرایەوە!
- ئەوەی جێگای سەرنجڕاکێشانە، رەنگە زۆر کەس نەیزانێت، ئەوەیە، لە زمانی خۆیانەوە  دانی پێدا دەنێن، کەوا دانرابوو شاسوار کارگەی چیمەنتۆکەی نەوشیروان مستەفا دروست بکات، بەڵام دوایی درا بە فاروقی مەلا مستەفا.
تەقەکردن و سینارۆی مافیاکان بۆ ئەوەی پاڵەوانی ساختە دروست بکەن
- بەرپرسەکانی سلێمانی لە رێگای شاسوارەوە بە ناوی پشکی پرۆژەی خانوو دروستکردنەوە، دەستی چەندەها کەسیان بڕیوە. قازانجێکی زۆریان لەو شوقە خراپانە کردووە، کە شاسوار دروستی کردوون .
- لە کاتی ١٧ شوباتدا چوونە سەر دامودەزگاکەی شاسوار و سوتاندیان، وەکو فلیمی هیندی یەک دوو بۆمبای قرچۆکیان تێگرت بۆ ئەوەی لای خەڵکی خۆشەویستی بکەن، ئینجا ئەم مارمێلکەیە سواری ملی خەڵکی بکەن و بیکەن بە قارەمانێکی دژە دەسەڵات. دوایی رێبین هەردییان کرد بە برادەر و هاوڕێی، هەموو ئێوارانێک پێکەوە پیاسەیان دەکرد و دەرسی شاسواری دادەدا. وایان لە شاسوار کرد، وەک خەت مائیل ئیش بۆ مافیاکان بکات. ژمارەیەک نووسەر و مامۆستای زانکۆ کەوتنە پیاهەڵدانی شاسوار و هەمو میدیاکانی سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان لەسەری هەڵیان دایە و ئەم کارە دزێوەیان باس دەکرد، گوایە  دژ بە دیموکراتی و ئازادی بیروڕایە. نمونەی مامۆستای وەکو دەربازیان هێنا، دەیوت ئەوەی کراوە بەرامبەر بە شاسوار بەرامبەر بە هەموومان کراوە، رێبێن هەردی و دەرباز، کە سەر بە گۆڕان بوون، چەندین وتار و نووسینیان لەسەر نووسی. دواتر دەرباز بو بە وەزیر و خوشکەکەی شاسواریش بوو بە ئەندام پەڕلەمان.
ئەمە چەندی بە چەند؟
- دوای ئەوە فلیمێکی تریان بۆ سازکرد و تەقەیان لێکرد، بەڵام ئەمجارە بە هەڵە بەرکەوت و بریندار کرا. شاسوار لەم فلیمەدا دەوری کەسێکی ئازای بینی، گوایە لەو حکومەتەش ناترسێت کە شارەکەی بە دەستە (واتە یەکێتی)، ئیتر ئێوە خۆتان بیری لێبکەنەوە، کە ئەم کابرایە چۆن لەم دەستەڵاتدارانە یاخی بوو؟
پیاو ئەبێ مەرد بێت و بە نامەردی پارە پەیدا نەکات، بە نامەردیش پارەی هاوڵاتییان نەخوات
- وا ئیستاش فلیمێکی تری بۆ دەگێڕن، ئینجا دژی ریفراندۆمەکە رۆڵی سەرەکییان داوەتێ، هۆڵێکی گەورەیان بۆی گرت تا قسەی تێدا بکات، کە بۆ هەموو کەسێکی دیکە قەدەغەیە، بەڵام بۆ ئەم هاسانکارییان تێدا کرد، بە ئارەزووی خۆی قسەی لە سەر ریفراندۆم کرد و هیچ شتێکی تازەی پێ نەبوو، لە کاتێکدا ئەوەی زیرەک و وریا بێت دەزانێت، ئەم ریفراندۆمە ریفرنداۆمیکی ساختەکاریە.
- مافیاکان دەیانەوێت کەسانی سوک و لاواز دروست بکەن بۆ ئەوەی، لە دواڕۆژدا لەسەرو  ئاستی کوڕەکانی خۆیان، کەسی دیکە خۆی نەنوێنێت و کۆمەڵگا زیاتر سوک و بێ کەرامەت بکەن.
- مافیاکان هەموو بناری شاری سلێمانیان داوە بە شاسوار، ئەو هەموو شاخەی هەتک کردوە و شاری هەڵمەت و قوربانیش دەنگی لێوە نایەت. بناری ئەو شاخە، کە دەبوو موڵکی گشتی بێت و بکرێت بە دارستان و شوێنی پیاسە و وەرزش. کەچی ئەو شاخە جوانانەیان کرد بە خۆراکی شۆڤڵی دزەکان.
بە داخەوە تا ئێستا ئەم گەلە دواکەوتوە لە راستی ئەم مافیایانە تێنەگەیشتوە. بە ئاشکرا موڵکی گشتی داگیر دەکرێت، کەچی ئەمانە بە سەرکردە و تێکۆشەر ناو دەبەن.
 
- لە کۆتاییدا پێویستە هەموو هەڵوێست لە سەر مافیاکان و بازرگانە دروستکراوەکانیان وەربگرین، بە هۆش بێنەوە بەرامبەر بەو دەسەڵاتدارانەی کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان پێویستیان بەوەیە خەڵک بگەوجێنن و کەسانی وەکو شاسواری بۆ دروست بکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە