داهێنانێكی نویێ‌ دزیكردن لەشاری هەولێر

Saturday, 26/08/2017, 20:45

1847 بینراوە


ماوەیەكە لەشاری هەولێر دیاردەیەكی دور لەهەموو ڕەوشت و بەهایەكی كۆمەڵایەتی بڵاوبۆتەوە , كەمەترسیەكی گەورەی هەیە زیاتر تەشەنە بكات و ببێتە نەخۆشییەكی ترسناكی كۆمەڵایەتی . ئەویش جۆرە داهێنانێكی نوێیە لەدزی و قۆڵبڕینی هاووڵاتیان لەلایەن چەند بازرگان و فرۆشیاری گشتی و بەڵێندەران كەجۆرە فڕوفێڵێكە بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن لەو ڕێگایە ناڕەوایەدا , بێگومان ئەمەش دەستێكی گەورەی مەسولەكانی پارتی لەپشتە یان بەواتایەكی تر ناڕاستەوخۆ لەگەلیانَ شەریكن.
بەداخەوە هەرلەدوای ڕاپەڕینەوە مەسولە حزبیەكانی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەی مافیا و چەتە لەبری ئەوەی بیر لەبنیادنانی وڵات و گەشەپێدانی هۆشیاری و نەتەوایەتی و نیشتمانی بكەنەوە , تەنیا بیریان لەوەكردۆتەوە بەهەر كڵۆجێ‌ , ئەگەر و بەناپاكیش بێت پارە كۆكەنەوە و خۆیان دەوڵەمەندكەن . بۆ ئەم مەبەستەش دەستیان لەهەمووشتێك وەرداوە و لەخراپەكاریدا درێخیان نەكردوە.
هەرچەندە خەڵكی كوردستان ئەمڕۆ هۆشیارە و باش لەمۆخی ئەو مەسولە ناپاك و بێویژدانانە گەیشتووە پێویست ناكات پێناسەبكرێن , بۆیە دێمە سەر باسی ئەو داهێنانە نوێیەی دزیكردن و قۆڵبڕینی خەڵكی بەشمەینەتی كوردستان كەوا چۆن دەیانەوێت شیرازەی كۆمەڵگاكەمان تێك بدەن و حكومەت و حزب چۆن بەشدارن لەوتاوانانە . نزیكەی مانگێكە زێڕینگەرێك بەناوی سەعدی نەقاش كە برای ڕۆژنامەنووس عبدالقهار هەولێری كەڕۆژنامەنووسێكی دیاری ڕۆژنامەی خەباتە و پەیامنێریانە لەدەرەوەی وڵات , ئەو زێڕینگرە نزیكەی 20 كیلۆ زێڕی هاووڵاتیانی بردووە و بەیانووی ئەوەی زەرەری لێكەتووە . ئەو خەڵكانەی كەزێڕیان لەلای داناوە و تاكو نەقشیان بۆ بكات و چاكیان كاتەوە دەچنە مەخفەر شكایەتی لێبكەن ئەفسەرەكانی مەخفەری خانەقا  ساردیان دەكەنەوە و پێیان دەڵێن هیچتان پێناكرێت و وازی لێبێنن باشترە.
 لەجیاتی ئەوەی حكومەت خۆی بەم كارە هەڵسێت و تاوانبار و دزێكی وا بگرێت و بیخاتە زیندانەوە , كەچی بەئاشكرا بەرگری لێدەكەن ! سەندیكای زێڕینگرانیش كەزۆربەیان حزبین و دەستیان لەگەڵ ئەو دزانە هەیە واڕیككەوتون لەگەڵ زێڕینگرە دزەكە كەبڕێكی كەم پارەی خەڵكەكە بدەنەوە.
بەمشێوەیە زێڕینگەری دزیش پارەیەكی باشی بۆ بمێنێـەوە و مەسولەكانیش دەم چەور كات . ئێستا ئەم دیاردەیە لەشاری هەولێردا زۆر باو بووە و ئەوانەی ئەم كارە ناڕەوایە دەكەن زۆربەیان پارتین و حزمی نزێكی مەسولەكانن.
سەعدی نەقاشی دز و تاوانبار ئێستا لەبەرچاوی ئەو خەڵكەی دزی لێكراوە بەئاشكرا و بێباكەنە دەسوڕێتەوە چونكە باش دەزانێ‌ حزبەكەی چاوی یاسای كوێركردووە بۆ ئەوەی هیچ تاوانبارێك نەبینێت . خەڵك ئەوەندە داخیان لەو دزە نیە بەڵكو داخیان لەو حكومەتە نامەسول و نامەردەیە كە بەرگری لەدز و تاوانباران دەكات!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە