کەمپینی (نەخێر لە ئێستادا) وەڵامدانەوەی خیانەتە بە خیانەت!

Tuesday, 15/08/2017, 21:20

5146 بینراوە


بە هەموو پێودانگێک دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی ، دەسەڵاتێکی گەندەڵ و تاڵانچی و خیانەتکار و نانەتەوەییە . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەروەکو گەورە کۆمەڵناسی تورک و دۆستی کورد ، ئیسماعیل بێشکچی دەڵێت : ( خراپترین دەسەڵاتی کوردی باشترە لە باشترین دەسەڵاتی بێگانە ) . چونکە ئەزموونی هەزار ساڵەی حوکمڕانیمان لەگەڵ عەرەبی ئیسلامی سوونە مەزهەب و عرووبە و ناسیۆنالیست و سیکۆلار دا هەیە ، ئەزموونی چەندین سەدەی فەرمانڕەوەیمان لەگەڵ تورکی ئیسلامی سوونە مەزهەب ، و دواتریش تورکی سیکۆلار و ناسیۆنالیست و ئیسلامی ئیخوانیدا هەیە ، هەروەها ئەزموونی چەند هەزار ساڵەی حوکمڕانیمان لەگەڵ فارسی زەردەشتی و مەزدەکی و مانی ساسانی و فارسی سەفەوی و قاجاری شیعە مەزهەب و پاشتر ڕژێمی پەهلەوی و شۆڕشی ئیسلامی شیعە مەزهەب دا هەیە ، لەبەرئەوە لەم ڕووەوە منیش هەمان باوەڕیم هەیە . 
ئەم بانگەشەی نەخێر بۆ ڕیفراندۆمە وەکو ئەوە وایە ، باڵندەیەکی جوان لە ناو قەفەزێکی ئاسنیندا بێت ، لەلای خۆرهەڵاتیەوە شێرێک بەهێز هەبێت ، و لەلای باکورییەوە شێرێکی دیکەی بەهێز هەبێت ، و لە خۆرئاوایەوە شێرێکی لاوازی نەخۆشی نزیک لە مردن هەبێت و لەلای باشورییەوە شێرێکی نەخۆشی نزیک لە چاکبوونەوەوە هەبێت . بەم باڵندەیە بووترێت بەهۆی نەخۆشی و لاوازی دووان لە شێرەکان و بەرەنگاربوونەوەی دوو شێرەکەی دیکە بە چەند ڕێگەیەکی جیاواز ، هەل و دەرفەتێک ڕەخساوە بۆ ڕزگاربوون ، بەڵام لەولاوە هەندێ لە هاوڕێی باڵندەکان بڵێن : تۆ ماندوو و شەکەتی لەو قەفەزە مەیە دەرەوە و ئازاد مەبە و هەر ژێردەستە و دیل کراو بە . ئەم بانگەشەی نەخێرە وەکو درێژەدانە بە بەردەمی دیلی و ئەسیری ئەم باڵندەیە، بە بیانووی ماندوویەتی و هیلاکی ، بە هۆی برسێتی و گەندەڵی و نادادییەوە . ئەو چوار شێرە ئێران و تورکیا و سوریا و عێراقە ، ڕاستە باڵندەکە ماندوو و شەکەتە ، بەڵام هەر دوو باڵی نەشکاوە ، توانا و مافی فڕین و ئازادی هەیە ، بە ئیرادە و تێکۆشان و خۆ پێشخستن ، واتا کورد دەتوانێت بە ئەنجامدانی چاکسازی و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئاواکردنی سیستمەمێکی دیموکراتی سەربەخۆ و خاوەن دەوڵەت بێت. 
بە باوەڕیم ئاشبەتاڵەکەی ساڵی 1975 ، و شەڕی برا کوژی لەگەڵ کوردی خۆرهەڵات و باکوری کوردستان ، و 31 ئابی 1996 ، و شەڕی برا کوژی و تاڵانی و گەندەڵی لە باشوور ، و بەشداریکردنی یەکێتی و پارتی و شۆسیالیست و بزووتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ ئێران بۆ داگیرکاری هەڵبجە ، و دواتر کیمیابارانکردنی لەلایەن حکومەتی بەعس و سەدام لە 16 ئازاری 1988 دا ، دواتر ڕادەستکردنی شەنگال و گوڵاڵە بە داعش ، و چەندین خیانەتی دیکە ، چەند لە سەر پارتی و یەکێتی بەپلەی یەکەم و لایەنەکانی دیکە کەوت . کەمپنی( نەخێر لە ئێستادا) ئەوەندەش لەسەر ئەو کەسایەتیانە دەکەوێت ، واتا ئەم کەمپینە هیچی کەمتر نیە لە بەشداریکردنی جاش لە جینۆساید ئەنفال و کیمیاباران و تاوانەکانی دیکەی بەعس دا ، و خیانەتی سی و یەکی ئاب و داگیرکردنی هەڵەبجە لەلایەن ئێران بە هاوکاری ئەو چوار پارتە ، و کارەسات و جینۆسایدی شەنگال . بەڵام بە جۆر و شێوازێکی جیاواز تر ، لەبەرئەوەی چۆن خیانەتەکانی پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکە پڕۆژەی بەنیشتیمانی و دیموکراسی کردنی دەمودەزگاکان و سەربەخۆی دواخست بێت ، ئەوە ئەم کەمپینەش بانگەشە دەکات ، بۆ بەردەوامی پڕۆسەی نکۆڵیکردن و ژێردەستەیی و داگیرکاری و دووبارەبوونەوەی جینۆساید و دواتر بێ دەوڵەتی. 
هەموو ئەو کەسایەتی و پارتانەی لە کوردستان دا بانگەشەی دژایەتی گەندەڵی و گۆڕانکاری و چاکسازییان کردووە ، بەشێکی میللەت هاوکار و پاڵپشتیان بوون ، چونکە دواجار بەقازانجی میللەت دەشکێتەوە ، بەڵام بانگەشەی نەخێر بۆ ڕیفراندۆم بێڕەوشتییە ( بێڕەوشتی بەمانا سیاسی و خیانەت 
لەنەتەوە ، نەک بە مانا کۆمەڵایەتیەکەی ) . چونکە بە قازانجی دوژمن و بەردەوامی کۆیلایەتی و پلەی دوویی و ژێردەستەیی دەشکێتەوە . ئەگەرچی ئێمە درکمان بە ئامانجی پارتی و یەکێتی لەم ڕیفراندۆمە و مەترسییەکانی کردووە ، و لە نووسینێکدا بە ناونیشانی ( ڕیفراندۆم بۆچی ؟ ئەگەر و مەترسییەکانی ) بڵاوکردۆتەوە . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی داین. 
هەموو ئەوانەی بانگەشەی نەخێر دەکەن و دەڵێن : ئامانجمان خزمەتکردنی میللەتە و دژایەتیکردنی گەندەڵی و دیکتاتۆری بنەماڵەییە . دەتوانن بە ڕێگەی جیاواز خزمەت بکەن ، بۆ نموونە کارکردن بۆ سەرخستنی کۆنگرەی نەتەوەیی ، یاخوود لە ڕێکەی میدیاوە فشارێکی توند بخنە سەر دەسەڵات کە ئامادەکاری تەواو بکات بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان ، و هەر لە هەمان ڕێگەوە هەڵمەتێکی گەورە دەست پێ بکەن بۆ ووشیارکردنەوەی کوردی ئەو ناوچانە لە ئاست مەسەلە نەتەوایەتیەکان ، هەروەها فشارێکی گەورە بخەنە سەر لایەنەکانی دیکە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی دیموکراسی گەورە دژی گەندەڵی و ناشەفافیەکانی یەکتێ و پارتی ، کە ئەمە ڕێگەیەکی دروست و نەتەوەییە ، یان گەر دەیانەوێت ببنە خاوەن ناوبانگ و مێژوو و هێز لەم ڕێگەیەوە ، ئەوە بە تەرخانکردنی بەشێک لە سەرمایەکەیان لە ڕووبەڕووبونەوەی مەترسییەکاندا ، زۆر باشتر و جوانتر دەبنە خاوەن ناوبانگ و مێژوو و سەرمایەیی دیکە. 
عێراق بەریتانیا نیە ، و کوردستانیش سکۆتلەندا نیە ، سەرۆکەکانی عێراق لە ڕابردوو ئێستادا ، سەرۆکەکانی بەریتانیا نین ، لە ئەزموونی سەد ساڵەی دەوڵەتی عێراق دا دەسەڵاتدارانی عێراقی بە هەموو ڕەنگە جیاوازەکانەوە هەموو جۆرە تاوانێکی ئیتنۆساید و جینۆسایدی کەلتوری و ئابوری و بایۆلۆژی و فیزیکی و یاسایی و سیاسییان بەرامبەر بە کورد و کوردستان ئەنجامداوە ، لەبەرئەوە بە جیابوونەوەمان لە عێراق بارودۆخمان لەمەی هەیە خراپتر نابێت ، و ناگەڕێینەوە بۆ خاڵی سفر . بەڵام هیچ نەبێت بە جیابوونەوەمان لە عێراق لە ئەگەری دووبارەبوونەوی جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزی بەدوور دەبین . لەگەڵ ئەوەشدا ، هەروەکو چۆن بە سەرکەوتنی ڕیفراندۆم ، ووڵات نابێتە شامی شەریف ، و گشتپرسی عاسەکەی عیسا نیە ، و سەد لە سەد گەندەڵی و دەسەڵاتی دیکتاتۆری حیزبی و بنەماڵەیی ناڕووخێت ، و نابینە خاوەن دەوڵەتێکی دیموکراتی کۆماری عەیارە بیست و چوار ، بە نەخێری کۆپرسیش هەروەکو سەرپەرشتیارانی کەمپینی نەخێر بانگەشەی بۆ دەکەن نابینە خاوەن هەرێمێکی دیموکراتی خۆشگوزەران و خاوەن یاسا و دەستوور و گەندەڵی و تاڵانچێتیش بنەبڕنابێت ، دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیش کۆتایی نایەت ، لەبەرئەوە ئەم کەمپینە جگە لە خیانەت و کۆکردنەوەی سەرمایە زیاتر هیچی دیکە نیە . ئەمە وەڵامدانەوەی خیانەتە بە خیانەت ، ئەم کەمپینە بەهەر ئامانجێک بێت بۆ داهاتوو ، مادەم بۆ ڕەتکردنەوەی مەسەلە نەتەوایەتیەکانە ، لە ئێستادا خیانەتە ! من دژی خیانەتم ئیدی هەر لایەک ئەنجامی بدات هێزە عەلمانیەکان بێت یان هێزە ئیسلامیەکان یان ئەم کەمپینە چەواشەکارییە بێت . 
هیچ پارت و حیزبێک وەکو کەمپینی نەخێر بە ڕەهایی ڕیفراندۆمی ڕەتنەکردۆتەوە ، بەڵکو داوای کاراکردنەوەی پەڕلەمان و بەیاساییکردنی ڕیفراندۆم و ئەنجامدانی چاکسازی و چاککردنی گوزەرانی هاووڵاتیان و شەفافیەتی داهاتی نەوت و پێشخستنی کایە ژیارییەکان دەکەن ، نەک بانگەشەکردن بۆ ژێردەستەیی و گرێدراوی و داگیرکاری و دیل و ئەسیری ، لە کۆتاییشدا دەڵێم بەقەد پانتایی کوردستانی گەورە و پیرۆز کێشە نەتەوەییەکەمان دژی گەندەڵی و دیکتاتۆری یەکێتی و پارتیم ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاکو سەر ئێسقان لەگەڵ سەربەخۆیدام و دەوڵەتی کوردی بە موڵکی ئەوان نازانم . هەروەها دەبێت ئەوەش بڵێین کەمپینی نەخێر دەرئەنجامی دەسەڵاتە گەندەڵ و مافیاکەی یەکێتی و پارتییە ، کە سەرئەنجامیان لە دەسەڵاتە زاڵمەکانی دیکەی ناوچەکە باشتر نابێت. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە