قاڕنێ هێمایەک بۆ کۆمەڵکوژی کوردان ، خاڵێک بۆ ڕسواکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران

Saturday, 02/09/2017, 20:06

5992 بینراوە


کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەیشتنی بە دەسەڵاتەوە تاکو ئێستا سەدان و  هەزاران تاوانی بە دژ بە تاک و کۆمەڵی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی   ئەنجام داوە کە تیایدا دەیان هەزار هاووڵاتی سڤیل بونەتە قوربانی، ئەمەش تایبەتمەندی سستەمی دیکتاتۆری و ئیستبدادی ڕژێمەکەیە، هەرچەندە زۆرجار وڵاتە بەناو  دیموکراتەکان  لە وڵاتانی دی ڕێگە خۆشکەر یان ئەنجامدەری تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جەنگ و کۆمەڵکوژی و ژینۆساید بوونە ، لەم بارەیەوە نموونەمان زۆرە، لاپەڕەی مێژووش پڕە لە پەڵەی رەشی وا.
لە تاوانی قاڕنێ گروپێک لە مرۆڤەکان دەکەونە بەر شاڵاوی قڕ کردن ژمارەیان لە دەوروبەر 68 هاووڵاتی لە منداڵ ، پیر ، پەککەوتە ، ئافرەت پێک هاتوون  وەک لە رۆژنامەی کەیهانی 27-11-1979دا بڵاو کراوەتەوە، چەند ماڵێکی گوندەکە ئاگریان تێبەردەدرێت، تەرمی قوربانییەکان لەت لەت دەکرێن وەک لە رۆژنامەی ئیتلاعاتی  7-12-1979 دا هاتووە،  ئەم گروپە بە بڕیار لە دەستەی باڵای دەسەڵاتەوە لە پایتەخت  دیاری نەکراون بە کوشت و بڕی بە کۆمەڵ، ئەگەر کرابێتیش بەڵگەی وا تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە، وەک چۆن لە ئەنفالدا بە بڕیاری 4008 ی سەرکردایەتی شۆڕشی پارتی بەعس دیاریکران ، یاخود جووەکان .... ، هەرچەندە رژێم  پێشتر  لە 28 گەلاوێژ 11 هاووڵاتی پاوە،29ی مانگ 7 کەسی دیکەی هەمان شار و 3ی خەرمانان 9 کەسی مەریوان و 5ی خەرمانان 11ی سنە و 6ی خەرمانان 20 کەسی لە سەقزی ئیعدام کرد، کە هەموو ئەم تاوانانە لە دەوروبەری تاوانی قاڕنێن.

نەخشەی کوشت و بڕی گوندی قاڕنێ لە ئورمێ و نەغەدەوە داڕێژرا نەک لە تارانەوە، وەلێ فتواکانی ئیمام خومەینی بۆ جیهاد لە کوردستان  کە تەنها 15 رۆژ پێشتر  دەرچوبوو، لە رۆژنامەکانی کەیهان و ئیتڵاعاتی هەمان رۆژ بڵاو کرانەوە،کە تیایدا  فەرمانی بە جیهاد دا دژ بە خەڵکی کوردستان،  پەیامەکانی  بەنی سەدر  و کردارەکانی خاڵخاڵی  هەموو ئاماژەن بۆ بڕیارێکی ڕانەگەیەنراو بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژ بە کورد .

تاوانی قاڕنێ

قاڕنێ هەڵکەوتووی 7 کم شاری نەغەدەیە کەوتۆتە سەر چوار ڕیانێک باشووری رۆژاوای شاری نەغەدە ، لە سنووری شاری شنۆو لاجانە، ژمارەی ماڵەکانی لەوکاتە نزیک 70-80 ماڵێک بوو، ئەم گوندە سەر بە  ناوچەی سوندسە، دەڤەرەکە زیاتر لە 40 گوندی ئازەری زمانی تێدایە، لە پاڵ دوو ئەوەندە گوندی کورد نشین ، ئازەرییەکان تورکی زمانی شیعە مەزهەبن ، ڕژێم  بە هەموو شێوەیەک هەوڵی نانەوەی دووبەرەکی دەدا لە ناوچەکە لە نێوان کورد و ئازەرییەکان بە کەڵک وەرگرتن لە جیایی زمان و مەزهەبیان، بۆ ئەوەی پێگەی خۆی بەهێز بکات .
دیارە ئەم پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهبیە ئاڵۆزەی ناوچەکە، لە میاندوابەوە بۆ نەغەدە و ورمێ و .... لە داهاتوو لوغمێکی لە کەرکووک مەترسیدارترە بۆ تەقاندنەوەی شەڕی نەتەوەیی و مەزهەبی لەو ناوچەیە، بە تایبەت لە کاتی یەکلاکردنەوەی ناسنامەی نیشتمانی ناوچەکە لە ڕوی جوگرافیاییەوە، ئەوکاتەی ئێران دەبێتە بەڵکانێکی دی ، بۆیە وا پێویست دەکات لە هەنووکەوە کێشەکە بە جدی وەربگرترێت  بۆ ئەوەی نەکەونە تەڵەی شەڕی نەتەوەییەوە.

شوێن بەرزاییەکانی نزیک پادگانی دوو ئاوێیە، کات مانگی خەرمانان و کاتی خەرمان هەڵگرتنەوەو کارو کاسبی جوتیارانە، ڕۆژ 10ی خەرمانانی  ساڵی 58 دەکاتە 1 ی سەپتەمبەر، دوو پێشمەرگەی حدکا یەکیان بەناوی محەمەد عەلی پیرێژنە، بۆسەیەک بۆ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دادەنێن، لە ئەنجامدا 16پاسدار دەکوژن و دووی دیکەش بریندار دەکەن ، دوواجار یەکی دیکە لە بریندارەکان دەکوژرێت و محەمەد عەلیش گیانی بەخت دەکات .
رێکەوتی 11 خەرمانان 1358 هەتاوی بەرانبەر بە 2 سیپتامبەری 1979 زایینی هێزەکانی ڕژێم لە سوپای پاسداران لە نەغەدەو جەڵدیانەوە هێرش دەکەنە سەر گوندی دووئاوە، لەوێ دووبرا بەناوەکانی " عەبدواڵلە خاڵنە و مینە خاڵنە" ی تەمەن 65-70 ساڵە شەهید دەکەن .

لە کاتی گەڕانەوەیان بە قاڕنێیا کاتژمێر 1ی پاش نیوەڕۆ،  لەسەر ڕێوە، 3 منداڵی بەرخەوان دەبینن ، لە کاتێکا ئەو منداڵانە لە ترسی پاسدارەکان زارەترووک ببون و باوەشیان بە یەکدا کردبوو ، لە لایەن پاسدارەکانەوە دەدرێنە بەر دەستڕێژی گولەو شەهید دەکرێن ، دوانیان ناسراون بە ناوەکانی " ڕەحمان ڕامینی ، خاتوو زین ڕامینی ،....(ناوی سێیەم نەزانراوە)  " .
دوای ئەو منداڵانە ، سەرەتا  دەگەن بە 3 شوان ، هەرسێکیان شەهید دەکەن بە ناوەکانی " ئەبو بەکر مستەفا زادە ، سەید ئیسماعیل تاهیری ، حەسەن ... " هاوکات دوو شوانی دیکەش بریندار دەکەن، ئەوان لە ترسا خۆیان دەشارنەوە.
مەعبودی کە لە کاتی شادا سەرمایەدار بوو  و دوکانی فرۆشتنی تراکتۆری هەبوو ، وە لە کاتی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتداری  باڵا بوو لە ناوچەکە  " زۆربەی دەسەڵاتدارانی سەردەمی شا لە کاتی خومەینی مانەوە "، پەیمان بە خەڵکەکە دەدات پارێزراون ، ئەوەی شایانی وەبیر هێنانەوەیە  حاجی عەزیم مەعبودی و موراد قەناری دوو عاملی ئەساسی بوون لە خۆشکردنی شەڕی نەتەوەیی لەتێوان کوردو ئازەرییەکان، پێویستە ئەم ناوانە پارێزراو بن بۆ مێژوو، وەلێ هەرچی  تاوانی گوندی قاڕنێ بە بڕیاری ئەم چوار کەسە جێبەجێکرا(("معبودی" و "سرگرد نجفی" و "عزیز قادری" و مەلا "حسنی "غلام رچا حسنی امام جمعهٔ ارومیه"")).
سوپا سەرەتا بە خۆیان و چەکی قورسیانەوە لە تانک و زرێپۆش بەرزاییەکانی گوندەکە دەگرن و ئابلوقەی دەدەن ، دواتر  بە بڵندگۆ بانگ لە خەڵکەکە دەکەن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، چونکە لەو کاتە هەموو لەسەر کار بوون و وەرزی بەرهەم بوو ، لە ناو قاڕنێ سەرەتا هێرش دەکەنە سەر ماڵ حاجی ڕەحمان شەریفی ئازەر، ئاگر لە ماڵەکەیان بەردەدن ، لە کۆی 6 کەسی خێزانەکەیان، 5یان شەهید دەکەن" زیندووەکەش خۆی کردبوو بە مردوو " بۆیە ڕزگاری ببوو، کوڕێکیشی پێشتر لە گەڵ شوانەکان بریندارببوو.
ناوی بەشێک لە قوربانیانی گوندی قاڕنێ ، جگە لەوانەی لە سەرەتا نایان  هاتووە :
1- حاجی ڕەحمانی شەریفی ئازەر
2- ئامینە چاوشین "هاوسەری "
3- عوسمان شەریفی ئازەر "کوڕی"
4- خالید شەریفی ئازەر "27ساڵە"
5- ڕەحیم سلێمانی "20 ساڵە"
6- سەید فەتاح تاهیری "30 ساڵە"
7- ڕەحمان سلێمانی
8- کەریم سلێمانی
9- ڕەحیم سلێمانی
10- وەستا مەحمود "65 ساڵە"
11- سەید قادر تاهیری "65 ساڵە"
12- سەید فەتاح تاهیری "30 ساڵە"
13- سەید ئیسماعیل تاهیری "40 ساڵە"
14- سەید عەلی تاهیری "70 ساڵە"
15- سەید ڕەحمان تاهیری "50 ساڵە"
16- سەید محەمەد تاهیری " 35ساڵە"
17- عوسمان مستەفا زادە "27 ساڵە"
18- جەعفەر مستەفا زادە "17 ساڵە"
19- ئەبو بەکر مستەفا زادە "20 ساڵە"
20- ئەحمەد ڕامینی "20 ساڵە"
21- ڕەحمان ڕامینی 
22- عومەر بێواسی "50 ساڵە"
23- جەعفەر بێواسی " 25 ساڵە"
24- مستەفا سیدی "20 ساڵە"
25- محمد عەزیز "18 ساڵە"
26- مستەفا عەزیزی "22 ساڵە"
27- شەریف ئابروشین "75ساڵە"
28- محێدین ئابروشین " 40 ساڵە"
29- ڕەحیم خوسرەوی "75 ساڵە "
30- ئەبو بەکر خوسرەوی " 40 ساڵە"
31- عەبدواڵلە خوسرەوی "30 ساڵە"
32- عەلی " خەڵکی گوندی دووئاوە لە قاڕنێ شوان بوو "
33- ئیبراهیم گیەر"55 ساڵە"
34- ڕەحمان ئابزەند "65 ساڵە"
35- ئیبراهیم ڕەسوڵی " 60 ساڵە لاڵ بوو "
36- سەید کەریم ئەروەندی "30 ساڵە"
37- سلێمان هەمزە پوور "19 ساڵانە 1 لاقی هەبوو "
38- مەلا مەحموودی بێهترزادە "60 ساڵانە"
39- سەید عەلی تاهیری .
مەلا مەحموود، مەلای گوند ناسراو بە ((مەلا مەحموودی مەستوورزادە ))،  لە کاتێکدا قورئانی گرتبوو بە دەستییەوە و هانای بۆیان هێنا بۆ ئەوەی  دەست لە کوشت و بڕی ئەو خەڵکە هەڵبگرن ، ئازایانە بەرەو ڕویان ببووەوەو وتبووی : ئێوە لە تەرمەکانیشمان دەترسن، بەڵام هەر دەگەین بە ئاواتەکانمان. دوای ئەوەی قورئانەکەی لەدەست وەردەگرن و فڕێی دەدەن ئەوجار سەری دەبڕن وەک پاداشتێک، لەبەر خاتر قورئانەکە مەڵا سەر دەبڕن بۆ ئەوەی ئازاری نەبێت  وەک ئەوانی دیکە، پاشان چەند فیشەکیش دەنێن بەمێکیشیەوە، مخابن  سەری مەلا  ون دەبێت " بڵاو دەبێتەوە لەشکری ئیسلام سەری مەلا دەبەن"، ئێستا مەلا بەبێسەر نێژراوە.
سەید عەلی تاهیری دوای ئەوەی چەند کەس لە خێزانەکەی شەهید دەکەن ، دەستەکانی دەبڕنەوە ئەوجا شەهیدی دەکەن ، دواتر تەواوی تەرمی قوربانیان دەبەنە سەر رێگای سەرەکی شار و رادەگەیەنن لە شەڕ لە گەڵ سەپای پاسداران کوژراون.
سەیدێکی دیکە بەناوی سەید  ئەحمەد  کە 9  کەس لە بنەماڵەکەی لەو تاوانە گیانیان بەختکردبوو، بە چەک و چەقۆو قامە پانکردنەوە بە پێلەقە کوژرابوون، تەواو تاوانەکەی گێڕابوەوەو تۆمار کراوە  لە  رۆژنامەکانی ئەوکات .
ێادق خاڵخاڵی  یەکێک لە گەورە تاوانبارانی کۆماری ئیسلامی، دڵڕەقترین ئاخوندی ئەوکاتە، بەرامبەر بم تاوانە هاتە قسە و لە نامەیەکدا بۆ خومەینی لە 20-6-1358 دا 9 رۆژ دوای ئەنجامدانی تاوانەکە نووسی ((کارەساتی دڵتەزێنی قاڕنێ دڵی هەر مرۆڤێک دەهەژێنێت))، ئیتر بزانن چ دڵڕەقیەک کراوە، خاڵخاڵی، خاڵخاڵی سەربڕینی مەلا مەحمود لە راپۆرتەکەیدا دەنوسێت "  مه‌لا مه‌حمودی مستورزاده‌ که‌ به‌ قورئانه‌وه‌ چووه پێشوازیی خه‌ڵکه‌که‌‌‌، داروده‌سته‌ی مه‌عبودی و سه‌رگورد نه‌جه‌فی و عه‌زیز قادری و مه‌لا حه‌سه‌نی، (65) که‌سیان به‌ شێوه‌یه‌کی ده‌ردناک کوشتووه‌. ئه‌گه‌ر ئیمام له‌و کاره‌ دڵسوتێنه‌ره‌ نه‌پرسێته‌وه‌، ده‌بێ کام ده‌سه‌ڵات لێی بپرسێته‌وه‌. " .

دوای بڵاو بونەوەی هەواڵی تاوانەکە، خومەینی و مونتەزیری مەهدی بهاداران بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە دەنێرن بۆ کوردستان ، لێکۆڵینەوەکەی لە رۆژنامەی ئیتڵاعاتی 17-9-1979  بڵاو کرایەوە، بە  پێی راپۆرتەکەی تاوانباران لە لایەن دکتۆر چەمران، تیمسار زەهیر نەژاد، سەرهەنگ شەهبازیان وژمارەیەک فەرماندەی سوپاو ژاندرمەری پڕ چەک کراون، بەڵگەکانی دەریدەخەن کە مەعبودی((حاج عڤیم معبودی)) و سەرهەنگ نەجەفی و جوانمەرد( ئازەرییە توندڕەوەکان) تاوانەکەیان ئەنجامداوە، زەهیر نەژادیش پشتیوانی دەکات لە تۆمەتباران و  رێگری دەکات لە دادگاییکردنی تاوانباران.
لای خۆیەوە  رۆژنامەی ئینقلابی ئیسلامی کە بەنی سەدر سەرپەرشتی دەکرد لە ژمارەی 652ی خۆیدا  کۆمەڵە بە هۆکاری تاوانەکە  دەزانێت، ئەمە  لە کاتێکدایە  کۆمەڵە  دورو نزیک پەیوەندی بە روداوەکەوە نەبووە لەو رۆژەو رۆژی پێشتریش.
لە دوای تاوانەکە،  تاوانباران تەرمی قوربانیان دەکەنە ناو ماشین و بە کەڵەکە کراوی لەسەر یەک ، ئەوەشی جێگای نەبوەوە  بە دوای ئۆتۆمۆبێلەکانیانا ڕایدەکێشن بەرەو نەغەدەیان دەبەن، لە نەغەدە تەنانەت سوکایەتی بە تەرمی ئەو منداڵە کەمتر لە 10 ساڵانەیە کراوە، 5 تەرمی لە ژێر زبڵدانی شارەوانی دەشارنەوە، ئەوانی دی لە ڕۆخی شەقامەکان فڕێدەدەن ، تاکو ئێستاش روفاتی هەموو قوربانیان نەهێنراونەتەوە بۆ قاڕنێ .
خەڵکی قاڕنێ ئەوانەی ئەو چرکە ساتە لە گوند نەبوون و رزگاریان بوو لە کۆمەڵکوژییەکە ، دوای تاوانەکە بۆ ماوەی مانگ و نیوێک گوندەکە چۆڵ دەکەن ، لە گوندی کانی بۆداغ جێگیر دەبن .
ئەوەی شایانی ئاماژە پێدانە لەکاتی چۆڵکردنی گوندەکە ڕژێم جارێکی دیکە  تاوانێکی دیکەی خوڵقاندەوە ، دوو ڕۆڵەی دیکەی ئەم گوندەی شەهید کرد بە ناوەکانی : 
1- عوسمان ڕامێنی .
2- مستەفا ئابزەند .

چیکراوە بۆ ناساندنی تاوانەکانی ڕژێم بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل 

تاوانی قاڕنێ یەکەم و دوا تاوان نەبوو بەرامبەر بە خەڵکی بێتاوان ئەنجام بدرێت ، نموونەی لەو چەشنە لە گوندەکانی ئیندرقاش و قەڵاتان " 50 کەس " ، دیلان چەرخ " 40 کەس "خەلیفەلیان " 21 کەس " زۆرە .
وەک بینیمان لە کاتێکدا ڕژێم ناسنامەی ئیسلامی بوونی هەڵگرتووە، کەچی مەلای گوند بە قورئانەوە و  بە بەرچاوی خەڵکەوە سەردەبڕێت ، هەروەها  ئەگەر سەرنجی ورد  بدەین  ژمارەیەکی زۆری قوربانیان    سەید و ئەهلی بەیت و لە نەوەی حوسێن و فاتیمەن کە گوایە لای ئەوان لە لوتکەی پیرۆزیدان.
مخابن ئەم تاوانانە لە لایەن پارت و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتەوە تاکو هەنووکەش گرنگی پێویستی  پێنەدراوە ، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1996 وەک ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان کە ئەوکاتە سەرپەرشتیم  دەکرد و یەکەم رێکخراوی فەرمی جینۆساید بوو لە کوردستان ، پاش قسەوباسکردنمان لەگەڵ چەند کەسێک لە باڵەکانی ئەوسای دیمکرات،  ویستمان ئەو یادە بکەینەوە ، کەچی مخابن لە لایەکەوە ئەوان تووشی هێرشی ناڕەوا بۆسەر کۆیە بوونەوە، لە لاکەی دییەوە ئێمەش لە 31ی ئابدا چارەنووسی خۆمان لە زیندان و هەڕەشەلێکردندا بینییەوەو کارەکانمان راگرترا .
خۆشبەختانە لە دوای ساڵی 2002 ئەو خەونە هاتە دی ، بە ئەنجامدانی کارو نووسین و بەیاننامە دەرکردن ، بۆ یەکەمجار یادمان کردەوە لەو ساڵە" بە هاوکاری کاک کەیوان فەلامەرزی و مستەفا بەهمەنی"، تا ساڵی 2010، کاری باشکرا بۆ ئەوەی تاوانی قاڕنێ ببێتە سیمبولی کۆمەڵکوژی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، وەلێ لەوساوە گرنگی پێ نەدرایەوە و هەموو هەوڵە سەرکەوتوانەکان مرێندرا.
لەم یادەدا کۆمەڵێک داواکاری دەخەمە بەردەست  خەڵکی قاڕنێ و گوندە دەستە خوشکەکانی ئەوانەی تاوانی کۆمەڵکوژییان بەرامبەر کراوە و هێزە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نووسەران و چالاکڤانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان :
- یادی قاڕنێ بکرێتە ڕۆژی یادکردنەوەی دەیان هەزار قوربانی گەلەکەمان ، ڕۆژی کۆمەڵکوژی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان .
- هەوڵبدرێت هەموو ئەو تاوانانەی دژ بە گەلەکەمان لەو پارچەیەی کوردستان ئەنجامدراوە ، بکرێت بە دۆکمێنت ، سیناڕیۆ سەقەتەکانی باشوور دوبارە نەکرێتەوە لەو پارچەیەی کوردستان ، بە ژمارەو ناو و وێنەی قوربانیان  تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە قاوبدرێت نەک بە گۆترە  .
- هەوڵبدرێت مۆنمێنتێک بۆ قوربانیانی قاڕنێ درووست بکرێت " ئەگەر کرا لە گوندەکە ، ئەگەریش نا ئەوە بەشێوەی کاتی لە کوردستان یان هاندەران، ئەگەر مەلا مەحمود بکرێتە هێما بۆ ئەو مۆنمێنتە باش دەبێت .
- تەرمی سەرجەم قوربانیان بهێنرێتەوە قاڕنێ و  لە گۆڕستانێکدا لە پاڵ یەکتری بنێژرێنەوە  .
- وێنەی سەرجەم ئەو قوربانیانە پەیدا بکرێت و ئەلبومێکیان بۆ درووست بکرێت .
- ناوی تەواوی تاوانباران و بەشداربووانی تاوانەکان  یاداشت بکرێن و دۆکۆمێنتەکانی ئەوکات ئەرشیف بکرێن ، سەرجەم هەوڵەکان لە پەرتوکێکی دۆکۆمێنتاریدا چاپ بکرێت و وەریش بگێڕدرێتە سەر زمانە بیانییەکان.
- خوێندنەوەیەکی یاسایی بۆ تاوانەکان بکرێت و حەقیقەتی یاسایی تاوانەکان دەربخرێن.


سەرچاوە :
- سمینارەکانی مەلا برایم محێدین لەسەر قاڕنێ ، ساڵانە بۆ ناوەندی چاک لە هۆڵەندا دەیگێرا لە ماوەی 8 ساڵدا .
- کارەساتی قاڕنێ لە زمانی دانیشتوانی گوندەکەوە، چاودێر ژمارە 94 بەرواری 11-9-2006
- تونا کردنی ڕەگەزی کورد لە گوندی قاڕنێ کوشتنی سیاسی نەتەوەی کورد/  سەعید سەنەندەجی




ناوی گیانبه ختکردوانی گۆندی قاڕنی ! 
1- مه‌لا مه‌حمود به‌هتزاده‌ 2- سه‌ید ڕه‌حمان تاهری 3- سید محه‌مه‌د تاهری 4- سه‌ید ئیسماعیل تاهری 5- حاج سه‌ید حه‌لی تاهری 6- سه‌ید قادر تاهری 7- ئامینه‌ شه‌ریفزاده‌ 8- حاجی ڕه‌حمان شه‌ریفزاده‌ 9- عوسمان شه‌ریفزاده‌ 10- مسته‌فا عه‌زیزی 11- محه‌مه‌د عه‌زیزی 12- محیدین ئه‌بر ڕۆشه‌ن 13- حاج شه‌ریف ئه‌بر ڕۆشه‌ن 14- ڕه‌حمان ئه‌بزه‌ن 15- ڕه‌حمان سلێمانی 16- ڕه‌حیم سوڵتانی 17- که‌رین سلێمانی 18- قادر سلێمانی 19- مسته‌فا ئه‌بزه‌ن 20- عومه‌ر عه‌باسی 21- جه‌عفه‌ر عه‌باسی 22- مسته‌فا عه‌باسی 23- محه‌مه‌د شه‌بڕه‌و 24- سلێمان هه‌مزه‌پور 25- ئیبراهیم پویا 26- ئیبراهیم ڕه‌سوڵی 27- عه‌لی چوپان ڕوستا 28- حه‌سه‌ن نه‌وجه‌وان 29- زێنه‌ب ڕامین 30- خاتوزین ڕامین 31- که‌ریم ڕامین 32- ئه‌حمه‌د ڕامین 33- ڕه‌حمان ڕامین 34- عوسمان ڕامین 35- ڕه‌سول خه‌سره‌وی 36- ڕه‌حمان خه‌سره‌وی 37- سه‌عید خه‌سره‌وی 38- عه‌بدوڵا خه‌سره‌وی 39- موراد خه‌سره‌وی 40- مسته‌فا خه‌سره‌وی 41- عوسمان خه‌سره‌وی 42- خالید خه‌سره‌وی 43- ڕه‌حیم خه‌سره‌وی 44- ئه‌بوبه‌کر شیشمان 45- جه‌عفه‌ر شیشمان 46- عه‌لی شیشمان 47- عوسمان شیشمان 48- ئه‌حمه‌د سه‌عاده‌تپوور 49- عومه‌ر ده‌روێشپوور 50- سه‌ید که‌رین ئه‌روندی 51- عه‌لی مه‌لا ڕه‌حیم له‌ گوندی دووئاو 52- حه‌سه‌ن مام ڕه‌سول له‌ گوندی ئاڵیاوێ 53- عه‌زیز مه‌رزه‌نگ 54- ئیبراهیم کایه‌ر 55- عه‌لی گاتوری 56- خه‌سره‌و ئه‌فشین 57- سه‌لاح عه‌لی زناوی 58- ئه‌بوبه‌کر حه‌سه‌نپوور 59- عوسمان ئه‌حمه‌دپوور 60- عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌دپوور

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە