بارزانی، دەڵێت: "ئەدیسۆن دەچێت بۆ بەهەشت و عەلی کیمیاویش بۆ دۆزەخ"!

Tuesday, 22/08/2017, 16:03

6609 بینراوە


بارزانی لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا گوتی  "ئەدیسۆن" کارەبای داهێنا و خزمەتی مرۆڤایەتی کرد، مەعقوڵ نییە خودا لە دنیایی تردا  "ئەدیسۆن" بنێرێت بۆ دۆزەخ و "عەلی حەسەن مەجید" یش بۆ بەهەشت دوای ئەوەی ئەو تاوانە گەورەیەی ئەنجامدا بەرامبەر بە میللەتی کورد"!
-------------------------------

لە  31 / 12 / 1879 کاتێک "ئەدیسۆن" بۆ یەکەم جار کارەبا و ڕۆناکی بە خەڵک ناساند گوتی " کارەبا ئەوەندە هەرزان دەکەین کە لەمەولا تەنیا دەوڵەمەندەکان پەنا بۆ داگیرساندننی "مۆم" بەرن"، بەڵام دوای ١٣٨ساڵ لەو گوتەیەی "ئەدیسۆن" لەو وڵاتەکەی کە تۆ ئەی مەسعود بارزانی تیایددا حاکمی تەنیا دەوڵەمەندەکان کارەبا و ڕووناکیان هەیە، هەژارەکان پەنا بۆ داگیرساندننی رووناکیی و چرا دوکەڵاویی دەبەن! تۆ پێت وایە "خودای پەروەردگار" ئەو ناهەقی و تاریکستانەی وڵاتەکەی تۆ نەبێنێت؟

ئەی سەڕۆک!
تۆ بڵێی لای "خواوەندی مەزن" ڕەوا بێت، ئیفلیج و پەککەوتە و بەساڵچوو و منداڵ، هەژارانی وڵاتەکەت توانای کڕینی جلی جەژنیان نەبێت و نەتوانن ژەمێکی رۆژی جەژن دابین بکەن کە تەنیا برنج و قەیسیەکە؟ لە کاتێکدا ئێوەش نرخی یەک ئۆتومبیلتان بەرامبەر بە موچەی ساڵێکی فەرمانبەرێک بێت؟ ئەو موچەیەی کە ناشیاندەنێت؟!
ئایا دەبێت خوای گەورە ئەو "پیرەژنە"ی نەبینیبێت کاتێک کە لە نۆڕەی "موچە" وەرگرتن دا لە گەرمانا گیانی لەدەستتدا؟ تۆ بڵێی خوا نەزانێت تاوانبار کێیە و کێ مافی ئەو پیرەژنەی لە ئەستۆدایە؟

ئەی سەڕۆک!
ئێوە ٢٦ ساڵە کۆمەڵێک کەسن، لە نێوان خۆتاندا سەروەت و سامانی خەڵک دەدزن، بست بە بستی کوردستانتان کرد بە موڵکی تایبەتی خۆتان، دەستتان گرت بەسەر بیرە نەوتەکاندا و میللەتان بێ بەش کرد لە بچووکترین مافی ئابووریی کە تەنیا "موچە"یەکی کەمە، ئەی ئاخۆ "یەزدانی مەزن" ئەو ناهەقیانە قبوڵ دەکات کە بە پارەی دزراو ئێوە ژیانی پاشایانە لەسەر بەرزاییەکانی کوردستاندا بەسەر بەرن و گەنجی ئەو وڵاتەش بەهۆی نەبوونی روو لە دەریایی ئیجە بکات و بخنکێت؟ 

ئەی سەڕۆک!
لە کوولتوور و بڕوای زۆربەی ئایینەکانی دنیادا و لە عەقڵیەتی هەموو  مرۆڤێکی باوەرهێنەر، باس لەوە دەکرێت کە خوا بە ئەندازەی بۆشای نێوان چاو و بڕۆ لە مرۆڤ نزیکە، "خودا" ئەوەندە گەورە و بەهێزە جوڵەی مێرولەیەک دەبینیت و هەستی پێدەکات، بۆیە مەعقوڵ نییە، کە خوا نەزانی و نەیبینیبێت  کە کێ بە کوشتنی "کاوە گەرمیانی، سۆڕانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان و وەداد" هەڵسا؟! . ئەی کاتێک کە چوار دایکی جەرگ سوتاو کڕنۆشیان برد و هانایان برد بۆ "یەزدان" داوای تۆڵەسەندننەوەی ڕۆڵەکانیان لە دادگای "پەروەردگار" کرد و  "خودای"گەورە  بڕیاری دادگایی کردنی بەندەی خۆی دا دەربارەی ئەنجامدانی ئەو چوار تاوانە، دەبێت بڕیاری چی دەربکات؟  کێ بنێرێت بۆ دۆزەخ ؟ و کێش بە بەهەشتی پان و بەرینی خۆی شاد بکات؟
کام هەڵبژاردە مەعقوڵە "خودا" بیکات؟ ئەی سەڕۆک!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە