ژینۆساید و کارەساتی یەزیدییە کوردەکان لە شەنگال (بەشی دووەم)

Tuesday, 15/08/2017, 20:32

7899 بینراوە


تراژیدیا گەورەکە ڕووی نەدا، بەڵام کۆمەڵکوژی و تاوانگەڵێکی گەورەتر لە ئەوەی هەڵەبجە بە ئەنجام گەیێندران، کاتێک ئێزیدییەکان لەسەر چیا بوون و گەریلاکان خۆیان گەیاندە چیا و بە هاوکاری یەپەگە و تابوری سۆران بە تایبەت، ئەو ڕێڕەوەیان لە سنوری ڕۆژئاواوە کردەوە کە سەدان هەزار کەس لێیەوە ژیانی بەدەست هێنایەوە و لە مردن لە برسان ڕزگاری بوو، بەڵام لەو دەمەدا داعشەکان هێرشیان دەکردە سەر ئەو کۆچە بەکۆمەڵەی خەڵک و لەکوێوە فرسەتیان بە ئەو خەڵکە بهێنابایە، دەیانکوشتن و گەریلاکانیش خۆیان دەگەیاندە جێی هێرش و ئەو هۆڤانەیان ڕاو دەنا، ئەوە هەر بە نوسین و گێڕانەوە ئاسانە، دەنا دەبێ منداڵێکی چاو ڕەنگینی پرچ زەر و بۆزاوی بەر تاوی متفەڕک لە ملی ئێزیدی، چۆن دڵی تەنگی بە قەفەزی سنگی هەڵچنیبێ لەگەڵ لێدانێک کە لەو ڕێگەدا ترس بەرهەمی هێنابوو..؟!
هەموو ئەوانە گوزەشت و دواتریش ڕێگاکە لەلایەن داعشەوە دەستی بەسەردا گیرایەوە، بەڵام ئیدی هەر کەسێک ویستبووی ڕزگاری ببوو، تەنانەت لەوێوە قاسم شەشۆی پیاوی پارتیش ڕۆیشتە ڕۆژئاوا و لەوێ ڕێزی لێ گیرا و بە ڕێزەوە بەڕێ کرا، ئێستاش، بە نەشئەی ویسکی ئەڵمانی شەڕی ڕزگارکەرانی ئەو خەڵکە بێ هیوا و چارە ڕەشە دەکات.. 
دەبێ ئەوە لەبیر نەکرێ، کە کەسانێکی زۆر جوان و عەیار لەو ئەکت و پرۆسە شۆڕشگێڕییە بوونە ئەستێرەی ئاسمانی شنگاڵ و ڕۆحیان لاشەیانی بەجێ هێشت، هەڤاڵ گەنجۆ هەولێری، کە کوڕێکی خەڵکی سێ تاقان بوو، دوای پێنج جار بریندار بوون و تەنانەت برینێکی لە سەری بوو، دوای چاکبوونەوە خۆی گەیاندە ئەو هەڵوێستە مەزنە و بانگەشەی بۆ گەلی ئێزیدی کرد، کە شتێکیان بۆ دەکات، لەباوەڕ نەیەت، هەر واش بوو و لە سنونێ، بە قارەمانی لاشەی بوو بە سوتماک و تا هێزی سوتان لە لاشەی هەبوو بۆ گەلە بەش مەینەتەکەی شنگاڵ و ژنە جل سپیەکام و کچە کەزی درێژەکان و کوڕە هیوا نێژراوەکان بوو بە ڕوناکی و سوتماک بوو بە بەشی خۆی.. 
هەڤاڵ بابانیش کە دەستی ڕاست و دوو پەنجەی دەستی چەپی لە دەستدا و چۆکی ڕاستیشی تەقی و زیاتر لە سالێک لەسەر جێگاش بوو، لە پێناوی گەڵی ئێزیدی بوو و لە شنگاڵ بە هاوەن وای بەسەر هات، کە ئێستا لە ئەوروپایە.. 
ئەوە دوو نموونەی بەرزن کە هەردووکیان موسلمان بوون و خەڵکی باشور بوون و پەروەردە کراوی دەستی پەکەکە بوون، بەڵام لە کۆی ئەو شەڕانەی لە شنگاڵ ئەنجام دران پەکەکە نزیکەی 100 کادیر و شەڕڤانی گیانیان لەدەست دا، جگە لە بریندار.. 
دوای ئەوەی گەریلاکان نەیانهێشت داعش بگاتە چیای شنگاڵ و جێی خۆیان لەوێ قایم بکەن، کۆمەڵێک خەڵکی ئێزیدیش کە گوندەکانیان لەسەر شاخەکە بوو یاخود بەبڕیار بوون لە بەرخودان و جێ نەهێشتنی خاکی باب و باپیرانیان، لەسەر چیا مانەوە.. 
هەژماری ئەو خەڵکە، زیاتر لە 1500 خێزان بوو، کە لەسەر چیای شنگاڵ مانەوە و ئێستاش لەوێن.. 
دوای ئەوە لە ئۆپەراسیۆنێکدا هێزەکانی پارتی گەیشتنەوە چیای شنگاڵ و مەسعود بارزانی بەژێر ئاڵای داچەقێندراوی پەکەکە لەسەر چیای شنگاڵدا تێپەڕی و لە پرێس کۆنفراسێکدا کە مایکەکانی کەناڵەکانی خۆی جارانی دوو کرابوو لەبەر دەمیدا، جاڕی ئازاد کردنی چیای شنگاڵی دا.. 
چیایێک کە نەکەوتبووە دەست داعش و ناوچەکانی زومار و سنونێش، ئەوان وەک سەمونی گەرم بۆ داعشیان بەجێ هێشت، جارێک نێوی جوگرافیای خراپ و جارێک نێوی تاکتیکی لێ دەنێن.. 
هەرگیز ناڵێن، ئێمە ئەو مرۆڤانەمان کرد بە پردی چەک و پشتگیری نێودەوڵەتی و تیمساحێکین و هاتووین لەتاو زۆری دۆلار لە لەشمان تۆزێکیش بگرین.. 
ئێستاشی کە من ئەو پیتانە بە کیبۆردەکەم لێک دەدەم و وشە دروست دەکەم و نیازم هەیە دوای ئەو نوسینە خۆم بشۆم، 3000 مرۆڤ لە دەستی داعشدان و ڕوون نییە چارەنووسیان بەچی گەیشتووە.. 
کاتێک ئەو کەسانە کە هەژماریان زیاتر لە 6000 کەس دەبوو، کەوتنە دەست داعش، ڕاستەوخۆ برانە تەلەعفەر، لەوێدا، ئەوەی شەهادەی هێنا و بوو بە موسڵمان، لەو گوندانەی دەوری تەلەعفەر دابەش کران و ژن و مێردەکان لە یەک جودا نەکرانەوە، هەرچی ئەوانەیە کە ڕەتیان کردەوە ببنە موسڵمان ڕاستەوخۆ پیاوەکان کوژران و ژن و منداڵەکانیش وەک کۆیڵە دابەشکران و فرۆشران. 
دوای ماوەیەک چەند خێزانێک لە ئێزیدییە موسڵمان بووەکان فرسەتیان هێنا و ڕایان کرد، دوای ئەوەی ئەوە بووە دیاردە، داعش هەموو ئێزیدییەکانی کۆ کردەوە و ژن و پیاوەکانی لە یەک جیا کردەوە و ژن و منداڵەکانیان گواستەوە بۆ ڕەقە و لەوێش لە زیندانیان کردن، یان باشتر وایە بڵێین: لە کۆگایەکیان کردن، تا ئەو دەمەی بیانفرۆشن، یان بەسەر میلیتانەکانیان دابەشیان بکەن.. 
داعش لە هەموو ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەستی دابوو، تونێڵ گەڵێکی زۆری لێدابوو، هەندێک لەوانەی کە ئازاد ببوون، باسی ئەوەیان دەکرد، کە داعش ئەو پیاوە ئێزیدییانەی بەکار دێنا، بۆ ڵێدانی تونێڵ و لە بەیانی تا ئێوارە کاریان پێ دەکردن.. 
ئەو تونێڵانە درێژیان بە کیلۆمەتر بوو، من خۆم ڕۆشتوومەتە ناو ئەو تونێڵانە، هەمیشەش، بۆنی ئازاری ئەو دیلانەم دەکرد، لەو تونێڵانە.. 
دەبێ سەرۆک هەرگیز سوکە خەیاڵێک بکات و ڕۆژێک کوڕێکی قۆشمەی گەنج نەچێتە خەونی و پیفکەکانی دەستی نیشانی نەدات و باسی ئەو هەموو زەلالەتە بکات!!
لەو 6000 کەسە، 3090 کەس ڕزگار کراون، ئەو کەسانە چۆن ڕزگار بوون؟ کێ ڕزگاری کردوون؟ 
ئەو کەسانە، زۆرترینیان لەڕێگەی کڕینیانەوە لە لایەن کەس و کاریانەوە ڕزگار کراون، ئەویش لە هەردوو ناوچەی عێراق و سوریا.. 
ڕێگایەکی تر هەوڵ و ڕاکردنی خۆیان و هاوکاری کەسانی سونەی ویژدان زیندووی ژێر دەسەڵاتی داعش بوو، کە بووە هۆکاری ڕزگار بوونی کۆمەڵێک مرۆڤی ئێزیدی دیلی دەستی داعش.. 
بۆ ئەو مەبەستە چەند تۆڕێک دروست کرابوون، بۆ کڕین و ڕزگارکردنی ئەو کچانە، هەندێک لەو تۆڕانە لە سوریا کاریان دەکرد و هەندێکیش لە عێراق، بە گشتی کڕین و فرۆشتنی دیلەکان لە سوریا و بە تایبەت ڕەقە، زۆر ئاسانتر بوو تاوەکو موسڵ، چونکە داعش لە موسڵ مەرکەزییەتێکی تەواوی هەبوو و تەنانەت کۆیلە فرۆشتن و کڕینیش لەڕێی مەحکەمەی شەرعیەوە ئەنجام دەدرا، بەڵام لە سوریا چەکدارەکانی داعش لەسەر تێلیگرامەوە کڕین و فرۆشتنیان پێ دەکردن، لەو ڕێگایەشەوە، تۆڕەکان دەیانتوانی لە سوریاوە کەسانێکی زیاتر ڕزگار بکەن و بیانکڕنەوە.. 
ئەوانەی کە دەکڕدران، زۆرینەی هەرە زۆریان ژن و منداڵ بوون و نرخی زۆریش بەر کچەکان دەکەوت، ئەوەش بەپێی جوانی و لەش و لار و کەمی تەمەنیان.. 
جارێک من لای کەسێک بووم، کە ڕابەرایەتی تۆڕێکی ڕزگارکردنی دیلەکانی دەکرد  لە سوریا و وێنەی کچێکی پێشاندام، کە چەکدارەکان لە  تێلێگرام عەرزیان کردبوو بۆ فرۆشتن، کچەکەیان بە نیمچە ڕووتی وێنە گرتبوو، تەمەنی 12  بۆ 13 ساڵێک دەبوو، کچێک بوو، کە لە سوێوێک دەچوو بە دارەوە بێت و لاشێکی ناسکی هەبوو، کە هی ئەوە بوو لەبەر نازی دایە و بابەی بێت، نەک ئامرازی ڕەحەت بوون و کەرەستەی سێکسی دەست کۆمەڵە هۆڤێک.. 
ڕەنگی خوشکە بچوکەکەمی دەدا و تا چەند ڕۆژیش، وێنەی هەر لە خەیاڵم بوو و ڕەشبین ببووم وەک ڕەشی چاوەکانی.. 
بە گشتی نرخی ئەو دیلانە لە نێوان 1000 دۆلار بۆ 25000 دۆلار بوو.. 
دەزگایێک دروست کرا بۆ ئەوەی ئەو دیلانە بکڕێتەوە، ئەو تۆڕانە پەیوەندیان بەو دەزگایەوە هەبوو، دەزگایەکە لەلایەن ئۆفیسی نێچیروان بارزانییەوە سەرپەرشتی دەکرا.. 
دەبێ ئەوە لەبیر نەکرێ، کە چەندین جار ئەو دەزگایە ڕێژەیەکی پارەکەی دەدا و کەمتەرخەمیێکی زۆری دەکرد و کەسێک کە هیچی بەسەر ئەو نەهامەتیانەوە نەبوو، کرابوو بە سەرۆکی و ئێستاش سەرۆکیەتی، کە حوسێن قائیدییە و ئێزیدییەکی وەلاتییە، نەوەک شنگاڵی.. 
وای لێ هاتبوو، بنەمالەکان کەل و پەڵی ناوماڵی خۆیان دەفرۆشت بۆ کڕینەوەی کەس و کاری دیلیان لە دەستی داعش، ئێستا گوایە کە هەموو ئەو وەسڵانەی لایان بووە سافیان کردووە و ئەو پارەی خەڵکیان داویانە بۆ دیلەکانیان، دراوەتەوە پێیان..
دوای ئەوەش کە ئەو مرۆڤە ڕوح دزراوانە دەگەڕانەوە، دەهاتنە ژێر خێمەی کەس و کارەکانیان لە کەمپەکان، خواردنێکی خۆش و جلێکی جوان و ئارامی نەدەبوو بە بەشیان، هاوکاریی مەعنەوی و مادیی بەهیچ شێوەیەک نەدەکران..
جگە لەوەی کە هەندێک لەو کچانە هەڵگری منداڵی داعش بوون لە سکیان، دواتریش منداڵەکان لە دایک بوون، ئەوانە بەنزیکەیی دەگەنە 10 کچ، یەکێک لەوانە، بەهۆی ئەوەی منداڵێکی داعشی هەڵگرتبوو، کە منداڵی خۆشی بوو، لە کەمپەکە بە چاوێکی کەمەوە سەیر دەکرا، لەبەر ئەوە کەمپەکەی جێ هێڵابوو، من لە ڕێی ڕۆژنامە نووسێکی یابانیەوە، بەو بابەتە ئاشنا بووم. 
ئەو کچە لە شوێنێک کار دەکات ئێستا کە موچەی مانگانەی 60 دۆلارە، دایکیشی لەگەڵە و هەروەها منداڵەکەی..
ئەو ڕۆژنامەنوسە یابانییە تەمای ئەوەی هەبوو کە مەکینەیەکی دوورمانی بۆ بکڕێت، تا ئەو ژنە باری ژیانی تۆزێک لەبارتری لێ بێت.. 
لەوسەری دنیاوە  دێن بۆ قوربانییەکانی ئێمە مەکینەی دوورمان دەکڕن، ئێمەش کۆنە بەعسی و تاوانبارانی ئەو تاوانە، زیاترین چێژ و سەروەت بەریان دەکەوێت، لەوەی کە لەو هەرێمە هەیە.
لەو ماوە زانیومە کە ئەو ژنە بڕیاری داوە منداڵەکەی بباتە کەمپێکی عەرەبە سونەکان و لەوێ جێی بهێڵێ و ژیانێکی نوێ دوست پێ بکات.. 
کە ئەوەم بیستووە، مەپرسە چۆن ژانم کردووە، خەیاڵم لای ئەو ڕوحە بچوکەیە، کە دەبێتە پەلاری کامە سەرکردە و مافیای ڕۆژهەڵات و لە کامە بەردەقانی لەنگەر دەگرێت و سەودای گەنجێتی خۆی لەگەڵ دەکات و عاقیبەتی بەرکەوتن دەبێت بە کامە تەن و تلیقانەوە قەدەری دەبێت.. 
دەبێ خوا چەند حۆری بدات بەو مرۆڤە کە ئاوای تاقی دەکاتەوە و ئەو هەموو پرسە گرانە بێ وەڵامەی بۆ داناوە: 
من کێم؟ لەکوێ هاتم؟ 
لە ئەزەڵەوە ناڵێم، هەر لێرە، لەو دونیایە..
من سێوی کامە داری خوام خواردووە، ئەکتەری سەرەکی ئەو جەهەنەمەم!؟
لە بەشی سێدا، داتای زیاتر و دونیا شاراوەکەی شنگاڵ و دۆخی ئێستا، دەخەمە ڕوو..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە