گەمەی ئەمرۆ لە دوێنی پیسترە، کەسانێک فێری کاسبیەکەش بوون

Friday, 18/08/2017, 10:49

6334 بینراوە


مێژووی سیاسیی سەرکردایەتی پارتەکانی باشوور لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە، تا ئەمڕۆ پڕە لە جیابوونەوە وەکو ئینشیقاقی نێو حیزبی شیوعی و بوونی بە دوو باڵ، دواتر دامەزراندنی (حیزبی شیوعی کوردستانی). جیابوونەوەی نێو حیزبە ئیسلامییەکان. جیابوونەوەی نێو حیزبە کۆمینیستەکان وەک حیزبی زەحمەتکێشان، ڕەوتی کۆمۆنیستی کارگەران و ئیتر. جیابوونەوەی  نێو پارتی دیموکراتی کوردستان: (جەلالی و مەلایی و سامییەکان). جیابوونەوەی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک (حسک و پاسۆک ). جیابوونەوەی نێو کۆمەڵەی رەنجدەران  وەک (ئاڵای شۆڕش). دواتر جیابوونەوەی باڵی ریفۆرمی نێو یەکێتی (بزوتنەوەی گۆڕان).
----------------------------------
مێژوو و ئەزموون دەریخست کە ئەو ئینشیقاقانە هیچ سوودێکی نەبووە بۆ میللەتی کورد، جگە لە یەکترازان. سەرکردەکانی کە رابەرایەتی ئەو ئینشیقاقانەیان کردووە لە هەمان بازنەی پێشوو خولاونەتەوە و هەمان رێچکەیان گرتۆتەبەر و نەیتوانیوە چارەسەرێکی زانیستییانە بۆ پرسی میللەتەکە بدۆزنەوە و بەرەو "ئازادی"ی بەرن!
 ئەوەی ئەمڕۆ میللەت بە دەستییەوە دەناڵێنت لە باشوور، بەرهەمی جۆری کار کردنی سەرانی ئەو پارت و باڵانەیە.  ئەوانەی سەرکرداییەتی ئەو باڵ و جیابوونەوانەیان کردوە ئەوانە بوون کە لە کەسایەتیی یەکەمی نێو ئەو پارتانە نزیک بوونە، دەرکیان بەوە کردەوە کە مەسەلەکە تەنیا بازرگانیکردنە، نەک خەباتکردن بۆ پرسی نیشتمانیی و نەتەوەیی و "ئازادی"، بەدڵنیاییەوە بۆیان دەرکەوتووە  کە یاریکردن بە پرس و هەستی کوردایەتی،  نهێنی دەوڵەمەندبوون و مانەوەی بەهێزی کەسایەتیی یەکەمی نێو ئەو پارتانە بووە لە سەر کورسی دەسەڵات. لە دەرئەنجامدا ئەوانیش پێش و لە دوای جیابوونەوەش هەمان ئامرازیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی شکۆی دەستکەوت و دەوڵەمەند بوون و پێگەی کۆمەڵاییەتی و سیاسیی بپارێزن و بتوانن ژیانێکی پڕ تێروتەسەل بۆ خۆیان و ماڵ ومنداڵیان دابین بکەن! 
ئەو ئامرازانەی، کە بوون بە کلیلی کردنەوەی دەرگاکان بۆ بازرگانی سیاسیی سەرانی ئەو پارتانە بریتی بوون لە:
یەکەم کلیل، پێگەی جەماوەری
بەهێزی "مەلا مستەفای بارزانی" لەوەدا نەبوو، کە خاوەن عەشیرەتی بارزانییەکان بوو، چەند هەزار کەسێکی چەکداری بەدواوەبوو، هەر وەک چۆن جەلالییەکان و مەلاییەکان لە نووسراو و ئەدەبیاتەکانیاندا ئاماژەی پێدەکەن و دەوری عەشیرەتی بارزانییەکان شکۆمەند تر دەکەن بە بەراوردکردن لەگەڵ ڕۆڵی میللەت. 
بەهێزی پێگەی  جەماوەریی بارزانی لە نێو کۆمەڵگە و گەلی کورد لە باشووردا،  لە ژێر دروشمی "شۆڕشی کورد و خەبات و سەربەخۆیی" دا بە خوێنی هەزاران هەزار لاوی کورد بەهێز بوو، کە بوو بە کلیلی ناساندنی بارزانی  بە دنیایی دەرەوە و ناوخۆ و بوونی بە سەرکردەییەکی "نەتەوەیی" و   گەیاندییە بەو ئاستە کە  زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکان هەژماری بۆ بکەن.
 تاڵەبانی و بارزانی دەیانزانی کە پێگەی جەماوەریی چی دەگەیەنێت بۆ مەرام و پلانەکانیان ئەمە هۆکاری ئەوە بوو کە تاڵەبانی لەگەڵ خەزوری و چەند کەسێکی تر هەوڵیاندەدا حیزب دروست بکەن بە مەبەستی بەهێز کردنی  پێگەی جەماوەریی بۆ خۆیان و خێزانەکەیان، بارزانیش دەرکی بەو مەسەلەیە کردبوو بۆیە دژی حیزبایەتی وەستابوو، نەک هەر وەک چۆن تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد هۆکاری ئەوەیان دەگەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە بارزانی نەخوێندەوارە و بڕوای بە حیزب نییە! هەموو لایەکیان لە گەمەکە گەیشتبوون!
کاتێک کە "جەلال تاڵەبانی" و هاورێکانی بوون بە جاش لە ساڵی ١٩٦٦دا و حکومەتی بەغداد هەژماری تایبەتی بۆ کردن و پارە و ئیمکاناتی خستە خزمەتیان و بارەگایان لە "بەکرەجۆ" کردبۆوە و تاڵەبانی و خێزانی لە کۆشک و تەلاردا ژیانیان بەسەر دەبرد، هۆکارەکەی ئەوە نەبوو کە "جەلال تاڵەبانی" لە خێزانێکی دیارە و یان باوکی شێخ  بووە و خاوەن مرید، بەڵکو ئەو پێگە جەماوەرییە بوو کە تاڵەبانی لە نێو حیزبی پارتی بۆ خۆی ژێر بە ژێر دروستی کردبوو کە ناسراوبوون بە "جەلالییەکان" و کاتێک بوو بە جاش ئەوانیش هەمووی لەگەڵیدا بوون بە جاش.
سەرانی شیوعیەکانیش کاتێک کە روسیا گرنگی پێدەدان بودجەی بۆ تەرخان کردبوون و لەگەڵ حکومەتی بەعس چوونە بەرەیەکەوە و چەند وەزارەتێکیان وەرگرت و خۆیان دەوڵەمەند کرد، هۆکارەکەی ئەوە نەبوو کە سەرکردەکانیان خاوەن توانای بێهاوتا بوون و مامۆستای مارکسیەت بوون  بەڵکو هۆکارەکەی ئەو پێگە جەماوەرییە بوو کە حیزبی شیوعی هەیبوو لە سەرتان سەری عیراقدا ئەو کات. 
سەرانی حیزبی سۆشیالیستی کوردستان، کاتێک کە لە یەکێتی جیابوونەوە هێزی پێشمەرگە و پێگەی جەماوەرییان لە باشووری وڵات بۆ خۆیان مسۆگەر کردبوو بە هەمان شێوەی "تاڵەبانی و بارزانی"، ئەگەر ئەوەیان نەبوایە هەرگیز لە "تاڵەبانی" جیا نەدەبوونەوە هەر وەک چۆن لە دۆکۆمێنتەکانی ئەو کاتی پارتەکانیان هاتووە گوایە بۆیە جیابوونەتەوە بەهۆی ئەوەی "جەلال تاڵەبانی" تاکڕەو بووە! وە پارە وەرگرتنی سەرانی سۆشیالیست لە ئیستیخباراتی سوریا و ئیتیلاعاتی ئێران هۆیەکەی ئەوە نەبوو کە سەرانی حسک رۆڵی تایبەتیان هەبوو بەڵکو هۆیەکەی ئەوە بوو کە خاوەن پێگەی جەماوەریی و هێزی چەکدار بوون.  
سەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، تاڵەبانی ئاسا کاتێک کە جیابوونەوە پێش مسۆگەر کردنی پێگەی جەماوەریی ئەو هەنگاوەیان نەهاویشت و سوودمەند بوون لە دەنگی نارەزایی نێو یەکێتی و میللەت لە ژێر دروشمی بریقەداردا خەڵکیان هەڵخەڵەتاند و کردیان بە پێبلیکان و پێدا سەرکەوتن و دواتر بە پێی خۆیان چوون بۆ نێو دەسەڵاتی کرمێبووی هەرێم و بە ئیمکاناتی باش و تێروتەسەلی گردی زەرگەتەیان کرد بە مەزارگای خۆیان! هەوڵیاندا پەیوەندیی ببەستن لەگەڵ ئیران و عیراق و سەرانی سونی و شیعی.
دووەم کلیل، دەرامەت و پەیوەندیی دەرەکی و بوون بە جاشی ناوچەیی و نێو دەوڵەتی
پێگەی جەماوەریی بارزانی لە باشووردا، بناغەیەک بوو بۆ ئەوەی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە هەژماری بۆ بکەن و رێگە خۆش بکەن بۆ ڕاکێشانی بارزانی بۆ بەستنی پەیوەندیی لەگەڵ دەزگا هەوڵگری و جاسوسییەکانی ناوچەکە و دنیا وەکو پەیوەندیی لەگەڵ موساک، ساواک، سی. ئای ئەی و ئیستیخباراتی هەندێک لە وڵاتە عەرەبیەکان. ئەو پەیوەندییانە سەرچاوەی دەستکەوتی ماددی و دەستڕۆیشتووی بارزانی بوون لە سەرەتای شەستەکان تا ناوڕاستی هەفتاکانی سەدەی رابردوو لە مەیدانی سیاسیی باشووردا.  
ئەو ڕاستییانە نامۆ نەبوون بۆ سەرانی حیزبەکان و باڵەکانی باشوور وەک حیزبی شیوعی، سۆشیالیست و پارتەکانی تر بە تایبەتی بۆ "جەلال تاڵەبانی و هاورێکانی". ئەمە هۆکاری ئەوەبوو، کە کاتێک تاڵەبانی لە "بارزانی" جیابووەوە هەوڵیدا وەک بارزانی ئاسا سوودمەند بێت لە دەزگا جاسوسییەکانی ناوچەکە و دنیا کە لە ئەنجامدا درێخی نەکرد لە لێدانی دەرگای هەموو وڵاتان و داواکردنی پارە و ئیمکانات بە ناوی ئەوەی رێبەرایەتی پرسی کورد دەکات لە باشووری وڵات! ئەو ڕاستییانە تاڵەبانی بە ئاشکرا لە بیرەوەرییەکانی تەمەنیدا ددانی پێدانەوە کە پەیوەندیی لەگەڵ سی. ئای. ئەی و  سەرانی سوپای پاسداران، ئیتیلاعات و دەزگای ئیستیخباراتی بەعسی سوری و عیراقی هەبووە و گەلێک هاورێ و دۆستی لە نێوانیاندا پەیدا کردەوە و هاوکاریان بووە، هەروها  ئیسلامییەکان و ئاڵای شۆڕش درێخیان نەکرد و بە ناوی کورد پارەیان لە  ئیتیلاعاتی ئێرانی، ئیستخباراتی سوریی و میتی تورکی و وڵاتانی تری عەرەبی وەردەگرت!
کلیلی سێیەم، میدیا و رادیۆ
بارزانی لە یەکەم چەغماغەی شۆڕشی کورد دەزگای رادیۆی دامەزراند و بایەخی بە هەموو بوارەکانی تری میدیاکان دا، بەهەمان شێوە تاڵەبانی و سەرانی حیزبی شیوعی و سەرانی ئیسلامییەکان و سۆشیالیست و "بزوتنەوەی  گۆڕان"یش بە هەمان شێوە. هەموو ئەو کەناڵ و رادیۆ و میدیایانە بە حزبی کران و تەنیا بە ئەمری کەساییەتی یەکەمی نێو ئەو پارتانە ئاراستە دەکران.

ئەم جۆرە قوتابخانەیە ئەمرۆ بۆ میللەتی کورد چی بەرهەم هێناوە؟
بە درێژایی مێژووی جوڵانەوەی کورد لە باشوور تا ڕاپەڕین و کۆڕەوی بەهاری ساڵی ١٩٩١  بە شێوەیەکی گشتی و لە ئاستی شەقامدا خەڵک لە باشووری وڵات بێ ئاگا بوون لەوەی سەرانی پارتەکان لە ژێرەوە چیان ئەنجام دەدا و چۆن توانیبوویان بگەن بەوەی کە ئەمرۆ گەیشتوون پێی، زۆربوون ئەوانەی لە نێو میللەت وا تێگەیشتبوون کە سەرانی پارتەکانیان هەژارن و لەسەر ئابوونەی ئەوان و پیتاک کۆکردنەوە گوزەران دەکەن و باوکی هەژارانن!
دوای ئەزمونی ٢٦ساڵ لە ژیانی میللەت لە نزیک سەرانی ئەو پارتانە، و دوای جۆری پەروەردەکردنی تاکی کورد لە ژێر سیستەمیی بنەماڵە و خێزاندا ئێستا نوخبەیەک پەیدا بووە، کە نهێنی دەستکەوتی ئەو کلیلانەی دۆزیەوەتەوە و دەزانن ئەگەر بەو ڕێچڵکەدا تێپەڕ ببن، ئەوا وەک سەرانی پارتەکان ئاسا سودمەند دەبن و دەتوانن زۆرینەی سادەی نێو میللەت و دەنگی ناڕەزایی نێو نەتەوەیی کورد لە باشوور بەکاربهێنن بۆ مەرامە گڵاوەکانیان و بیکەن بە پێبلیکان بۆ سەرکەوتن و بوون بە سەڕۆک و سەرکردە و میلیاردێر!
لە رابردوودا، شۆڕش و رێگەی سەخت و هەستی پاکی نێو میللەت و خوێنی ئالی هەزاران گەنج لە شاخەکانی کوردستاندا بەکارهێنران بۆ خۆ دەوڵەمەندکردنی سەرانی پارتەکان و بەهێزکردنی پێگەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی ئینجا پەیوەندیی کردن بە دەزگای هەواڵگری و جاسوسی ناوچەکە و دنیا، بەڵام ئەمڕۆ هاوکێشەکە بە جۆرێکی ترە بەهۆی ئەوەی هەرێم بووە بە لانەی سوپا و ئەندام و لایەنگرانی دەزگا جاسووسیەکانی ناوچەکە و دنیا، پەیتا پەیتا بۆ خۆیان لە نێو رەگەزی نێر و مێ دا خەڵک دروست دەکەن و بە پارەی بیرە نەوتەکان دەوڵەمەندی دەکەن و دەیکەن بە خاوەن سەرماییە و کەناڵی زەبەلاحی میدیای رازاوە بە کچی منداڵکارەی جوانکیلەی سەوز و سورکراو بۆ ڕاکێشانی سەرنجی زۆرینەی سادە و گەنجی کورد بۆ دروستکردنی پێگەی جەماوەریی و کردنی ئەو کەناڵانە بە میمبەرێک بۆ ئاراستە کردنی خەڵک و رووداوەکان بەو شێوەیەی کە دەزگا جاسوسیەکانی ئیران، تورکیا، عیراق، ئەمریکا و ئیسرائیل و سەرانی شیعە و سونە  گەرەکیانە. ئەم دیاردانە لە هەموو کەناڵە تەلەفزیۆنەکانی پارتەکاندا وەک دیاردەیکی زەق دەدرەوشێتەوە! 
گەمەی ئەمڕۆ لە دوێنی پیسترە، میللەتی کورد لە باشووردا پێویستە هۆشیار بێتەوە ئەو قەیرانەی کە تێکەوتوە بەو جۆرە کەسایەتیی و پارت و رێکخراوانە ناگات بە هیچ، پرسی کورد لە سەر خوانی دوژمنان تاوتوێ ناکرێت و لە سەر مێزی خواردنەوە و رابواردندا و بە هێنانە پێشەوەی لەشفڕۆش و دز و بەرژەوەندیی پەرست چارەسەر ناکرێت کە هەموو لایەک کردویانە بۆ کۆ کردنەوەی دەنگ و فرەوان کردنی پێگەی جەماوەریی!  پرسی کورد، پێویستی بە سەرکردەیەکی دڵسۆز و پارتی پێشڕەو هەیە کە خاوەن پرنسیپی بەرز و بەها بەرزەکان و خوڕەوشتی شۆڕشگێرانە بێت، بتوانێت تەکان بە جوڵانەوەکە بدات و هەوڵبدات بۆ دارشتنی فەلسەفەیەکی گونجاو بۆ بارودۆخی نالەباری ئەمڕۆی باشوور. کۆشش و خەبات پێویستی بە تاکی لەخۆبردوی خۆنەویستی خاوەن خوڕەوشت هەیە، کە ئامادەیی و گیانی بەرەنگاری بوونەوەی تێددا بێت و ملکەچی نەکات و چەکی جاشایەتی و دەزگا هەواڵگری و جاسوسیەکانی ناوچەکە و دنیا نەخاتە شان لە بەرگی پێشمەرگەدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە