به‌ هاوکاری ئاسایشی پارتی، دەزگای میت مەجید ئیبراهیمی تیرۆر کردووە


لە سێبەری شاخ، زنجیرەی (٦٧،٦٦)

Wednesday, 08.30.2017, 12:01

10684 بینراوە


ساڵی ١٩٨٨ باڵەفرکێی کۆپتەرەکانی ئیران لە بەرگەڵوو، بۆ سەرانی یەکێتی بوو بە مایەی پشتوپەنا، پارە دەستکەوتن، دەربازکردنی ماڵومنداڵ. بۆ پێشمەرگە و خەڵکی لادێکان و دانیشتوانی دۆڵی جافەتی کۆپتەری ئیرانی  بوو بە مایەی  دەربەدەری، بۆردومانی حکومەت و شەهید بوون.
------------------------------
ساڵی ١٩٨٧مان بەرێ کرد و پێمان نایە ساڵی ١٩٨٨ لە سەر سنوور لە گوندی "دۆڵەکۆگە". لە سێبەری شاخدا، هەر ساڵێک کە لە تەمەنمدا رەتدەبوو بۆمن خەرمانەیەکی بەجێدەهێشت پڕ لە ئەزمونی سیاسیی و سەختی ژیان و هەقیقەت و ناسینی جۆری کەساییەتیی ئەو سەرکردانەی باشوور و خیاانەتەکانیان بەرامبەر بە پرسی کورد و بەکارهێنانی سۆز و هەستی نیشتمانیی و نەتەویی گەل بۆ بەرژەوەندییەکانیان.
زستانی ساڵی ١٩٨٨ ئێجگار سەخت بوو، زۆر بە زەحمەت خواردن و سوتەمەنییمان دابین دەکرد، بە تایبەتی "شیر" بۆ "هێما"ی کۆرپە ببوو بە کێشەیەکی ئێجگار مەزن. بێ پارە، بێ ئاییندەیەکی روون، ژوورێکی بچووکمان هەبوو لە قەدپاڵی شاخ دروستمان کردبوو، ژوورەکە بە تەواوی ووشک نەبووبوەوە بە ناچاری بەو سەرمایە لە نێویدا  گوزەرانمان دەکرد.
لە ساڵی ٢٠٠٠ دا سەفەری کوردستانم کرد، لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاورێ پێشمەرگە دێریەنەکاننم چووم بۆ "بەرگەڵوو"  بۆ سەردانی هەواری کۆنمان و شادبوون بە ئەساوەری ژوورەکەم و یادکردنەوەی بیرەوەریەکانی ژیانی پێشمەرگایەتیم. هەنوکە ساڵی ٢٠١٧یە بارەگەی ڕادیۆی قۆناغی شاخ لە "بەرگەڵوو" نوێژەن کراوەتەوە، خەڵک دەچن بۆ تەماشا کردنی، بەڵام "هیڕۆ" و دارودەستە ماستاوچی و نەفس نزمەکانی و "میدیا" درۆزنەکەی لەوەشدا مێژوویان شێواندوە،  ناوی منیان لەسەر ژوورەکەم ڕەش کردۆتەوە و ناوی کەسێکی تریان لەسەر تۆمار کردوە!
لە هەمان سەفەر و هەمان ساڵدا نەمتوانی بچم بۆ سەردانی گوندی "دۆڵەکۆگە" بۆ دیتنی ئەو ژوورەی کە دروستمان کرد و ژیانیکی سەختی پڕ لە نیگەرانی و نەبوونیمان تیاددا بەسەر برد، بەڵام  پرسیاری ئەو ژوورەم کرد کە لە "دۆڵەکۆگە"  دەبێت ئاخۆ چی بەسەر هاتبێت؟ گوتیان "ئێستا ئەو ژوورە پێشمەرگەی "پەکەکە" تیایددا گوزەران دەکەن". زۆر دڵخۆشبووم بەو هەواڵە، بەڵام لە لای خۆمدا گوتم "ئای دنیا ئەو پێشمەرگانە بە تایبەتی پێشمەرگە "ژنەکان"ی پەکەکە، مێژووی دروستکردنی ئەو ژوورە نازانن و زانیارییان نییە کە کێ دروستی کردوە و تیاددا ژیاوە؟ ئەو کەسە چەند ساڵ بەر لەوان بەبێ گوێدانە کۆتوزنجیر و دابونەریەتی دواکەوتووی کۆمەڵایەتیی نێو کۆمەڵگەی کورد، بووە بە "پێشمەرگە"، جوانترین قۆناغەکانی  تەمەنی گەنجی و جوانی لەو شاخانەدا بردۆتە سەر، لە پێناو "سەربەخۆی و سەرفیرازی"؟ وە چۆن لە ئەنجامی خیانەت کردنی سەرکردەکان بە ناچاری و بەدڵشکاویی و بێ ئومێدی بەجێیهێشتوە؟!
دوو پێشمەرگە لە ناو بەفرن، ڕاوەستا (سامان عەبدوڵا سەراچ) دۆڵەکۆگە ١٩٨٨
سەفەرێکی نەخوازیار!
بەهۆی کێشەی تەندروستی دەبوایە بچم بۆ یەکێک لە شارەکانی ئیران. ئەو پێشهاتیە بۆمن زۆر سەخت بوو، بەهۆی ئەوەی ڕێگەوبانەکان بەفر گرتبووی، نەمدەتوانی "هێما" لەگەڵ خۆم ببەم وە "رێبوار" نەیدەتوانی لەگەڵم بێت بەهۆی ئەوەی بارودۆخ نالەبار بوو تەنیا ئەندازیار بوو لە دۆڵەکۆگە بۆ بەکارخستنی "رادیۆ" لە کاتی ڕاوەستانی پەخشی "رادیۆ"ی بەرگەڵوو لە کاتی هێرشەکانی بەعس کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا پێشبینی دەکرا.
بە ناچاری "هێما"م بەجێهێشت لای "ڕێبوار" و هاورێی تەمەنمان پێشمەرگە (ئەردەڵان خالید تاهیر برای هەر دوو شەهید دکتۆر بەختیار و شادومان). بەهۆی سەختی رێگە پێش ئەوەی بڕۆم وەسیەتم کرد بۆ "ڕێبوار و ئەردەڵان" و گوتم " ئەگەر هەر شتێکم بەسەرهات  زۆر ئاگاتان لە "‌هێما "بێت، بە "ئەردەڵان"م راگەیاند کە لەو سەر لە گەڕانەوەم ئەگەر "رێبوار" هات بە دواما وە ئەگەر شتێکمان بەسەر هات ئەوا "هێما" بکە بە کوڕی خۆت، نەنێریتەوە بۆ کەسوکار و چارەنووسی "هێما" بە چارەنووسی تۆوە بەند بێت. ئەگەر بڕیاری چوونە دەرەوەت دا، ئەوا لەگەڵ خۆتی بەرە، وە ئەگەر پێشمەرگە مایەوە لەگەڵ خۆت لە نێو ئەو شاخ و کێوە وەک منداڵی ئەو لادێیانە پەروەردەی بکە". " ئەردەڵان" هاورێیەکی بەوەفا بوو بۆ خۆم و خێزانەکەم، برایەکی دڵسۆزی رۆژی تەنگانە و لێقەومان بوو، جێگەی متمانەم بوو، بۆیە کوڕەکەم لە ئامانەتی ئەو جێهێشت لە ئەگەری نەمانمان.
لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگە "بەرێکەوتم" بە نێو بەفردا بە رێگەی گوندی "گوێزێ" ئەوەی لە یادم بێت شەش پێشمەرگە بوون یەکێک لە پێشمەرگەکان هونەرمەندی تەشکیلی بەناوبانگ "رەمزی قوتبەدین" ناسراو بە "رەمزی کاکەیی" بوو. رێگەکە جگە لە مەترسی تۆپباران، مەترسی هەرەسی بەفر و ڕەقبوونەوە هەبوو، هەروها مەترسی گەلە گورک هەبوو کە لە دەشتی مەزنێوە بەرەو ئەو ناوچانە دەهاتن بۆ ڕاوکردن.
 دنیایەکی چۆڵ  بەفر دایپۆشیبوو، هەوایەکی سارد، حەوت پێشمەرگە رێگەی بەفرمان دەشکاند و دەڕۆیشتین، لە گوندی "گوێزێ" ڕەت بووین تەختایەک بوو تا بناری چیا بەفر دایپۆشیبوو. رێگەی ئۆتۆمبیلی عەسکەری تایە بە زنجیر لە سەر چیاکەوە دیاربوو بۆ خوارەوە، لە ناکاو لە ناو تەمومژ و بەفردا ئوتۆمبیلێکی سەربازیی بەدرکەوت و لامان ڕایگرد، چەند پاسدارێک و ئەفسەرەێکی ئیرانی بوون، بە فارسی ئەفسەرکە پرسیاری کرد " ئێوە چین و بۆ کوێ دەچن؟ پێش وەڵامدانەوە ئەفسەرەکە سەرنجی لەمن گرت و بە سەرسورمانێکەوە پرسیاری کرد "ئەوە ژنە لەگەڵتان"!  چۆن ئەو ژنە لەو رێگە سەختەی داوە؟ دیار بوو بەزەیی بە من داهات وەک ژنێک کە لەو بارودۆخەدا بینیمی و بە پاسدارەکانی گوت وەرنە خوارەوە، بە شوفێرەکەی گوت "ئەوانە بگەیەنن تا گوندی "ئاڵوەتان" و بگەرێەوە! مرۆڤی باش و خراپ لە هەموو کات و زەمانیکدا وە لە هەموو شوێنکدا هەیە، هەڵوێستی جوامێرانەی ئەو ئەفسەرە لە یاد ناکەم، لەو بارودۆخە ناهەموارەدا ئامادە بوو یارمەتی ئێمە بدات بەبێ ئەوەی بماناسێت یان هیچ بەرژەوەندییەکی لەو کارەدا هەبێت!
گەیشتینە گوندی "ئاڵوەتان"، بووم بە میوانی ماڵی هاورێم پێشمەرگە "سەربەست حوسێن" ناسراو بە "سەربەست قەڵادزەیی" کە ئەو کات لەگەڵ "جوان"ی خێزانی لە ژوورێکدا لە گوندی "ئاڵوەتان" گوزەرانیان دەکرد. "سەربەست" گوتی ناهێڵم بە تەنیا بڕۆی با "جوان" لەگەڵت بێت بۆ نێو ئیران، بە ڕاستی ئەو هەڵوێستەی "سەربەست" م زۆر بەرزنرخاند و بۆم دەرکەوت کە هاورێی و برای تەنگانەیە. یەکێتی پسولەی ڕەتبوونیان دەرکرد بۆ من و "جوان"  و بەرەو شارەکانی ئیران کەوتینە رێ. لە سەردەشت بووین بە میوانی پێشمەرگەیەک کە ئەو کات نمایندەی یەکێتی بوو لەگەل خێزان و سێ منداڵی لە سەردەشت گوزەرانی دەکرد. دواتر بەرەو شاری "سەقز" رۆیشتین.
"سەقز" ئاوێنەی ڕاستییەکان و بێ هیوا بوون!
ئەو کات ئاواتی ئەوەم دەخوازی کە ئەو سەفەرە نەهاتایا پێشێ و کوڕەکەم بەجێنەهێشتبوایە، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت کە ئەو سەفەرەی "سەقز" نەبوایە زۆر ڕاستی هەبوو نەمدەزانی و زانیارییم دەربارەی پەیدا نەدەکرد، کە ئەمرۆ بتوانم ئەو زانیارییانە وەک کەرەستەیەکی خاو بەکاربهێنم بۆ گێرانەوەی ئەو مێژووە گرنگە و دەرخستنی  ڕاستی رووداوەکانی ئەو کات و حەقیقەتی سەرانی یەکێتی!  
لە سەقز لە ماڵی "دکتۆر کەماڵ خۆشناو" میوان بووم ئەو کات لەگەڵ "بەیان"ی خێزانی و دوو کچی بچووکی لە گەڕەکی "بەلوار" لە شاری سەقز لە خانوویەکی دوو قاتی گەورەدا گوزەرانیان دەکرد، بارەگە و ئامرازی بێ تەل( جیهاز) لە ماڵەکەیاندا بوو، هەموو رۆژێک لەسەر نانخواردنی بەیانیاندا (عەدەد جیهاز) هەواڵەکانی دەهێنا بۆ دکتۆر "کەماڵ خۆشناو"، بەو هۆیەوە منیش هەموو رۆژێک گوێ بیستی هەموو هەواڵەکان دەبووم.  ئەو کات "عومەری سەید عەلی"، لە  ئەوروپا گەڕابووەوە ئەویش میوانی ماڵی دکتۆر کەماڵ خۆشناو بوو لە شاری سەقز.
ماوەی بیست رۆژ لە سەقز مامەوە، سەرنجمدا سەرانی یەکێتی هەموویان خەریکی ئامادەکردن و مسۆگەر کردنی "پاسپۆرت، لیزەپاس"ن بۆ خێزانەکانیان. لەو سەفەرەدا لە ماڵی دکتۆر کەمال خۆشناو کۆمەڵێک لە خێزانی لێپرسراوانی یەکەتیم بینی. ئەو ژنانە بوون بە سەرچاوەیەکی تری وەرگتنی زانیاریی. ئەو کۆمەڵە ژنە  باسیان لە نرخی دۆلار و جلوبەرگی مارکە دەکرد، دەیانگێرایەوە کە چۆن "زێر و خشڵیان" لەو سەفەرەدا لەگەڵ خۆیاندا دەرباز کردوە بەهۆی ئەوەی ئەوە دوا سەفەریان دەبێت و دەچن بۆ دەرەوەی وڵات! بۆ یەکتریان باس دەکرد  کە کام وڵات باشە بۆ ئەوەی رووی تێبکەن بۆ دابین کردنی ژیانێکی بەختەوەر بۆ منداڵەکانیان. ئەو ژنانە باسیان دەکرد کە "شوعلەی خێزانی نەوشێروان و تاڤگەی خوشکی نەوشێروان و پەخشانی خێزانی ئەرسەلان بایز و پاکیزەی خێزانی فەرەیدون عەبدوڵقادر و ئەوانی تر بە رێوەن بەو زووانە دەگەن بە شاری سەقز بۆ ئەوەی بۆ دەرەوەی وڵات بچن. ئەو  ژنانە خۆیان و منداڵەکانیان پۆشتە بوون و لە خانووی خۆش گوزرانیان دەکرد، گیرفانیان پڕ لە پارە و خاوەن "کارەکەر" بوون، بە لانکرۆزەری ئیتیلاعات دەخولانەوەو بۆ پشوو و خۆشی سەفەری شارەکانی تری ئیرانیان دەکرد. لە شاری سەقز زانیارییم دەستکەوت کە "تاڵەبانی و هێرۆ"  ڕایانکردوە بۆ ئەوروپا! سەرانی یەکێتی بە تەمای چۆڵکردنی ناوچەکانی سەرکردایەتین و لە ئاییندەیەکی نزیکدا هەموویان دەگەن بەودیوی سنوور و هەموو شتێک کۆتایی پێ هاتوە! 
 هەواڵ و زانیاریی و تێبینیەکانی خۆم لەو سەفەرەدا بوون بە مایەی نیگەرانییم  و دەرکم بەوە کرد کە سەرانی یەکێتی خەریکی بارگە تێکنان و بەبێ بیر کردنەوە لە چارەنووسی بزوتنەوەکە و پێشمەرگە و خەڵک! ئینجا بۆم دەرکەوت کە ئێمە دوای کڵاوی بابردوو کەوتووین!
میللەت و پێشمەرگەی سادەی ناوچەکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکوک و بادینان ئەوانەی لە قوڵایی باشووری کوردستان خەریک هێرش بردن و بەرپەرچدانەوەی هێرشی سەربازیی سوپای عیراقی بوون، تا دەگات بە پێشمەرگەکانی راگەیاندن لە گوندی "دۆڵەکۆگە" و "بەرگەڵوو" بێ ئاگا بوون لەو زانیارییانە وەچی دەگوزەرێت وە چۆن جوڵانەوەکە بەرەو هەڵدیر دەبردرێت!
حەمە موکری و رێبوار، مانگی یازدەی ١٩٨٧
لە کاتی گەڕانەوەم، لەگەڵ نووسەری بەناوبانگی کورد پێشمەرگە "حمە موکری"، بەرەو شاخ بەرێکەوتین و بە ئوتوموبیل تا گوندی "قاسمەڕەش"، لەوێوە بە پێیان بۆ گوندی "نێوزەنگ" و گوندی "زەڵێ" تا گەیشتین بە گوندی "قوڵەهەرمێ" و بووین بە میوانی ماڵی "شێخ عوسمان" پیاوێکی بە تەمەن بوو خەڵکی شاری سلێمانی، دوو کوڕیان پێشمەرگە بوو، دوو کچیان هەبوو لە تەمەنی مندا یەکیان ناوی "تارا" بوو ئەویتر ناویم بیرچۆتەوە. ئەو ماڵە زۆر بە خزمەت بوون خزمەتی پێشمەرگەیان زۆر دەکرد. "رێبوار" هات بۆ گوندی "قوڵەهەرمێ" بڕیار بوو بۆ بەیانی دەربچین بەرەو گوندی "دۆڵەکۆگە"، بەڵام بەفرێکی زۆر باری و رێگەکانی گرت و بەناچاری بۆ ماوەی بیست رۆژێک لەو ماڵە ماینەوە . بەمجۆرە "من و رێبوار" لە "قوڵەهەرمێ" ماینەوە و "هێما"ی کۆڕپەش لای هاورێمان "ئەردەڵان" لە 'دۆڵەکۆگە"!
دواتر بە ناچاری بڕیارماندا  لە رێگەی بەفر بدەین ، من، رێبوار و  حەمە موکری و چەند پێشمەرگەیەکی ترو ووڵاغدار مەولا. ئەو رێگەیە مەترسی زۆر بوو، کەمینی جاش، تۆپباران و رەقبوونەوە لە بەفر! لە دوای ئەو سەفەرەی ئێمە پێشمەرگەیەکی یەکێتی لە مانگی دووی ساڵی ١٩٨٨دا لەو رێگەیە رەق بووەوە. کەمینی جاش مەترسیەکی بێ هاوتا بوو بەهۆی ئەوەی  ئەو رێگەیە لە گوندی "قوڵەهەرمی"وە تا لە رووبارەکە دەپەرینەوە بە دێوی "دۆڵەڕووتە" تا گەیشتنمان بە سەرەتای دۆڵەکەی "دۆڵەکۆگە"  داڵدەو حەشاردەی نەبوو جاش دەیتوانی "پێشمەرگە"ی تاک و پەرتەوازە بوو بە دەست بگرێت. لە رێگە "رێبوار" کلاشنکۆفەکەی سوار کرد بوو، پرسیارم کرد کە بۆچی کلاشنکۆفەکەی سوار کردوە" لە وەڵامدا "رێبوار" گوتی "ئەگەر تووشی کەمین بووین یەکەم جار سەڵیەیەک بە تۆوە دەنێم دواتر بە خۆم بۆ ئەوەی بە زیندوی دەست جاش نەکەوین"!
رێگەکەمان هەڵدێر و بەردەڵان و شاخاوی بوو، تولە رێگەکان بەستبوویان و شەختەیان دروست کردبوو، بە ئاسانی لە کاتی قاچ دانانا دەخزاین دەبوایە زۆر بە ئاگاداری رێگە بکەین. لە کاتی ڕۆیشتن لە ناکاودا لە هەڵدێرێکی هەزار بە هەزارا، لە تولە رێگەیەکی شەختاوی خزام هەموو گیانم بۆ خوارەوە و دەستێکم بە دەستی "رێبوار" دەستەکەی ترم بە دەستی"حەمە موکری". هەر دووکیان  هەوڵیاندەدا ڕامبکێشن بۆ سەرەوە، بە دەنگی بەرز رێنامیی یەکتریان دەکرد لە جۆری ڕاکێشانم و دەربازکردنم، گوێم لێ بوو "حەمە موکری" بە "ڕێبواری" دەگوت، "کوڕە ووریا بە خەریەکە لە دەستتمان بترازێت"، ئاگام لێ بوو قاچی "حمە موکری" لەگەڵ مندا ووردە ووردە دەخزا بەرەو هەڵدێر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا "حەمە موکری" دەستی منی بەرنەدا! ئیتر بە هەزار حاڵ منیان ڕاکێشا بۆ سەرەوە و رزگارم بوو لە مردن! ئەو هەڵوێستەی "حەمە موکری" یادی بەخێر قەت لە یاد ناکەم. لە بەیانیەوە ئێمە بە رێگەوە بووین لە نێو بەفر تا خۆرئاوا گەیشتینە گوندی "دۆڵەکۆگە".
ناخۆشترین سات ئەو کاتە بوو کە گەیشتینە "دۆڵەکۆگە" و دەرگای ژوورەکەم کردەوە دەستم درێژ کرد بۆ "‌هێما"، بەڵام "هێما" نەمیناسیوە و نەهات بۆ لام ڕایکرد بۆ باوەشی "ئەردەڵان"، ئەمە زۆر کاری تێکردم  یەکەسەر دەستم کرد بە گریان!
ئەردەڵان (هوندرمەندی تەشکیلی ناسراو رێبوار خالید تاهیر)، مرۆڤێکی لە خۆبردوو بوو، مانا و رێزی هاورێیەتی لا بوو، بە وەفا بوو بە ئەرکی هاورێیەتی هەڵدەستا، بۆ سێ مانگ "هێما"ی نۆ مانگانەی بەخێو کرد، جلی بۆ شووشت بوو، پاکی کردبوەوە ئێستاش لە یادمە ئەردەڵان گوتی "زۆر ئاگام لە کوڕەکەت بووە، هەموو کاتێک مەمەکانیم بۆ کوڵاندوە، شیرم لە کاتی خۆی داوەتێ، جلەکانیم یەکەم جار بە تایت شوشتوە و دواتر بە سابون بۆ ئەوەی پێستی نەسوتیتەوە، سێ مانگە لەو ژوورە "هێمام" نەبردۆتە دەرەوە، ئەمە هۆکاری ئەوبوو کاتێک کە من گەیشتمە ژوورەکەم، ئەردەڵان ڕایکرد بۆ دەرەوە لە سەر بەفر دەستی بە هاوار و بە یاری کردن کرد بە گاڵتەوە دەیگوت "ئازاد" بووم.
ئەو کات پەیوەندیی هاورێیەتی نێوان پێشمەرگە پتەو و جدی و مەبدەئی بوو. پێشمەرگە بۆ دەرباز کردنی تەرمی هاورێی شەهیدی ئامادەیی ئەوەی تیاددا هەبوو گیانی خۆی ببەخشێت. ئێمە کۆمەڵێک هاورێی پێشمەرگە بووین پێکەوە بە تەنگ یەکترەوە دەهاتین، گیرفانمان یەک بوو، بەشداری غەم و پەژارەی یەکترمان دەکرد، لە کاتی تەنگانە و لێقەوماندا دەبووین بە پشت و پەنای یەکتر.  ئەو کۆمەڵە هاورێی شاخم، تا ئێستا پەیوەندییم لەگەڵیاندا ماوە، ئەوانەن کە جێگەیان تەپڵی سەرمە و هەتا هەتایە شانازیی بە پەیوەندیی هاورێیەتییان دەکەم. دوای دابڕانمان لەو کۆمەڵە هاورێیە، کەس نەیتوانی بۆشایی ئەو هاورێیانەم بۆ پڕ بکاتەوە!
لە سێبەری شاخ زنجیرەی (٦٧)
یەکەم هەنگاو و کوژاندنەوەی مۆمی یەکەم ساڵی تەمەن لە "دۆڵەکۆگە"
کە یەکەم جار لە مانگی ١٩٨٧/٩ لە "بەرگەڵوو" وەوە گەیشتم بە "دۆڵەکۆگە"  "هێما" تەمەنی ببوو بە "حەوت" مانگ، بۆ ماوەی مانگ و نیوێک "شیرم" دەستنەکەوت. بەیانیان "هێما" لەگەڵ پێشمەرگەکانی بارەگە ماستی دەخوارد و نیوەڕۆیان پەتاتەی کوڵاو! سەڕەرای سەختی ژیان و نەبوونی "شیر" بەڵام "هێما" بەهۆی ئەوەی پێشمەرگەکان زۆر دەیاندواند و یارییان لەگەڵدا دەکرد، تەمەنی پێنج مانگ بوو فێرە چەند "ووشە" یەک ببوو و لە تەمەنی هەشت مانگ و نیو "هێما" دەستی بە ڕۆیشتن کرد و لە رووی بەدەنیەوە پتەو بوو! "هێما" یەکەم مۆمی تەمەنی کوژاندەوە لە گوندی "دۆڵەکۆگە" لە سەر سنوور لە بەرواری ١٠/٢/١٩٨٨.
رێبوار و هێما ١٩٨٨/٢/١٠دۆڵەکۆگە
لە "دۆڵەکۆگە" سەرباری سەختی زستان و ژیان، تۆپباران هەرەسانی کردبووین و نەماندەزانی کام وڵات تۆپبارانمان دەکات! دواتر لێپرسراوی سەربازیی پێشمەرگە لە ناوچەکە کەوتە پشکنین و لێکۆڵینەوە لەو شوێنەی کە تۆپەکان دەتەقینەوە، لە ئەنجامدا بۆی دەرکەوتبوو کە ئاراستەی تۆپەکان دەیسەلمێنن کە "ئیران"ە ڕۆژانە لە رەبایەکانەوە پاسدارەکان تۆپبارانمان دەکەن! ئەم هەواڵە زۆر سەیر بوو بە لامەوە بەهۆی ئەوەی ئەو کات "ئیران"  پەیوەندیی لەگەڵ سەرانی یەکێتی لە ئەوپەڕی بەهێزیدا بوو وە "تاڵەبانی و خێزانی" لە تارانەوە چوو بوون بۆ ئەوروپا!
بیستم کە سەرانی یەکێتی پەیوەندییان کرد بوو بە فەرماندەی "سوپای پاسداران" کە ئایا ئەوانن هەموو رۆژێک تۆپبارانمان دەکەن؟ لە وەڵامدا گوتبوویان "بەڵێ"! یەکێتی پرسیاری لێ کردبوون کە بۆچی تۆپبارانمان دەکەن؟ گوتبوویان " ئەو پاسدارانەی لەو ڕەبیانەن، زانیاریی تەواویان نییە کە ئێوە کێن و چین؟ بێگومان من بەو درۆیە بڕوام نەکرد، بەهۆی ئەوەی مەحاڵ بوو بەبێ فەرمان وەرگرتن لە فەرماندەی سوپای پاسداران ئەو تۆپبارانە ئەنجام درابێت!
ساڵی ١٩٨٨ و دووبارە تەڵەی ئیران
لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٨٨دا بە ئامرازی بێتەل "پشتیوانی موهەندیس" بە بەردەوامیی و رۆژانە لەگەڵ رێبوار قسەی دەکرد و هەواڵی "بەرگەڵوو"ی پێرادەگەیانند، لە ٣٠/١/١٩٨٨دا گوتی کۆپتەری ئیرانی لە بەرگەڵوو نیشتنەوە. ئیران زۆر بەبێ بەزییانە یاری بە چارەنووسی نەتەوەیی کورد دەکرد لە رێگەی سەرانی پارتەکانی باشوور بە تایبەتی سەرانی یەکێتی هەموو سنوورێکیان بەزاند بوو لە پەیوەندییان لەگەڵ  سوپای پاسدارانی ئیران! نیشتننەوەی کۆپتەری ئیرانی نە جارێک و نە سەد جار لە سەر چیای "ژیلوان" لە گوندی "بەرگەڵوو" و نزیک بە شاری "سلێمانی"  گۆمەکەی زیاتر شڵەقاند. "فەرەیدون عەبدولقادر" لە پەڕتوکی هەڵۆ سوورەکانی قەندیل لە لاپەڕە٥٤٣دا نووسیویەتی "ئیران گومانی هەبوو لە پەیوەندیی نێوان عیراق و سەرانی یەکێتی وە هەوڵی تێکدانی ئەو پەیوەندییەیان دا و گفتیان بە تاڵەبانی دا کە یارمەتیەکانیان زیاد بکەن بۆ یەکێتی".  ئەمەی "فەرەیدون عەبدولقادر" بۆ مێژوو تۆماری کردوە لە درۆیەکی زلوزەبەلاح بەولاوە هیچی تر نییە. "جەلال تاڵەبانی" لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٨دا لە ئیران نەمابوو ڕایکردبوو بۆ ئەوروپا وە پێش ئەوە زانیاریی هەبوو کە پرۆسەی ئەنفال بەرێوەیە! هەروها ئیرانییەکان بەهەمان شێوە زانیارییان هەبوو کە "سەدام" لە یەک دوو مانگی تردا پرۆسەی ئەنفال دەست پێ دەکات، وە ئیرانییەکان دڵنییا بوون لەوەی کە دوای لێدانی بیرەنەوتەکان بە هاوبەشی هێزی یەکێتی و سوپای پاسداران ئیتر "سەدام" مەحاڵە لەگەڵ سەرانی یەکێتی هیچ گفتوگۆیەک و رێککەوتنێک ئەنجام بدات.
هۆکاری ئەوەی ئیران دۆڵی جافەتی کرد بە "فڕۆکەخانەی کۆپتەرکان"ی ئەوە بوو کە خوازیار بوو زیاتر ڕژێمی "بەعس" بە تایبەتی "سەدام" تووشی دەمارگیری بکات و دەست نەپارێزێ لە "جینۆساید" کردنی کوردانی باشوور. سەرانی یەکێتی ئەو ڕاستیەیان دەزانی، وە زانیارییان هەبوو کە رژێمی بەعس سوپای ئامادەکردەوە بۆ هێڕش کردنە سەر کوردستان بە تایبەتی ناوچەی سەرکرداییەتی یەکێتی! دوای بیستودوو رۆژ لە نیشتنەوەی کۆپتەری ئیرانی لە "بەرگەڵوو"، سوپای عیراق دەستی بە هێڕشی سەربازیی کرد بۆ سەر ئەو ناوچانە!
سەرانی یەکێتی مەبەستیان بوو لە ئیران جێگە پاروی خۆیان خۆش بکەن و رێگەی هەڵاتن بۆ ماڵومنداڵیان مسۆگەر بکەن، ئەوە هۆکاری ئەوە بوو لە پەیوەندییان لەگەڵ ئێران هەموو سنوورێکیان بەزاند، وە بواریان بۆ ئیران خۆشکرد ناوچەی دۆڵی جافەتی بکا بە فرۆکەخانە بۆ نیشتنەوەی کۆپتەرەکانیان بەبی گوێدانە چارەنووسی خەڵکی دۆڵی جافەتی و ناوچەکانی تری کوردستان!
 پەیوەندی بێ سنووری سەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سوپای پاسدارانی ئیران، تەنیا بۆ پارتەکانی تری کوردی کە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندا بوون دژ بە ئیران  زەرەرمەند نەبوو، بەڵکو هێزی پێشمەرگەی یەکێتی و گەلی کورد لە رۆژهەڵات و باشوور باجی جاشایەتی سەرانی یەکێتییان دا بۆ سوپای پاسداران.
فەرەیدون عەبدولقادر و جەلال تالەبانی  دوو ڕاکردوی درۆزن
فەرەیدون عەبدولقادر و فڕین بە کۆپتەری سوپای پاسداران و ژن هێنان!
لە مانگی دووی ساڵی ١٩٨٨ دا و چەند رۆژێک پێش هێرشی سوپای عیراق بۆ ناوچەکانی سەرکرداییەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، "فەرەیدون عەبدولقادر" ئەندامی سەرکرداییەتی "کۆمەڵەی رەنجدرانی کوردستان" و ئەندامی سەرکرداییەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوو بە "کۆپتەری ئیرانی و لەگەڵ ئەفسەری سوپای پاسداران" ڕایکرد بۆ ئیران بە بیانوی ئەوەی گوایە دەچێت بۆ هاوئاهەنگی بۆ یارمەتییەکانی ئیران بۆ یەکێتی! "فەرەیدون عەبدولقادر" نانی کەوتبووە ڕۆنەوە، لە یەکەم هەنگاوی گفتوگۆی نێوان سەرانی ینک و "سەدام"، "فەرەیدون عەبدولقادر" لە نەخۆشخانەی بەعس و بەخەرجومەخارجی "سەدام حوسێن تکریتی" سەڕۆککۆماری عیراق نەشتەرگەری "گورچیلە"ی لە شاری بەغداد ئەنجامدا لە مانگی ١١ی ساڵی  ١٩٨٣ دا. پێش هێرشی سوپای عیراقی  بۆ ناوچەکانی سەرکرداییەتی یەکێتی لە مانگی دووی ساڵی ١٩٨٨دا بە کۆپتەری پاسداران "فەرەیدون عەبدولقادر" ڕایکرد بۆ ئیران، لەوێش "پاکیزە"ی خێزانی لەگەڵ منداڵەکان ڕەوانەی ئەوروپا کرد، بە لانکرۆزەری ئیتیلاعات جرتوفرتی بوو، بە گیرفان پڕی و کەشخەیی لە ئیران گوزەرانی دەکرد و دواتر ژنێکی سەقزی هێنا بە ناوی "لالە"!  سەیر ئەوەیە لە پەڕتوکی "هەڵۆ سوورەکانی قەندیل" فەرەیدون عەبدولقادر وێنەی "لالە"ی خێزانی گرتووە لەسەر وڵاغ دەیەوێت بۆ مێژوو تۆماری بکات کە "لالە" پێشمەرگە بووە! کە ئەمە لە دڕۆیەکی زلوزەبەلاح بەولاوە هیچی تر نییە، ئەو وێنەیەی کە بڵاوکراوەوتەوە "لالە" بەسەر وڵاغەوە ئەو کاتەیە کە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ "لالە" دێ بەرەو شاری "سلێمانی" بۆ ئەوەی ژیانی شاهانە بەسەربەرێت لە کۆشک و تەلار بە پارەی دزراوی میللەت، تا ئەمڕۆ کە ساڵی ٢٠١٧یە هەموو خەڵک ئەو ڕاستییە دەزانن! سەڕەرای ئەوەش هەنوکە "فەرەیدون عەبدولقادر" یەکێکە لەو کەسانەی کە دەستە ڕاستتی "مەسعود بارزانی" یە!
(شەڕی سەریڕەش) نەبەردی هێزی پێشمەرگەی سادە لە خەزانی تەمەنی " سێبەری شاخ" دا لە ساڵی ١٩٨٨
لە ئاست خوارەوە هێزی پێشمەرگەی یەکێتی لە ساڵی ١٩٨٨دا زۆر لە جاران زیاتر تووشی هێڕشی سەربازیی و بەرپەرچدانەوە هاتن. بە ویژدانەوە دەنووسم کە پێشمەرگە لەو قۆناغە سەختەدا درێخی نەکرد، لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا پێشمەرگە بەرەنگاریان کرد کە بە داخەوە هەموویم لە یاد نەماوە بەڵام  یەکێک لەو نەبەردایانەی کە هەواڵەکەی گەیی بە رادیۆ شەڕی "سەری ڕەش" بوو. لە بەرواری٢٧/٢٨-١-١٩٨٨ دا چەند کەرتێک لە  تیپی ٩١سەفین، تیپی ٨٧ قەرەچوغ، تیپی ٩٣ی کۆیە تیپی ٨٥ بەرانەتی هێڕشیان کردە سەر رژێمی بەعس لە "سەریڕەش" لە ئەنجامدا یازدە پێشمەرگە شەهید بوون، پێنجیان لە نێو بەفردا ڕەق بوونەوە کە بریتیبوون لە ( هاشم ڕەشید، هێرش سوار ئەحمەد، جەمال حەمەد ناسراو بە "جەمالە ڕەش"، ڕەمزی جەبار، سۆران ئیسماعیل، کەمال عەزیز ناسراو بە "کەمالە سوور"، عەدنان حەمە ناسراو بە "ئارام"، عەزیز مەولود ناسراو بە "بێکەس"، فەخرەدین ساڵح ئەحمەد، عوسمان مامەند، نوعمان زرار حەمەشین.
ئەو چالاکی و نەبەردییە بە خوێنی ئالی ١١ پێشمەرگەی کوڕی هەژاری چینی زەحمەتکێشی نێو کۆمەڵگەی کوردی باشوور  تۆمار کرا، کەچی ئەمڕۆ کە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٧یە، بیستوشەش ساڵە واتە دوای کۆڕەوی بەهاری ساڵی ١٩٩١ وە بنەماڵەی بارزانی "سەری ڕەش"یان کردوە بە شوێنی حەوانەوەی خۆیان و ماڵومنداڵیان، کەسوکاری ئەو شەهیدانەش ڕێگەیان پێنادرێت تەنیا بۆ ساتێکیش روو لە "سەری ڕەش" بکەن لەو شوێنەی کە ڕۆحی ڕۆڵەکانیان بوون بە قوربانی!
تێبینی یەکەم، بۆ ئەوانەی کە پەڕۆشی بە پەرتوک کردنی "لەسێبەری شاخ"ن: پرۆژەی بە پەرتوک کردنی "لە سێبەری شاخ" دەستیپێکراوە لە قۆناغی سەرەتا و پێداچوونەوەدایە، بە هاوکاری یەک دوو برای دڵسۆز شارەزا لە زمانی کوردی، کە دواتر بە وەرگرتنی رەزامەندی خۆیان ناویان لەسەر پەرتوکەکە بڵاو دەکرێتەوە.
تێبینی دووەم: نووسەری بەناوبانگ "حەمە موکری" لە یەکێک لە پەرتوکەکانی باسی ئەو سەفەرەی کردوە.
تێبینی سێیەم، بڕیارم داوە هەرچی لە بیرەوەرییەکانی شاخ دا کە تا ئێستا لە یادم ماوە، لە چەند زنجیرەیەک بیانووسم، تەنیا لە سەکۆی ئازاد بڵاویان بکەمەوە کە ئەویش "کوردستانپۆست".




(دەنگدراوە: 25 . زۆرباشە: 4.5/5)