مردن لە کوێیت بمگەرێ، قێز لەژیان دەکەمەوە

Saturday, 02/09/2017, 20:28

7546 بینراوە


 حیمایەکان دەبێت دایبی هەڵگرن، لەم بۆنانەدا کە پڕە لەپوچی!؟
 زۆر شێوە هەیە بۆ ژیانی مرۆڤ، کە خۆی لە دوو شێوەدا چڕکردۆتەوە، یەکەم شێوەی ژیان کە کەرامەت تێێدا پارێزراوبێت و خزمەتکار نەبیت، ژیانەکەی تریش ئەوەیە کە دوور لەهەموو بیرکردنەوەیەک بۆ ژیان و خۆشگوزەرانی و بەرژەوەندی ببیتە غوڵام و هەمیشە دەستەوەستان بەدوای بەرپرسەکەتەوە بیت و لیکاوی بەرماوەی ئەو بخۆیت و چاوەڕوانی دەستی لەرزۆکی بیت تا باخەڵی نەوسنت پڕبکات.
 حیمایەکان لەم وێنە قەشمەرەدا مرۆڤی ناشرین ترسنۆک دەستەوەستان بەتەواویی مان و پێناسە کەسانی کۆیلەن، ئێمە نازانین کە قەومانەکە هات ئەم قات لەبەرانە چۆن بەرخورد دەکەن؟ بەڵام دەزانین کە دایبی لەم کاتەدا باشترین هاوڕێیان دەبێت تا نهێنی خۆپیسکردنیان بشارێتەوە.
جارێک حیمایەیەک بۆی باسکردم کە ئێستا وازی هێناوە بگرە لەدوای ئەو جارەوە وازی هێنابوو کە یەکێک لە جەنەراڵە بێئەستێرەکانی دیبوو بۆ وێنە گرتن چووبوو بۆ گەرمیان دایبی هەڵگرتبوو بەخۆی.جەنەڕاڵەک ووتبووی بەسەری ئێوە حەز ناکەم هێندە بتان وەستێنم بۆ دەست بەئاو گەیاندن، ئەمەی من کردوومە تەکنیکی شەڕە و لە زۆر ووڵات پەیڕەو دەکرێت، کێ ناڵێت رەنگە " مەسعود"یش هەر وادەکات کە دەچێت بۆ جێگەیەک.
 من کاتێک لەم حیمایانە دەڕوانم لەم وێنەیەدا هەست دەکەم ئەو هەرێمە داگیرکراوەی ئێمە لە لوتکەی هەرەسێکی ئەخلاقیدایە و تەنها شتێک ئەم هەرەسە ڕابگرێت نەمانی ئەم دەسەڵاتە خوێڕیەیە کەوا لە گەنجێک بکات چەند کاتژمێر بەپێوە بوەستێت تا ئاغاکەی لەسەر کورسیەک دانیشێت، خۆ ئەمانە لەهەموو دەرکەوتنێکیاندا هەزاران دۆلار دەکەون لەسەر ئەم میللەتە خەوتوە، ئاخر ئەم حیمایانە کەسانی هێندە بچوکن بیریان چۆتەوە ژیان بکەن؟ 
ئەوان وادەزانن لەدایک بوون تا خزمەتکار و غوڵامی ئەم ژن و کەسە ناشرینانە بن کە گوناحە بهێڵیت ئۆکسجینی شاریش هەڵمژن و ژینگەی شار بە هاتوچۆی ئەمانە گڵاو ببێت.
 ئەم حیمایانە هێندە ناسروشتی دەژین، لەکاتێکدا مرۆڤ دەتوانێت زۆر سروشتی ژیان بکات، ئەویش بەڕاگرتنی کەرامەتی خۆیەتی، چ گرنگە تۆ سەربەست کارێک بکەیت کە شایستەی کەسایەتیت بێت، نەگ دەرگەوانی و حەرەس و خزمەتکاری کەسانی سوک، هەلپەرست، نیشتمان فرۆش و خیانەتکار و دز بیت.
کاتێک تۆ حیمایەی دزێک دەبیت، تۆش هەمان تاوانت لە ئەستۆیە، ڕاستە تاکو ئێستا لە نیشتمانی ئێمەدا کەس لەسەر فەسادی و دزی بەدڕەوشتی و نیشتمانفرۆشی و خیانەت دادگایی نەکراوە، بەڵام مرۆڤ بۆ ئەوەی بەکەرامەتەوە بژی دەبێت خۆی خۆی دادگایی بکات.تێگەیشتن لەمە تێگەیشتنە لەژیان، چونکە ئێمە یەک جار دەژین، بۆیە هەموو ڕیسکێک بەو ژیانەی کەتەنها جارێکە وێرانمان دەکات هەڵە بکەین پێوەی، چ شەرمەزارییەکە بڵێن فڵانە کەس دەناسی؟ لەوەڵامدا بڵێن ئا حیمایەکەی مەسعود بارزانی، یان تاڵەبانی، یان کۆسرەت، یان شاناز، یان مەحمود سەنگاوی، یان شێخ جەعفەر، لە هەمووشی قەشمەتر پیاو حیمایەی مەلا مەختیار یان فازیل میرانی بێت، وەرە ئیتر مردن لە کوێیت بمگەرێ، قێز لەژیان دەکەمەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە