لێکنزیک بوونەوەی ووڵاتانی دراوسێ پیلانگێڕییەکی دیکەیە دژی کورد .

Sunday, 08.27.2017, 22:26

24145 بینراوە


ئەو چوار دراوسێ دوژمنەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە ، بەهۆی پێکدادانی بەرژەوەندییەکانیانەوە لەسەر زۆر بابەت ناکۆکن ، تەنانەت ناکۆکی تورک و فارس ڕیشەیەکی قوڵی مێژوویی هەیە ، یان ململانێی سوونە و شیعە ڕیشەیەکی دوور و درێژی مێژوویی هەیە ، لەسەر هەموو بابەتێک ناکۆک بن ، بەڵام لە بابەتی دژایەتیکردن و پیلانڕێژی دژی کورد کۆک و برا و خاوەن یەک بڕیارن و ووڵاتی یەکتریش بەکاردێنن دژی کورد .

کاتێک سەرهەڵدانی ئارارات لە باکووری کوردستان لە سییەکانی سەدەیی ڕابردوو ، بە سەرکردایەتی ( ئیحسان نوری پاشا ) دژی دەوڵەتی تورکیا هەڵگیرسا ، لە پێناو مافەڕەواکانی گەلی کورد ، گەلێک سەرکەوتنی بەدەست هێنا ، و کۆتایی پێهێنانی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە گەلێک قورس و ئەستەم بوو ، دواجار بۆ شکست پێهێنان بە سەرهەڵدانەکە ، تورکیا پەنای بردە بەر ئێران ، و ڕێکەوتننامەی لەگەڵ ئێران واژۆکرد ، بەپێ ڕێکەوتننامەکە تورکیا خاکی ئێرانی بەکارهێنا ، بۆ لێدان لە جوڵانەوەی ئارارات ، ئەوە بوو ، بەم ڕێکەوتننامەیەی ئێران و تورکیا ، شکست و لە ناوچوون بوویە چارەنووسی سەرهەڵدانەکە و لە ناوچوونی سەرکردەکانی .

لە ساڵی 1975 دا ، عێراق و ئێران ، ڕێکەوتننامەی جەزائیریان ئیمزاکرد ، بۆ تێکشکاندنی جوڵانەوەی ئەیلول بە ڕابەرایەتی ( مەلا مستەفا ) ، ئەوە بوو عێراق کۆمەڵێک تەنازوولاتی بۆ ئێران کرد ، لەبەرامبەر دەستبەرداربوونی ئێران لە هاوکاری مەلا مستەفا و جوڵانەوەکەی ، سەرئەنجام واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتننامەیە ئاشبەتاڵی کردە چارەنووسی جوڵانەوەی ئەیلوول ، ئەگەر چی جوڵانەوەکە و سەرکردایەتیەکەی و پشت بەستن بە دوژمن و ئاشبەتاڵەکەی هەزاران قسە و ڕەخنە و لێکۆڵینەوە هەڵدەگرێت ، بەڵام مەبەستی ئێمە لەم نووسینە هاوکاری و کۆکی دوژمنانە دژی کورد .

سوریاش گەر هاوکارییەکی کوردی باشوری کوردستانی کرد بێت ، بە خاتری قەزییەی کورد نەبووە ، چونکە لەلایەکەوە سوریا پڕۆسەی پاکتاوی ڕەگەزی کوردی خۆرئاوای کوردستانی ئەنجامداوە ، و لەلایەکی دیکەشەوە ، هاوکاری کردنی کوردی باشور لە پێناو ڕووخاندنی بەعسی عێراقی دا بووە ، کە ململانێیەکی قوڵی ئایدۆلۆژی و مەزهەبی و کەلتوری و هەژموونی لە نێوانیاندا هەبوو ، هەروەها کاتێک شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979 دا سەرکەوت ، لە پێناو بڵاوکردنەوەی شیعەگەری و دژایەتیکردنی کورد ، سوریا و ئێران ڕێکەوتننامەیان واژۆکرد .

لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ، تورکیا و عێراق بەمەبەستی دژایەتیکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باشوور و باکووری کوردستان ڕێکەوتننامەیان واژۆکرد ، بە پێی ئەو ڕێکەوتننامەیە هەریەکەیان دەیانتوانی بە قوڵایی 30کم خاکی یەکتر کە هەر دەکاتە خاکی باشوور و باکووری کوردستان ، بەکاربهێنن ، ئەمە سەرەڕای هاوکاریکردنی یەکتری لە ڕووی سەربازی و سیخوڕییەوە .

ئەمە جگە لەوەی ئەم چوار ووڵاتە چەندین ڕێکەوتننامەی دووقۆڵی و سێ قوڵی و چوار قوڵی ئابووری و سیاسی و کەلتوری و یاسایی لە نێوان دا هەیە ، بۆ پاکتاوکردنی کورد ، لە ڕاستیشدا ئامانجی ئەم ڕێکەوتننامانەش تاڕادەیەکی زۆر ئەنجامی هەبووە بە قازانجی دوژمنان ، و لە ناوبردن و دابەشبوونی قوڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کورد و کوردستان ، بە جۆرێک هەریەک لەم دوژمنانە پارتی گردێدراویان لە کوردستاندا هەیە ، و بە قازانجی پیلان و ئەجندانی ئەوان کاردەکەن ، و گەلی کوردیش دووچاری چارەنووسێکی نادیار بووەتەوە .

لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ووڵاتانە دەیانتوانی مەرج بەسەر ئەمریکا و زلهێزەکانی دیکە و ووڵاتانی ئەوروپی دا بسەپێنن ، و پۆزشیان پێ بهێننەوە ، لەبەرئەوەی دۆست و هاوپەیمان و گرێدراوی ئەوروپی و ئەمریک بوون و دەبن ، و بەرژەوەندی ئەوانیان پاراستووە ، لە ناوچەکەدا ، ئەوانیش چاویان لە جینۆساید و پڕۆسەی پاکتاوی ڕەگەزی کورد دەپۆشی ، و بەڵگە و دیکۆمێنتەکانی جینۆسایدی کوردیشان ڕەتدەکردەوە ، چونکە کورد خاوەنی جوگرافیاکەی خۆیشی نەبوو ، تا بەرژەوەندی زلهێزەکان بێتە ووڵاتەکەیەوە ، لەبەرئەوە ووڵاتان بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەتی تەنیا گوێیان لە خواست و سیاسەتی ووڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان دەگرت ، کاتێک ( مام جەلال ) لەگەرمەی شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباراندا سەردانی وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد ، هیچ بەرپرسێکی حوکمەتەکەی ( ڕۆناڵد ڕیگان ) ئامادە نەبوو چاوی بە تاڵابانی بکەوێت ، دواتر ( لاری پۆپ ) ی بەرپرسی نوسینگەی عێراق - ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ، بە هۆی بێزاری دیمەنەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە ، بڕیاری دا چاوی بە تاڵەبانی بکەوێت . ( کەنعان ئیڤرن ) ی سەرۆک کۆماری ئەو کاتی تورکیا ، کە ئەو کات بۆ دیداری ( جۆرج شۆڵز ) ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ، لە واشنتن بوو ، یەکەم کاردانەوەی ناڕەزایەتی نیشاندا ، کاتێک چاوی بە جۆرج شوڵز کەوت ، پرسیاری ئەوەی لێکرد کە : بۆچی لاری پۆپ چاوی بە کوردە تیرۆرستەکان دەکەوێت ؟ شۆڵز شۆڵزیش نیگەرانی خۆی بۆ ئەو دیدارە نیشاندا .

عێراقیش دەستبەجێ کاردانەوەی خۆی نیشاندا ، و ( تاریق عەزیز )ی وەزیری دەرەوەی عێراق دیدارە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ جۆرج شۆڵز ڕەتکردەوە ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ هێورکردنەوەی عێراق بەیانێکی خێرای دەرکرد ، کە دەڵێت : ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک دەست وەرناداتە کاروباری ناوخۆی ئەو ووڵاتانەی کەمینەی کوردیان هەیە . ( لاری پۆپ )یش بە هۆکاری دیدارەکەی لەگەڵ تاڵەبانی بە توندی سەرزەنشت کرا ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بڕیاری قەدەغەکردنی هەموو جۆرە دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ هێزە بەرهەڵستکارەکانی عێراق ، بە تایبەتی کورد دەرکرد .

لە (2003 )ش دا کاتێک ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هێرشیانکردە سەر عێراقی سەدام ، تورکیا ڕازی نەبوو ئەمریکا بنکەی ئەنجەرلیک بەکاربهێنێت ، و ئەمریکاش نەیتوانی پەرچەکرداری دژی تورکیا هەبێت ، چونکە تا ڕزگاربوونی خۆرئاوای کوردستان ، ئەمریکا هیچ بنکەیەکی سەربازی لە ناوچەکەدا نەبوو ، تا وەکو بەدلیل بەکاریبهێنێت و مەرجی تورکیا قبوڵ نەکات .

لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆی سوریا بە دەستێوەردانی دەرەکی لە ساڵی 2011 دا ، کورد لە خۆرئاوای کوردستان توانی بە پەیڕەوکردنی هێڵی سێیەم ، خاکی خۆی ڕزگاربکات ، و سیستمی کانتۆنی دابمەزرێنێ و ئەزموونێکی جوانی دیموکراسی و پێکەوەژیان ، لە ناو گێژاوی تیرۆر و کاولکاری سوریادا پێشکەش بکات . تورکیا ئەمەی پێ ئەزم نەدەکرا ، و بەردەوام پیلانی لە دژی خۆرئاوای کوردستان دادەڕشت ، هەر سەرەتا لە ڕێگەی چەتەکانی جەبهەتولنوسڕە و داعش و گروپەکە گرێدراوەکانی دیکە ، هێرشیان کردە سەر گرێ سپی و سەرێکانی ، بەڵام سیاسەتی بەرگری ڕەواو دژە پیلان توانیان خۆڕاگرانە تێکۆشان بکەن و بمێننەوە .
لە ساڵی 2014 دا ، بۆ جارێکی دیکە لەڕێگەی چەتەکانی داعشەوە هێرشێکی وەحشیانەی کاولکارییان کردە سەر کانتۆنی کۆبانێ ، ئەردۆغان بەردەوام دەیگووت : هاکا ئەمڕۆ بەیانی کۆبانێ دەکەوێت . ئەمەش بەڵگەی ئەوە بوو کە تورکیا بە هەموو ئیمکانیەتێکی سەربازی و سیخوری یارمەتی چەتەکانی داعشی دەدا ، بەڵام تێکۆشانی شەرڤانان ئەو پیلانەشی تێکشکاند و دوای دوومانگ بەرگری توانیان سەرنجی دنیا بەلای خۆیاندا ڕابکێش و هاوکاری نێودەوڵەتی و ئەمریکیش بەدەست بێنن ، و قۆناغی فیرار و کۆڕەویش لە مێژووی هاوچەرخی کورددا کۆتایی پێبێنن ، و سیاسەتی بەرگری ڕەواو دژە پیلان پەیڕەوبکەن .

تا سەرکەوتنی کۆبانێ ، تورکیا لەگەڵ بەرەی خۆرئاوادا بوو ، لە ئاریشەی سوریادا ، و لەگەڵ ڕووخانی ئەسەد دا بوو ، دژی ئێران و سوریا و عێراق و ڕووسیا ، بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنی کۆبانێ دا ، ئەمریکاش لە ڕێگەی خۆرئاوای کوردستانەوە بە کرداری هاتە ناوچەکە ، و چەند بنکەیەکی سەربازی لە کۆبانێ ، و ناوچەکانی دیکە کردەوە ، ئەمە سەرەڕای بنکە و سەربازی ڕووسیا لە خۆرئاوای کوردستان ، واتا کورد توانی بەرژەوەندی ئەمریکا و ڕووسیا بهێنێتە خۆرئاواوە و بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی میللەت بەکاریبهێنێت . بە جۆرێک ئەمریکا وەکو جاران گوێ لە مەرج و خواستەکانی تورکیا نەگرێت ، چونکە ئێستا لە جیاتی تورکیا بەدیلی لە ناوچەکەدا هەیە ، ئەویش خۆرئاوای کوردستانە ، ئەمەش بە مانای تەسلیم بوون نیە ، بەڵکو بە واتای سیاسەت کردن دێت بە ئاڕاستەی پێگەی کورد لە ناوچەکەدا ، چەند جارێک تورکیا داوای لە ئەمریکا کرد ، کە لە نێوان تورکیا و یەپەگە دا یەکێکیان هەڵبژێرێت ، بەڵام لە بەرامبەردا ئەمریکا بنکەی سەربازی لە خۆرئاوا دەکردەوە ، و ڕاستەوخۆش هێزەکانی سوریایی دیموکراتی پڕ چەک دەکرد ، کە یەپەگە هێزێکی سەرەکی پێکهاتەی هێزەکانی سوریای دیموکراتە ، ئەم سیاسەتی کورد و هەڵوێستەی ئەمریکا بوویە هۆی بەهێز بوونر کورد و پاشەکشێی تورکیا لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی .

لەلایەکی دیکەوە دوای سەرکەوتنی کۆبانێ ، تورکیاش سیاسەتی خۆی گۆڕی و گەڕایەوە بۆ لای بەرەی خۆرهەڵات ، چونکە نەیتوانی لە ڕێگەی گروپە تیرۆرست و چەتەکانەوە ئامانجەکانی کە لەنابردنی خۆرئاوای کوردستانە سەربگرێت ، لەبەرئەوە گەڕایەوە بۆ لای بەرەی خۆرهەڵات تا بۆ دژایەتی کورد بەکاریبێنێت . ئەردۆغان سەردانی ڕووسیای کرد ، و داوای هاوکاری لە ڕووسیا کرد دژی کورد ، بەڵام تا ئێستاش ئەم سیاسەتە هیچی لێ سەوز نەبووە بە قازانجی تورکیا .

هەروەها تورکیا لە ڕێگەی حیزبە کوردییە گرێدراوەکانی لە باشوور و خۆرئاوای کوردستان ، لە ڕێگەی هێزی( پێشمەرگە ڕۆژ)ەوە ، وویستی پەلاماری شەنگال و خۆرئاوای کوردستان بدات ، بەڵام دیسان لەم سیاسەتەیشی دا شکستی هێنا ، تورکیا بۆ دژایەتی شۆڕشی خۆرئاوا هەموو ڕێگەیەک دەگرێتە بەر ، بەڵام ئەوە کوردە دەبێت نەکەوێتە ناو پیلان و موئامەرەکانی تورکیاوە ، و دەبێت لە ڕێگەی سیاسەتی نەتەوەیی و بەرگری ڕەوا و پەیوەندی دبلۆماسی و هێنانی بەرژەوەندی زلهێزەکان بۆ ناوچەکە خۆی بپارێزێت .

پاشان تورکیا لە ڕێگەی سیاسەتی دروستکردنی ناوچەی ئارام و لەشکرکێشی بۆ ناوخاکی سوریا ، بە هاوکاری گروپە ئۆپۆزسیۆنە چەتییەکانی گرێدراوییەوە ، وویستی دژایەتی خۆرئاوای کوردستان بکات ، چەند ناوچەیەکی داگیرکرد ، و هەڕەشەی لەشکرکێشی بۆ سەر کانتۆنی عەفرین و هەرێمی شەهبا دەکرد ، بەڵام بە هۆی تێکۆشان و سیاسەتی عاقڵانە و بەرگری ڕەوای کوردی خۆرئاوا و ، بوونی بەرژەوەندی ئەمریکا و پەیوەندی دبلۆماسی کورد ، ئەم سیاسەت و پیلانەی تورکیا هیچ ئەنجامێکی دڵخۆشکەری بۆ تورکیا نەبووە .

کاتێک تورکیا ئەم هەموو پیلانگێڕی و لەشکرکێشییەی ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو ، پەنای بردەوە بەر سیاسەتی کۆنی ، ڕێکەوتن و لێکنزیک بوونەوە لەگەڵ دوژمنە شیعییه لە مێژینەکەی ، سوریا و ئێران ، بە تایبەتیش دوای قەیرانی قەتەر ، تورکیا زیاتر لە بەرەی سوونە دوورکەوتەوە ، و نزیک بوویەوە لە بەرەی شیعەی سەرکەوتوو لە ناوچەکەدا . لە ماوەی ڕابوردودا ، تورکیا ئامادەی نیشاندا هاوکاری ئەسەد بکات ، دژ بە کوردی خۆرئاوا ، لەکاتێکدا بەشی گەورەی کاولکارییەکانی سوریا لەسەر دەستی تورکیا و چەتە گرێدراوەکانیەوە بوو ، ئێران هاوکاری تورکیای بۆ ئەسەد بە وەرچەرخان و دەرفەت زانی و لەگەڵ تورکیا لێکنزیک بوونەوە ، و محمد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران ، سەردانی ئەنقەرەی کرد ، و لێکتێگەیشتن و ڕێکەوتننامەی سەربازی و یسخوڕییان بەست ، کە هەمیشە بەم ڕێگەیە کۆک بوون بۆ لاوازکردنی کورد .

تەواوی پیلان و ڕێکەوتنەکانی ئێران و تورکیا دژی باکور و خۆرئاواو خۆرهەڵاتە ، واتا ئەو پارچانەی کە پەکەکەی تێدا باڵا دەستە ، باشوریش لەڕێگەی پارتی و یەکێتییەوە بۆتە جێ هەژموونی هەردوو ئیمپریالیزمی کورد . لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕێکەوتنەی ئێران و تورکیا وەڵامێکە بۆ گرێدراوە ئیسلامی و نائیسلامیەکانی تورکیا و ئێران لە باشووری کوردستان ، کە دەیانووت هەدەپە سەرکردەکانی شیعەن و بۆ بەرژەوەندی ئێران کاردەکەن ، یان دەیانگووت پژاک دروستکراوی تورکیایە ، بەڵام ئەم ڕێکەوتنەی هەردوو ووڵات ڕاستی هەدەپ و پژاکی دەرخست کە هێزی گەلن .

ئێران و تورکیا ، دەتوانن لە هەندێک بواردا ناکۆک بن ، بەڵام لە بواری تردا هاوکاربن ، هەروەکو باقری دەڵێت : لە سەردانەکەمدا بۆ تورکیا پرسی سنوریمان تاوتوێکردووە ، و گەیشتووینەتە ڕێکەوتنێکی باش . ئەم ڕێکەوتنەش بۆ دژایەتیکردنی پەکەکە و پژاکە لە باکوور و خۆرهەڵاتی کوردستان ، تورکیا دیوارێکی کۆنکرێتی لەسەر سنوری باکوور و خۆرهەڵات دروستدەکات بە درێژیی144 کم ، هەر بەپێی هەمان ڕێکەوتن ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە سەرسنورەکان ئەنجامدەدەن ، و باقری زانیاری هەواڵگیری داوەتە ئەنقەرە ، بەمەبەستی پیلانگێڕی هاوبەش لە داهاتوودا ، هەروەها تورکیا بۆ ماوەی دوو ساڵیشە خەریکی دروستکردنی دیوارێکی کۆنکرێتییە لە نێوان خۆرئاوا و باکوور دا . بەڵام تا ئێستا ساسیەتی هێڵی سێیەم و بەرگری ڕەواو دژەپیلانی خۆرئاوا تەواوی پیلانگێڕییەکانی تورکیایی مایە پووچکردووە .

هەروەها ئێستا هەردوو ووڵات دژ بە بوونی ئەمریکان ، لە خۆرئاوا ، ئەمە خاڵێکی تری لێکتر نزیکبونەوەیان بوو . یەکێک لە سیاسەتە سەرەکییە هەرێمییەکانی ئێران ئەوەیە کە بنکەی سەربازی ئەمریکی لە ناوچەی ژێر رکێفیدا بوونی نەبێت ، کە ڕێگر دەبێت لە زیاتر بەهێزبوونی هێز و هەژموونی شیعە لە ناوچەکەدا ، تورکەکانیش دژ بە بوونی بنکەی سەربازی ئەمریکین لە خۆرئاوا ، چونکە داڵدەی کورد دەدات ، و دەبێتە هۆی پاشەکشێی بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکادا .

لە سەردانی محمد باقر بۆ تورکیا و لە سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغڵو بۆ بەغداد و هەولێر ، باشوری کوردستان یان هەرێمی کوردستان ، باسێکی سەرەکی بووە ، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەنجامنەدانی گەمەی ڕیفراندۆم لە باشوور لە ڕێگەی بانگەشەکانی ڕیفراندۆم و گرێدراوی خۆیانەوە ، ئێران و تورکیا، وەک دوو ئاغا سەرەکی کورد لە ناوچەکدا ، عێراقیش وەکو خۆ بەخاوەنداری باشوری کوردستان ، هەمیشە لە سەر ئەوە کۆک بوون ، کە کورد دەبێت لە چ دۆخێکدا بێت . ئێران و تورکیا حەزناکەن کوردی باشوور زۆر لاوازبێت ، هەریەک لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ، لە هەمانکاتدا نایانەوێت کورد ، هەنگاوبنێت بەرەو قۆناغی دەوڵەتی . قۆناغی دەوڵەتی لای ئەوان یانی بوونی توانا لای کورد بۆ ئەوەی کێشەکانی ناوخۆی چارەسەر بکات ، ئەوان نایانەوێت کوردستان لە دۆخی شەڕ و لێک ترازان و یەکنەگرتوویی، قوتاری بێت ، سیاسەتی هەردوولا ئەوەیە ، کە چۆن کورد هێندە لاواز نەبێت کە زیانیان پێبگەیەنێت ، هێندەش بەهێز نەبێت کە بێ گوێیان بکات .