کوردستان لە نێوان چوار داگیرکەر و دەیان حیزبی بەکرێگیراو و سواو دا .

Saturday, 26/08/2017, 20:31

3048 بینراوە


دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان سەرەڕای ئەنجامدانی پاکتاوی ڕەگەزی و نکۆڵیکردن لە بوونی کورد لە پارچەکەی ژێردەسەڵاتیاندا بە ڕێگەی تیرۆری ڕەش و سپی ، چەندین ڕێکەوتننامەشیان ئیمزاکردووە بۆ دژایەتیکردن لە تەواوی کوردستانی گەورەدا ، لە هەموو ڕێکەوتننامەکان دا سەرەڕای هاوکاریکردنی یەکتری لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئابوورییەوە ، خاکی یەکتریشیان بە قووڵایی چەندین کیلۆمەتر بەکاردەهێنا بۆ لێدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ، لەلایەکی دیکەوەش پەردەپۆشی کۆمەڵکوژییەکانی یەکتریان دەکرد بەرامبەر بە کورد .
بۆ نموونە سەدام حسێن ئەنفالی کوردی دەکرد ، بەشێکی زۆری ئاوارەکان ڕوویان کردە تورکیا و لە ژیانێکی سەختیان دەگوزەراند لە کەمپەکاندا ، چەندین ڕێکخراوی جیهانی بە بەڵگەوە بەکارهێنانی چەکی کیمیاییان لە دژی کورد پشت ڕاستدەکردەوە ، بەڵام تورکیا هەموو هەوڵێکی دەدا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و دەرمانخواردکردنی ئاوارەکان ڕەتبکاتەوە ، لە پێناو دژایەتی کوردی باکور و پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکانی دا لەگەڵ عێراق دا ، کاتێکیش ئێران بەڕای گشتی جیهانی دەگووت عێراق چەکی کیمیایی بەکارهێناوە لە هەڵەبجەدا ، بە مەبەستی بە دەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی بوو ، چونکە لەگەڵ عێراق دا لە جەنگی هەشت ساڵەدا بوو ، لە کاتێکدا پێشتر حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق لە مێژە پڕۆسەی جینۆسایدی کوردیان دەست پێکردبوو ، بەڵام ئێران نەک دەنگی لێوەنەدەهات ، بەڵکو ڕێکەوتننامەی بە هاوشێوەی ڕێکەوتننامەی جەزائیری ساڵی 1975 لەگەڵ عێراق دا ئیمزا دەکرد بۆ لێدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ، لە پێناو دژایەتی کوردی خۆرهەڵاتی کوردستان و پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و سەربازی و ئابووری داگیرکارییەکانیدا . هەڵوێستی باشی سوریایی بەعسیش بەرامبەر بە کورد لە دژی عێراق ، بە هۆی ئەوەوە بوو ، کە ململانێیەکی تووند و قوڵیان لەگەڵ بەعسی عێراقدا هەبوو ، بۆ لاوازکردنی عێراق لە ئاستی نێودەوڵەتی باسی مەینەتیەکانی کوردی دەکرد        .
کاتێکیش لە ساڵی 1992 دا حوکمەتی ئۆتۆنۆمی باشوری کوردستان دامەزرا ، هەر لە سەرەتاوە ئەوە ڕوون بوو ئەم هێزانە نیەتی حوکمڕانیەکی سەرکەوتوویان نەبوو ، دەستیان کردە فەرهوود و تاڵانی و ئاودیو کردنی پڕۆژەی کارەبا و هەموو ئەو مەکاینەکان و ڕووخاندنی بینا حوکمییەکان ، ئەو کات گۆرانیەک هەبوو دەیگووت : ئای لەبەر فافۆن دزین کوردستان کەوتە لەرزین . ئەمە حوکمڕانیە یان مافیایی و تاڵانچێتێ ؟
دواتریش لە پێناو هەژموونی حیزبی و دەسەڵاتی حیزبی و قۆرخکردنی ئابووری ووڵات دەستیانکردە شەڕی براکوژی و کاولکردنی باشوور کوردستان ، تا ساڵی 1998 ، هەروەها چەندین جاریش شەڕی برا کوژیان لەگەڵ کوردی باکور بۆ بەرژەوەندی تورکیا ئەنجامداوە .
دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە 2003 دا ، زیاتر دەستیان دایە تاڵانی و بە هەدەردانی سامانی گشتی و ناشەفافی و چەسپاندنی دکتاتۆری و هەڕاجکردنی خەڵک و خاکی کوردستان و ناداد و بەهەدەردانی داهاتی نەوت و گەندەڵی ، ڕووبەری باشوری کوردستان ( ) ، شورەییە دوای بیست و پێنج ساڵ حوکمڕانی ، ئەنجامدانی پڕۆژەیەک لە لادێکاندا ، بگوترێت دەستی ئاوەدانی گەیشتە ناوچە دوورە دەستەکان .
تاکو ئێستاش عەقڵیەتی حیزب و سەرکردەکانمان بە جۆرێکە شانازی بە زۆری ژمارەی شەهیدانەوە دەکەین ، لە کاتێکدا دەبوو زۆر پێش ئێستا سوودمان لەو هەموو دەرفەتانە وەربگرتایە ، بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی سەربەخۆی خاوەن سەروەری و هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتووی مەشق پێکراو ، نەک هەرێمێکی گرێدراو ، و هێزی پێشمەرگەی حیزبی و شەخسی بێ دسپلین و ڕانەهێنراو .
تاکو ئێستاش حیزبەکانمان باوەڕیان وایە ، بۆ ئەوەی بە دنیای دەرەوە بناسرێین ، دەبێت لە هەر قۆناغێکدا ، شارێک ڕادەستی دوژمنان بکەین تا جینۆسایدی تێدا ئەنجامبدات ، لە ساڵی 1988 دا هەڵەبجە ڕادەستی ئێران کرا و سەدام و ڕژێمەکەی جینۆسایدیان کرد ، و لە 2014 دا شەنگال ڕادەستی داعش کرا ، و ئێزدییەکانی جینۆساید کرد ، لە ڕاستیدا ئەمە هەم فەشەلی ناسیۆنالیستی کورد و هەم پەیوەندی دبلۆماسییەکانمانە ، کە نەمان توانیوە یەکڕیز و یەکگرتوو بین ، نەهامەتیەکانیشمان بە شێوەیەکی زانستی دیکۆمێنتەری و دبلۆماسی بە دنیای دەرەوە بناسێنین .
لەکۆڕەوەکەی ساڵی 1992 دا کۆی خەڵکی باشووری کوردستان بە کۆڕەویان دەسەڵاتی بەعسیان ڕەتکردەوە ، لەگەڵ یەکێتی نەتەوەییدا بوون ، بەڵام سەرانی پارتی لە شکستی شەڕی ناوخۆ لە 31 ئابی 1996 دا دەستی بەعسیان گرتوو هێنایانەوە پایتەخت ، گەل سەدام و ڕژێمەکەی ڕەتکردەوە ، پارتی لەبەر بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵە سەدام و ڕژێمەکەی قبوڵکردەوە ، ئەمە چی لۆژیکێکە ئێستا بانگەشەی دەوڵەتداری دەکەن و حیزبەکانی دیکەش بوونەتە پایەی ڕاگرتنی دزی و گەندەڵی و ژێردەستەییەکانیان .
شکستە دوای بیست و پێنج ساڵ بگوترێت کاتمان ناسکە و حوکمەتکەمان ساوایە ، لە کاتێکدا لە سایەی حوکمێکی فاشی تاڵانجیدا بە سەدان منداڵی خوار تەمەن هەژدە ساڵ ، لەبەر بژێوی خێزانەکەی قورسترین کاری تاقەت پڕوکێن ئەنجامبدەن .
هیچ مەنتقی تێدا نیە باسی دروستکردنی دەوڵەت بکەیت ، کەچی ئەم ووڵاتەت کردبێتە مەیدانی تەراتێنی میت و جەیشی تورکی و ئیتڵاعات و پاسدارانی ئێرانی .
نەخێر بۆ ڕیفراندۆمیش واتا ( بەڵێ ) بۆ ڕێککەتننامەی لۆزانی ساڵی 1923 و ( نەخێر ) بۆ پەیمانی سیڤەری ساڵی 1920 .
هیچ لۆژیکی نیە ڕۆژانە بە بەرچاوەوە تورک پڕۆسەی پاکتاوی ڕەگەز و جینۆسایدی کورد زیندانیکردنی لاوی کورد و کەسایەتی سیاسی و پەڕلەمانتارانی کورد و داخستنی پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان درێژە پێدەدات ، بەڵام ئیسلامییەکان ئەردۆغان بە کاریزما و فریاد ڕەسی دادپەروەری و کورد بزانن ، و لێرەوە زووڕنای بۆ بژەنن، ئەمە چی مەنتقێکە دەسەڵاتی خودا ڕەتبکەیتەوە کە کوردی هێناوەتە بوون ؟ بە حوکم و مافی کورد ڕازی نەبیت ، و بڵێیت کوردی باکور تیرۆرست و کافرن ، بەڵام تورکی داگیرکار ئاشتی خواز و عەدالەت خواز و خاوەن حەقن . ئەگەر پارتی ئابووری ئەم ووڵاتەی خستە چنگی تورکیاوە ، ئەوە ئیسلامیەکان کەرامەتی کورد لەبەرامبەر تورکدا دەشکێن و بە پلە دوویی و تورکی چیایی و تورکی کلکدار ڕازین . لەلایەکی دیکەوە بە ناوی ئوممەی ئیسلامییەوە هەمیشە لە خەونی گەڕانەوەی خەلافەت و سوڵتانیەتی دژی کورد دان ، کە بە ناوی خوداوە تەنیا کۆمەڵکوژی بە کورد ڕەوا دەبینن .
هیچ لۆژیکی نیە ئیسلامییەکان بە لێشاو کتێبی عەرەبی سەبارەت بە ژیاننامەی ابن قەیس و ابو هوڕەیڕه و ئەنەس و ابن درهەم و معاوییە و ئەمسالەکانی دەکەنە کوردی ، و خاوەن هیچ پڕۆژەیەک نەبن سەبارەت بە جینۆساید و کۆمەڵکوژی و ئەنفال و کیمیابارانکردن و هیچ گرنگیەک بە و کارەساتانە نەدرێت ،کە بەرامبەرمان ئەنجامدراوە ، ئەمە بە واتای خاوەندارێتی نەکردن لە مێژوو و کەلتور و جوگرافیا و خواستەکانی کورد ، و شکاندن و کەمکردنەوەی شکۆی میللەتێکی خاوەن شارستانیەتی چەند هەزار ساڵەی پێش لە دایک بوونی عیسای مەسیحی . شارستانیەتی سوئی و لۆلۆیی و گۆتی تا دەگاتە دەوڵەتی ماد و لەوێشەوە بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆمان .
پەکەکەش دەڵێت : دەوڵەت شەڕ بەرهەم دێنێت . چونکە ئیمپریالیزم و سەرمایەداری دەوڵەت بۆ گەلانی خۆرهەڵاتی ناڤین دروست دەکەن ، ئەوانیش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان دا ، لە هەر کاتێکدا بیانەوێت دووچاری جەنگی ناوخۆی و دەرەکی دەکەن ، عێراق باشترین بەڵگەی ئەم سیاسەتەیە کە شەڕی کورد و شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و پاشان داگیرکردنی( کوێت)یان پێ ئەنجامدا و لە دووهەزار و سێشدا هەر خۆیان لە ناویان برد . ئەم پاسەوە تا ئێرە ڕاستە ، بەڵام پەکەکە لە لایەکی دیکەوە دەڵێن : ئێمە سنورەکان تێک ناشکێنین ، بە مەرجێ ئەو مافە سیاسی و فەرهەنگی و ئابووری و ڕۆشنبیریانەی تورک و عەرەب و فارس هەیەتی کوردیش هەیبێت ، وەکو چۆن ئەمان دەتوان ببنە سەرۆکی ووڵات و مافی هاووڵاتی بوون و هاونیشتیمانی بوون و تەواوی مافەکانی دیکەیان هەیە ، کوردیش هەمان مافی هەبێت . لێرەدا دەپرسین لە درێژایی دەسەڵاتی ئەمەوی و عەباسی و عوسمانی و سەفەوی و دواتر دەسەڵاتی سەد ساڵەی تورکیا و سوریا و عێراق و ئێران جگە لە پلە دوویی و جینۆساید و نکۆڵیکردن لە بوونی کورد ، هیچیان بە کورد ڕەوا بینیوە ، تا لە داهاتوو دا ببنە خاوەن عەقڵێکی مەدەنی و بڕواهێنان بە هاووڵاتی بوون و یەکسان ، و دیموکراسی و پێکەوە ژیان . لەبەرئەوە چۆن ئەوە کار لەسەر تۆخکردنەوەی سنورەکان دەکەن ، کوردیش دەبێت کار بکات لەسەر تێکشکاندنی سنورەکان ، لە پێناو ماف و یەکتێی نەتەوەیی دا .
بارزانی دەیەوێت بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆی ، لە دوای دیاکۆی دامەزرێنەی دەوڵەتی مادد ، ناوی بچێتە مێژووەوە ببێتە خاوەن ئەو شەرەفە ، هەرچەندە کە من پێم وایە نە ڕابردووی یارمەتیدەرێتی و نە ئەو ئیرادەیەشی هەیە دەوڵەت ڕابگەیەنێت ، بەڵام بە بڕوای ئێمە بە دروستکردنی دەوڵەت چەندە دەبووە خاوەن مێژوو و شەرەف ، چەند بەرامبەر دەبووە خاوەن مێژوو و ناوبانگ ، بە وازهێنان لە دەسەڵات و داهێنەری دەستاو دەستکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بنیاتنای بنەماکانی دیموکراسی ، و ئاواکردنی هەرێمێکی دیموکراتی خاوەن یاسا و دەستور ، ئازاد .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە